$ماڵی شیعە لە بازنەی ڕەمەزان و بنبەستی سیاسیدا$
#یاسین تەها محەمەد#
#13-04-2022#
نزیکەی دوو هەفتە بەسەر ئەو وادە 40 ڕۆژییە تێپەڕی کە موقتەدا سەدر دای بە ڕکابەرەکانی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، تاوەکووئەوان حکومەتی زۆرینە پێکبێنن، بەڵام دانووستاندنە نێوخۆیییەکانی شیعە هێشتا بەبێ ڕووگەیەکی ڕوون هەر لەنێو بازنەیەکی بۆشدا دێن و دەچن. لەو ماوەیەدا لایەنە شیعەکان هەر سەرقاڵی دیداری نێوخۆیی خۆیان بوون و سەدریش چووە خەڵوەت و ڕۆژوویەکی سیاسی مریەم ییەوە. هەندێک لەو دەستپێشخەرییانەشی لە چوارچێوەکە و لە عەممار حەکیمەوە خرانەڕوو لە جێگەی خۆیاندا کپ بوونەوە.
مۆڵەت دانەکەی سەدر کەوتە ڕەمەزانەوە کە مانگی میوانداری شەوان و بەربانگ و دەرکەوتنە لە پرۆگرامە تەلەڤزیۆنییە جۆربەجۆرەکانە. لەم ماوەیەشدا کەسی یەکەمی زۆربەی هێزە شیعەکان دەرکەوتن و دیداریان هەبوو، بەڵام لە تێکڕای هەڤپەیڤینە درێژەکانیاندا هیچ دیدێکی سیاسی نوێ و چارەسەر و پێشنیازێکی جیاوازیان نەخستەڕوو بۆ کردنەوەی بنبەستی سیاسی، لەکاتێکدا ئەوە حەوت مانگە هەڵبژاردن کراوە و سێ مانگیشە پەڕڵەمان بێ کار و بێ ئەرکە و تێچوونی بودجە و خەرجییەکانیشی لەو ماوەیەدا 57 ملیار دینار بووە.
لە سەروبەندی ساڵیادی 9ی نیساندا، مالیکی و سەرکردەکانی حیزبی دەعوە لەسەر نوێکردنەوەی پۆستێکی 10 ساڵ بەر لە ئێستای میدیاکارێکی ئێراقی (ساڵح حەمدانی) هەرایەکی گەورەیان درووستکرد. پۆستەکە ڕەخنە لە مەراسیمی ساڵیادەکانی لەسێدارەدانی محەمەد باقر سەدر و ئامینە (بنت الهدی) ی خوشکی دەگرێت لەکاتێکدا خەڵکی هەژاری شیعە لەسەر زبڵەکان خۆیان دەژێنن.بەهۆی ئەم هەرایەی مالیکیشەوە تۆڕی میدیایی فەرمیی ئێراق ناچاربوو گرێبەستی میدیاکارەکەی ئێراقییە (پێشکێشکاری بەرنامە) هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی مالیکی تەماشاکرا بۆ جوڵاندنی سەدر یان موجامەلەکردنی بنەماڵەکەی پاش ئەوەی بەرەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەربژێربوونی جەعفەر سەدریان بۆ سەرۆکایەتی وەزیران بە پاساوی جۆراوجۆر پەکخست، بەڵام بنەماڵە بە چاک و خراپ هیچیان لەسەر ئەم هەڵایە نەگوت و چەند ڕۆژێک پاش ئەوە، لە نامەیەکی تایبەتدا بۆ کەسایەتییەکی ئێراقی، جەعفەر سەدر داوای لێبووردنی میدیاکارەکەی بە ژێر لێوەوە قبووڵ کرد و بەمەش، کۆتایی بە کەیسەکە هات کە خرایە قاڵبی بێڕێزیکردن بە پیاوە ئایینییە قوربانیدەرەکان.
لە خەڵوەتەکەیدا سەدر زیاتر خۆی یەکلایی کردووەتەوە بۆ ڕێنمایی ئایینی و مەزهەبی شوێنکەوتەکانی، لەو نێوانەشدا بەتووندی بەگژ هەندێک لە شوێنکەوتەکانی (سورخی) دا چوویەوە کە پێشتر خوێندکاری باوکی بووە و ئێستا خۆی بە مەرجەعێکی سەربەخۆ دەزانێت. هاتنە دەنگیشی بە پاساوی ئەوەیە یەکێک لە وتاربێژەکانی (سورخی) لە بابل داوای ڕووخاندنی هەندێک لە مەزارەکانی شیعەی کردووە و، لەسەر ئەمەش لایەنگرەکانی سەدر چوونە سەر ئەو حسێنیەیەی کە وتارەکەی تێدا خوێنراوەتەوە. جگە لەوەش سەدر خۆی بێبەری کرد لەوانەی ئەو بە ئیمام (محەمەدی مەهدی) دەزانن و پاش بە نەفرەتکردنیان داوای سزادان و لێپێچینەوەی لێکردن. هەر لە پەنا ئەمانەشدا بەپەلەداوای دەرکردنی یاسای تاوانبارکردنی بانگەشە بەعسییەکانی کرد. ئەمەش پاش ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کە کەسێک بە بۆنەی یادی دامەزراندنی بەعسەوە (7ی نیسان) لەسەر ڕێگەیەکی گشتی کە دەگوترێت گەڕەکێکی باکووری بەغدایە، بە ئاشکرا چوکلێت بەسەر ڕێبواراندا دەبەخشێتەوە.
