ناونیشانی بابەت: “هاوارەبەرە” و “میرزا” بناخەی ئەدەبیاتی ئیقلیمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
نووسەر: کەژاڵ ساڵحی
لەنێو ڕۆمان نووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، م. #فەتاح ئەمیری# وەک ڕۆماننووسێکی پێشەنەگ چل ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی “پیشمەرگە”ی “دکتۆر ڕەحیمی قازی”، بە نووسینی دوو ڕۆمانی “هاوارەبەرە” و “میرزا”، هەنگاوێکی جیددی لە بواری گێڕانەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵێناوە. نووسەر لەو ڕۆمانانەدا ئاگایانە بڕیار دەدا بەرهەمێکی وا بخوڵقێنێ کە سەرەڕای خستنەڕووی شوناسی فەرهەنگی و مێژوویی و زیندوو کردنەوەی زمان، بە ئاوێتەکردنی توانستی هەندێک لە قاڵب و ژانرە ئەدەبییە فۆلکلۆرییەکان، کەشێکی دیکە و چەشنێکی تایبەت لە نووسینی دەوڵەمەند بە توانستی ئەدەبی زارەکی بخوڵقێنێ. بۆ وێنە بە خستنەگەڕی توانایی قاڵبە ئەدەبییەکانی وەک وردە چیرۆک و حەکایەت و بەیتی فۆلکلۆر و پەندی پێشێنیان، بیر و باوەڕی کۆمەڵایەتی و ئایینی و شێوەژیان و ئاخافتنی کۆمەڵگەی دێرینی خۆی بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە و وێڕای حەول بۆ پاراستنی وردەکارییەکانی ئەو ژانر و قاڵبە ئەدەبییانه، لە زیندوو ڕاگرتنی ماکە شوناس سازەکانی زمانی کولتووری کۆمەڵگەی کوردستان ڕۆڵ بگێڕێ.
لەو نووسینە دا وێڕای باسێک لەسەر ئەدەبیاتی ئیقلیمی- ناوچەیی لە باری زمانییەوە، ماکە پێکهێنەرەکانی ئەو بەشە لە ئەدەبیات دەخەینە بەرچاو. هەروەها باسی ڕۆڵی ئەو ژانرە ئەدەبییانە لە گێڕانەوەی دوو ڕۆمانی “هاوارەبەرە” و “میرزا”دا دیتە ئاراوه.لە لایەکی دیکەوە پێویستە باسی حەولی نووسەر بۆ تێکهەڵکێشانی ئەو ژانر و قاڵبانە لەگەڵ ڕۆمانەکەی بکرێ کە چۆن توانیوییەتی ئەو تواناییانە بقۆزێتەوە و موتوربەی ڕۆمانەکەی بکا و هەم ڕۆمانەکەی پێ ڕەنگین و سەنگینتر بکا و هەم بەشێک لەو کەلەپوورە بپارێزێ. ئەدەبیاتی ئیقلیمی- ناوچەیی یان لۆکاڵ؛ لە ڕاستیدا دەربڕ و نیشاندەری شێوەیەک لە ئەدەبیاتە کە تایبەتمەندی و خاڵە بەرچاوەکانی جوگرافیایی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ناوچەیەکی تایبەت نیشان دەدا، بە شێوەیەک کە ئەو تایبەتمەندییانە خاڵی جوداکەرەوەی ئەو ناوچەیە لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتێک بێ .بەر لەوەی ئاماژە بەو خاڵانە بکەم کە نیشاندەری هێڵە جوداکەرەوەکانی ئەو چەشنە لە نووسینن، ئاماژەیەک بۆ ڕوونتر بوونەوەی مەبەست بە پێویست دەزانم:
ئەدەبیاتی ئیقلیمی بە هیچ چەشنێک وەک دابەزین لە چەشنێک لە ئەدەبی بەرزەوە بۆ ئەدەب لە بازنەیەکی بچووکتر نییە، بەڵکوو ئەو تایبەتمەندییە نیشاندەری کەش و جوگرافیایەکی تایبەتە کە ڕۆمان لەبار دەکا بۆوەی توێژینەوەی خەڵک ناسانە و کۆمەڵناسانە و زمانناسانە و تا دوایی لەسەر بکرێ. بۆ وێنە لە ئەدەبی فارسی دا بە دەیان توێژینەوە لەسەر بەرهەمەکانی غوڵام حسێنی ساعیدی، مەحموود دەوڵەت ئابادی، عەلی ئەشرەف دەرویشیان، ئەحمەد مەحموود و زۆر نووسەری دیکە کراوە کە چۆن بەرهەمی بە پێز و هێزیان لە بواری ڕۆمان و گێڕانەوەدا خوڵقاندووە و ناوبانگی نەتەوەیی و جیهانیشیان هەیە بەڵام خاوەن تایبەتمەندییەکانی ئەدەبیاتی ئیقلیمیش هەن. بەو پێیە دەمهەوێ بڵێم ئەو چەشنە لە ئەدەب خاوەن هەندێک تایبەتمەندییە نەک دابەزین لە ئاستێکی ئەدەبەوە بۆ ئاستێکی بەرتەسکتر.
$ئێستا بە پێی ئەو پێشەکییە هەندێک لە خاڵە جوداکەرەوەکانی ئەو چەشنە لە نووسین دەخەمە بەرچاو$
• تایبەتمەندییە جوگرافیاییەکان. ئەو تایبەتمەندییە خۆی هەڵگری ئەو وردە خاڵانەیه: وەک کەشوهەوا، بارودۆخی سرووشت، بوونی دارستان و لێڕەوار، چۆم و ڕووبار ، کوێستان و دەشت و بیابان … کە هەر کام لەوانە دەبێ جۆرێکی تایبەت بن و بەهۆی ئەو تایبەت بوونەوە لە ناوچەکانی دیکە نەچن و ئەو لێک نەچوونە ببێتە خاڵی جیاوازی لەگەڵ شوێن و جوگرافیاکانی دیکە. بۆ وێنە ئەگەر لە پانتای وڵاتێکی وەک ئێران دا ئەو تایبەتمەندییانە بخەینە بەرباس، دەکرێ بڵێین تایبەتمەندییە جوگرافیاییەکانی باکووری ئێران بە دەریا و جەنگەڵ و کەشوهەوای سەربەخۆیەوە بەچەشنێک لە دەقی ئەدەبی دا ڕەنگ دەداتەوە کە جودایە لە تایبەتمەندی باشووری ئێران بە گەرما و دارخورما و ئەو تایبەتمەندییانەی بەو شوێنەوە دەناسرێن.
