$دادەی کوردایەتی و تەوارەکەی شۆڕش$
#عیماد ئەحمەد#
#18-04-2021#
زۆرێکمان بەرلەوەی لەنزیکەوە بیبینین و هاموشۆی بکەین، ناسیومانە، چونکە کەسایەتی و تێکەڵەیەکی سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی زۆر تایبەتە، ئەو تەنیا لە دەرگای سیاسەت و خەباتەوە نەهاتبووە مەیدانەوە، بەڵکوو باکگراوند و پاشخانێکی دەوڵەمەندتری هەبوو، دواتر کە هاوسەرەکەی بووە هێما و لۆگۆی کوردایەتی، ئەو هەمیشە لە پشتیەوە وەستابوو، بۆ ئێمەمانانیش بووە خوشک و دایکێکی میهرەبان، بۆیە دەگوترێت ئەو خانمێکە پشتی #مام جەلال# و جەرگی برایم ئەحمەد و بینایی حەمزە عەبدوڵڵا-یە، ئەو شاژنێک بوو لەسەر عەرشی نەهامەتییەکانی شۆڕش و لەناو کۆشکی بێنازی پێشمەرگایەتی دانیشتبوو، دوور لە جگەرگۆشەکانیان لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ڕێگە خۆڵەمێشییەکانی تێکۆشاندا ئەڕۆیشتن و لە قاوەخانەی بەرخۆداندا دوکەڵی مەراقی کوردایەتیی بەبا دەکرد، ئیدی وەکوو ئەو گوڵە هێرۆیەی ناوەکەی هەڵگرتبوو، گوڵی خۆڕسک و سادە و ساکاری کوردایەتی بوو.
شوێنپێی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە تولەڕێکانی شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا، لە هەوڵدان بۆ گەڵاڵەکردنی مۆدێلێکی سیاسی و نوێخوازیی کوردایەتی، وەکوو خۆی سەنگین، بەڵام بێدەنگن، لەوانەیە کەم کەس بزانێت کە ئەو خاتوونە لە شانەکانی دامەزراندنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستاندا بووە و لە سەرەتاکانی لەدایکبوونیدا بەشداربووە، ئیدی قۆناخەکانی دواتری ژیانی سیاسیی هێرۆ خان بە هەمان شێوە هێمن، بەڵام کاریگەر و پڕ مانا بوون، تاوەکووگەیشتە ئەوەی لە ساڵی 1979 پەیوەندیی بە شۆڕشی نوێ و هاوسەرەکەیەوە بکات و ئیدی بۆ هەمیشە ڕووی کردە کوردایەتی و مام جەلال، دواتریش بە تەونی شۆڕش ڕێگەی نۆکان و توژەڵە و شێنێیان بەستەوە بە کۆشکی کۆماری لە بەغدا و تیایدا مام جەلال بوو بە شۆڕەسواری دیموکراسی و بە حیکمەت و پشودرێژیی خۆی تەلیسمەکانی ئەو کۆشکە و کۆدەکانی دیکتاتۆریەتی شکاند و قۆناخێکی تازەی سیاسیی لە ئێراقدا نەخشاند، سەرەنجام مامی کوردایەتی بوو بە یەکەمین سەرۆککۆماری کورد و مامۆژنیش بوو بە خانمی یەکەم-ی کورد لە هەموو ئێراقدا.
ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت گەر بڵێین مێژووی یەکێتی و تۆماری شۆڕشی نوێ بەبێ هێرۆ خان ناتەواوە، چونکە ساتەکانی ئەو قۆناخە جیاوازانە گەر تۆمارکرابن ئەوە بەشێکی بەسەر شانی ئەوەوە ئەنجامدراوە، بەشێک لە حەکایەتە دەگمەنەکانی شۆڕش لە ڕێگەی هێرۆ خانەوە تۆمار و ئەرشیف کران، ئەو ساتەوەخاتانەی کە دووبارە نابنەوە، ئەو کردنی بە تۆمارێکی نەمر و نەوەکانی داهاتوو بەهۆیەوە دەتوانن بەسەر پەنجەرەکانی شۆڕشی نوێوە بڕوانن، ئەمە جگە لەوەی پاڵپشتیی بەردەوامی مام بوو، دایک و خوشکێکی بەردەوامی شۆڕشگێڕان و پێشمەرگەکان بوو، ئەو زۆرجار خۆی دەکردە قەڵغان بۆ هاوڕێ و دۆستەکانی.
من بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1989 لە قاسمەڕەش لەنزیکەوە هێرۆ خانم بینی و یەکترمان ناسی، دوای ئاسائیبوونەوەی نێوان یەکێتی و ئاڵای شۆڕش لەسەر داوای مام جەلال لە ڕەزایەوە لەگەڵ کاک ئەرسەلان بایز بەرەو قاسمەڕەش کەوتینە ڕێ، لە قاسمەڕەش بەرەو خانوویەکی گڵ چووین کە بەر هەیوانەکەی بە نایلۆن گیرابوو، دەرکەوت ئەوە کۆشکی شۆڕش و کوردایەتییە و ئیدی لەوێ من بۆ یەکەم جار هێرۆ خانم بە شەرواڵێک و کراسێکی خاکی و بە قژێکی ڕەش و تاڵ تاڵ سپییەوە بینی، تەوقەیەکی گەرمی لەگەڵ کردم، ئیدی لەوێوە ئاشنایی و نزیکی من لەگەڵ هێرۆ خان دەستیپێکرد، تاوەکووئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، سەختییەکانی ژیان و هەڵبەز و دابەزی دنیای سیاسەت و ناکۆکییەکانی نەیانتوانی درز بکەنە ئەو پەیوەندییە، لە هەر وێستگە و هەلومەرجێکدا بووبێت، ئیدی دڵسۆز و خەمخۆری یەکتر بووین و ئەو هەمیشە هاوکار و پشتیوانی من بووە. ئەو پەیوەندییەشمان هەمیشە بۆ خێری یەکێتی و دۆست و هەڤاڵان بوو، بە یەکەوە زۆر کێشە و ناخۆشی و ناکۆکیمان چارەسەرکرد.