خۆ خواردنەوە و بنبەستی ماڵی شیعە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەش لە بێدەنگی و کەنارگیرییەکی تەواودایە. سەکۆ و ماڵپەڕە فەرمییەکانی مەرجەعییەت تەنانەت لەبارەی ڕەمەزانیش هیچ پەیامێکی نوێیان لا نییە و ناچار لە ئەرشیف، فەتوا کۆنەکان دووبارە دەکەنەوە. یەکێک لە بریکارەکانی سیستانیش (ئەحمەد سافی) شوێنکەوتەکانی مەرجەعی باڵای لە گەڕانەوەی وتاری هەینی کەربەلا بێهیوا کرد کە بەشی دووەمی وتارەکە گوزارشت لە هەڵوێستی مەرجەعیەتی نەجەف دەکات و لە سەردەمی کەرەنتینی کۆرۆناوە وەستاوە (ئازاری 2020) . لەبارەی پاساوی ئەمەش، بریکارەکەی مەرجەع باسی لەوە کردووە کە ئەگەر ئامۆژگاری و ڕێنمایی نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە سوودی نییە، بەهۆی ئەوەش زۆر لەلایەنەکان پابەندی ڕێنمایییەکانی سیستانی نین، وتارەکان تاوەکووکاتێکی نادیار ڕاگیراون!
گەیشتنە بنبەستی ئەگەری پێکهاتنی ناوخۆیی شیعە لە ڕەمەزان دا دەرگای بۆ جموجۆڵ بە ئاڕاستەی پێکهاتەکانی دیکە کردووەتەوە، لەو ماوەیەدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکێتی و باڵی جیابوونەوەی عەزمی سوننە زیاتر چوونەتە ناو وردەکاری و نزیکبوونەوە. بەگەرمیش باسی سەردانێکی چاوەڕوانکراوی چوارچێوەی شیعی هەیە بۆ #هەولێر# لە ڕۆژانی داهاتوودا، بەڵام جموجۆڵەکانی شیعە بەگەرمی زیاتر لەسەر پێکهاتەی سوننەن کە پێگەی وەستانیان زۆر پتەو نییە و زیاتر لە پێگەی وەستانی شیعە و کورد شڵۆق و فشەڵترە، یەکێک لە سیاسییەکانیشیان (قاسم فەهداوی) ئەوەی درکاند کە حکومەت مەرجەعیەتی سوننەیە، هەر لایەنێک حکومەت پێکبێنێ ئێمە دەچینە لای ئەوە.
تاوەکوودێت گومانەکانیش زیاتر دەبن لەسەر ئەوەی گۆڕاوە کتوپڕەکانی ناو شەقامی سوننە بە کاریگەریی هێزە شیعەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگین، لەو نێوانەشدا گوشارەکان بۆسەر پرۆگرامەکانی کەناڵی UTV زیاتربوون کە خاوەنەکەی سەرمەدی خەمیس خەنجەرە. جگە لەوەش نیشانەی پرسیاری زۆر هەن لەبارەی کات و ئامانجی پشت ئازادکردنی ڕافیع عیساوی سەرکردەی سوننەی فەللوجەیی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا. ناوبراو کە چەندین دۆسیەی ڕووبەڕوو کرابووەوە، پاش ئازادکردنی بە کەفالەت وەک جەمسەرێکی سیاسی بەهێز و ناسراو دەرکەوت کە ئەگەر هەیە لەسەر حیسابی درەوشانەوەی ئەستێرەی خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی بێت کە دوو جەمسەری هاوپەیمانییە زۆرینەکەی سەدرن. هەر لەو نێوانەشدا شیعەکان لە ئەنبار دژبەرێکی نەوعییان بۆ حەلبوسی درووستکردووە؛ (ستام ئەبو ڕیشە) کە لە بنەماڵەیەکی ناسراوی قوربانیدەرە لە دژی ڕێکخراوی قاعیدە و ئێستا لە شەڕێکی دەستە و یەخەدان. قسە و باسیش هەیە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو ڕکابەرانە زیاتر قیت بکرێنەوە جا چ بە ئاسانکارییە قەزاییەکان بێت بۆ ئەوانەی فەرمانی گرتنیان هەیە، یان بە هێنانە پێشەوەی سیاسییەکانی وەک مەشهەدانی بێت. هەموو ئەمەش لەکاتێکدایە کە دادگایەکی بەغدا لەسەر کەیسێکی هەشت ساڵ بەر لە ئێستا و لە سەردەمی شەڕی #داعش#دا، ئەسیل نوجێفیی کە لەسەر هەژموونی ئەنکەرە لە ئێراق هەژمارە، بە حەوت ساڵ زیندانی حوکم دا بە پاساوی ئەوەی کە بەدەر لە ڕێنمایییەکانی بودجە پارەی بۆ حەشدی وەتەنی خەرج کردووە! [1]