• تایبەتمەندی دووەم خاڵی جوداکەرەوەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە. وەکوو داب و نەریت و بڕوا ئاییینییەکان، زمان، مەزهەب، ڕەگەز، شێوەی خەبات و بەرەنگار بوونەوە لەبەرانبەر بێگانە و زۆر شتی دیکەش.
• تایبەتمەندی ئابووری، وەکوو چالاکی کشتوکاڵو پیشەسازی وابەستە بە شوێن و شێوەی بەرهەمهێنانی کاڵا و خواردەمەنی و چەشنی پیشەسازییە دەستییەکان و ….کە هەر کام لەوانە لایەنێکی نوێ و تازە بەو بابەتە دەبەخشن و بە شێوەیەک دەتوانن ئەدەبی هەڵقوڵاو لەو ناوچەیە دەوڵەمەند بکەن.
چیرۆکە ناوچەییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی هەڵگری هەموو یان بەشێک لەو تایبەتمەندییانەن و بەو پێیە دەتوانن ئاوێنەی باڵانوێنی فەزای شاری یان گوندی یان کولتووری ئەو بەشە لە وڵاتێک بن کە لە چوارچێوەی دەقێکی ئەدەبی لەوچەشنەدا دەکەوێتە بەر باس. پاش خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی هاوارەبەرەو میرزا و بەراوەردی کۆی ئەو تایبەتمەندییە جوگرافیایی، زمانی، کولتووری، ئابووری و تەنانەت سیاسیانەی لەو دەقانەدا خراونەتە ڕوو و پێکگرتنیان لەگەڵ چوارچێوە دیارەکانی ئەدەبی ئیقلیمی و ناوچەیی دەکرێ بڵێێن ئەو دوو ڕۆمانە دەچنە ژێر پیناسەی ئەو چەشنە لە ئەدەبیات و بەشێکی هەرە زۆری ئەو خاڵانەیان تێدایە کە نووسەرانی جودا بە تیۆری تایبەتەوە لەمەڕ ئەدەبی ئیقلیمییەوە خستوویانەتە ڕوو.
لەو ڕۆمانانەدا ڕەوتی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی ئەستوونی دەچنە پێش و پێوەندییەکی هزرمەندانە ڕووداوەکان لێک گرێ دەدا. ناواخن و دەروون مایەی ڕۆمان سەرەڕای ویستی نووسەر کە هەوڵی پاراستنی زمان و وشەی داوە و لە هەر ڕستەیەک دا بۆ یەک وشە چەندین هاوواتای خستوەتە ڕوو، واشی وشەکان لە ڕستە دا جێ کردووەتە و زەمینەی بۆ ڕەخساندوون کە ئەگەر خوێنەر مانای سەرەکی وشەیەکیش نەزانێ ئەوە بە خوێندنەوەی ڕستەکە بە تەواوی و خوێندنەوەی ڕستەکانی بەرو دووای ئەو وشەیە، مانای سەرەکی بو ڕاست دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر ڕوانینێکی کۆمەڵناسانەشمان بۆی ببێ ئەوە هەر ئەو گێڕانەوەیە حەز و ئارەزووی لە مێژینەی تاکی کۆمەڵگەی ژێر دەست و ناسەرکەوتوو لە زۆر بواردا دەخاتە ڕوو. ئەو ڕەوتەش دەگێڕدرێتەوە کە کۆمەڵگەیەکی وا بۆ دەرباز بوون لە جەغزی سەختی ناسەرکەوتوویی گرتوویەتە بەر یان ئەو پێشنیاری گرتنەبەری لە قاڵبی گێڕانەوەیەکی داستانیدا دەخاتە بەرچاو. ڕەوتی گەیشتن بەئازادی بۆ سەربەستی و یەکسانی و ژیانێکی تێکەڵ بە هێمنایەتی و دوور لە ناحەزی و دزێوی کە لە بەشی شێکاری لەسەر فەلسەفەی ئەو چەشنە ڕۆمانانەدا دەکرێ و دەبێ بە تەسەلی لە سەری بدوێین. چون لەو چەشنە گێڕانەوانە هەرچەند ئەرکی گێڕانەوە وەک سەرەکیترین کردەی نووسینی ڕۆمان؛ لە ئەستۆیانە، بەڵام نووسەر حەولی خستنەڕووی واتا و بابەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیشی هەیە.
$ماکەکانی ئەدەبیاتی ئیقلیمی لە هاوارەبەرەو میرزا دا$
$ناوچەی جوگرافیایی:$
لە ڕوانگەی نووسەرێکی ڕیئالیستەوە جوگرافیا و شوێن گرینگایەتییەکی تایبەتی هەیە و بەدیهێنەری فەزای داستانە و نووسەری ئەو شێوازە لە نووسین تەنیا بۆ ڕازاندنەوە و خستنەڕووی بەشێک لە وەسفەکانی یان بردنە پێشی ڕەوتی چیرۆکەکەی کەڵکی لێ وەرناگرێ. ئەو لایەنە واتە سەرنج بە تایبەتمەندییەکانی ناوچەیەک وەکوو دابونەریت و شێوەی هەڵسوکەوتی خەڵک لەگەڵ یەک و شێوەی دابین کردنی بژیو، جۆری جلوبەرگ، وەسفی سرووشت و بیر و باوەڕە ئایینییەکان و زمان و زاراوەی ناوچەیەک، وردبوونەوە لە ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی وردەکارییەکانی ژیان و ئاقاری دەوروبەر بەرهەمەکە دەبەستێتەوە بە ناوچەیەکی تایبەتەوە و بە واتایەکی تر ڕەنگێکی خۆماڵیی و ناوچەیی بە بەرهەمەکە دەبەخشی. هەر بۆیە نووسەر حەول دەدا تەواوی توانای خۆی وەگەڕ بخا تاکوو ئەو شوێنە بەهەموو وردەکارییەکانییەوە لە ناوچەکانی دیکە جودا کاتەوە. ئەوەش بە شێوەیەکی ئاسایی زیاتر ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە ژیانی نووسەری لێ ڕابراوە و بە شێوەی جۆراوجۆر کارتێکەرییان لەسەر ژیانی نووسەر بووە.
ئەو ناوچانە بەهۆی ئەوەی نووسەر خووی بە هەموو کەلێن و قوژبن و کەند و لەند و کەشوهەوای گرتووە و بە تەواوی دەیناسێ وەکوو تابڵۆیەکی نەققاشی دەیڕەنگێنێ و بە وشە و سەمای ڕستە و واتاکان تابڵۆی کەلامی ئەو شوێنە دەکێشێتەوە و لە قاڵبی وەسفێکی داستانیدا ئەو هەستە بە خوێنەر دەبەخشێ کە لەگەڵ ڕووداوەکان دا ژیاوە و لەگەڵ هیچ کامیان نامۆ نییە.
