ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی لە پەیامێکیدا بۆ ڕایگشتی کوردستان و جیهان ڕایدەیگەیەنێت: 294 ڕۆژە گەڕانەوەی من بۆزێدی باوباپیرانم و خاکی نیشتمان و ناو هاووڵاتییانی خۆم و ماڵ و منداڵەکانم لێ قەدەغە کراوە و 135 ڕۆژە بەرپرسی پاسەوانەکانیشم لە زیندانەکانی دەسەڵاتی هەولێر دایە و دەڵێت: ئەمەیە دەسەڵاتداری و ئازادی و دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافی نێشتەجێبوونی هەر مروڤێک کە بە پێی دەستوور بۆ هەموو هاووڵاتییانی دەستەبەر کراوە.
لە پەیامەکەیدا کە وێنەیەکی دەست PUKMEDIA کەوتووە، شێخ ئەدهەم بارزانی ئەو دەربەدەری و چەوساندنەوەیەی بۆ هەڵوێستەکانی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: فەرید عەبدولعەزیز بازی بەرپرسی پاسەوانەکانم کە 135 ڕۆژە لە زیندانەکانی دەسەڵاتی هەولێر دایە هەر چەند ڕۆژ جارێک لەلایەن « د » ناوێک ئاگادار دەکرێتەوە کە ئەگەر واز لەو پەیوەندیانەی کە لەگەڵ ئەدهەم بارزانی بێنی هەر ئێستا ئازاد دەکرێ و پلە و پۆستیشتی پێ دەبەخشین .
شێخ ئەدهەم بارزانی دەڵێت: هەندێک لە دەوڵەتان دوای 32ساڵ ئێستا دەزانن لەم وڵاتە چی دەگوزرێ، بەڵام ئەمەش هەر باشە.
ئەمە دەقی پەیامەکەیە:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بۆ ڕای گشتی کوردستان و جیهان
سڵاو و ڕێز
هەر وەک ماوەیەک پێش ئێستا ڕای گشتیمان ئاگادار کردەوە، کە برای خوشەویست و هاوڕێی سی ساڵەییمان و بەرپرسی پاسەوانەکانم فەرماندەی قارەمان و خۆڕاگر فەرید عەبدولعەزیز بازی کە بۆ ماوی 135 ڕۆژە لە زیندانەکانی دەسەڵاتی هەولێر دایە تەنیاوتەنیا تاوانی ئەوەیە کە برا و دوستی ئێمەیە، هەرچەند ڕۆژ جارێک لەلایەن « د » ناوێک ئاگادار دەکرێتەوە، کە ئەگەر واز لەو پەیوەندیانەی کە لەگەڵ ئەدهەم بارزانی هەتانە بێنی هەر ئێستا ئازاد دەکرێی و پلە و پۆستیشت پێ دەبەخشین .
هاونیشتمانیانی خۆشەویست
من کە ئەم بابەتە دەخەمە پێش چاوی هەموولایەک، هیچ دوژمنایەتییەک و غەرەس شەخسییەکمان، لەگەڵ هیچ کەس ولایەنێکدا نەبووە و نییە، تەنیاوتەنیا خاوەنی هەڵوێستە تایبەتی و نیشتمانپەروەرییەکانی خۆم دەبم و بووم.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە لەپێناو هەڵوێستەکانم ماوەی 294 ڕۆژە گەڕانەوەی من بۆ زێدی باوباپیرانم و خاکی نیشتمان و ناو هاووڵاتییانی خۆم و ماڵ و منداڵەکانم لێ قەدەغە کراوە.
ئایە ئەمەیە دەسەڵاتداری و ئازادی و دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافی نێشتەجێبوونی هەر مروڤێک کە بە پێ دەستوور بۆ هەموو هاووڵاتییانی دەستەبەر کردووە.
لە کۆتایدا داوای ئازادی بێمەرجی بەپەلە بۆ فەرماندە فەرید عەبدولعەزیز بازی و سەرجەم بەناماف زیندانیکراوان دەخوازم و ڕێزگرتن لە کەرامەت و شکۆی هەموو چین توێژ و بیروباوەڕە جیاوازەکان و نەتەوە و ئایینزایەکان دەکەم، هەندێک لە دەوڵەتان دوای 32ساڵ ئێستا دەزانن لەم وڵاتە چی دەگوزرێت، بەڵام ئەمەش هەر باشە.
ئازادی بۆ سەرجەم بەناماف گیراوانی هاونیشتمانیان، ئازادی بۆ فەرماندە فەرید بازی .
لەکۆتایدا هیوادارم هەموو ئازادیخوازان و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ کە بۆ ئازادی تێدەکۆشن بێدەنگی بشکێنن .
سوپاس
براتان
ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی
2023-03-26.[1]