$ئێراق؛ قۆناخی دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانی$
#یاسین تەها محەمەد#
#04-07-2022#
دەرکەوت کشانەوەی موقتەدا سەدر لە پەڕڵەمان، کشانەوە نییە لە پڕۆسەی سیاسی، هەروەها دوورەپەرێزی و دنیانەویستیش نییە وەک ئەوەی کە سەرەتا بانگەشەی بۆ دەکرا، ئەمەش بەڕوونی لەو پەیام و تویت و هەڵوێستانەدا دیارە کە ناو بەناو لە خودی سەدرەوە یان بەناوی ئەوەوە بڵاودەکرێنەوە و دێنە سەر هێڵی پێشهاتە سیاسی و رێکارە دەستووری و یاساییەکانی پێکهێنانی حکومەتی ئێراق کە دەمێکە دواکەتووە. هەرچەندە سەدر لە کشانەوەکەیدا دوور نەکەوتووەتەوە، بەڵام دەکرێت لە ڕەفتارەکانی لە دوای کشانەوەی لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا، ئەوە بخوێندرێتەوە کە هەنگاوەکەی پەلە بووە، یان چاوەڕێی ئەم ئەنجامەی نەکردووە، هەر ئەمەش بۆچوونێکی لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکاندا گەڵاڵە کردووە کە سەدر لە پەشیمان دەچێت و لێناگەڕێت ڕکابەرەکانی لەسەر میراتی ئەو، لە سەردەمی فڕینی نرخی نەوت دا بۆ سەروو 110 دۆلار، کێکی حکومەت لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
بەر لە دانیشتنی (23ی حوزەیران) ی پەڕڵەمانی ئێراق کە تایبەت بوو بە جێگرتنەوەی پەڕڵەمانتارەکانی سەدر بە بەربژێرە یەدەگەکانی شیعە، ڕێبەری ڕەوتەکە هاتە سەرخەت بۆ هۆشداریدان و بە تویتێک هەوڵیدا دانیشتنەکە پەک بخات، بەڵام پڕۆسەکە وەک ئەوەی نەخشەی بۆ کێشرابوو تێپەڕی، ئەوکاتەش دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە چوارچێوەی هاوئاهانگی شیعە یەکلابوونەتەوە لەپاڵپشتیکردنی بەربژێری یەکێتی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، هێرشێکی تووندی کردە سەر #بەرهەم ساڵح# بە پاساوی واژۆنەکردنی (یاسای بەتاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل) ، هەروەها خۆی بێبەری کرد لە دۆستایەتی پێشووی لەگەڵی، شتێکی ئاشکراشە کە پەکخستنی یەکلاکردنەوەی خێرای سەرۆککۆمار، بنبەستە سیاسییەکە وەک خۆی دەهێڵێتەوە و ڕێگر دەبێت لە هاتنی قۆناخی پاش ئەوە کە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە. کاتێکیش شیعەکان چوونە ناو گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت، لە ڕێگەی هەژماری وەزیرەکەیەوە (صالح العراقی) بەسێجار 30 خاڵی لەبارەی هۆکاری کشانەوەی بڵاوکردەوە کە بەشی زۆری هەڕەشەی پەنهانن و تەنانەت تۆمەتبارکردنیشی بە دزی گەورە تێدایە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکی گرژ لەگەڵ هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە ڕەحم بە هیچیان ناکات و گرنگترین ڕستەشی ئەوە بوو سبەی نزیکە.
سەدر کە خاوەن جەماوەریترین ڕەوتی شیعەیە و بە زیاتر لە 885 هەزار دەنگ یەکەمی هەڵبژاردنی تشرینی 2021 بووە، ناتوانێت لەدەرەوەی دەسەڵات تەماشاکەر بێت، چونکە بە دوورەپەرێزی ڕەوتەکەی لە هەزاران پلەی باڵا و دەستکەوت بێبەش دەبن کە سەرچاوەیەکی گەورەی پارەدارکردنی پڕۆژە سیاسییەکەیەتی (البنیان المرصوص) ، ئەمەش دەستووری هێزە سەرەکییەکانی دیکەی ئێراقە کە سەرجەمیان لیژنەی ئابووری و میکانیزمی تایبەتیان هەیە بۆ کەڵک وەرگرتن لە بودجە و پڕۆژەکانی حکومەت، ئەمە جگە لە هەژموونی ئەمنی و کاری قاچاخچێتی، تاوەکوودەگاتە ئاستی وردە بازرگانی بە ئا#سنە#کوتەی شارە ئازاکراوەکانی دەستی #داعش#یشەوە.