ئەو شێوە نووسینە هەم لەنێو نووسەرانی ناوخۆیی و هەم لەنێو نووسەرانی بیانیدا بەدی دەکرێ و نموونەی زۆر سەرکەوتووی هەیە. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە مەحموودی دەوڵەتئابادی بکەین کە فەزای زۆربەی ڕۆمانەکانی کۆمەڵگەیەکی گوندییە و وەکوو نووسەرێکی ڕیئالیست لە دووی شوێنە ڕاستەقینەکان دەگەڕێ و تا بتوانێ گۆشەیەک لە ژیانی واقیعی خەڵک بگێڕێتەوە.
$ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ڕۆمانەکانی “هاوارەبەرە” و “میرزا” وەکوو ڕۆمان لە شێوزای ئەدەبیاتی ئیقلیمیدا باسیان لێ بکەین، دەکرێ ئاماژە بەو ماکانە بکەین کە لەو بەرهەمانە دا بەوردی وەسف کراون:$
• وەسفی سرووشت:
کاتێک نووسەر نوقمی وەسفی سرووشتی ناوچەیەک دەبێ ئیتر نە چاوی تێر دەبێ لەو هەموو جوانییە و نە دڵی دێت بە جێی بێڵێ. هەر بۆیە بەوردی هەموو دیاردەکانی پێوەندیدار و ئامادە لەو شوێنە باس دەکا و هیچی لە بیر ناچێ. ئەو وەسفە ورد و دەقیقانە نیشاندەر و بەڵگەی هۆگری نووسەرن بەو ناوچەیەی ڕەوتی گێرانەوەکەی ئەوی تێدا دەگوورێ و هەستی پاک و ناسکی و ئەزموونی تاکی و چاوی وردبینی نووسەر و لەهەمان کاتیشدا داهێنەرێتی ئەو لە داڕشتنی وشە و ڕستە و واتا سازی و خوڵقاندنی دۆخی داستانی بەو کەرەسانە و پیکهێنانی جیهانێک لە وشە نیشان دەدا کە هەر کام لە وشەکانیش جیهانی تایبەت بە خۆیان هەیە. واتە وشە لەو نووسینانەی فەتاحی ئەمیری دا جودا لەوەی کارکردێکی واتاییان هەیە کەسایەتییەکی فەرهەنگی و ناوچەیی و جوگرافیاییش لەگەڵ خۆیان بەکێش دەکەن، یان باشتر وایە بڵێین لە هەناوی خۆیاندا ئەو وردەکاریانەیان تواندووەتەوە. ئەوەش بە خوێندنەوەی ئەو وشانە لە زەمینە کۆمەڵایەتی و کاتی و شوێنیی ئەواندا بە باشی دەردەکەوێ و ئەو تواناییەش لە قەلەمی کەم نووسەردا دەتوانی خۆ بنوێنێ. تەنیا ئەو نووسەرانە دەتوانن قەڵەم لەو بوارەدا تاو دەن کە کەسایەتی وشە و ڕۆڵی تایبەتی وشەیان لە زەمینەی کۆمەڵایەتی و دۆخی زەمانی و مەکانی خۆی دا دەرک کردبێ. بۆ دەرخستنی ئەو باسە گرینگە لەسەر شوێن لە ڕۆمانی هاوارەبەرە دا سەرنجی ئەو بەشە لە ڕۆمانەکە بدەن:
لەهەورازێکی ڕژد وەسەرکەوت، بە سەر دارستانێکی پان و بەرین دا کەوت، باریکە ڕێیەک بە پانای دارستاندا خۆی ڕاکێشاوە، لە هێندێک جێیان وەنیو دار و دەوەن دەکەوێ. ڕێبوار ون دەبێ. دیسان سەر وەدەر دەنێ. ڕێ پڕە لە پێچ و فلووچ، دارستان بە پانایی پاناوک، بە درێژایی دۆڵ و دەرە، بە دڵی لاپاڵ و گەوەوە سەوزایی و شینایی بڵاو کردووەتەوە، سرووشت وەک حاتەمی تایی و سولەیمانی نەبی سفرەی سەوز و گەشی بە وڵاتدا ڕاخستووە. لەبەر شینایی ڕەش و گەش دەنوێنی، پنچک بەژنی بەرزی داری لە ئامێزدایە و لک دەستی بە دواێنی پۆپ گرتووە، پیرەدار شانیان ڕەشانی یەک دەخەن، دارستان تێک چڕژاو و لێک هاڵاوە تەنانەت قەڵەشتی بەردەکانیش ڕەگاژۆی نەمامی شلک و ساوای لێ ڕواندووە”
بە پێی ئەو نموونەیە و بە دەیان نموونەی تر سرووشت وەکوو یەکێک لە دەورگێڕانی ڕۆمان کارایە و شوێن پەنجەی لە ڕۆماندا دیارە و ئەگەرچی جاری وایە وەسف درێژ و دووپات دەبێتەوە و ئەگەر کوورت ببڕابایەوە چوارچێوەی گێرانەوەکەی پتەوتر دەکرد، بەڵام بەهۆی دەوڵەمەند و ڕەنگین بوونی زمانی کوردی؛ خەمی پاراستنی وشە ڕەسەنەکان؛ ترسی توانەوە و لە بیر چوونەوەیان هەر بەو جۆرەی نووسەر لە پێشەکی پەڕتووکەکەدا باسی لێدەکا، ئاستی ماندوو بوونی خوێنەر دێنێتە خوارێ و هەستی ئەو قوورساییەی زمان و وشەی کوردی هەیەتی لە دەروونیدا تەشەنە دەستێنێ. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەو بوارە دەتوانێ لەبار بێ بۆ توێژینەوەی وشەناسانە و زمانناسانە و ساغ کردنەوەی بۆ وێنە هەموو تایبەتەندییەکانی زمانی و ڕاوێژیی ناوچەی موکریان. هەر وەکی کاری لەو چەشنە لەسەر هاوارەبەرەو میرزا کراوە و ئامادەکردنی فەرهەنگی زاراوەکانی هاوارەبەرەو میرزا بە کۆکردنەوەی جەماڵ کاڕەشی و شەرح و لێکدانەوەی نووسەری ڕۆمان، ئەو ڕاستییە دەردەخا کە ئەو ڕۆمانانە لە باری زمانییەوە هێندە دەوڵەمەندن و ئەوەندیان وشەی کۆن و ڕەسەن و زاراوە و قسەی نەستەق و پەندی پێشێنیان تێدایە کە ئەو ڕۆمانانە فەرهەنگی تایبەتی خۆیان پێویستە و ئەوەش تایبەتمەندییەکە کە تا ئێستا هیج ڕۆمانێکی کوردی نەیبووە و حەولی وای بۆ نەدراوە.
