$شۆڕش بە تەنیا کەسێکیش دەکرێت$
#عارف قوربانی#
#27-03-2023#
پیاوێکی دۆستم هەیە ناوی کوێخا شەوکەت کوێخا شەریفی سەیدانە؛ بنەماڵەیەکی ناسراو و ناوداری ناوچەکانی کەرکووک و شوان و چەمچەماڵن. لە دەستپێکی بزووتنەوەی چەکداری کوردییەوە لە ساڵی 1961ەوە بۆ ئێستا لەناو جووڵانەوەکەدا بەشدارن و لەو ڕێگەیەدا کۆمەڵێک خەڵکیان بووەتە قوربانی. پیاوێکە خوێندەواریی نییە، بەڵام لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و مێژووییدا هەندێ پرسیار دەوروژێنێت، کەم خوێندەوار و شارەزای بوارەکە پەی پێدەبەن. قسە و سەرگوزشتەی زۆری هەن، بەڵام ئەوەی لێرەدا و بۆ دەستپێکی ئەم وتارە مەبەستمە بیگێڕمەوە ئەوەیە کە پێی وایە (ئادەم و حەوا) کوردن.
ئەو دەڵێت: هەموو میللەتانی دونیا خۆیان مێژووی خۆیان نووسیووەتەوە، نەک کەمیان بۆخۆیان نەنووسیوە، بەڵکوو لە درووستکردنی شانازی و بەگەورەزانینی نەتەوەکانیان زیادەڕۆیشیان کردووە، بەڵام کەسیان ئادەم و حەوایان نەکردووە بە موڵکی خۆیان. تەنیا میللەتێک کە خۆی مێژووی خۆی نەنووسیوەتەوە و خەڵک مێژووی بۆ تۆمارکردووە، ئێمەی کوردین کە وەک چۆن تائێستا غەدر لە خۆمان دەکرێت، بەخوا غەدر لە مێژووەکەشمان کراوە. مادام کەس ئادەم و حەوای نەکردووەتە موڵکی خۆی، دیارە ئەوانیش کورد بوون، بەڵام مێژوونووسەکان بەغەدریان زانیوە ئەو ڕاستییە بۆ کورد بنووسنەوە.
لە ڕاستیشدا ئەوەی وەک مێژووی کورد تۆمارکراوە و لە پەڕتووکخانەی ناوەندە زانستی و ئەکادیمیەکانی جیهان و ئەرشیڤی کورد خۆیدا هەڵگیراوە، مێژوویەکە کورد نەینووسیوەتەوە، یان ڕاستەوخۆ لەلایەن مێژوونووسانی نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکەوە کە دوژمنی کورد و داگیرکەری کوردستان بوون، نووسراونەتەوە، یاخود کەسانێکی دیکەی ئەرمەنی و یۆنانی و ڕووسی و ئەوروپی نووسیویانە کە بەڵگە و نووسراوەکانی ئەوانیان کردووە بە سەرچاوەی لێکۆڵینەوەکانیان. بۆیە دەتوانرێت بە ڕەهای بگوترێت ئەوەی لەبارەی مێژووی کوردەوە نووسراوە، دوورە لە مێژووی ڕاستەقینەی کوردەوە.
مێژوونووسێکی عەرەب دەڵێت: کورد جنۆکەن و خوا پەردەی لەسەر لاداون. بەشێک لە مێژوونووسانی ئێران دەڵێن، ئێرانین، یەکێ دەڵی ئارین، یەکێ دەڵێ هیندۆئەوروپین. یەکێک دەڵێت گۆتی و کاردۆخی و یەکێکی دیکە دەڵێ، هیتی و لۆلۆین. ناکرێت کورد هەموو ئەو شتانەبێت کە لە بارەیەوە دەگوترێت، ئەمڕۆ بێت یان سبەی دەبێت مێژووی ڕاستەقینەی کورد بدۆزرێتەوە. هەرچەندە بەشێک لە ڕۆشنبیر و مێژوونووسان بە کارێکی سەختی دەزانن و مامۆستا مەسعود محەمەد لەبارەی سەختیی دۆزینەوەی ڕەچەڵەکی کورد دەڵێت: ئەم هەموو زانستەی فینۆلۆجی و کوردلۆجی و کوردناسی و ئارکیۆلۆجی و مێژووی ڕۆژهەڵاتی نزیک و ساخکردنەوەی تاو تەئسیری تێکەڵبوونی تیکهەڵقژان و تێکچرمسانی میللەتان و زمانەکانی ئەم ناوچە پان و بەرینە لە ماوەی دوو سێ هەزارساڵدا، کاری تاکە کەس نییە. کاری جیلێکی سەرلەبەریش نییە. نەفەسی ئەم کارە لە عومری تاکەکەس و تاکە جیل یەجگار درێژترە.
بەڵام لەم ماوانەی ڕابردوو دوو پەڕتووکی زۆر گرنکم لەبارەی ڕەچەڵەکی کورد و مێژووی زمانەکەی خوێندەوە، پەڕتووکی یەکەمیان (کورد کێیە) و پەڕتووکی دووەم (مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد) کە هەردوو پەڕتووکەکە سۆران حەمەڕەش نووسیونی، ئەوەی ئەم نووسەرە بەتەنیا کردوویەتی ئەو تەحەدایەی کردووە کە شۆڕش بە تەنیا کەسێکیش دەکرێت، ئەوەی مەسعود محەمەد پێی وابووە بە تەمەنی جیلێک ناکرێت. سۆران حەمەڕەش بە بەخشینی تەمەنی خۆی کردوویەتی.
