قوتابخانەی فرانکفۆرت و تیۆری ڕەخنەگرانە
#سیروان حەمەڕەشید#
ئاشکرایە قوتابخانەی فرانکفۆرت بە یەکێک لە قوتابخانە فەلسەفی و فیکریی و تیۆری ڕەخنەیی لە ئەنستیتوتی لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکانی خۆراوا دادەنرێت، کە لە ساڵی «1923» دامەزرا. قوتابخانەی فرانکفۆرت، لەسەر دەستی کۆمەڵێک فەیلەسوف و بیرمەندی دیار و کاریگەریی ئەڵمانیا دامەزراوە.
$دیاریترین ئەندامانی دامەزرێنەر$
قوتابخانەی فرانکفۆرت بە ئامانجی سەرلەنوێ ڕەخنەگرتن لە بوونیاد و خەوشە بنەڕەتییەکانی بیر و فەلسەفەی مارکسیزم و لیبڕالیزم و مۆدێرنە لەدایکبوو، کە دیاریترین ئەندامانی دامەزرێنەر بریتین: لە هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ و مارکۆزە و فرۆم بنینامین و هابەرماس، بە جۆرێک ئەمانە بوونە سەرچاوەی ئیلهابەخشی کارەکانی قۆتابخانەکە.
پەڕتووکی قوتابخانەی فرانکفۆرت لەلایەن سێ نووسەری خۆراواوە نووسراوە هەر یەک لە ( فلینگ جویل، سۆرین ماتیسییی، پیتەر ڤدیل) لەلایەن وەرگێڕ (عوسمان حەمە ڕەشید گوروون) لە سویدییەوە کراوە بە کوردی. ئەم پەڕتووکەش هاوکاری خوێنەر دەکات، تاڕادەیەک زانیاری باشی لەبارەی ئەم قوتابخانە فیکریی و فەلسەفییەوە دەستبکەوێت.
$بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بە ڕەگەز جوو بوون$
وەرگێڕ لە پێشەکیدا دەڵێت: زۆربەی هەرە زۆری بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بە ڕەگەز جوو یان بن جوو بوون، ئاشکرایە بەشی ئەوان لە قەیران و نەهامەتییەکانی ئەو سەردەمە (- کورد ئاسا) چەند بارەی هاووڵاتییە ئاساییەکان بووە، هەربۆیە ئەوان زیاتر پەرۆش و عەوداڵی وەڵامی پرسیارەکان بوون.
وەرگێڕ زیاتر لەسەر پەڕتووکەکە دەدوێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات و دەڵێت: ئەم پەڕتووکە بەشێکە لە پەڕتووکیکی قەبارە گەورەتر بەناوی (فەلسەفەی هاوچەرخ و فەیلەسوفەکان و ڕەوتە فەلسەفییەکان) کە بریتییە لە 821 لاپەڕە لەدوو بەرگدا لەلایەن دەزگای پەخشی (FORUM) ساڵی «1991» بە سویدی بڵاوکراوەتەوەو بیری بنەڕەتی ئەنستیتوتەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە هۆرکهایمەر لە ساڵی 1931 دا، لەو وانانەی لە زانکۆ دەیگوتەوە، بە ناونیشانی « ڕەوشی ئێستای فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و ئەرکەکانی» شێوازێکی مەنهەجییان وەرگرت.
بەشی زۆری ئەو بیرمەندانەی لە فرانکفۆرت (جوو) بوون، ناچارکران وڵات بەجێبهڵین و گۆڤاری لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان ساڵی دووەم لە ئەڵمانیا چاپکران. واتە بەهۆی سیاسەتی نازییەکانەوە گۆڤارەکە لە تاراوگە و چەند وڵاتێک چاپ کرا، 27 ژمارەی لێ دەرچوو .
$دوو پەڕتووکی گرنگ$
لە ساڵانی 30یەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەو بیرمەندانە بوونە فاکتەری ئەوەی ئەنستیتوتەکە، بگەیەننە پلەیەکی باڵا و ناوبانگ پەیدا بکات، قوتابخانەی فرانکفۆرت دوو پەڕتووکی نایابی لە ئەمریکا بڵاوکردووە، کە پەڕتووکێکیان پڕۆژەیەکی سۆسیۆلۆژیی بوو کە خودی ئادۆڕنۆ سەرۆکایەتی دەکرد. بە ناونیشانی« کەسایەتی دەسەڵاتخواز» بڵاوکرایەوە .
پەڕتووکی دووەم، لەلایەن هەردوو بیرمەند «هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ»وە بەناوی « دیالێکتیکی ڕۆشنگەریی» نووسرا .
$کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ$
لەو ڕوانگەیەوە دەتوانین ئەوە بڵێین کە قوتابخانەی فرانکفۆرت زیاتر لە کەسی ئادۆرنۆدا وەک ئایدیا بەرجەستە بوو. هەروەها دیدگا و لێکۆڵینەوە و ڕەخنەکانی قوتابخانەکە لەسەر زانست ئەو گۆڕانکارییە مێژووییە بوو کە لەم سەدەیەی دواییدا بەسەر زانستدا هاتووە، لەو نێوەندەدا پرسیارگەلی قووڵ و گرنگی کردووە، وەکوو پرسیاری فەلسەفە چ پەیوەندییەکی لەگەڵ زانستدا هەیە؟ چەندان پرسیار و ڕەخنەگرتنی جۆراجۆری دیکە کە لە بوونیادی فەلسەفەی مۆدێرن و مارکسیزم کراوە.
