$ئاساییشی وزەی سووریا و کاریگەریی لەسەر کەرتى وزەى هەرێمى کوردستان$
#بەهرۆز جەعفەر#
#21-11-2019#
لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە بەهارى 2011، هەر یەک لە ئەمریکا، ڕووسیا، تورکیا و ئێران لەنێو خاکى سووریادا کێبڕکێیانە بۆ دەستگەیشتن بە پیشەسازیی نەوت و غازى ئەو وڵاتە. بگرە ڕیشەی شەڕ لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بە نەوت و غاز دەوڵەمەندن.
سووریا بەدرێژایی مێژوو کێشەی هەبووە، هەروەها دەرفەتیشی هەبووە، ئەویش بەهۆى پێگەکەى کە دەکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست. سووریا بووەتە تاقە دەرگایەک بۆ ئێراق، ئوردن و ئێران بۆ ئەوەى بگەنە دەریای ناوەڕاست.
ئاساییشی وزە چییە؟ بریتییە لە پاراستن و بەرز ڕاگرتنی ئاستی یەدەگی سرووشتی، بە بازاڕکردن و چاودێریی نرخە لە بازاڕی وزە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەیە لەسەر ژیانی سیاسی و ئابووری و مرۆیی وڵاتەکە. نەوت ڕۆڵێکی گەورەی لە داهاتى سووریادا نییە و تەنیا 20%ى سەرچاوەی داهات بووە بۆ حکومەت. بەپێی جۆرناڵی نەوت و غاز، لە کانوونى دووەمى 2015، یەدەکی نەوتی سووریا بە 2.5 ملیار بەرمیل خەمڵێنراوە کە زۆربەى ئەو یەدەکە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە (ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە) . هەروەها یەدەگی غازی سرووشتی بە 241 ملیار مەتر سێجا خەمڵاندووە کە دەکەوێتە سەنتەری سووریاوە. زۆربەی ئەو نەوتە خاوەی سووریا هەیەتی نەوتی قوورسە (هێزی ڕاکێشانی نزمە) و ترشیشە (واتا بڕێکی زۆر گۆگرد لە پێکهاتەیدا هەیە) ، ئەمەش واتە پێویستی بە پاڵاوگەی تایبەت هەیە، هەر بۆیە نرخەکەى لە بازاڕ کەمترە.
سێکتەری نەوتی سووریا لە دوای بەهارى عەرەبییەوە تووشى کێشە بووە. بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو تا ئاستی نزیکەی سفر پەکیکەوت. وڵاتەکە سەرتاپا تووشی کوورتهێنان بووەوە لە مەسەلەی (خستنەڕوو) ی توانا هایدرۆکاربۆنییەکان و بەرهەمە پاڵاوتەییەکانی. سەرباری ئەمەش سەپاندنی سزا بەسەر نەوتی سووریادا لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاوە ئەوەندەی دیکە توانا پیتڕۆڵییەکانی سووریای بێ کاریگەر کرد. ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوخۆی سووریادا گەیشتووەتە 24 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە دەکاتە 20-25%ی پێداویستییە نێوخۆییەکانی سووریا. لەکاتێکدا پێش هەڵگیرسانی شەڕ ئاستى بەرهەمهێنان 370 هەزار بەرمیل نەوت بووە. حکوومەتی سووریا لەو ماوەیەی کە لە شەڕدا بووە، لەلایەن ئێرانەوە سووتەمەنى بۆ دابینکراوە، بەڵام ئەو پاڵپشتییەى ئێران لەدواى سزاکانى وەزارەتى خەزێنەى ئەمریکا بۆ سەر تاران، کۆتایی هات.
$جیۆپۆڵەتیکی وزە، بەستنەوەى هێڵی بۆریی کوردستان بە دەریای ناوەڕاستەوە$
جیۆپۆڵەتیکی وزە: واتە کاریگەریی پێگەی جوگرافیای سیاسی بەسەر وزەوە (ئەگەرچی وزە تەنیا نەوت و غازی سرووشتی نییە، ئاویش گرنگە) . هەرێمی کوردستان و ئێراق بەگشتی کەوتوونەتە نێوان سێ حەوزەی گەورەوە. لە باکوور و خۆرهەڵاتییەوە حەوزەی قەزوینە کە ڕووسیا و ئێران و ئازەربایجان ڕۆڵى تێدا دەگێڕن، (رووسیا و ئێران یەکەم و دووەمی یەدەگی غازی جیهانیان هەیە) .