• تایبەتمەندی دووەم خۆراک و جلوبەرگ:
یەکی دیکە لەو ماکە ناوچەییانەی لە هەر دوو ڕۆمانی هاوارەبەرەو میرزادا دەبیندرێ، وەسفی جلوبەرگ و خورد و خۆراک خەڵکی ناوچەکەیە. ئەوەش نیشان دەری وابەستە بوونیانە بە سرووشتەوە. بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان و پاراستنی خۆیان لە سەرد و گەرمی ڕۆژگار. هەروەها ڕازاندنەوەی خۆیان بۆ بۆنەی جودا و ڕێوڕەسمە تایبەتەکانیانەوە. ئەو ڕاستییە زیاتر لە هاوارەبەرەدا خۆ دەردەخا و لە هەموو ئەو بوارانەدا نووسەر ئاگاییەکی ورد بە دەست خوێنەرەوە دەدا.
بابەتێک کە جوانییەکی زیاتری لەو بوارەدا بە دەقەکە داوە ئەوەیە کە هیچ کام لەو باسانە واتە باسی خواردن و جلوبەرگەکان و … بە شێوەی جودا و لەدەرەوەی گێڕانەوەی ڕۆمانەکەدا باس نەکراون و وەها لە تانوپۆی گێڕانەوەدا قاڵ بوونەتەوە کە هەست بەوە ناکرێ نووسەر ناچار بووبێ بە ئانقەست جێیەکیان لە توێی ڕۆمانەکەی دا بۆ تەرخان بکا. ئەگەرچی ڕەنگە لە خەیاڵی نووسەردا ئەو ویستەش بۆ پاراستنی ئەو نەریتانە بووبێ. ئەوە بە خوێنەر نیشان دەدا کولتووری جلوبەرگ و جوانکاری مرۆڤی کورد و کولتووری خواردەمەنی لەو هەرێمەی ڕۆمانەکە باسی دەکا و لەو کاتەدا کە وەک زەمانی ڕەوایی ڕۆمانەکە دەیگێڕێتەوە چۆن بووە. تەنانەت جاری وایە شێوەی چێشت لێنان و وردەکارییەکانیشی بو خوێنەر دە گێڕێتەوه. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بەو بەشە لە دەقی پەڕتووکەکە وەک نموونەیەک لە دەیان نموونە بکەین:
“کەوڵ لە عەرزی درا، مزراویلکە بۆنی لە وڵاتی گەڕا، نانی چووکە مەیلە وسوور، برژاو، بێ قەراغ، نانی گەنمە سمەوەج، خوارشتی خۆش، ناسک، تەنک، سەلکێک پیواز، پیاڵەیەک خوێ. هەر یەکەی جامیکی مس، هەڵمی لەسەر هەڵدەستا، مزراویلکەیەکی چەور، هێلکەی خڕ تێدا، مزر، ترشی سماق تاموبۆنی داوەتێ.”
یان ئەو کاتەی وەسفی نانی شوانی دەکا، دەڵێ:
“لە سەر ویستی یارە ڕۆژبەڕۆژ توربێنی یارە پڕتر دەکرا. کوللێرە چەورە، کەلانە، کولیچە، کەشکە فەریکە، شیرێژ و ڕۆن، نان پاڵە و پشتی ژیان، نانی گەنم، نانی جۆ، هەرزن، کوللێرەی گەنمەشامی و …” یان ئەو کاتەی باسی شایی یارە دەکا وێڕای ئەوەی کە باسی نان و چێشتی کاتی شایی ئەو سەردەم دەکا، شێوەی چێشت لێنان و کەرەستەکانی پێویست کە ئەوکات کابان و چێشت لێنەر دەکاریان دەکرد و پێویستیان پێی بووە بەوردی تەوسیف دەکا.
جودا لەو باسە هەر وەک کۆمەڵناسان و پسپۆڕانی بواری شوناس باس دەکەن، جلوبەرگ یەکێک لە سازدەرە (مولفە) گرینگەکانی شوناس و شوناسی نەتەوەیی و لە ئاستی دیکەدا شوناسی ناوچەییە. بێگومان جلوبەرگ بەرچاوترین نیشانەی کولتووریی نەتەوەیەکە و زۆر بەخێراییش کارتێکەری و کاریگەریی خۆی دەردەخا. نووسەری هاوارەبەرەو میرزا بە تەوسیفی ورد و دەقیقی جلوبەرگ، ئەو ڕاستییە وەبیر دێنێتەوەکە لیباس وەک نومادێکی نەتەوەیی لە دوای زمان ڕۆڵێکی کاریگەر لە ناساندنی شوناسی کورد دەگێڕێ و چون بەردەوامیش گۆڕان بە سەر مودێڵ و فۆڕمی دادێ، نووسەر بە تۆمار کردنی وردەکارییەکانی ئەو جلوبەرگانە لە سەردەمیکی داستانیی دا حەولی پاراستنیانی داوە و بە ناسینی ئەو تایبەتمەندییانە دەکرێ جوگرافیا و مێژوو و سیاسەت و کۆمەڵگە و هونەر و زۆر شتی تری نەتەوەیەکیش بناسێنێ..
ئەگەر نموونەیەک لە هەستیار بوونی نووسەر لەمەڕ ئەو دیاردەیەوە لە دەقی ڕۆمانەکە بە دەستەوە بدەم ئاماژە بەو بەشە دەکەم کە نووسەر باسی جلوبەرگی یارە دەکا . هەرچەند جلوبەرگەکەشی نەدارانەیە:
“دەڕوا، قوت و سڵ، قیت و قۆز، توند و تۆڵ، کز و ساغ، جووتێک گوڵینگی سوورمەرەز بە تەنیشت زەنگاڵەکانییەوە کایە دەکەن، ڕانک و چۆغەیەکی تاوبردوو، شەدەیەکی ڕیشۆ نەماو، جووتێک کەڵاشی نووک هەڵگەڕاوە ی قوڵاغە کراوی لە پێ دایە. هەر دووک ئانیشکی چۆغەکەی شی بۆتەوە، ئاهێکیان پێوە نەماوە، ڕانکەکەی پاش و پێش کراوە، هەرچەند کڵاوەکەی پڵیتەی وەدەرکەوتووە کەچی نوشتەیەکی لە تەپڵەکەیەوە دەچێ.”