$فەلسەفە تاکە ڕێگەیە$
ئادۆرنۆ پێیوایە، فەلسەفە تاکە ڕێگەیە کە ئێستا شیاوی بەکارهێنانە، واتە «تەنیا ئەو بیرە نەسازشکار و ڕەخنەگرییەیە، نە دەستبەرداری هۆشی خۆی دەبێ و نە هیچ هێزێک دەتوانێت ملی پێکەچ بکات»
هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ دوو دووانەی لێکدانەبڕاو
فەلسەفە و زانست و ڕەخنە لە پۆزەتیڤیزم و ئۆنتۆلۆژی، بنەمای بنەڕەتی فیکری بیرمەندانی قوتابحانەی فرانکفۆرت بووە لە پێش هەموویانەوە هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ . وەک ناوەندێکی مەعریفی و ڕەخنەگرانە تەنیا لەسەر تیۆرە فیکریی و بابەتە فەلسەفەییەکان کاریان نەکردووە، بەڵکوو کاریان لەسەر خاڵی سەرەکی ڕوانین بۆ زانست و ئەو گۆڕانکارییە مێژووییە کردووە، کە لەم سەدەیەی دواییدا بەسەر زانستدا هاتووە. دواتر جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە چۆن مرۆڤ بگاتە بەو ڕاستییەی پەیوەستی دەکاتەوە بە سەلمێنراوە زانستییەکان؟
$فەلسەفە چ پەیوەندییەکی لەگەڵ زانستدا هەیە؟$
«نووسەر دەڵێت: گەر مرۆڤ شتی ڕاستی لە شتی هەڵە پێ چاکتر نەبێ، ئەوا زانست بێمانا دەبێت.
لەو سۆنگەیە پرسیار لەوە دەکرێت فەلسەفە چ پەیوەندییەکی لەگەڵ زانستدا هەیە؟ بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکە دەداتەوە و دەڵێت: کرۆکی فەلسەفه لە ڕەخنە و پێکەوەگرێدان یان ئەنجامگیری پێکدێت.
دیارە ئەمانە ئەو پێوەرانەن کە لە زانستەوە وەرگیراون، واتە بێ زانست فەلسەفە نابێت، چ کەم و چ زۆر فەلسەفەش پەیوەستی بەو ئایدیا ڕاستەقینەیەیە کە لە زانستە پۆزەتیڤەکانەوە وەرگیراون.
لایەنێکی دیکەی ڕووگەی ڕەخنەی زانستی لە قوتابخانەی فرانکفۆرتدا ، تیۆری زانستییە بە پلەی یەکەم بریتییه لەو تیشکە ڕەخنەییەی ئاڕاستەی هەقیقەتە زانستییە تەنیاکان دەکرێن لە پەیوەندیاندا بەو گشتییەی لەناویاندان . بۆیە زیاتر لە تیۆری ڕەخنەگریدا شێوازێکی بیرکردنەوە دەخرێتەوە بەر باس و گفتوگۆ، کە پێیوایە ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ ئایدیالیزمی ئەڵمانی و سەردەمی کانت.
$دیالیتکتیکی ڕۆشنگەری$
لە ڕاستیدا ئەم پەڕتووکە لەسەر مێژوو و قۆناغ و وێستگەکانی کارکردنی قوتابخانە دەوەستێت و دێت بەچڕی نەخشە و کارەکانی دەخاتەڕوو. بۆ نموونە پڕۆژەی (دیالیتکتیکی ڕۆشنگەری) هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ وەڵامی گەلێک پرسیارییان داوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵ و جێدەستی بیرمەندانی قوتابخانەکە هەر یەک لە (مارکۆزە، بینیامین، فرۆم و هابەرماس) بەهەند و بایەخەوە لێدەڕوانرێت .
$دوا قسە$
دواجار ئەوەی زۆر گرنگە لەسەر ئەم پەڕتووکە و خودی قوتابخانەکە بیڵێین ئەوەیە، پێویستە نووسەر و ڕۆشنبیر و توێژەری بابەتە فیکریی مەعریفییەکە و تێگەیشتنی قوڵ و هەمەلایەنەیان لەسەر ئەرک و پڕۆژە و کارەکانی قوتابخانەی فرانکفورت هەبێت، چونکە پێم وایە بێ ئاگایی و نەزانین لەسەر ناوەندێکی تێۆری ڕەخنەیی مێژوویی و ئێجگار گرنگی وەک قوتابخانەی فرانکفۆرت، ناتەواوە و کوورت دەهێنت و هەر ڕەخنە و باس و لێکۆلێنەوەیەک لەسەر ڕۆشنگەری و مۆدێرنە و مارکسیزم پڕ دەبێت لە کەموکووڕی و خەوشی گەورە و ناڕۆشنی.[1]