$ئاگربەستی فشەڵ و ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانی قەیرانی ئێراق$
#یاسین تەها محەمەد#
#04-09-2022#
پێکدادانی خوێناوی کۆتایی ئاب لە ناوچەی سەوزی بەغدا لەنێوان سەدرییەکان و هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی حەشد بە نزیکەی 50 کوژراوەوە کۆتایی هات، بەڵام پێشهاتە سیاسییەکانی پاش ئەو گرژییە ئەمنییە، دەریدەخەن کە ئەوەی ڕوویدا زیاتر لە گەڕێکی پێکدادان دەچێت کە هەردوو لایەنی قەیرانەکەی بە ئاڕاستەی قووڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکاندا بردووە تاوەکووئەوەی پەندی لێ وەربگرن و بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێن.
وەستانی پێکدادانەکانی ناوچەی سەوز (29-30 مانگی ئاب 2022) ، لەسەر بنەمای هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی و تەنانەت لێکتێگەیشتنی ئەمنی و سەربازیش نەبوو کە قۆناخی پاش ئەو شەڕە خوێناوییە ئاڕاستە بکات، ئەمەش کتومت لە سەرەتای هەڵگیرساندنی دەچێت کە لە پڕ و بەهۆی پەرەسەندنی ڕەوتی ناڕەزایی و مانگرتنی سەدرییەکان و پاشان بڕیاری لەناکاوی وازهێنانی سەدر لە سیاسەت وەک یەکەم کاردانەوەی خێرا بۆ بڕیاری مامۆستاکەی لە بارەی وازهێنانی لە کاری مەرجەعیەت و ڕێبەرایەتی کردنی ئایینی.
لەو کاتەی خۆپێشاندەرانی سەدر چوونە سەر کۆشکە هەستیارەکانی ناوچەی سەوز و نزیک بوونەوە لە ماڵ و بارەگا سەرەکییەکانی مالیکی و خەزعەلی، پاسەوان و چەکدارەکان بەتووندی لێیان هاتنە دەست، ئەوانیش بۆ پاراستنی خۆیان و هەروەها بۆ پێشڕەوی زیاتر، چەکی خۆیان هێنا و بەم هۆیەشەوە شەڕێکی دەستە و یەخە هەڵگیرسا، بەڵام تەق و تۆقی شەوی درێژی پێکدادانەکان زۆر لایەنی هێنایە سەر هێڵ، چونکە لە لایەک مەترسی لەسەر باڵیۆزخانە و بنکە و بارەگا بیانییەکان درووست بوو، لە لایەکی دیکە پێکهاتەی شیعە لە ئەگەری خزان بۆ شەڕێکی گشتگیری درێژخایەن نزیک بووەوە، ئەمەش بۆ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان و جەمسەرە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئێراقی، جێگەی بێدەنگی لێکردن نییە، هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا سەدر تێگەیشت کە ژمارەی قوربانییەکانی ڕەوتەکەی بەردەوام لە هەڵکشاندایە و تەرازووی هێز لارە و شەڕەکە نابەرانبەرە.
بە پێچەوانەی شەقامەوە، لە بەرەنگاربوونەوەی چەکداریدا تای تەرازوو بەلای سەدردا ناشکێتەوە، چونکە ڕاستە ڕەوتەکەی خاوەن سەرایا سەلام و جەنگاوەرە دێرینەکانی جەیشی مەهدی یە، بەڵام توانای ئەمانە ناگەنە توانای ئەو کۆمەڵە گرووپە چەکدارەی کە لەژێر چەتر و ناوی #حەشدی شەعبی#دا هەرچی چەکی کوشندە و پێگەی ستراتیژی ناو بەغدا هەیە بەدەستیانەوەیە. لە پێکدادانەکانیشدا دامەزراوەی حەشدی شەعبی سەلماندیان ئەوان پارێزەری سیستەمی سیاسی 2003 و بەرژەوەندییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگین، لەکاتێکدا نزیکەی هەشت ساڵ بەر لەوە، هەموو هەوڵەکانیان بۆ یەکلاییکردنەوەی وێنەی دامەزراوەکەیان بوو وەک قەوارەیەکی ئەمنی نیشتمانی کە سەر بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێراقە.
