$کەسایەتی و پاشخانی جەعفەر سەدر$
#یاسین تەها محەمەد#
#24-03-2022#
پاش تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لە بۆرسەی بەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتیی وەزیرانی ئێراق، لەپڕ ناوی جەعفەر سەدر، باڵیۆزی ئێستای ئێراق لە لەندەن، هاتەسەر ناوان و بەخێرایی ڕەزامەندیی ئاشکرا و ڕاگەیێندراوی لایەنە ناکۆکە شیعەکانی وەرگرت، بەر لەوەی مەرج و بەندووبارەی دواتر، کۆدەنگییە شڵۆق و بەراییەکە لەسەر ناوبراو بشێوێنیت. لە پاش 2010 ئەمە دووەم جارە ناوی جەعفەر سەدر بەربژێر دەکرێت بۆ سەرۆکایەتی وەزیران، ناوبراو تاقە کوڕ و یادگاری بەجێماوی ڕابەری ڕۆحیی ئیسلامی سیاسی شیعەی ئێراق (ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدر) ە. باوک و پوریشی (ئامينە) بەپەتی سێدارەی بەعس خنکێنراون (1980) ، لەلای دایکییەوە خوشکەزای ئیمام موسا سەدر ی بێسەروشوێنە (1978) کە یەکێکە لە ڕێبەرە ڕۆحییەکانی شیعەی لوبنان، لەبەر ئەم پاشخانەش لایەنە شیعە ئێراقییەکان ناتوانن بە ئاشکرا جەعفەر سەدر بخەنە بەر ڕەخنە و هەڵسەنگاندن وەک ئەوەی بۆ بەربژێرەکانی دیکەی سەرۆکوەزیران دەیکەن و زۆجار تاڕادەی ناوزڕاندنیش دەڕوات.
جەعفەر سەدر (52 ساڵ) ئەزموونێکی ناسەرکەوتووی لە کاری پەڕڵەمانتاری لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسای مالیکی (2010) هەیە و پاش ساڵێک دستبەکاربوون خێرا کشایەوە، بەڵام لە 2019 لەنێو هەراوخۆپێشاندانی تشرین دا بەبێدەنگ، وەک باڵێوزی ئێراق لە شانیشنی یەکگرتووی بەریتانیا دەستبەکاربوو، لەکاتێکدا لە سیڤییە فەرمییەکەیدا بڕوانامەکانی بریتین لە خوێندنی ئایینی، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر لە زانستی کۆمەڵناسی. ناوبراو دەرچوو یان قاڵبووی بەشی دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نییە.
منداڵی و گەنجێتی جەعفەر سەدر پڕە لەتەمومژ و ئاڵۆزی. چونکە پاش لە سێدارەدانی باوکی (سەدری یەکەم) ، لە ماڵی ئایەتوڵڵا حسێن سەدری ئامۆزای باوکی و مێردی خوشکەکەی لە کازمییەی بەغدا ژیاوە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونی لە نەجەف و لە حوجرەکانی باوکی موقتەدا (محەمەد سادق سەدر) خۆی حەشارداوە تاوەکوودەرفەتی بۆ ڕەخساوە بچێتە ئێران (1998) و پاشان بۆ خوێندنی ئەکادیمی ڕوو لە بەیرووت بکات.
جیاواز لە پراکتیزەکردنی میتۆدەکانی باوکی کە دامەزرێنەری حیزبی دەعوەیە (1957) ، جەعفەر سەدر لە هەندێک هەڤپەیڤین دا باسی لەوەکردووە بڕوای بە نموونە ئیسلامییەکانی ئیخوان و تاڵیبان و تەنانەت کۆماری ئیسلامی ئێرانیش نییە، لەبەرانبەر ئەوەشدا باسی لەوەکردووە کە ئیسلام مافی دەمڕاستیکردن و ویلایەت ناداتە کەس و، کەس بۆی نییە بەناوی خواوە فەرمان بکات، بەڵکوو بەتێگەیشتنی ئەو، ئیسلام داوای پرەنسیپەکانی دادگەری و ستەم نەکردن دەکات و هەرکات ئەوە هاتەدی ئەوە جێگەی ڕەزامەندییە، چونکە ئایین گرنگی بە نێوەڕک دەدات نەک ڕووخسار.
بەهۆی ئەوەی باوکی جەعفەر سەدر سیمبوول و باوکی ڕۆحی دەعوەیە و، بۆ خۆیشی پێشتر لە لیستی ئەم حیزبە (دەوڵەتی یاسا) بووەتە پەڕڵەمانتار (2010) ، هەندێک پێیانوایە زیاتر لە مالیکییەوە نزیکە، لەوکاتەشدا کە خۆی بەربژێرکرد باسی لەوەکردبوو کە هێشتا پڕۆژەی ڕەوتی سەدر نەخەمڵیوە بەتایبەت سەبارەت ڕەتکردنەوەی تووندوتیژی و لایەنگریکردنی ڕەها لە مەرجەعییەتی دەوڵەت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە بنەماڵەی سەدرە و برای ژنی موقتەدایە و هەر ئەویش بەربژێری کردووە بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران، ئێستا زیاتر بووەتە بژاردەیەکی سەدری، خۆشی لە دیدارەکانیدا باسی لەوەکردووە ئەو پەروەردەی سەدری دووەمە کە لەپاش باوکی ئامێزی بۆ کردووەتەوە و لە شاری نەجەف داڵدەی داوە. هەروەها هاوڕێی سەردەمی منداڵیی موقتەدایە و پێکەوە لە حوجرەکان وانەی شەریعەتیان خوێندووە و کیمیایەکی هاوبەش لە ژیری و بیرکردنەوەی هەردوولایاندا هەیە.