یان بۆ تەوسیفی جلکی منداڵانی ئەوکاتەی سۆفی ئەحمەد نوقمی خەیاڵی ڕابردوو دەبێ و کوڕە جوانەمەرگەکەی لە تەمەنی منداڵیی دا دەبینێ. ئاوا باسی لیباسی منداڵەکەی دەکا:” کەوایەکی قوتنی سوور لەبەر، کڵاوی کووژەکەدار لەسەر، و … بەو جۆرە جلوبەرگی منداڵی ساوا و خەڵکی ئەو سەردەم وێنا دەکا.
• داب و ڕەسم:
یەکێکی دیکە لەو ماکە ناوچەییانەی تام و بۆنێکی ناوچەیی و ئیقلیمی بەو ڕۆمانە دەبەخشێ داب و نەریتی نەتەوەیە. گەشە و بەرز بوونەوەی داب و نەریتەکان کاریگەریی لەسەربەرزبوونەوەی ئاستی فەرهەنگی نەتەوەیەک دا هەیە . وەسفی داب و نەریتی خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ بەردەنگێکی نائاشنا بابەتێکی جوان و نوێیە و ڕەنگێکی واقیعی بە بەرهەم دەبەخشێ. بۆ نموونەدەکرێ ئاماژە بەو نەریتانە بکەین کە لە درێژایی ژیانی تاکی ناوچەدا برەویان بووە و وەک بەشێک لە میراتی کولتووری دێنە حیساب. بۆ وێنە باسی گوێزەبانە کردن بۆ منداڵ، داب و ڕەسمی پێوەندیدار بە شایی و زەماوەند و سەرەخۆشی و تەنانەت باسی چەشنی ئەسپاردەکردنی مردوو بە خاک و زۆر بابەتی دیش لە ڕۆمانی هاوارەبەرەدا بەوردی گێڕدراونەتەوە. ئەو داب و نەریتانە زۆربەیان ئاوێنەی بالانوێنی ڕێزگرتن لە مرۆڤ و ڕووحی پێکەوە ژیان و هاوکاری و میوانگری و یەکتر خوێندنەوەیە و لە خوێندنەوەی خەڵک ناسانەدا جێگای سەرنج و تێرامانن.
• زمان وەک ماکەیەکی ئەدەبیاتی ئیقلیمی:
ئەو ڕووداوانەی لە ئەدەبیات دا ڕەنگ دەدەنەوە زۆربەیان ئەوانەن لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە خاوەن بایخن و پێویستە دیسان بنوێندرێنەوە تا لە بیر و زەینی خەڵک دا بمێننەوە و بەشێک لە بیرەوەری بە کۆمەڵی کۆمەڵگەن. زمان وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی و وەک زایەڵەی ڕووح و ژیانی کۆمەڵگە تەنیا ڕۆڵی پێوەندی نییە و ئەو کۆمەڵگەیانەی لە ئەدەبیات دا ساز دەکرێن یان ساز دەکرێنەوە تەنیا نیشاندەری ژیان نین، بەڵکوو ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی ڕێسا و بیرە کۆمەڵایەتییەکان، بۆنە جوداکانی ناو ژیانی کۆمەڵ، شین و شەڕ و تێکهەڵچوونی عێلەکان، دابەشکردنی چینەکانی کۆمەڵگە، شێوەی موڵکداری و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و زۆر بابەتی دیکە، وەکوو زانست و کەرەستەی تێگەیشتن و تێگەیاندن ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ساز کردنی ئەو سامانە هەیە کە پیی دەکوترێ کۆمەڵگەی نەتەوەیی و هەر کام لەوانەش وشەو دەستە واژە و ڕاوێژی تایبەت بە خۆیان پێویستە و ڕۆمانێک هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی دانەڕشتبێ دەکرێ بگوترێ لایەنی زمانییەکەی دەوڵەمەند نییە.
دەکرێ بڵێین بەهێزترین بەشی داهێنانی نووسەر بە زمانی کردنی چەمک و واتاکانە. بەو پێیە خاڵی بەرچاوی چیرۆکی هاوارەبەرەو میرزا هەر ئەو زمانە سادە و ساکاری ناوچەییە کە بە شێوەیەکی زۆر سرووشتی و بە بێ گرێوگۆڵی زمانی، وشە و ڕستەکان لە وتوێژ و دیالۆگی کەسایەتی ڕۆمانەکەدا کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ڕەوتی گێڕانەوە لە هەر دو ڕۆمانەکە دا هەم تازەیی و جوانیی خۆیان هەیە و هەم بۆ کەسێک کە شارەزایی زمانی ئەو ناوچەیە نەبێ ڕەنگە تا ڕادەیەک نامۆ بێتە بەرچاو. زمان و زاراوەی کەسایەتییەکانی ڕۆمان بە وشیاری و تەبا لەگەڵ تەمەن و ئاستی خوێندەواری و چینی کۆمەڵایەتی ئەوان هەڵبژێردراوە، بۆ وێنە کاتێک یارە دەدوێ دەزانی کوڕێکی ساکار و سادەیە و جاروبار ناتوانێ بە سەر هەستی خۆی دا زاڵ بێ، بەڵام کاتێک میرزا دەدوێ هەموو کەس بە ورد و درشتەوە لە خزمەتی دا بێدەنگ دەبن و گوێی بۆ شل دەکەن و قسەکانی بە تەواوی وەردەگرن، لەنێو خۆیاندا دەڵێن میرزا قسەی قەڵەمی دەکا. کاری میرزا قەڵەمە، کاغەزە، دیوانە. ئەوانە ئاستی خوێندەواری و زانست و لێهاتوویی و ئەزموونی میرزا دەردەخەن و کاتێکیش ژنانی نێو ڕۆمانەکە قسە دەکەن هەر کام لەوان پەردە لەسەر لایەنێک لە ژیانی کۆمەڵگەی ژنی ئەو سەردەم هەڵدەدەنەوە و بە وتەکانیان هەگبەی دەوڵەمەندی زمانی کوردی سەنگین و ڕەنگینتر دەکەن. جگە لەوەش زمان دەبێتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی هەست و ویست و حەزی دەروونی کەسایەتییەکانی ڕۆمان و بەشێکی زۆر لە کەسایەتی ئەوان بۆ خوێنەر ڕوون دەکاتەوە.