ئاگربەستی ئێستا لەژێر سێ کارتێکەردایە کە یەکەمیان هێزەکانی گوشارن (سیستانی لە نەجەف و تاران لە دوورەوە) ، دووەمیشیان مەیدانە سەربازییە لاسەنگەکەیە، سێیەمیش هاتنە پێشەوەی زیارەتی چلەی ئیمام حسێن ە کە بۆنەیەکی گرنگ و جومگەیی و ڕووحی شیعەکانە لە سەرانسەری دنیادا. هەر کاتیش دوو لەمپەرەکەی دوایی گۆڕانی بەسەردا بێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ئەوە هەموو کات ئەگەری پێکدادانی سنووردار و بەریەککەوتنی سنووردار کراوەیە، وەک ئەوەی چەند کاتژێرێک پاش کشانەوەی سەدرییەکان لە بەغدا لەنێوان چەکدارەکانی سەدر و عەسائیبدا لە دەوروبەری کۆشکە سەرۆکایەتییەکانی شاری بەسرە ڕوویدا.
لەم چەند ساڵەی دواییدا هیچ کات وەک ئێستا سەدرییەکان هەستیان بە دڵشکان نەکردووە، چونکە جگە لەوەی بەتەنیا ڕووبەڕوون لەگەڵ هەموو هێزە کاریگەر و خاوەن دەسەڵاتەکانی شیعەدا، پێیانوایە لەلایەن ئێرانیشەوە بە ناچارکردنی ئایەتوڵڵا حائیری بە وازهێنان تووشی پیلانگێڕییەکی ئایینی و مەزهەبی بوون و ڕێبەرەکەیان گەمارۆ دراوە، لەڕووی زیان و لێکەوتەی پێکدادانەکانیشەوە ژمارەی قوربانی سەدرییەکان چەند قاتی ئەوانەی ڕکابەرەکانیانە، بەر لەوەش دەستیان لە پەڕڵەمان بڕا و بەخێرایی کورسییەکانیان پڕکرایەوە. ئەمانەش بەسن بۆ گرژترکردنی بارودۆخەکە و هەوێنی ڕق و زەوینەی چەند گەڕێکی دیکەی تۆڵەسەندنەوەن. لەبەرانبەریشدا هەرچەندە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە سەدریان لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا قەتیس کردووە، کەچی ئەوانیش هێشتا هەر کاریان لەبەر ناڕوات و نە حکومەت بەدەست ئەوانە، نە پەڕڵەمانیش کارایە تاوەکووزۆرینە نوێیەکەیان پاش کشانەوەی سەدر، بە کەڵک بگەڕێتەوە بۆیان و پەلەیانە بۆ ئەوەی هەندێک لە ئامانجەکانیان بەدیبێنن.
تاوەکووزیارەتی چلە کۆتایی دێت پاش دوو هەفتەی دیکە، دۆخی گرژی شیعەکان بە ئەگەری زۆر هەر بە شەڕی سارد دەمێنێتەوە، بەڵام لە دوای ئەوە تۆنی وتاری ڕکابەرەکانی سەدر و ڕاگەیێندراوەکانی ئەم دواییەیان ئاماژە بە گەڕێکی نوێی بەریەککەوتن دەکەن، چونکە ئەوکاتەی دەست بۆ پێکهێنانی حکومەتی دڵخوازی خۆیان دەبەن. جارێکی دیکە برینی کشانەوەی سەدرییەکان لە پەڕڵەمان و مانەوەیان بە دەستی بەتاڵ لە پڕۆسە سیاسییەکەدا دەست بە ئازار و کولانەوە دەکات و ، ئەوکاتیش چاری دیکەیان نابێت جگە لە گەڕانەوە بۆ شەقام و پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی ڕکابەرەکانیان.
چارەسەری گونجاو بۆ ئەم بارگرژییەی دوایی لە دانایی هەوڵی ڕازیکردنی سەدردایە، ئەویش بە هەڵوەشاندنەوەی پەڕڵەمان و هێشتنەوەی مستەفا کازمی یان درووستکردنی حکومەتێکی تەمەن 12_18 مانگ کە ئەرکی تێپەڕاندنی بودجە و ئامادەکاریی هەڵبژاردنی نوێ بێت دەکرێت، بەبێ ئەوەی پەڕڵەمان گۆڕانکاریی گەورە لە یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنەکەیدا بکات، بەڵام گرفتی سەرەکی ئەوەیە ئێستا ڕکابەرانی سەدر لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، خۆیان بە براوە دەزانن و بە کەڵکوەرگرتن لە پێشهاتەکانی ئەم دواییە، دەیانەوێت زیاتر گۆشەگیری بکەن، ئەمەش بە واتای کار و کاردانەوەی زیاتر دێت، ئەگەر پێشهاتێکی خێرا و چاوەڕواننەکراو ئەم ئاڕاستەیە بەرەو لانی کەمی لێکتێگەیشتن و سازانێک نەبات کە ماوەیەکی دیکە ناکۆکییەکان دوابخات. [1]