پێش هەر شتێک ئەو ڕاستیەی سەلماندووە، هەموو ئەو پەڕتووکانەی لە ڕابردوودا لەبارەی مێژووی کۆنی کورد، ڕەچەڵەکی، زمانی، ئایینەکانی، نیشتمان و دەسەڵاتەکانی نووسراونەتەوە، مێژووی درووستکراون. بەپشت بەستن بە سەتان بەڵگە و دیکۆمێنتی زمانەوانی، ئارکیۆلۆژی، ئاسەوار، ئەوەی سەلماندووە کورد ناچنەوە سەر ڕەچەڵەکی هیچ کام لەوانەی لە ڕابردوودا بۆ مێژووی کورد نووسراونەتەوە، لە هیچ شوێن و ناوچەیەکی دیکەوە نەهاتوون. بەڵکوو لەوەتەی خوا خەڵقی کردوون هەر کورد بوون و هەر لەسەر ئەو جوگرافیایە ژیاون.
دەیان بەڵگەی زمانەوانی و نووسراوەی مێژوویی لە سەرچاوەی بابلی، ئاشووری، پەهلەوی، ئەرمەنی و سەرچاوە ئیسلامییەکاندا ساخکردووەتەوە کە سۆمەریەکان وەک یەکەم کۆمەڵگەی شارستانییەتی مرۆڤایەتی، کورد بوون و زمانەکەیان هەمان زمانی ئێستای کوردی بووە. ئەوەی سەلماندووە چیرۆکی ئادەم و حەوا کە لە (ئینجیل و تەورات و قورئان) دا باس کراوە، بە هەزاران ساڵ پێش ئەم پەڕتووکە ئاسمانیانە لە پەڕتووکی سۆمەریەکاندا هەبووە و سۆمەریەکان ئادەمیان بە باپیری خۆیان ناوبردووە.
هەرچەندە لە چەند دەیەی ڕابردوودا زۆر نووسەر و مێژوونووس و ئەکادیمیستی کورد پەڕتووکیان لەبارەی مێژووی کورد نووسیووەتەوە. هەوڵی زۆریان داوە بگەنە حەقیقەتی ڕەچەڵەکی کورد و زمانەکەی، بەڵام نەیانتوانیوە خۆیان لە کاریگەریی ئەو مێژووە چەواشەکارانەیەی بۆ مێژووی کورد نووسراوەتەوە بە دوور بگرن. بۆیە دەتوانم بڵێم ئەمە یەکەمین پەڕتووکی نووسینەوەی مێژووی کوردە دوور لە کاریگەریی ئەو مێژووە درووستکراوەی لە ڕابردوو بۆ کورد نووسراوەتەوە. یەکەمین پەڕتووکی مێژووی کوردە کورد نووسیوێتی. زۆر گرنگە کورد بە ڕەچەڵەک و مێژووی خۆی ئاشنابێت، ئەم دوو پەڕتووکە خزمەتێکی گەورە بە خوێنەری کورد لە ئێستا و نەوەکانی داهاتوو دەکەن، لەوەی خۆیان بناسن.
بۆیە داواکارم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک تاکە دامەزراوە و قەوارەی دانپێدانراوی کورد کە خاوەن سیستەمی پەروەردەیی و دامەزراوەی زانستی و دەیان زانکۆ و پەیمانگەیە، پێویستە وەک قۆناخی یەکەم بڕیار بدات هەرچی پەڕتووکی مێژوو هەیە بخرێنە لاوە و چیتر بەهەڵە مێژووی کورد نەخوێندرێت، ئەم دوو پەڕتووکە بکرێنە مەنهەجی خوێندنی وانەی مێژوو. بۆ ئەوەی پێش هەر کەسێکی دیکە خۆمان بە مێژووی خۆمان ئاشنابین و بزانین ئێمە کێین. چەند هەزار ساڵە لەم ناوچەیە دەژین و باو و باپیرانمان کێ بوون، زمانمان، جوگرافیامان، ئایینمان کە هەموویان داگیرکراون و گەل و نەتەوەکانی دیکە کردوویانن بە موڵکی خۆیان.
هەروەها زۆر گرنگە ئەم پەڕتووکە لەلایەن دەزگە و دامەزراوەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانی مادی بکرێت وەربگێڕدرێت بۆ سەر زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی، پاشان بۆ زمانەکانی ئینگلیزی و ئیسپانی و فەرەنسی و بە ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکانی جیهاندا بڵاوبکرێنەوە کە بەدڵنیاییەوە دەبنە سەرچاوە بۆ نووسینەوەی دەیان پەڕتووکی مێژووی لەبارەی سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مێژووی گەل و نەتەوە و ئایینەکانیان. هەروەها پێویستیشە لە دەزگایەکی زانستی وەک زانکۆی سەڵاحەدین کە کۆنترین زانکۆی کوردستانە بڕوانامەی دکتۆرای فەخری ببەخشرێت بە نووسەرەکەی وەک ڕێزلێنانێکی مەعنەوی لەپای ئەو خزمەتە گەورەیەی بە مێژووی کوردی کردووە. [1]