ناونیشانی بابەت: پەڕڵەمان بۆ ئەوەی ببێتە دەسەڵاتێکی کاریگەر
نووسەر: #ئازاد وەڵەدبەگی#
#26-09-2019#
هەر دەوڵەت یا سیستەمێکی حوکمڕانی وەک سیمای دەرەکی و هێمای ئیرادەی نیشتمانی، چەند دەسەڵاتێک لەخۆدەگرێت کە بریتین لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری. زانا و فەیلەسۆفەکان هەر لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە بەردەوام بە دوای ئەوەدا گەڕاون کە باشترین شێوازی حوکمڕانی بۆ بەختەوەریی خەڵک و کۆمەڵگە بدۆزنەوە. دواجار لە سەدەی هەژدەیەم، لەلایەن زانا و بیرمەندی فەرەنسی مۆنتسکیۆ، ئەم بیرۆکەیە لە پەڕتووکی رۆحی یاساکان لە چوارچێوەی تیۆری جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا (separation of powers) داڕێژرا و، بووە بنەمایەک بۆ سیستەمەکانی حوکمڕانی لە چەرخی نوێ.
بەپێی ئەم پرەنسیپە، دەسەڵاتەکان وێڕای پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان لە کار و ئەرکەکانیاندا، جۆرێک لە هاوکارییش لەنێوانیاندا هەیە. بەڵام لە هەمانکاتدا، دەبێ سیستەمی حوکمڕانی بە جۆرێک بێت کە هیچ دەسەڵاتێک نەتوانێ بە تەواوی دەست بەسەر هەموو جومگەکانی حوکمڕانیدا بگرێت و تاکڕەویی درووست ببێت، هەربۆیە پێویستە هەر دەسەڵاتێک، دەسەڵاتەکەی تر ڕابگرێت، واتە هەریەکەیان کۆنترۆڵی ئەویتر بکات کە ئەمەش پێیدەگوترێ پرەنسیپی چاودێری و هاوسەنگی. مۆنتسکیۆ دەڵێت: کەواتە بۆ ئەوەی نەتوانرێ کەڵکی نابەجێ لە دەسەڵات وەربگیرێت، دەبێ دەزگاکانی دەوڵەت بە جۆرێک ڕێکبخرێن کە هەر دەسەڵاتێک، دەسەڵاتەکەی تر ڕابگرێت.
یەکێک لە گرفتەکانی بەردەم سیستەمی حوکمڕانیی هاوسەنگ و وەڵامگۆ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوانەش هەرێمی کوردستان، باڵادەستی و هەژموونی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە بەسەر دەسەڵاتەکانی تردا، کە ئەمەش وایکردووە دەسەڵاتی یاسادانان وەک دەسەڵاتی یەکەم و نوێنەری گەل و چاودێر بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە، نەتوانێ وەک پێویست ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. لە هەمانکاتدا، دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە پەیوەندیی ڕۆژانەی لەگەڵ هاووڵاتییاندا هەیە و ئەرکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی لە ئەستۆیە، لەوانەیە نەتوانێ وەک پێویست خزمەتگوزارییەکانیان پێ بگەیەنێت، هەربۆیە لەگەڵ هاووڵاتییان تووشی لێکگیربوون دەبێت، کە ئەمەش دواجار ناڕەزایی خەڵکی لێدەکەوەێتەوە بەرانبەر بە کۆی سیستەمی حوکمڕانی. لەلایەکی ترەوە، دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە حوکمی دەسەڵاتە زۆر و زەوەندکانی لەوانەیە تووشی جۆرێک لە سەرکێشی یا تێپەڕاندنی سەڵاحیەتەکانی ببێت. لە دۆخێکی لەمجۆرەدا، دەبێت دەسەڵاتێک هەبێت کە هەم ڕێگە لەم تاکڕەوییە بگرێت و هەم بتوانێ لێپێچینەوە لەو دەسەڵاتە بکات، کە بێگومان بەپێی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان ئەم ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی پەڕڵەمان وەک بەشێک لە ئەرکە ناتەشریعییەکانی.
بێگومان دۆخی تایبەتی ئەو وڵاتانەی کە لە قۆناغی ڕاگوزەردان، واتە لە قۆناغی پێش مۆدێرنەوە بۆ قۆناغی مۆدێرنە هەنگاو دەنێن، کاریگەریی لەسەر ڕەوتی کاری پەڕڵەمان و دامودەزگاکانی تری حوکمڕانی هەیە، کە دامودەزگای تایبەت بە جیهانی مۆدێرنەن. دیموکراسی و ئەزموونی پەڕڵەمانی لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتیبوون بنیاتنراوە. پەڕڵەمان لە وڵاتانی لیبراڵی ڕۆژاوا، داینەمۆی دیموکراسی و نوێنەری حوکمڕانی گەلە. وڵاتانی دیکەش بۆ گەیشتن بە دیموکراسی و ڕەنگدانەوەی نوێنەرایەتی گەل لاسایی ئەم سیستەمە دەکەنەوە، بەڵام پاشخانی کەلتووری- سیاسی ئەزموونی پەڕڵەمانیی ڕۆژاوایان نییە.