دەریای قەزوین کە گەورەترین دەریای داخراوە لە جیهاندا، ناوچەیەکە پڕە لە بەریەککەوتنی جۆراوجۆر، حەوزەی دووەمیش کەنداوی عەرەبییە کە نەک بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئێراقیش وەک یەکێک لە وڵاتانی کەنداو بووەتە سەرچاوەی نائارامیی سیاسی و ئەمنی. ئەم حەوزەیە پتر هەیمەنەی ئێرانی بەسەرەوەیەوە. حەوزەی سێیەمیان حەوزەی دەریای سپی ناوەڕاستە.
زۆربەی وڵاتانی باشوور و ناوەڕاستی ئەوروپا دەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست. میسر، قوبرس و ئیسرائیل سنووری ئاویی هاوبەشیان هەیە، غاز و نەوت لەکەناری دەریادا دەردێنن و ئەمریکا بەتوندی بەرگرییان لێدەکات. لە (13ی نۆڤەمبەری 2019) لەسەر پرسی دەرهێنانی غازی سرووشتی لە قوبرسی تورکی لەلایەن تورکیاوە، یەکێتی ئەوروپا هۆشداری توندی دایە تورکیا. هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی هاوسۆزی کوردن، بەرژەوەندی خۆیان لە دەوڵەمەندکردنی کوتلە نەوتی و غازییەکەیاندا دەبیننەوە و چاویان لەوەیە هێڵی بۆریی کوردستان بە نزیکترین ڕێگە لە دەریای ناوەڕاستەوە بگاتە ئەوروپا.
بۆ ماوەی چەند سەدەیەک سووریا لەژێر قەڵەمڕەوی تورکە عوسمانییەکاندا بووە، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بەپێی بڕیاری مانداتی کۆمەڵەی گەلان کاروباری سووریا درایە فەرەنسا. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی سووریا وەک دەوڵەتێک سەربەخۆیی سیاسی وەرگرت، بەڵام هەر لەژێر چاودێری و دەستوەردانی هێزە نێودەوڵەتییەکاندا مایەوە. کاتێک بەریتانیا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی ئێراق و نەوتەکەی چنگ کەوت، ساڵی (1935) هێڵی بۆریی مووسڵ – حەیفای بنیاتنا کە بەخاکی سووریادا تێپەڕ دەبێت، ئەم هێڵە هەرچی نەوتی کەرکووک و ناوچە کوردییەکانی ئێراق و مووسڵ و ئوردنە دەیگوازێتەوە بۆ دەریای ناوەڕاست.
لێرەوە تێدەگەین، کە دیوە ستراتیژییەکەی نەوتی سووریا ئەوە نییە ئەو بڕە لەیەدەگی تێدایە، بەڵکوو گرنگیی گەورەی نەوتی سووریا پێگەکەیەتی لەنێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سپی ناوەڕاستدا کە لە توانایدایە ڕۆژانە سووتەمەنی بۆ تەواوی کەشتییە بەریتانی و ئەمریکی و ئیسرائیلیەکان دابین بکات لە دەریای ناوەڕاستدا. هەموو ئەو ئامێرە سەربازییانەی وڵاتانی زلهێز و ناوچەکە هەیانە بە وزە ئیش دەکەن و سووریاش ناوچەیەکی نزیک و ناوجەرگەی ڕووداوەکانە، لەتوانایدایە لە شوێنی خۆیاندا وزەی پێویستیان بداتێ. گرنگییەکى دیکەى سووریا و (باکووری سووریا بەدیاریکراوی) ئەوەیە نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستانی لێوە ببرێتە دەریای ناوەڕاست، بەمەش ناوچەکە سەراپا لە میسر و قوبرس و ئیسرائیل و سووریا و ئێراق لەسەر دەریای ناوەڕاست دەبنە یەک کوتلەی وزەی گەورە لەژێر چاودێریی چڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا.