بە خواستی خۆی بێت یان لەبەر بارودۆخ و هەلومەرج، سەدر لە قۆناخی پاش کشانەوە دەست لە جەماوەر و هەروەها لە جوڵەی سیاسیش بەرنادات، بەڵام ئەوەی کە جۆری ئەو هەنگاوەی کە دەیگرێتە بەر چییە و چۆنە؟ جێگەی مشتومڕ و لێکدانەوە و خەمڵاندنی جیایە. لەشکرە ئەلیکترۆنییەکەی و پەڕڵەمانتارە پێشووەکانی و ئەوانەی لە ڕەوتەکەی نزیکن، زووزوو هەڕەشەی جوڵاندنی شەقام دەکەن. باس لەوەش دەکەن ئامادەن و گۆڕانکاری بەڕێوەیە، لەڕووی کرداریشەوە فەرماندە و بەرپرسەکانی بەسەر پارێزگاکاندا دەگەڕێن بۆ هاندان و کۆکردنەوەی جەماوەر، بەڵام ترس و دڵەخورتێی ڕکابەرەکانی لەوە نییە خۆپێشاندان بکات و بەر بە دەروازەکانی ناوچەی سەوز بگرێت، بەڵکوو زیاتر لەو سیناریۆ گریمانە کراوەیە کە سەدر ئاستی داواکارییەکانی بەرز بکاتەوە بۆ گۆڕینی سیستەم کە مەبەست لێی ئەو دابەشکارییە حیزبی و تائیفییەی ئێستایە، چونکە بەهۆی ئەوەوە دڵی شکا و بە خەونەکەی نەگەیشت؛ حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی، کە تێکەڵەیەکی شیعی و سوننی و کوردی بوو دوور لە مالیکی و ئەو باڵە ئێرانییانەی جێگەی مەترسین بۆ سەدر.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەخێرایی هاتنە سەر سفرەکەی سەدر، بەخێراییش میراتەکەیان بەش کرد، بەڵام هێشتا دیدگایەکی ڕوونی یەکلاییان نییە سەبارەت چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە و تارماییەکانی. هێندەش پەلە بوون لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکەی، کە هیچ چاوەڕێی ئەگەری پاشگەزبوونەوەیان نەکرد، ئەمەش زیاتر سەدرییەکانی تووڕە و دڵشکاو کردووە. هەر ئەمەش ئەگەرەکانی لێکگەیشتنی لەنێوان هەردوولادا ئەستەمتر کردووە و دەرفەت نەماوە بگەڕێنەوە بۆ دانووستاندن و گفتوگۆ.
سەدر بانگەوازی کردووە بۆ نوێژێکی جومعەی گشتگیر و یەکگرتوو لە شارۆچکەی سەدر لەنێوەڕاستی تەممووز، ئەم وادەیەش دەکەوێتە دوای پشووی جەژن، لەم کاتەشدا لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەنیازی پێکهێنانی حکومەتن. لە کێشمەکێشی ناوخۆیی بەربژێرکردنی سەرۆکوەزیرانیش دا لەنێو چوارچێوەی شیعی، ناوی نووری مالیکی هەیە، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێی بەریەککەوتن و گرژی لەنێو ماڵی شیعی زیاتر بکات. ڕەنگە هەر ئەمەش هاندەری عامری بووبێت کە تکا بکات لە مەرجەعیەتی نەجەف ناوبژیوانی شیعە بکات و دەرچەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەوە، مالیکی و بازنە بەرتەسکەکەی، کشانەوەی سەدر بە دەرفەت دەبینن بۆ پەلکێشان و پڕکردنەوەی خێرای بۆشاییەکەی. ئەم ناکۆکییەش وای لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە کردووە، ئیشەکانی بەباشی نەچێتە پێش و لەپاش سێ هەفتە لە کشانەوەی سەدر، هێشتا هەر لە قۆناخی دانووستاندنی ناوخۆیی و لیژنە و لیژنەکاریدابن، بەبێ ئەوەی بەفەرمی لەگەڵ پارتی و هاوپەیمانی سیادەی سوننەدا بچنە پێش.
ڕەنگە سەدر بە کشانەوە هەڵەیەکی تەکتیکی گەورەی کردبێت، چاوەڕێی ئەوەشی نەکردبێت بەبێ پڕۆسەکە سیاسییەکە یان لانی کەم خولی پێنجەم بەردەوام بێت، بەڵام هەنگاوەکەی لەڕووی ستراتیژییەوە ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە و بەهێز و ڕەزاگرانی بۆ شیعەکان قیت کردووەتەوە کە جگە لە کانێکی دەوڵەمەندی جەماوەری گوێڕایەڵ لە بەغدا، خاوەن باڵێکی سەربازی تۆکمەشە (سرایا السلام) . ئەمەش وادەکات لە قۆناخی داهاتوودا سەدر نائامادەی هەمیشە ئامادەبێت. ڕەوشی سیاسیش بەڕووی هەموو ئەگەرێکدا کراوەبێت، سەرەکیترین ئەو ئەگەرانەش کەوتنی ئەم خولەی ئێستایە هاوشێوەی خولی پێشوو، بەڵام هەندێ کەس دۆخەکە بەپێچەوانەوە دەبینن و گرەو لەسەر قەتیسبوونی سەدر و جەماوەرەکەی دەکەن لەدەرەوەی دەسەڵات، هەر کام لەم دوو ئەگەرەش ڕاست دەربچن هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە قۆناخی پاش کشانەوەی سەدر قەت وەک قۆناخی بەشداربوونی لە پڕۆسەی سیاسی نابێت، چ ڕکابەرەکانی هەوڵی لە قاڵبدانی بدەن، یان ئەو لە پرۆڤەی کۆکردنەوەی زۆرترین لایەنگر بەناوی نوێژەوە سەرکەوتووبێت و دواتر دەست بداتە جوڵاندنی شەقام و دەست بکاتەوە بە هەڵدانی دروشمی شلع قلع. [1]