$لە ئەنقەرەوە تا گارە، بەدگومانیی ئێرانییەکان!$
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
#01-03-2021#
سەرکەوتنی جۆبایدن وەک 46ەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆتایی هەژموونی پڕ لە کێشه و ئاریشەی سەرۆک ترەمپ دەشێت دەستکاریی زۆر هاوکێشەی ورد و چەندین پەتای هەرێمی و ناوچەیی بکات بەتایبەت وڵاتە جەمسەرگیرە تووندەکانی وەک تورکیا و ئێران و عەرەبستانی سعودیی و سووریا و ئێراق.
دەستکاریکردنێک بەتامی ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی ڕیشەیی وەک بەهاری عەرەبی لە بیرکردنەوه و زیهنییەتی تۆتالیتاریی و ڕەفتاری هەندێک دەوڵەت کە بوونەتە سەرئێشە و لەمپەر، ئەم دەستکارییەش ڕەنگە بە هێزێکی دیپلۆماسی نەرم و دوور لە تووندوتیژیی و هێزی سەربازیی و کەشتیگەلی جەنگی و دەنگی فڕۆکە بێت، بەواتایەکی دیکە، ڕەنگە تێزی نوێی دیموکراتەکان و خودی جۆبایدن زیاتر کارکردن بێت بە جووڵەی نەرم و خێرا و ڕێگەخۆشکردن بۆ پێکدادانی گلادیاتۆرەکان و بەسەریەکدا کێشانی خودی وڵاتە بچوکەکان تا بزانرێت هێزی ڕاستەقینە و ڕۆڵیان چییه و کامەیە.
بەشێکی ئەو بەریەککەوتنە میدیایی و جەنگەی باڵوێزانی هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، دەشێت زادەی ئەو سیاسەت و گۆڕانە دراماتیکییانە بێت کە ڕووی لە ناوچەکە کردووه و سەرلێدەرکردنی مەحاڵە، بەتایبەتی ئێران خۆی بە خاوەنی ئێراق دەزانێت و تورکیا خۆی بە خاوەنی سووریا و هەردووکیشیان لە بنەڕەتدا خاوەنی نین و گەمەکەری ڕووداوەکانن. خۆیان چەندین کێشەی ئابووریی و سیاسی و ناوخۆییان هەیه و تەنیا قەیرانەکانی خۆیان هەناردە دەکەن بۆ دەرەوەی سنوور، ئێران لە ڕێگەی سوپای بەدر و سەرایاکان و فەیلەق و حەشدی شەعبی و تورکیاش لە ڕێگەی چەکدارانی گرووپی توندئاژۆی ئیسلامی و ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییەکانی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، بەڵام ئەم گەمەیە دەبێت کۆتاییەکی هەبێت.
بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەم دوو دەوڵەتەی کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە لە چاڵدێرانەوە تا پەیماننامەکانی سایکس بیکۆ و میساقی سەعد ئاباد 1937- لە کۆشکی سەعد ئاباد لە تاران، هێشتا کۆتایی نەهاتبێت بەتایبەتی لە شەڕ و ململانێی ئەتۆمی و پەرەپێدانی ناوکی و کڕینی بنکەی مووشەکی و مانۆڕە ئاوییەکان و دژایەتییەکانیان بۆ دۆزی کورد.
دەبێت ئەوە بزانین، تورکیای سەردەمی داد و گەشەپێدان و ئەردۆغان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی سەردەمی ڕیفۆرمخوازان و پارێزگاران لە ناوەڕاستی ساڵی 2010 پەیماننامەی ناوەکی و پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاست نزمیان واژۆکرد بە بەرچاوی ئەمریکا و وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوی ئاژانسی وزەی ئەتۆمییەوە، پەیماننامەکە لە ساڵیادی واژۆی پەیماننامەی قەسری شیرین 1639 واژۆ کرا، واتە گەڕانەوە بۆ سەردەم و خەیاڵدانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی بۆ دابەشکردنی کوردستان له و زەمەنە، هێشتا ئەو دوو دەوڵەتە به و زیهنییەتەوە مامەڵە لەگەڵ کورد و دۆزە ڕەواکەی دەکەن، بەڵام هەرگیز قۆناخ و سەردەمەکە ڕێگەنادات بە دووبارەکردنەوەی ستەمکارییەکان دژی کورد بەتایبەتی ئەزموونەکانی حوکمڕانیی کوردی لە باشوور و ڕۆژاڤا.
