$لە سەردەمی سۆشیاڵمیدیا، سانسۆر مایەپووچە$
#جەلال بەرزنجی#
#08-10-2020#
نووسەران هەڕەشەنین لەسەر دەسەڵات، بەڵام دیکتاتۆرەکان لێیان دەترسن. ئەو ترسە پێشینەی هەیە. لە سۆڤیەتی جاراندا، ستالین دەیان نووسەری ڕەوانەی زیندانەکانی سیبیریا و تاراوگە کرد، لەژێر سۆشیالیزم ماکۆفسکی خۆی کوشت، بۆریس باسترناک لە فیستیڤاڵی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لەسەر ڕۆمانی دکتۆر گیفاکۆ، بێ بەشکرا. نووسەر و هونەرمەندێکی زۆر لە سەردەمی نازیەتی هیتلەر سووتێندران، دەربەدەربوون. لۆرکا بە بڕیاری فرانکۆ گوللەباران کرا.
لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێراقی کاتی سەددام و دوای سەددامیش، نووسەران زۆر جار وەک تاوانبار سەیر دەکرێن، هیچ بەها و ڕێز لە خۆیان و بەرهەمەکانیان ناگیرێت. ئەو نووسەر و ڕۆژنامەڤانانەی لەسەر بیروباوەڕ و نووسین لە ڕۆژهەڵات تیرۆر، زیندانی، یان ڕایان کردووە. زۆرن لە ترسی ئەوەی نەوەک ناوی یەکێکیان لەبیرکەم ناوی کەسم نەهێناوە.
پێش مۆدێرنیزم، ئەو کاتەی هێشتا کڵێسە هێزی هەبوو، لەسەر ئەوەی گالیلی گالیلۆ سەلماندی زەوی خڕە ئەشکەنجەدرا، دادگایی کرا، بەڵام دوای مردنی داوای لێبووردنیان لێی کرد.
ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادی بیروڕا، ئازادیی خوێندنەوە، لە سەردەمی ژیانی نوێ لە کۆمەڵگەی ڕۆژاوا بووەتە کولتوور، بۆ نووسەران هیچ شتێک تابو نییە، دەتوانن ڕەخنە لە پێغەمبەرەکان، پەڕتووکە ئایینیەکان و سیاسییەکان بگرن؛ دۆن براون، لە ڕۆمانی (کۆدی دافنیشی) بەئازادی دەڵێ مریەمی ماگدەلی سۆزانییە، مەسیح کوڕی خودا نییە. کریستۆفەر ئینچ لە پەڕتووکی (خودا مەزن نییە) باسی لێک وەرگرتنی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکان دەکات، داکۆکی لە ئیلحاد (ئیسیەست) دەکات. باوەڕدارەکان دەڵێن بەهەشت لە ئاسمانە ئەنیشتاین دەڵێ ئاسمان (سپێس) بۆشاییەکی تاریکی بێ کۆتاییە ئەو بیروباوەڕانەیان ژیانی کەسیانی نەخستە مەترسی و نەبوونە هۆی فرمێسکڕشتن.
کەچی لەسەردەمی نوێی، ئایەتوڵڵا خومەیینی لەسەر ڕۆمانی (ئایەتی شەیتانی) فەتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدی دا. هەژارەی بۆ ماوەی 10 ساڵ ڕێگەی دووری ماکدۆناڵدەکەی نزیک ماڵەوەیان بوو. ئۆرهان پامۆک لەسەر ئەوەی دەڵێ کوشتنی ئەرمەنییەکان ڕەشەکوژی بوو، لە شەڕی تورکیا لەگەڵ پەکەکە خوێنی 3000 کەس لە هەردوولا بە هەدەر ڕژاوە، تورکیا دەیباتە دادگە، بەڵام دوای ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب وەردەگرێت ئەو حەسانەیە نێودەوڵەتییە وادەکات، تورکیا داواکەی لە دادگە بکێشێتەوە.
ئەو نووسەرانەی لەژێر دەسەڵاتی سەددام پەڕتووکیان چاپ دەکرد. ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ دێوەزمەی سانسۆر (دائیرەی ڕەقابەی سەر چاپەمەنییەکان) هەیە. من یەکێکم لەوانە. ساڵی 1979 ویستم کۆمەڵە شیعری (سەمای بەفری ئێواران) چاپ بکەم، هەرچەندە شیعرەکانم زەق و سیاسی نین، بەڵام ئەوان زۆر جار نەک بەرهەمی نووسەرەکە خودی نووسەرەکەیان ڕەت دەکردەوە، دوو جار دیوانەکەم لە (سانسۆر) ڕەتکرایەوە. جاری سێیەم، دوای ئەوەی زۆر شیعر بە قەڵەمی سوور زەربی لێدرابوو، کومەڵێک شیعر خەتمی مەمنوعەی لەسەربوو. ڕێگەیان دام پاشماوەکەی چاپ بکەم.
بە بڕوای من سانسۆرکردنی چاپەمەنی لە کوردستان، لە سەردەمی پۆستمۆدێرن، دیجیتاڵ و ئەو هەنگاوانەی کوردستان دەیهاوێت بەرەو دیموکراسیەت نایەتەوە و مایەپووچە.
نووسەران هێزی سەربازی، ئابووری یان ئیدارییان نییە، هەر وشەیان هەیە، بە داخەوە لە سەردەمێک دەژین، چەک لە وشە بەهێزترە، واچاکە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە بڕیاری سانسۆرکردنی پەڕتووک، پاشگەزبێتەوە، لە نووسەران گەڕێت بەئازادی خۆیان بنووسنەوە. [1]