هێرۆ خان لە ناخی خۆیدا بەر لەوەی سیاسی بێت، شتی دیکەیە، ئەوانەی لەنزیکەوە ئەو ژنە بناسن، دەزانن هونەر و هونەرمەندان، ئەدەب و ئەدیبان، دنیای منداڵ و مافەکانیان، میدیا و میدیاکاران ئیهتیمامی یەکەمی ئەو بوون، دەیویست سیاسەت بخاتە خزمەتی پڕۆژەیەکی کولتووری بۆئەوەی ناسنامەی کوردایەتی تەنیا ناسنامەیەکی سیاسی نەبێت و بوارەکانی دیکەش پێشبکەون.
کەسایەتیی هێرۆ خان تایبەتە، زۆربەی ژیانی لەگەڵ مام جەلال بەسەربرد، بەڵام مام جەلال نەیتوانی کەسایەتی و خەسڵەتەکانی قووت بدات، ئەو لە پڕۆژەی سیاسیدا کتومت کۆپیی مام بوو، بەڵام لە شتی دیکە ناسنامەی خۆی هەبوو، بۆیە هەمیشە هەندێک شتی دەکرد، تەنیا لە خۆی دەوەشایەوە.
دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2009 و پاشەکشەی دەنگەکانی یەکێتی، من بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن بووم، ڕۆژێک خۆی و کاک دلێری سەید مەجید هاتنە لام، وتی هاتووم گەر پێت ئاسایی بێت دەمەوێت بەرپرسیارێتیی مەڵبەندی #سلێمانی# وەربگرم، ئەمە بۆ من مایەی پرسیار بوو، چۆن کەسێک دوای شکست بیر لەوە بکاتەوە بەرپرسیارێتی وەربگرێت، بەتایبەتی مەڵبەندی سلێمانی، کە گۆڕان توانیی دەنگی زۆر بهێنێت و کاک نەوشیروان خۆیشی لە کایەکەدا بوو، بەڵام ئەو پۆستەکەی وەرگرت و لەو وێستگەیەش بە ڕەفتار و کردارەکانی ئەو، پەیوەندیمان زۆر لە جاران باشتر بوو، زووزوو یەکتریمان دەبینی و پرس و ڕاوێژمان بە یەک دەکرد، دوای ئەو قۆناخە و لە کۆنگرەی سێیەمیش بە ڕاستەوخۆ هاتە ناو کاری حیزبایەتی و یەکەم دەنگی کۆنگرەی بەدەستهێنا و بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
هێرۆ خان ژنێکی سەرڕاست و ئازا و بێ منەت بوو، بە جەستە لاواز و باریک بوو، بەڵام لە ناخ و جەوهەردا قایم و پتە و و وەکوو دارحەیزەران بەرز، ژنێکی قسە لەڕوو و نادیپلۆماسی بوو، ئەوەی لە دڵی بوو نەیدەشاردەوە، نەک هەر بۆچوون و ڕایەکانی پێ نەدەشاردرایەوە، بگرە لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیشدا دانی بەخۆیدا نەدەگرت و هەندێک شتی قووت نەدەدایەوە.
خەسڵەتێکی دیکەی یەکجار تایبەتی هەبوو، کە بێدەنگییەکەی بوو، ئەو زۆر کەمدو و بێدەنگ بوو، بەڵام بێدەنگییەکەی هێندەی هاواری زۆر کەسی دیەک کاریگەر و بیستراو بوو. هەمیشە بێدەنگیی ئەو جۆرێک بوو لە قسەکردن کە بەرانبەرەکانی بە روونی لێی تێدەگەیشتن.
بەهۆی دۆخی تایبەتی و تەندرووستییەکەی و پەتای کۆرۆناوە، ماوەیەکە من لە دیدار و هاموشۆی ئەو بێبەشم، بەڵام هەمیشە بیری دەکەم وەکوو چۆن بیری ئەڵوەن و دایکم و حەمید ئەکبەری هاوڕێم دەکەم کە لە شەهیدبوونیەوە بۆ ساتێکیش لەیادم نەچووە، ئێستاش کە بە دەباشاندا ڕەتدەبم، بە دەستی ڕاستم ڕوو دەکەمە ماڵی مام جەلال و دوعای خێر بۆ هێرۆ خان و بەدەستی چەپیشم ڕوو دەکەمە مەزاری مام و فاتیحا بۆ گیانی مام جەلال دەخوێنم.
هێرۆخان هاوڕێ و خوشک و پشتیوانێکی بەهێزی هاوڕێکانی بووە، هەمیشە بیری دەکەم، چونکە دابڕانی بۆ ئێمەمانان کەلێنێکی گەورەیە.
ئەمە تەنیا چەند دێڕێکی وەفادارییە بۆ هێرۆخانی هاوڕێم، ئەگەر پەیکەرتاش بوومایە ڕەنگە لەجیاتیی ئەم چەند وشەیە، هەوڵم بدابووایە پەیکەرێکی بۆ دابتاشم، چونکە ئەو مرۆڤانە شایستەی ئەوەن یاد و یادگارییان بەرز ڕابگرین. [1]