پەڕڵەمانی کوردستان هەر لە سەرەتای پێکهێنانییەوە تا ئەمڕۆ، بە دەست چەندین ئاڵنگاری و گرفتەوە دەناڵێنێ. لە سەردەمی جەنگی ناوخۆی نێوان پدک و ینک، بەهۆی ململانێی سیاسی - سەربازیی نێوان ئەو دوو پارتە، پەڕڵەمانی کوردستان داخرا و ئەم دەزگایە نەیتوانی بە بێلایەنی بمێنێتەوە، پاش ڕووداوەکانی ساڵی 1996 سەرلەنوێ دەستی بەکار کردەوە. هەربۆیە، خولی یەکەمی پەڕڵەمان بەشێوەیەکی نائاسایی لە (1992- 2005) بەردەوام بوو. پاشان لە خولەکانی دووەم و سێیەم هەرچەندە درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمانی بەدواوە بوو، بەڵام پەڕڵەمان بە حوکمی ئاشتەوایی نێوان پدک و ینک، کرانەوەی زیاتری کۆمەڵگە و ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هتد، گەرموگوڕییەکی باشتری بەخۆیەوە بینی. لە خولی چوارەم، بەهۆی پەرەسەندنی ململانێی نێوان پارتە سیاسییەکانی کوردستان و بە تایبەت پدک و گۆڕان، پەڕڵەمان بووە بەشێک لەو ململانێیە و لە ئەنجامدا بووە قوربانی و پەکیکەوت و لە دوا ڕۆژەکانی ئەو خولەدا سەرلەنوێ کارا کرایەوە.
دەتوانین بەربەستەکانی بەردەم کاری پەڕڵەمانی لە کوردستان، بگەڕێنینەوە بۆ:
- هەژموونی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پارتە سیاسییەکان لەسەر پەڕڵەمان.
- ئەزموونی کەمی کاری پەڕڵەمانی لە کوردستان.
- ململانێی پۆپۆلیستانەی پارتە سیاسییەکان و پابەندیی پەڕڵەمانتاران بە بەرژەوەندییە حزبییەکان نەک نیشتمانییەکان و ڕەنگدانەوەی لەسەر کاری پەڕڵەمانی.
- ململانێ سۆسیۆلۆژی- سیاسییەکانی تایبەت بەو کۆمەڵگەیانەی لە حاڵی ڕاگوزەردان.
- نەبوونی کەسانی بڕیاربەدەستی لایەنە سیاسییەکان لەناو پەڕڵەمان.
- بێتوانایی پەڕڵەمانتاران و لاوازیی کولتووری دیموکراسی.
لە دۆخی ئێستادا، ئەوەی کە هەڕەشەیە لە سیستەمی سیاسیی کوردستان، ناهاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتەکان و بە تایبەت دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنە، بە جۆرێک کە دەسەڵاتی جێبەجیکردن هەژموونی بەسەر دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریدا هەیە. ئەگەر پەڕڵەمان نەتوانێ بە ئەرکی چاودێریکردنی حکومەت هەڵبستێ و نەتوانێ سەرکێشییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کە بە دەسەڵاتی سەرکێش ناسراوە کۆتوبەند بکات، ئەوا لاسەنگییەک لە سیستەمی سیاسی وڵاتدا درووست دەبێت کە ئەنجامەکەی لە قازانجی پڕۆسەی دیموکراسی و هاووڵاتییان نابێت. چونکە لە ڕووی پرۆتۆکۆلییەوە، پەڕڵەمان باڵاترین دەسەڵاتە و هێمای نوێنەرایەتی گەلە و بەرپرسە لە چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ئەگەر نەتوانێ بەم ئەرکەی خۆی هەڵبستێ، ئەوا سیستەمی سیاسی لاسەنگ دەبێت.
هەربۆیە، بۆ ئەوەی پەڕڵەمان ببێتە دەسەڵاتێکی کاریگەر و هەروا بە مەبەستی ڕاستکردنەوەی سیستەمی سیاسی و پابەندبوون بە بنەمای (چاودێری و هاوسەنگی) وا باشە پەڕڵەمانی کوردستان لە خولی پێنجەمدا وەک بەشێک لە ئەرکە ناتەشریعییەکانی خۆی، ئەرکی چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە کارایی جێبەجێ بکات و گوڕێکی نوێ بە کاری پەڕڵەمانی بدات، کە ئەمەش دواجار لە قازانجی کۆی گشتی سیستەمی سیاسی کوردستان و هاووڵاتییان و پڕۆسەی دیموکراسییە لە کوردستاندا. لەم پێناوەدا، وا باشە لایەنە سیاسییەکانیش هەست بە گرنگیی بەهێزکردنی دامودەزگەکانی دەوڵەت بکەن و پەڕڵەمان نەکەنە سەکۆیەک بۆ ململانێی حزبی، بەڵکوو بیکەنە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بەهێزکردنی دامودەزگەکانی حوکمڕانی لە کوردستاندا. [1]