جارجارەش بوونی کەسانێک وەک ئەمیرحسێن کە ئازەری زمانە و زمانی کوردی بە باشی نازانێ و لەت و کوت قسە دەکا و نەقڵی گیران و تاوانەکەی وەک بنێشتە خۆشکە هەر دەیڵی و دەیڵێتەوە، تابڵۆیەکی تەنز ئاسا لە ڕۆمان دا پیک دێنێ و شوناسەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەو شوێنە لە ناوچەکانی دیکە جودا دەکاتەوە.
• ماکەی باس لەتەورە سیاسییەکان:
یەکێکی دیکە لەو ماکانەی ڕەنگ و بۆی ئیقلیمی بە ڕۆمانەکە دەبەخشێ گێڕانەوەی زیندان و گیران و جەزرەبە دان و باسی بابەتی سیاسییە. ئەوە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی چیرۆک لە ناوچەکانی وەک ئازەربایجان و کرماشان و باشووری ئێرانە. بەڵام ڕاستەقینە ئەوەیە کە هەر نووسەرێک بەهۆی کاریگەریی فیکر و فەرهەنگ و دونیابینی و ئەزموونی تاکی خۆی و هەروەها جیاوازی جوگرافیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، شێوازی تایبەت بە خۆی لە گێڕانەوەی سیاسەتی ناوچەی خۆی هەیە. ئەوەی کە لەو بەرهەمانە دا دەبیندرێ گرتن و سیخوڕی کردن و وەکێو وشاخ کەوتن و کوشتن و ئاور تێبەردانی ماڵ و مووچە و مەزرا، نموونەیەکی تایبەتی کۆمەڵگە ژێر دەستەکانی ئەو سەردەمەیە.
دەکرێ بڵێین لەو ناوچەیەدا ژیانی سیاسی، بەشێک لە ژیانی ئاسایی خەڵکە و سنوورێک لە مابەین ئەو دوو ژیانە دا نییە. خەبات دژی زوڵم و داگیرکاری بەشێک لە ژیانە و ژیان بەشێک لە خەباتە. هەر بۆیە زۆربەی خەباتکاران بە جێی ئەوەی کە کەسایەتییەکی بەرچاویان هەبێ مرۆڤ گەلێکی ئاسایین و تواناییی و بڕست و بوێری خەبات و دژایەتی لەگەڵ چەوسێنەرانیان هەیە. لە ڕۆمانی میرزادا، میرزا دەبێتە هیوای سەردەم و داهاتووی کۆمەڵگە و جێی متمانە و پشت پێ بەستنی خەڵک و دەبێتە سەرۆکێکی کاریزماتیک کە جەماوەر بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئاڕمانی ڕێنوێنی دەکا. لە هەمان کاتیش دا ئەو کەسانەی کە دەرەقەتی زوڵم و زۆری سیستەمی دەرەبەگایەتی نایەن لەو سیستەمە یاخی دەبن و چەک هەڵدەگرن و ڕوو لە چیا ئەستەمەکان دەکەن. ئەو دیاردەیە نیشان دەدا کە لە کۆمەڵگەی ژێردەستی ئەو کات دا بەرەنگاربوونەوەی تاکەکەسی بە بێ عەقلانییەتێکی کارامە هیچ ئاکامێکی لی ناکەوێتەوە و ڕەنگە ئاکامێکی نەرێنیشی هەبێ. لە ڕۆمانی میرزادا ڕەشیدە دزە، نموونەی ئەو شێوە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیستەمی زاڵی ئەو سەردەمەیە کە بە پێی سرووشت و کەسایەتی تایبەتی خۆی سەبر و تابشتی ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی خدرئاغای نییە و لایەن و ناوەندێکی یاسایی و دادپەروەرانەش بۆ سکاڵا و ماف خوازی نابینێتەوە و بۆخۆی بە کردەوەیەکی کە لەسەر ئیرادە و ویستی تاکەکەسی خۆی دامەزراوە و لە سەرەوە و دەرەوەی یاسای ئەوکاتە، بەڕێوەبەردنی یاسا وەئەستۆ دەگرێ و خدر ئاغا دەکووژێ.
ئەو شێوە دوانەی ڕۆماننووس و گێڕانەوەی لە ڕووبەڕوو بوونەوەی سەردەست و بندەستی ئەو کۆمەڵگەیە بە چەشنێک سنووری یاسا و نایاسایی بوون لە سەردەم و زەمانیکی تایبەت لە شوێنکاتی ڕۆمانەکە دا دیاری دەکا. نایاسایی بوونێک کە یاسایی بوون لەژێر تیشکی دا دزێو دەنوێنێ و بە پێچەوانەی باری باو خۆشەویستیش دێتە بەرچاو.
$دوو: تێکهەڵکێشانی ژانرە فولکلوریکەکان لە ڕۆماندا$
کورد وەک یەکێک لە گەلانی ڕۆژهەلاتی ناوین بە مێژوویەکی دوورودرێژ و پڕ لە کەند و لەندی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، خاوەنی زمانی سەربەخۆ بە چەندین زاراوەی دەوڵەمەندەوەیە. بەشێکی زۆر لەو مێژووە سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە قاڵبە جۆراوجۆرەکانی کولتووری ڕەشۆکی دا پەروەردە کردووە، تا بۆ بەرەی داهاتوو بمێنێتەوە. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی فەرهەنگی ڕەشۆکی کورد یەکێک لە کولتوورە دەوڵەمەندەکانی ناوچە بێت و بە سەدان و هەزاران شیعر و چێرۆک و بەیت و حەیران و نەقڵ و نەزیلە و پەند و مەتەڵ لەو چوارچێوەیە دا خوڵقابێ. بەشێک لەو میراتە لەلایەن نووسەرانی دڵسۆزی ئەو بوارە کۆ کراونەتەوە. دەقە فۆلکلۆرەکانی گەنجی سەربەمۆر لەلایەن ئەحمەد بەحری، کۆمەڵە بەیتێکی وەک میر و وەفا و سەعید و میرسێوەدین لەلایەن قادری فەتاحی قازی و ئەدەبی زارەکی موکریان و ژنان لەلایەن سەلاح پایانیانییەوە بەشێک لەو دەقانەن.
هەڵبەت دیارە جودا لەو نووسەرانە زۆر کەسی دیکەش لەسەر دەقە فۆلکلۆرییەکان کاریان کردووە و لە جێی خۆی پێویستە بە شێوازی خوێندنەوەی دەقە فۆلکلۆرییەکان بخوێندرێنەوە و باسیان لەسەر بکرێ بەڵام ڕوانین و چەشنی ڕووبەڕوو بوونەوەی نووسەری هاوارەبەرەو میرزا لەگەڵ ئەو دەقانە جیاوازە.
