$#هەولێر#، مەتبەخی گەرمی سیاسی!$
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
#10-06-2022#
ئەو بەرەیەی لە هەڵبژاردنەکانی #10-10-2021# تا ڕادەیەک دەنگەکانیان کەمیکرد تا ئاستی شکست، وادیارە تائێستا هەولێر وەک ڕمی تیرەکە دەبینن و بە لووتکەی ناسیۆنالیزمی کوردی و مەتبەخێکی سیاسیی گەرم و ئەکتیڤ وێنای دەکەن و خوازیارن تێکی بدەن، ئەو جۆرە لە بیری ناسیۆنالیزمی مەزهەبی تێکدانی ئاساییش و سەقامگیریی هەولێر بە تێکدانی هەموو هەرێمی کوردستان دەزانن بۆیە زۆر کار لەسەر ئەو تەناهی و ئارامییە دەکەن و لایان بووەتە لووتکە ئەفسوناوییەکە و هەموو جارێکیش وەک ترافیکی دیپلۆماسی ناچارن سەری پێدا بکەنەوە.
بەرەکە تەواو سیاسییە و حیزبییە و لە قومەوە درێژ دەبێتەوە بۆ نەجەف و بەغدا و لەسەر دوو پایەی سەرەکی قووڵمەودا دژی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکەن:
$پایەی یەکەم:$ تەنگ پێهەڵچنینی هەرێمی کوردستان بە دەرچوواندنی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی وەک لۆژیکی یاسایی و بۆ ئەم مەبەستەش تەواوی قوورساییان خستووەتە سەر یاسابەرکارەکانی ئەو دادگەیە، تەنانەت دەرکردنی یاسای بەتاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسرائیل لە پەڕڵەمان، هەمان بیرکردنەوەی قووڵ و ئایدۆلۆژیێک بوو دژی هەرێمی کوردستان و لایان وایە هەرێمی کوردستان پەناگەی یەهودییەت و دەزگا سەهیۆنیستەکانە و دەبێت لەناو بچێت.
$پایەی دووەم:$ هەڕەشە و ترساندنی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی درۆن و بارووت و هەیەجانی کوشتنەوە، وەک لۆژیکی سەرباز و حەشد و هێز کە ماوەیەکە بووەتە بازرگانیی سیاسی بۆیان، دوایین کاریان درۆنە بۆمبڕێژکراوەکەی شەوی #08-06-2022#ی سەر ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - پیرمام بوو کە قوربانیی لێکەوتەوە. ئەوەش یەکەمجار نییە مووشەک و درۆن دەنێرن بۆ هەولێر و لێدانێکی کوێرانە لە ئامانجی نادیار بۆ سازکردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ.
لە ڕووی دیپلۆماسی و ئایدۆلۆژیی و حیزبیشەوە ئەو بەرەیە خەریکی ئەوەن کۆمەڵگە و حیزبی کوردی شەق بکەن و هێڵی سیاسی و ڕێکخراوەیی و بەرەی مەترسیداریان تێدا درووست بکەن بۆ هەمان ئامانج. ئەوانەی لە خولگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعیی وەلائین بەئاسانی دەرگەی دیداریان بۆ دەخەنەسەرپشت بە حیزبە بچووکەکانیشەوە گەرچی سەنگی سیاسیشیان کەم و بێبایەخ بێت.
ئەو ڕووانگە و بەرەیە شاری #سلێمانی# وەک قووڵایی ستراتیژیی تاران و بەغدا و درێژکراوەی #کەرکووک#ی ئێستا تەماشا دەکات.
واهەست ناکات مۆڵگەی مۆساد و هەواڵگریی ئەمریکی تێدابێت و دژی ئێران و وەلائییەکان بن، بەڵام هەولێر جیاوازتر دەبینێ و وەک مەتبەخ و قووڵاییەکی ئەمریکی تورکی ئیسرائیلی وێنای دەکەن، بەو دیدە جەهەنمییە هەرێمی کوردستانیان لە باری ئیداری و جیۆسیاسییەوە کردووە بە دوو قاژی سەرەکییەوە، ماوەیەکیش لە ڕێگەی وەکیل و بەکرێگیراوەکانیانەوە بەناوی هەرێمی سلێمانی و #هەڵەبجە# خەریکی ئەو بەندوباوە بوون.
بەڵام پەیوەندی لەو ئێراقەدا لەگەڵ بەرەیەک کە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی نەگۆڕ و فاشیزمێکی نووستووە جۆرێکە لە پاشاگەردانی بۆ دیپلۆماسییەتی کوردی و لێدان لە ئیجماعی سیاسی، ئەو بەرەیە نەک خاکی کوردستانی دەوێ بەتەنیا، دەیەوێت دەستەمۆی ئەو چەند حیزب و گرووپە سووننیە ئیسلامییە کوردییەش بکات و بیخاتەوە ژێر هەژموونی فیکری و فیزیکی و سوڵتەوی شیعییەوە، بۆیە ڕۆشتن بۆ ژێر عەبای مەدێکی ئایدۆلۆژی شیعی و کەمینەیەکی سەربازی و کۆبوونەوە سازکردن مایەی پرسیارە، پەرتەوازەیی ناوخۆیی هەرگیز نابێت سەربکێشێت بۆ ئەو جۆرە سەردان و بەرخوردە حیزبییە ئایدۆلۆژییە بچووکانە بەتایبەت دەزانین مالیکی و عەبادی و خەزعەلی چ جۆرە بیرکردنەوەیەکی تاریک و دژەکورد تەبەنی دەکەن. یانی ئەو گرووپە حیزبییە کوردانەی دژی مەزهەب و کولتووری خێڵ و ئیدارەی دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستان بە بیانووی ناعەدالەتی و گەندەڵی، کەچی لە بارەگای ئاغایان و ئایەتوڵڵاکان و دیوانی #حەشدی شەعبی# بە سیاسەتی تەقلیدی و نەخوێندەوارترین قەبیلەی مەزهەبی ڕازین و موبارەکە و موبادەرەی پڕۆژەکانیان دەکەن، لەکاتێکدا گەندەڵی و نادادپەروەرییان هەزار هێندەیە بەراورد بە هەرێمی کوردستان. لە بەغدا خەنی دەبن بە وێنەگرتن لەگەڵ عەبا ڕەشەکان بۆ ئیمتیازی کاتی و لێرەش دژی دەستکەوتەکانن، لەکاتێکدا هیچ کاراکتەرێکی سیاسی شیعی نادۆزیتەوە بەخەونیش دژی ڕاپەڕینی میللی شیعەکان و دەستکەوتی نیشتمانەکەی بوەستێتەوە.
بۆیە دەبێت ئەو جۆرە بەرخورد و دیپلۆماسییەتەش دەستکاری بکرێت کە هیچی لە درۆن کەمتر نییە بۆ جەستەی سیاسیی هەرێمی کوردستان. [1]