لەگەڵ ئەم سەردەمە مێژووییەدا ئێران لە زاری باڵیۆزەکەیەوە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، وەک پەیامێکی سیاسی و وەڵامێک بۆ تورکیا و لێدوانی باڵوێزەکەیان تورکیای ئاگادارکردەوە بە ناراستەوخۆ لە هەندێک دۆسیە، ئێران ناخوازێت تورکیا وەک دەوڵەتێکی میحوەریی و مەرجەعییەت بۆ سوننە ڕادیکاڵ و میانڕەوەکان لە ناوچەکە وەک هاوشانی خۆی قبووڵ بکات، کەواتە کێشەکە لە بنەڕەتدا ئەوەندەی پەیوەندی بە باڵادەستیی وتاری ئایدۆلۆژی ئایینی و مەزهەبییەوە هەیه، ئەوەندە پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنی گارەوە نییە کە ئێران بە تورکیا دەڵێت: پێویستە ئەم لەشکرکێشییە ڕابگرن و بچنە دەرەوە لە خاکی ئێراق، واتە ڕێزگرتن لە سەروەریی ئێراق، لەکاتێکدا هەر خودی ئێران دەیان جار سەروەریی ئێراقی پێشێلکردووه و بەردەوامیشە. ڕاستە ئێران وەک ئیمپراتۆرییەتێکی مەزهەبی گەورە خۆی بەهاوشانی تورکیا نازانێت، وەلێ ناشیەوێت حسابی بۆ نەکات بەتایبەتی تورکیا دەوڵەتی ستراتیژیی جەنگی و مێژووییه و سێیەم هێزی ناتۆشە لە ڕووی تەکنەلۆژیای سەربازییەوە، بەڵام دەیەوێت بزانێت تورکیا چی دەکات، بۆ هاتە گاره و زوو گەڕایەوە، ئامانج له و هاتنە چی بوو، یان هۆکاری پێدانی پێنج ملیار دۆلاری قەرز بە حکومەتەکەی مستەفا کازمی چی بوو لە عیمران و ئاوەدانکردنەوەی ویلایەتی موسڵ و ناوچە سوننییەکان، ئێران دەیەوێت ئەجێندای تورکیا بزانێت و هیچ نەبێت بیهێنێتە دەرەوە لە بازنەی سعودیه و کەنداوی عەرەبی و قەتەر و ڕێکخراوە سوننییە مەزهەبگەراکان و بە هاوپەیمانی خۆی بمێنێتەوە.
کاتێک تورکیا دوایین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خۆی بەناوی چڕنووکی هەڵۆ لە چیای گارە بەپێی هەواڵدەری میدیاکان کۆتایی پێ هێنا، ناونانی ئۆپەراسیۆنەکەش بە چڕنووکی هەڵۆ لە خۆوە نەبووە، بەشێکی ئەو ناونانە بۆ زیرەکی تورکیا دەگەڕێتەوە کە ڕەنگە بیەوێت هەم دڵی ئەمریکا بخاتەوە جێگەی خۆی و بیرخەرەوەیەک بە ئەمریکییەکان بدات بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لە سەردەمی جۆ بایدن و هەم ئێرانیش له و دۆخە مێژووییە ئاگاداربکاتەوە کە چڕنووکی هەڵۆ چییە. چونکە ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ بۆ یەکەمجار وەک ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی، سوپای ئاسمانیی ئەمریکا بەکاری هێنا لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1980 لە تاران بۆ ئازادکردنی دیپلۆماتکارە بارمتەکراوەکانی ناو باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی و دواتریش شکستی هێنا بە کوژرانی هەشت سەربازی ئەمریکی و تێکشکاندنی دوو فڕۆکەی جەنگی.
پاشان ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە کە بە پێشکەوتووترین چەک و فرۆکه و تەکنەلۆژیای جەنگی بەڕێوەدەبرێت، دڕدۆنگی و بەدگومانییە بۆ ئێرانییەکان، لەکاتێکدا ئەوە زانراوە پێش ئۆپەراسیۆنەکە خولووسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا هاتە ئێراق و هەرێمی کوردستان و وتی (عزم بلاده على إنهاء الإرهاب من خلال التعاون مع الحکومة المرکزیة العراقیة وحکومة إقلیم کوردستان العراق) پاشان دوای ئەوە تیمێکی ئەمریکی بە فڕۆکەی تایبەت سەردانی قەندیلیان کردووه و کۆبوونەتەوە لەگەڵ کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە (کۆما جڤاکێن کوردستان) بە مەبەستی پێدانی ئۆفەرێک بۆ دانووستانی ئاشتی لەنێوان تەڤگەریی کوردیی باکوور و ئەنقەره و ڕاگرتنی دەستوەردانەکانی پەکەکە لە #شنگال# و قوڵایی ستراتیژیی ڕۆژاڤا، بۆیە به و شێوە کوورتەش کۆتایی به و ئۆپەراسیۆنە هات و دەکرێت خوێندنەوەی دیکەش هەڵبگرێت و ئێران تێر ئاو نەبووبێت بەم زانیارییانه و شتی تری بوێت لە تورکیا.