دوای پێناسەی ئەو شوێنانە بۆ ناسینی ئەدەبیاتی ناوچەیی و ئاماژەدان بە چەند خاڵی گرینگی ئەو بەشە لە ئەدەبیات؛ ئەوەی کە لەسەرەتای ڕۆمانەوە هەتاکوو کۆتایی نووسەر وەکوو تار و پۆ لە نیو دەقی ڕۆمانەکەدا تەنیوێتی، چەندین دەقی فۆلکلۆری بە شێوازی جوداوەیە کە تێکەڵ بە ڕووداوەکانی ڕۆمان بوون. بوونی ئەو دەقانە ئەو ڕاستییە دەنوێنی کە نووسەر چەندەی بایەخ بەو بەیت و مەتەڵ و حەکایەت و چیرۆ ک و گۆرانییانە داوە و ناوەرۆکی ڕۆمانەکەی پێ دەوڵەمەند کردووە. دەکرێ بڵێین لە ئاوێتە کردنی ئەو بەیت و چیرۆک و پەندی پێشینیانە نووسەر داهێناێکی نوێشی کردووە. بە بێ ئەوەی ڕەوتی گێڕانەوەی ڕووداوەکان تووشی کەموکووڕی بکا و لەهەمان کاتیش دا شوناسەی تایبەت بە هەر کام لەو قاڵب و فۆڕمە فۆلکلۆرییانە بپارێزێ.
ئەودەقانە لە هەندیک شوین دا درێژە بە مەبەستی ڕۆمانەکە دەدەن واتە ئەو شێوەیە لە کایەی نێوان دەقێتی کە نووسەر دەیکا جاری وایە بە مەبەستی پڕ کردنەوەی بەشێک لە بۆشایی گێڕانەوەیە کە نووسەر بۆ ئەو دەقانەی بەدیهێناوە، جاری واشە لە هەندیک قۆناخی ڕۆمانەکە دا نووسەر بۆ کوورت بڕینەوەی گوتە و پێش گرتن لە زیاتر بوونی بارستای ڕستەکان کەڵکیان لێ وەردەگرێ و لەوانەیە ئامانجی نووسەر ئەوە بووبێ کە لە ئاوێتە و موتوربە کردنی ئەو وردە دەقە فۆلکلۆرییانە کاریگەرییەکی زیاتر لەسەر هەستی خوێنەر دابنێ و بەو شێوەیە خوێنەر زووتر لە مانای دەقەکە تێبگا و هەست بە نزیکایەتیەکی زیاتر لەگەڵ فەزاکەی بکا و تەنانەت ڕادەی چێژی دەق بەو شێوەیە بەرێتە سەرێ.
هەر لەو بارەوە بابەتێکی گرینگی جێگای ئاماژە ئەوەیە کە داڕشتنەوەی دەقە فۆلکلۆرییەکان لە چوارچێوەی دەقێکی داهێنەرانە دا، ژیانێکی تازەیان پێ دەبەخشێ و ناهێڵێ بەهۆی تێپەڕبوونی کات قوورسایی خۆیان لە دەست بدەن و کاڵ ببنەوە. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بەو حیکایەتانە بکرێ کە “یای ناز” وەکوو دایکێک کاتی خەواندنی منداڵ بۆ “وەتمان”ی دەگیڕێتەوە و بیر و زەینی منداڵی پێ پەروەردە دەکا و هێمنایەتی بە منداڵ دەبەخشێ.
لە شوێنیکی دیکە دا نووسەر داهێنەرانە و بە ئانقەست فەزای ئەویندارانەی هاوارەبەرە لەگەڵ هێندیک بەیت و چیرۆکی فۆلکلۆری کە بنەمای ئەویندارانەیان هەیە تێکهەڵدەکێشێ کە دەکرێ بۆ نموونە ئاماژە بە بەیتی لاس و خەزاڵ و چیرۆکی لەیل و مەجنوون بکرێ.
ئەو بەیتانەی لەو پەڕتووکەدا تێکەڵ بە دەق کراون مەبەست و ئامانجی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەویندارانەیان هەیە و هەرکات ڕەوتی ڕۆمانەکە مەبەستێکی کۆمەڵایەتی هەیە ئەوە بەیتێک بەو نێوئاخنەوە دێتە ئاراوە و هەر کاتیش ڕەوتەکە ئەویندارانە دەبێ بە پێی فەزای داستان بەیتێکی وەکوو گەنج خەلیل و لاس و خەزاڵ خۆ دەنوێنن. ئەو بەیتانە هەر کامیان بە تەناسووبی ژیان و فیکر و کەسایەتی کاراکتێرەکان هەڵبژیردراون. بۆ وێنە بەیتی گەنج خەلیل لەسەر زاری حەسکۆ دەگێڕدرێتەوە کە بەیتێکی دڵدارانەیە و باسی عەشق و وەفاداری و ئەوین دەکات و حەسکۆش خۆی گیرۆدەی ئەوینی ئامۆزاکەیەتی و لە غەریبی و دەربەدەری دا ئاوا لەبەر خۆیەوە نارە ناری دێ:
“ئەز ڕابم کەمەرا پشتا خۆ بشکینم بو ئەسبی گە نج خەلیل بکەمە ناله، بازنی خۆ بشکینم بکەمە وردە بزمارێ، بسکێت خۆ ببڕم بکەمە سەر ڕەشمە. بەڵی بکەمە دۆخ و سەر هەوسارە گەنج خەلیل کوڕە مامی خۆ بیم . سوار بکەم لە کومیتەکی تالە”.
دەق تێکەڵ بە پەندی پێشینیان؛ یەکی دیکە لە دیاردە جیاوازییەکانی ئەو بەرهەمانەیه. هەر کام لەو پەندانە مێژوو و چیرۆکێکی پڕ ئامۆژگاری لە پشتە کە هەندێکیان لە بیر خەڵک چوونەتەوە و پێشینەی هەندێکیشیان بۆ خەڵک ڕوون نییە.. لە دەقی ڕۆمانەکەدا بە پێی ئەوەی لە چ کات و لە زاری چ کەسێک و بە چ هۆیەکەوە بکوترێن لە کاراکتەرێکەوە بۆ ئەوەی تر جیاوازن و پەندەکان لە بارودۆخی تایبەت بە خۆیان دا گونجاون. بۆ وێنە کاتێک وەسفی بارودۆخی نالەباری سۆفی دوای مەرگی هاوسەرەکەی دەکا و هەموو کەس بەزەییان پێی دادێ و وڵامی هەموویان ئاوا دەداتەوە:” سۆفی تامی زاری هەمووان دەزانێ، ئەوەی بە دڵ دەیکوت دڵ ئێشی نەدەکرد. ئەوەی بە پێی مەسڵەحەت و قازانجی خۆیان هەوڵیان دەدا جوابی توندی دەدانەوە و دەی ڕنین. بە فیتووی خۆی دەزانی و باش شارەزا بوو کوێ نیسکان دێنی. نانی بە منەت ناخۆم. کشە کشە مریشکە ڕەشە میوان ڕۆژێک و دوان خۆشە. هەتا دووری پووری. خۆم ماوم خۆم پیاوم.” و هی تریش بەو جۆرە سۆفی هێندێک پەند دێنێتەوە کە دڵنەوایی تەنیایی و بێکەسی و نەداری خۆی پێ دەداتەوە.
