مێژووی شیعری کوردی
#گوڵزار حەمە فەرەج#
مێژوو خۆی لە خۆیدا گێژاوێکە و تێکەوتنی ئاسانە، بەڵام دەربازبوون لێی ئاسان نییە. دیارە گەلی بێ دەوڵەت نەک تەنیا مێژووی شیعری، بەڵکوو کولتووریشی دەستی بەسەردادەگیرێ و ناتوانێت خۆی لە گۆڕەپانەکەدا بسەلمێنێ، ئەوە ئەو خەمەیە کە لە دوای میدیاوە کورد پێوەی دەناڵێنێت، بەڵام سوپاس بۆ ئەدیبان و شاعیران و مێژوونووسانی کورد کە کۆڵیان نەداوە و بەردەوام لە هەوڵی ساغکردنەوەی ڕابردووماندا بوون. ئەگەر چاوێک بخشێنین بە مێژووی شیعری کوردیدا دەبینین یەکەم شاعیری کورد بابە ڕۆخی هەمەدانییە یەکەم کەس بووە لە ساڵی 841 ی زایینی بە زمانی شیرینی کوردی شیعری نووسیوە .
دوای ئەو بابە تاهیری هەمەدانی و چەند خاتوونێکی شاعیر هەبوون وەک جەلالە خانمی لوڕستانی و لەزا خانمی جاف و ڕێحانە . دوای ئەوانیش فەقێ تەیران دێت ڕەخنەگرێکی سیاسی بووە و مەبەستەکەی بە شیعر ئاڕاستەی میر و دەسەڵاتدارانی سەردەمی خۆی کردووە. شیعرەکانی لە چوارچێوەی پرسیار و وەڵامدا بووە، ئەو سەردەمە وابووە شاعیران بۆ مەبەستی گەیاندنی پەیامەکانیان لەسەر زاری شتێکی ترەوە دواون، پاش ئەوان میری شاعیرانی کورد ئەحمەدی خانی هاتووە کە خاوەنی داستانی مەم و زینە و وێڕای عیشق، باسی سەردەمی سیاسی و ژیاری خۆی کردووە و دەستی بۆ زامەکانی کورد بردووە، هێندە شیعرەکانی کاریگەر بوون ڕەخنەگرانی قەوقازی گرنگیان پێداوە. شاعیری گەورەی ڕووسی میخائیل لیرمەنتۆڤ لەژێر کاریگەریی ئەحمەدی خانیدا شیعری نووسیوە و شیعری شەیتانی لیرمەنتۆڤ ئیلهامی لە مەم و زین وەرگرتووە.
$نالی و شیعرەکانی$
پاش ئەوان نالی دێت شیعرەکانی لە قووڵایی فەلسەفەدا نووسیوە و زۆر زمانێکی ڕەوانی هەبووە، بێگومان ئەوە نیشانەی کاریگەریی شیعرە لەسەر هزری مرۆڤایەتی، چونکە شیعر لە قاڵب نادرێ و دەکرێت لەهەر کات و زەمانێکدا و لەهەر بۆنە و نابۆنەیەکدا قسەی خۆی بکات و کاریگەریی هەبێت، بیرمان نەچێت لە هەموو زمانەکانیشدا پەخشانیش هاوشانی شیعر هاتووە و خۆی پیشانداوە، بەڵام تا ئێستاش هەر شیعر بە پێشرەوی ئەدەبی گەلان ماوەتەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم مێژووی شیعری وڵاتانی دونیاش وەک بیر هێنانەوەیەک بخەمەڕوو وەک هاوشانییەک بۆ شیعری کوردی. شیعری فارسی و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆیەمی زاینی واتە 1200 ساڵ پێش ئێستا هەندێک لە فارسەکان بابا تاهیری هەمەدانی بە باوکی شیعری فارسی دەزانن هەر لەو دیدەشەوە بابە تاهیر بە فارس دەژمێرن و ناتوانن دان بە کوردبوونی بابە تاهیردا بنێنن. ڕودەکی و دەقیقی دو شاعیری کۆنی فارسن و دوای ئەوان فردەوسی دێت لە شانامەدا ئەسپی خۆی تاوداوە. مێژووی شیعری ئینگلیزیش یان ڕونتر بڵێم زمانی لاتینی و زمانی وێڵز و ئێرلەندی کۆن و ئەنگڵۆساکسۆنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی میلادی کە لە چوارچێوەی بەیت و ستایشی دینی و گێڕانەوەی داستانەکاندا دەسوڕایەوە، مێژووی شیعری فەرەنسی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 9ی زایینی کە ئەویش هەر لە دەوری گۆرانی سوڕاونەتەوە و دەما و دەم گێڕاویانەتەوە دواتر جیا کراونەتەوە پاشان شاعیران ڕۆمانسییەت و چیڕۆکە شیعر و ئەفسانە و شیعریان لێک جیاکردۆتەوە.
$مێژووی شیعری هیندی$
شیعری هیندی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی پێش زایین کە دوو داستانی بەرچاویان هەبووە کە دەستپێشخەربوون لە داهێنانی شیعردا وەک ڕامایانا و ماهابهاراتا کە بە زمانی سانسکڕێتی کۆن نووسراون هەتا ئێستا مێژوو بۆی ساغ نەبۆتەوە ئایا هۆمیرۆسی یۆنانی یەکەم شاعیری مێژوو بووە یان مەهابهارتای هندی چونکە ماهابهاراتا خاوەنی سەد هەزار بەیتە و درێژترین دەقی مێژووییە، مێژووی شیعری یۆنانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی پێش زایین کە ئەستێرەی سەردەمی خۆی هۆمیڕۆس بووە بە هەر دوو شاکاری ئەلیادە و ئۆدێسا کە ئەو دوو جەنگاوەرە لەشەری تەڕوادەدا ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە هۆمێرۆس مێژووەکەی بە شیعر پاراستوون، دواتر جۆری تری شیعر نووسین کە داستانەکانی یۆنانیان تۆمار کردووە یان شیعرین بۆ گۆرانی بەکارهێناوە و بە ئاواز دەریان بڕیوە.
$قاڵبەکانی شیعری جیهانی$
بەپێویستی دەزانم تیشکێک گەر بچووکیش بێت بخەمە سەرقاڵبەکانی شیعری جیهانی وەک بەرچاوڕوونییەک، یەکەم سۆنێت یاخود لیریک کە یۆنانییەکان و ئینگلیزەکان بەو قاڵبە شیعریان نووسیوە، هایکۆ قاڵبێکی شیعری ژاپۆنییە لە سێ دێڕ پێک دێت هایکۆ خاڵیە لە فەلسەفە و فکر و بیرکردنەوە و بە سادەیی باسی شێتک دەکات و ئاسان مانا و مەبەست دەدات بەدەستەوە.
نووسەر کاوە شێخ سەلام لێکۆڵینەوەیەکی ورد و چڕ و پڕی کردووە بۆ مێژوویی شیعری کوردی هەر لە سەدەی حەڤدەی زایینییەوە قۆناغ بە قۆناغ چەندین شاعیری جیهانی و کورد و عەرەب و فارس و هەموو نەتەوەکانی دونیا ئەسپی خۆیان لە گرنگترین ژانری ئەدەبدا کە شیعرەو زمانحاڵی نەتەوەکانە تێدا تاو داوە و خەم و باری سیاسی و ژیاری و کۆمەڵایەتی هەموو بوارەکانی ژیانیانی باس کردووە. بەندەش لەبەر گرنگی ژانرەکە بە پێویستم زانی ئەم خوێندنەوەیە بکەم بۆ ئەم مێژووە.[1]