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناچاربوون بەژێر لێوەوە پێشوازی لە بەربژێرەکەی موقتەدا بکەن، هەندێکیشیان ڕەنگە پێیان خۆشبێ ناوی ئەویش وەک بەربژێرەکانی دیکە بسووتێت یان لەسەر کورسی دەسەڵات بە دەردی عادل عەبدولمەهدی بڕوات و بەم جۆرەش لە هالەی ماڵی سەدر ڕزگار ببن، بەڵام دواتر بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ کەوتنە دزەپێکردنی زانیاری نەرێنی لەبارەی جەعفەر سەدرەوە لە هەمووشی سەیرتر بانگەشەکردنی ئەوەیە کە گوایە بەگوێرەی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، ناوبراو دۆخێکی دەروونی تایبەتی هەیە، داخراوە، مڕومۆچ و گۆشەگیرە، ئەمەشی لە ڕۆژگاری خۆشاردنەوە لە چاودێریی دەزگا سەرکوتکارەکانی سەدام بۆ درووستبووە!
جەعفەر سەدر، لە سەردەمی ترەمپ دا لە وێنەیەکدا لەنێو ئەو شاندە ئێراقییەی سەردانی ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایان کرد لە 2019، دەرکەوت، بەر لەوەش دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ شاژن ئێلیزابێسی دووەم هەبووە کە دۆسییەی دەستبەکاربوونی لێوەرگرت، دەکرێت بگوترێت ئەمیش لەڕیزی ئەو بەربژێر و سەرۆکوەزیرانانەی ئێراقە کە لینک یان پەیوەندی یان ئاشنایەتییان لەگەڵ بەریتانیا و وڵاتانی ڕۆژاوا بەهێزە (عەللاوی، عەبادی، عەبدولمەهدی و کازمی) .
ساڵانی گۆشەگیری منداڵیی جەعفەر سەدر کە تاقانەی پێنج خوشکە و ئێستا چوار کچ و دوو کوڕی هەیە، یارمەتیدەربوون لەوەی لە زۆر باس و بابەتی تیۆری قووڵ ببێتەوە و، ئەمەش لەو چەند هەڤپەیڤینەی لەبارەی بیروباوەڕ و تێڕوانینی ئیسلامی هەیەتی دیارە، بەڵام لایەنی خراپیشی کەمدوویی، شەرمنی و داخراوییە و ئەمەش، بۆ سەرۆکایەتی وەزیران لە ئێراقدا کە شەیدای وتاربێژەکانن لایەنێکی نەرێنییە. جگە لەوەش هەندێک باس لەوە دەکەن کە خوێندنی لە حەوزە و لە کۆمەڵناسی دوورە لە ئیدارەی دەوڵەت و کاتێکیش بووە باڵیۆز لە بەریتانیا کەرەنتینی کۆرۆنا و وەستانی ژیان و چالاکییەکان نەیانهێشت لە شاری لەندەن چالاکی زۆری هەبێت، هەندێک لە ئێراقییەکانی بەریتانیاش دەڵێن ئینگلیزییەکەیشی باش نییە، بەڵام هەندێکی دیکە لەوانەی لە بەریتانیا دەژین باس لەوە دەکەن وەزارەتی دەرەوەی بەریتانی لە کار و کارنامەکەی ڕازین و پێیانوایە لە باڵیۆزەکانی پێش خۆی باشتر کاری کردووە.
جەعفەر سەدر جگە لە بنەماڵەی سەدر خاوەن هیچ حیزب و باڵێکی سەربازیی تایبەت نییە، پەیوەندیشی لەگەڵ چواردەوری موقتەدا زۆر باش نییە و دەگوترێت وەک ئەوان نییە. بەربژێرکردنی لەلایەن سەدرەوە دەیخاتە بەرەی ڕکابەریی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەڕووی سیاسییەوە، چونکە بژاردەی ئەوان نییە و بۆ تێپەڕاندنیشی مەرجی ئەوەیان هەیە کە سەرجەم لایەنەکانی شیعە گەورەترین لیست درووستبکەن و جەعفەر سەدر ببێتە بەربژێری ئەوان و بەگوێرەی بەرنامەی ئەو لیستە بەربژێر بکرێت.
ئەگەر جەعفەر سەدر بەربژێری سەدر بێت یان زۆرینەی شیعی لە هەردوو بارەکەدا ناوبراو زیاتر وەک ماسکێکی نەرم دەردەکەوێت بۆ هێزە قووڵەکانی دەسەڵات و سەرەنجامیش دوورنییە وەک سەرۆکوەزیرانەکانی دیکە بسووتێت، ئەوکاتیش ئەمە دەبێتە پەڵەیەک بۆ میرات و کاریزمای سەدری باوک و بنەماڵەکەی کە ئێستا وەک قدیس تەماشا دەکرێن، هەر لەم سۆنگەیەشەوە هەندێک لەوانەی خۆیان بەدڵسۆزی بنەماڵەی سەدر و خەتی شیعەگەری دەزانن، نەیاری ئەوەن کوڕی باقر سەدر بۆ سەرۆکایەتی وەزیران بەربژێر بکرێت، هەندێکی دیکەشیان کە هێشتا لەسەر یادگاری سەدری یەکەم دەژین، پێیانوایە هاتنی جەعفەر سەدر بەرجەستەکردنی گفتێکی خوداییە کە ڕۆژێگارێک دێت و خەڵکانی ستەملێکراو دەکاتە سەردار و جێنیشین! [1]