ناونیشانی بابەت: ئەشکەوتی زەنگەران مێژوویەکی کۆن و پەناگەیەک بۆ مرۆڤ.
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
ئەشکەوتی گەلی زەنگەران دەکەوێتە بناری #چیای هندرێن# لە سنووری شارۆچکەی #ڕواندز#، دیمەنێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشی هەیە، لە کۆنەوە پەناگەیەک بووە بۆ مرۆڤ، هەروەها لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەکانی دیکەش ماڵێک بووە بۆ پێشمەرگە.
لەم بارەیەوە ڕێکان وەلید، لێکۆڵەر و چالاکوانی شاخەوانی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕاگەیاند: زۆربەی ڕۆژ لە کاتی پشووەکان لەگەڵ چەند برادەرێکی چالاکوان بە مەبەستی ئاشنابوونمان بە سرووشتی دەڤەرەکە ڕوو دەکەینە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمەش جگە لەوەی سوودی زۆری هەیە بۆ جەستەمان، لە هەمان کاتیشدا چەندین ئەشکەوت و شوێنی شوێنەواریی و سرووشتی ناوازە و سەرنجڕاکێشی دەڤەرەکە دەبینین. لەگەڵ ئەوەشدا لە کاتی بینینی ئەشکەوت و ناوچە شوێنەوارییەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکەین، بە پشتبەستن بە شارەزایانی شوێنەواریی و کەسە بەتەمەنەکانی ناوچەکە.
وتیشی: یەکێک لەو ئەشکەوتە مێژوویی و سەرنجڕاکێشانەی دەڤەرەکە کە لە نزیکەوە سەرادنمان کردووە و پێی ئاشنابووین، ئەشکەوتی گەلی زەنگەرانە لە بناری چیای هەندرێن، لەبەرانبەر ئاکۆیان بە دووری زیاتر لە هەشت کیلۆمەتر لە شارۆچکەی ڕواندز، بۆ ئەمەش دەبێت زیاتر لە سێ کیلۆمەتر بە پیادە بە گەلییەکەدا سەربکەوی تا دەگەیتە ئەم ئەشکەوتە کە دیوێکی فراوانی هەیە لە دەوروبەریشی چەند شوورایەک هەن، بەمەش دەردەکەوێت کە سەردەمانێک واتە لە کۆنەوە پەناگەیەک بووە بۆ مرۆڤ، بۆیە پێویستە بایەخی زیاتر بەم جۆرە ئەشکەوت و شوێنانە بدرێت و بخرێنە لیستی شوێنەوارەکان.
ئەو چالاکوانەی شاخەوانیی دەڵێ: بە گوتەی کەسە بەتەمەنەکان و شارەزایانی دەڤەرەکە، جگە لەوەی ئەم ئەشکەوتە لە کۆنەوە پەناگەیەک بووە بۆ مرۆڤ، لە هەمان کاتیشدا لە سەردەمی شۆڕشەکانی کورد و شۆڕشی ئەیلوول بە تایبەتی پەناگە و شوێن و ماڵی پێشمەرگە بووە، هەم بۆ حەسانەوە، هەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و پاراستنی سەر و ماڵیان.
مێژووی شارۆچکەی ڕواندز بۆ ساڵانی پێش درووستبوونی میرنشینی سۆران دەگەڕێتەوە. لە کاتی فەرمانڕەوایی میرنشنی سۆران، (ڕواندز) بووەتە پایتەختی ئەم میرنشینە، کە لە سەرەتای ساڵانی (1800) میر محەمەد ناسراو بە پاشای گەورە ڕواندز دەکاتە پایتەختی میرنشینەکەی. دەسەڵاتی ئەم میرنشینە لە سەردەمی میر محەمەد دەگاتە ئەوپەڕی هێز و توانا، تا ساڵی 1836 کۆتایی بە میرنشینەکە هات.
هەروەها چەندین ئەشکەوت و شوێنی شوێنەواریی و قەڵاو قوللەی سەربازی تا ئێستا لە سنوورەکە ماون و شوێنەوارناسان خوازیارن پارێزگاریان لێ بکرێت و بایەخیان پێ بدرێت، چونکە شوێنەوارەکان ناسنامەی مێژووی گەلانن.[1]