بە گشتی دەکرێ بگوترێ کە پەندەکان لە زۆر جێیان پێشیان بە درێژکردنەوەی دەق گرتووە و چێژی تایبەتیان بە دەق بەخشیوە. یەکی دی لەو بابەت و قاڵبانەی لە ڕومانەکەدا بەدی دەکرێ شیعر و گۆرانی فۆلکلۆرە. هەر نەتەوەیەک خاوەنی گۆرانی و مووسیقی تایبەت بە خۆیەتی و لەو ڕێگەیەوە هەست و حەزی ناخ و دەروونی خۆی ڕادەگەیەنێ. نەتەوەی کوردیش وەکوو هەر نەتەوەیەکی دیکە خاوەن دەقی هەمەچەشنی گۆرانی تایبەت بە خۆیەتی و ڕەگ و ڕیشەی بە مێژووی هزری نەتەوەیی دا ڕۆچووە. عیزەددین مستەفا ڕەسوڵ لەو بارەوە دەڵێ:
” گۆرانی کوردی خۆی وێنە و ئاوێنەی هەست و عاتیفەیە. چونکە شێوەی دەربڕینی ئەم هەستە سادە و بێ پێچ و پەنا و ڕاستەوخۆیە. بۆیە گۆرانی دڵداری و عەشق و ئەوینی کوردی ڕاستگۆیی و وێنەی ڕاستی بەدی دەکەین. لەو بەرهەمانەش دا شیعر و گۆرانی فۆلکلۆر ئاویتەی بەستەر و تەختی ڕۆمان دەبێ. بۆ وێنە کاتێک یای ناز بە گریان و بە سۆز دەلۆرێتەوە و خەمی دووری و دابران و تەنیایی لەبەر لێوییەوە بەو گۆرانیانە دەردەبڕێ:
“ڕێگای دارستان داچێنم بە گوڵ
ئاوی لێ بینم بە خوێناوی دڵ
ئەگەر دەمزانی لە کوێ دەکەی ڕاو
خۆڵی بەر پێتم دەداشت بە شەکراو”
یان ئەو شوێنەی ڕەشید خەریکی میوانداری لە میرزایە و هەردێ و دەنگی لێ بڵیند دەکا و بە جێ و ڕێ و وەستایانە گورانی دەڵێ.گۆرانییەکەی جۆرێک ناڵەیە پڕ لە سۆز و کوڵ:
گەوهەرێ هەی گەوهەرێ پەروانەم لە دوای خێڵی
کەس نییە پێم بڵی ماڵ وێران ئەتۆ لە دوای چی وێڵی
بەو شێوەیە بەکارهێنانی گۆرانی و شیعرە فۆلکلۆرییەکان لە خوڵقانی فەزایەکی تایبەتی داستانیی دا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە و یاریدەی نووسەر دەدا کە کەشوهەوایەکی گونجاو لەگەڵ دۆخی دەروونی کاراکتەر پێک بێنێ. بە بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئاماژە بە حاڵەتی ڕووحی دەورگێڕی ڕۆمانەکە بکات خوێنەر دەکاتە شەریکی خەمی ئەوان و لە ڕازی دڵ و خەم و ناڕەحەتی و پەرۆشی و تەنیایییان تێدەگەیەنێ.
$لە ئەنجامی ئەو خوێندنەوەیە دا دووخاڵی گرینگ ڕوون دەبێتەوە:$
• سەرەڕای توانا و مرخ و داهێنەرێتی تاکەکەسی نووسەر، شوێنی ژیانی نووسەری هونەرمەند لەسەر زەین و زمانی و هەروەها شێوەی گێڕانەوە و ئەو وەسفانەی کردوویەتی کاریەگەرییان بووە کۆی ئەوانەش بەرهەمێکی بە پێزی خوڵقاندووە و کە هەم زمان و هەم بیری نووسەرانە تێی دا بە هێز و دەوڵەمەندن. بەو پێیە دەکرێ بڵێین وەک چۆن لە ڕەوتی چیرۆک نووسی ئێران دا زۆر بەرهەمی بە پیزی وا نووسراون کە تەبا لەگەڵ ناوچەی جوگرافیایی و ئیقلیمێکی تایبەتن و هەڵگری هەموو ماکەکانی ئەدەبی ئیقلیمین و لە بەشی هەوەڵ دا ئاماژەم پێکردن. خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی هاوارەبەرەو میرزا، ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە ناوچەیەک کە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکانی تێدا گووراوە و خوڵقاوە بە تەواوی کەشوهەوا و خاک و دار و بەرد و داب و نەیتی خۆی هەیە و لە واتایەکی گشتی دا دەڵێین کوردەوارییە و لە ئاستی دیکە دا بە هەندێک بابەتی وردە کولتوور و تایبەتمەندی و زاراوەیی و شێوەی هەڵس و کەوتی ناوچەیەکی تایبەت تر هی پانتاییەکە بە ناوی موکریان.
• ڕۆماننووس لە ئاوێتە کردنی ژانرە ئەدەبییەکان دا توانیوێتی ئەو ئامانجە بپێکێ کە ئەو قاڵبە فۆلکلۆرییانە کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی گێرانەوەی ڕۆمانەکە ببێ و لە زۆر شوێن دا چێژی تایبەتی پێ ببەخشێ و لە هەمان کاتیش دا بەر بە درێژبوونەوەی دیالۆگەکان بگرێ. بەڵام زۆر جاریش خوێنەر وا نوقمی ئەو بەیت و حەکایەت و پەندا و مەتەڵ و وردە چیرۆکانە دەبێ لە دەقی سەرەکی دوور دەکەوێتەوە و ئەوەش وەک خاڵێکی لاواز دەبینرێ. [1]