دوور نییە ئێرانیش هەمان ڕەفتار و لەشکرکێشی نمایش بکات ئەگەر وەک مانۆڕیش بێت، بەڵام لە کۆتاییدا شەڕەکە، شەڕی هەژموونگەریی ئابووریی و ئایدۆلۆژیی ئایینییه و تورکیا بەنیازە سەرکردایەتیی بکات لە ناوچەکە بە قازانجی خۆی و هاوپەیمانەکانی و ئێرانیش هەموو شتێکی قبووڵ بێت بە تۆپزیی ئەمەی قبووڵ نییە.
هەروەک بینیمان تورکیا پێشتر هەناردەی هێزەکانی خۆی کرد بۆ جەنگی (ئازەربایجان و ئەرمینیا) و گرتنی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ و چەندین جاریش هاتووە بۆ قوڵایی خاکی سووریا و کەناراوەکانی میسر و چەند وڵاتێکیتر بۆ هەمان مەبەست. لەکاتێکدا ناگۆرنۆ قەرەباخ لە ساڵی 1994ەوە نیمچە سەربەخۆییەکی وەرگرتووە، بەڵام لە چوارچێوەی وڵاتی ئەرمینیادا مایەوە تاوەکووساڵی 2020 و بە پشتگیریی تورکیا و ئازەربایجان دیسان خرایەوە ژێر دەسەڵاتی سەربازیی ئازەربایجانی هاوپەیمانی تورکیا و ئەمەش بۆ ئێران ڕەنگە جوڵە و قەڵەمڕەوییەکی مەترسیدار بێت، دوای ئەوە لێدوان و بەیتە شیعرییەکەی ئەردۆغان لە نمایشێکی سەربازیی لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان لە مانگی 12-2020 لە هەمبەر بردنەوەی ئەو جەنگە، کە باسی سنوورەکانی تورکیای گەوره و سەربەخۆیی ڕووباری ئاراسی کرد لەنێوان ئێران و ئازەربایجان، دۆخەکەی بەتەواوی گەیاندە لووتکه و ئێرانی باش توڕەکرد و بە دەستوەردانی زانی لە یەکپارچەیی خاکی فارسەکان و پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەی خستە حاڵەتی نائاساییەوە، تا گەیشتە جەنگی بانگهێشتکاریی و لێپرسینەوەی باڵیۆزانی هەردوولا لە ئەنقەره و تاران و لێدوانی تووندی دژبەیەک.
تورکیا، کە جارناجارێک پەنا دەباتە بەر ئەو نازناوە ڕۆژاواییانە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بە مەبەستی سەرنج ڕاکێشانی میدیای جیهانی و بانگێشتکردنییەتی بۆ دانووستان، چونکە دەیەوێت له و پەراوێز و عوزلەنێودەوڵەتییە دەرچێت و بێتەدەرەوە، ئەگەرچی بەم دواییانە بەتەواویی خۆی خزاندووەتە بەرەی کۆنسێررڤەتیڤی کەنداوی عەرەبی و وتارەکانی ئیخوان موسلیمین و خەریکی پەرەپێدانی دیموکراسی و کرانەوە نییە وەک دەوڵەتێکی دەستوور عەلمانی و میراتگری کۆمارەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورک 1923-1938، کە کۆتایی بە تەلیسمی خەلافەتی ئایینیی عوسمانییەکان هێنا و دەوڵەتی مۆدێرنی سێکولار و لائیکی پەسندکرد و دامەزراند، بەڵکوو خەریکی گەمەی دیکەیە.
ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار خەریکیەتی، دەستکارییکردنی خەریتەی سیاسی و قەڵەمڕەویی سەردەمی ئەتاتورکیشە لەسەر حسابی ئابووریی تورکیا کە خەریکە بەتەواوی دا دەڕمێت و هەڵایسانێکی کوشندەی هەیە، له سەروەختی بەدەستەوەبوونی شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر و دواتر کۆنترۆڵی جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانی و سەرەتاکانی گەشانەوەی ئەردوگان لە دوای بڵند ئەجەویدو تانسۆچیلەرو دەنیز بایکال و پارتی نیشتمانی دایک و پارتی گەل، پارتی دادو گەشەپێدان، تەکنیک و تیۆرەی کرانەوەی بەکارهێنا وەک دروشم و سیاسەتی چارەسەریی کێشەی کورد تا نەورۆزی 2013 و سەردەمی بیرکردنەوەکانی ئەحمەد داود ئۆغلۆ باش هێنای و بەردەوام بوو لەسەر تیۆری ( سفرکێشە) 2016 . ئیدی ئەمە وەستاو جەنگ و ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشیەکان بۆ کۆبانێ و عەفرین و سەرێکانی و قوڵایی ناو سووریا درێژەی کێشا نەبا کورد دەستی بگاتە دەریای ڕەش.
ئەردۆغان لە سایەی ئەو وتارە ئایدۆلۆژییە ئایینییه و پەرەپێدانی هەستی سوننەگەرای دینی تەواو پەیوەندییەکانی لە خۆی ئاڵۆزکرد، بە پارتە فەرمییە ناوخۆییەکانی تورکیاشەوە وەک هەدەپه و جەهەپە و گویلەنیەکان، پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆر وڵاتی ئەوروپی و ڕۆژاوایی و تەنانەت ئەمریکا و وڵاتێکی وەکوو ئێراقیش لە ئاڵۆزییدایه و بەنیازی ئەوەیە خەلافەتێکی ئایینی چێ بکات وەک شوێنگرەوەی دەوڵەتێکی وەکوو عەرەبستانی سعودیی و مۆدێلێک لە ئێرانێکی دیکە، ئەمەش بە پاڵپشتیی مۆدێلی سوننەگەرای ڕۆژهەڵات و بە سپۆنسەریی ئیخوان موسلیمین و قەتەر و ڕێکخراوی فەتح و بزووتنەوەی حەماس و چەندین ڕێکخراوی سوننی جیهانی، بەڵام ئەمریکا به و ئاسانییە دەستبەرداری هەموو ئەو ستراتیژانەی خۆی نابێت کە لە ناوچەکەدا هەیەتی و گرێدراوە بە عەرەبستانی سعودی و ئێراق و تەنانەت کوردستانیشەوە (هەولێر) .
بە کوورتی تورکیا خەریکی پیشەسازیی جەنگیی و لەشکرکێشییە بۆ بەدەستهێنانی دوو پایەی سەرەکی دەوڵەتی: یەکەمیان گەڕاندنەوەی هەژموونی ئابووریی و بەهای لیرەی تورکی و دانەوەی قەرزەکانی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ ڕۆژاوا.
دووەم: فراوانخوازیی خەلافەتی ئایینی و مانەوەی لەناو چوارچێوەی ئەو پڕۆژە مەزهەبییەدا، بەڵام ئەگەر ئەمریکا سپۆنسەری نەکات، ڕەنگە بەرەو کۆتایی بڕوات و هاوکێشەکە لە سەردەمی جۆبایدن و دیموکراتخوازە نوێکانی ئەمریکا جیاوازبێت لە سەردەمی ترەمپ و زاواکان و جووڵەکانی ئاییندە بەدڵی ئەردۆغان و قەتەر و هەندێک وڵاتی میحوەریی دیکە نەبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئێرانییەکان ئێستا ئۆفەری باشتر پێشکەش بکەن و نەرمی بنوێنن لە دۆسیەی ئەتۆمی و باشتر دانووستان بکەن و دەستبەرداری ئێراق بن بۆ ئەمریکا وەک ئەوەی ئێستا ڕۆژەڤی گەرمە و ئێرانییەکانی مەرجەعیەتی قوم جیاوازن له و شیعانەی دەوروبەری نەجەف و مەرجەعیەتی ئێراق.
کەواتە تورکیا دەبێت ئاگاداری ئەو هەنگاوانەش بێت و ڕیسک نەکات بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دیکەوە، بۆیە تەواوی ئۆپەراسیۆنەکان هەڵگری جۆرێک لە وتاری ئایینی و ئایدۆلۆژیی ناوچەیین و زیاتر لەوەی کە ستراتیژیی بن، دژی کورد، بۆ ئەوەیە مامەڵەی پێوە بکات و کڕیاری بۆ درووست بکات بەرانبەر ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی لە داهاتوودا. [1]