ناونیشانی بابەت: هێزە ئێراقیەکان و حەشدی شەعبی، شوێنەوارێکی گەرمیان دەتەقێننەوە.
ڕۆژی 18ی ئاداری 2023، سوپای ئێراق و لیوای بەرپەرچدانەوەی خێرا و لیوای 63ی حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان بۆ ناوچەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگەو هێزە ئێراقییەکان لەدووز #خورماتوو# دەست پێکرد بەناوی شمشێری ماف.
هێزە ئێراقییەکان، تەواوی ناوچەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگەو سوپای ئێراقیان پشکنی. ئۆپراسیۆنەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردوام بوو. لەو ماوەیەدا ڕێگا بەهیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن نەدرا ڕووماڵی ئۆپەراسیۆنەکە بکات.
هێزە ئێراقیەکان ئامانجیان کێوماڵکردنی ناوچەی پەڵکانەو شۆراو و ناوچەی داوێ بوو لەنێوان دووز خورماتوو و شارەدێی قادرکەرەم و زینانە.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لە دۆڵی گۆزە شکێنی ناوچەی داوێ لە گەرمیان زیانی زۆر دەگات بە شوێنەواری ”نۆ کونی گاوران” کە بە شوێنەواری دۆڵی گۆزە شکێنیش ناو دەبرێت کە بریتییە لە نۆ کونی هەڵکۆڵراو لەسەر بەردی چیای دۆڵی گۆزە شکێن. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە هەزار ساڵ پێش زاین و یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی سنووری گەرمیانە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، فەوجی درعی لیوای 63ی حەشدی شەعبی لە ڕێگای تەقینەوەو چەکی ئاڕپیجیەوە زیانی زۆریان بەر شوێنوارەکە گەیاندووە. چەندین ئاڕپیجیان ئاڕاستەی ناوەوەی شوێنەوارەکان کردووە. بەهۆی ئەوەی هێزە ئێراقییەکان ڕێگەیان نەداوە هیچ ڕاگەیاندنێک ڕووماڵی ئۆپراسیۆنەکەیان بکات تا ئێستا نازانرێت قەبارەی زیانەکانی سەر شوێنەوارەکە چەندەو دوای بەکارهێنانی تەقینەوە لە شوێنەوارەکە بەفەرمانی فەرماندەی لیوای 63ی حەشدی شەعبی سەرجەم گرتەکانی تەقاندنەوەو بۆردومانی شوێنەوارەکە لە مۆبایلی ئەندامانی لیواکەی سڕدراونەتەوە تا دزە نەکاتە ناو میدیاوە.
ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە ئێراقییەکان، گەڕان بووە بەدوای مۆڵگەی چەکدارانی داعش بووە لە ناوچەی نێوان پێشمەرگەو سوپای ئێراق. بێ بەشداری هیچ هێزێکی پێشمەرگەو هەرێم ئۆپراسیۆنەکە بەڕێوەچووە.
تا ئێستا هیچ بەرپرس و دەزگایەکی فەرمیهەرێم لەناویاندا دەستەی ناوچە #کوردستان#یەکانی دەرەوەی هەرێم لەسەر تێکدانی شوێنەوارەکە نەهاتووەتە دەنگ و هەڵوێستیان نەبووەو هێزە ئێراقیەکانیش دەیانەوێت ئەو کردەوەیەی حەشدی شەعبی بشارنەوە.[1]