لە ئێراق، تا ئێستاش نەوتی کەرکووک بە هێڵی بۆڕی کوردستاندا دەگاتە بەندەری جەیهانی تورکی بۆ دەریای ناوەڕاست. لە ئاستی نێوخۆی کەرکووکدا، دۆخەکە بۆ کورد لە بار نییە. لەناو کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک لە کۆی 14120 فەرمانبەر تەنیا 1600یان کوردن. لە 12 دەستە هیچیان کورد نین. لە 52 بەش تەنیا 4 بەشیان سەرۆکەکەیان کوردە. لە 800 یەکە تەنیا 52یان کوردن. لە 280 هۆبە تەنیا بەرپرسی 26 دانەیان کوردە.
هەرچی ئاستی بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتە لە (نۆڤەمبەری 2019) دا لەنێوان 370 بۆ 380 هەزار بەرمیلە، کە زۆربەى لە ناوخۆدا بەکاردەهێنرێ، بڕێکى کەمى بە بۆریی نەوتى کوردستاندا دەگوازرێتەوە بۆ تورکیا. زووزوو بەرپرسانى وەزارەتى نەوتى ئێراق لە میدیاکاندا دەڵێن بۆڕییەکی نوێی نەوت لە کەرکووکەوە بۆ تورکیا ڕادەکێشین، لە کاتێکدا دەمێکە کار لەو بۆرییەدا دەکرێ.
$ڕۆڵی ڕووسیا$
چوارچێوەی کاری ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان پتر ئابوورییە، بەڵام لە سووریا ئابووری و سەربازییە. ڕووسیا لە شوباتی 2017 وە دێڵێکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە بۆ بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی وزەی هەرێمی کوردستان. بەڵام ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە لە جوگرافیای کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکدا.
وجودى ڕووسیا لە سووریا بە پلەی یەک لە تەرتووسە کە دەکەوێتە باکووری خۆراوای سووریا. ڕووبەرەکەی 3 ملیۆن مەتر چوارگۆشەیە، قەبارەی شتومەکی لەخۆگرتوو ساڵانە تێیدا دەگاتە 12 ملیۆن تۆن. تەرتووس ماهیەتێکی گەورەی هەیە لەبەرئەوەی دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست کە هەموو جیهانی عەرەبی و ئەوروپا و ناوچەی دەریای ڕەش دەتوانن پێی بگەن. تاکە شوێنە لەسەر دەریای ناوەڕاست لە سووریا کە هێزی سەربازی و ژێردەریایی و کەشتی فڕۆکەهەڵگر و فڕۆکەی جەنگی و تیمی بازرگانیی ڕووسیای لێیە.
بەپێی وتەی جێگری سەرۆکوەزیرانی ڕووسیا، یوری بوریسۆڤ لە (ئەپرێڵی 2019) دا مۆسکۆ ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی سووریا کردووە بۆ ماوەی 49 ساڵ لە تەرتووس بمێنێتەوە. جگە لەوەی گرێبەستێکى بۆ پەرەپێدانى کێڵگە نەوتییەکانى سووریا لەگەڵ بەشار ئەسەد کردووە.
لە کۆتاییدا، کوردستان بۆ ئەوەی مەترسییەکانی ئەم دیاردە نوێیە لە گەمەی جیۆپۆڵەتیکدا بکات بە دەرفەت، بۆ ئەوەی ئاساییشی وزەی کوردستان بە ستانداردێکی مۆدێرندا وەربچەرخێ، لانی کەم پێویستە تیۆرەیەکی هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەی نوێی ناو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە پێیدەگوترێ (پەیوەندییە ئابوورییە سیاسییەکان) ، واتە بنەمای پەیوەندی لەنێوان حکومەتی دەوڵەتەکان و کۆمپانیا جیهانییەکاندا چۆنە! بۆ نموونە لە ساڵی 2013 وە کۆمپانیای بریتش پێتڕۆڵیۆم لەناو نەوتی کەرکووکە، ئەوە سێ ساڵە باڵاخانەیەکى مۆدێرنى لەنێو کۆمپانیاکە درووستکردووە، تەنیا خەریکی لێکۆڵینەوە و گەڕانن. ئایا کورد دوو سەنتەری لێکۆڵینەوەی لە کەرکووک و دەوروبەری هەیە؟ ئەوەتا دەبینین لەگەڵ پێشکەوتنی پیشەسازیی نەوت و دەرهێنان و پاڵاوتن لە هەرێمی کوردستان گرفتە دارایی و سیاسی و مرۆییەکان لە هەڵکشاندان! [1]