$ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا هەلێکی ئابوورییە بۆ ئێراق$
#بەرهەم ئەحمەد ساڵح#
#01-11-2021#
ماوەی 40 ساڵە ئێراق ڕووبەڕووی ڕەشەبای خراپ دەبێتەوە. جەنگەکان، گەمارۆکان، تیرۆر و گرژییە نێوخۆییەکان هەڕەشەیان لە سەقامگیریی ئێراق و باشیی گوزەرانی هاووڵاتییەکانی کردووە.
بەڵام کاریگەرییە ئابووری و ژینگەییە شاراوەکانی سەر گۆڕانی کەشوهەوا تاوەکووئێستا مەترسیدارترین هەڕەشەی ماوەدرێژن کە ڕووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە. بەپێی پرۆگرامی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێراق پێنجەم وڵاتی هەستیارە لە ئاستی جیهان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا.
بەرزبوونەوەی زۆری پلەی گەرمی زیاتر ڕوودەدات، وشکەساڵی زیاتر دووبارە دەبێتەوە و خۆڵبارینەکان خەستتر بوون. بەبیابانبوون کاریگەریی لەسەر 93٪ی ناوچەکانی ئێراق درووستکردووە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێ لەنێو خاک هەڕەشە لە 54٪ی کشتوکاڵی نیشتمانەکەمان دەکات.
ئەو بەنداوانەی لەسەر سەرچاوە و لقی ڕووبارە مێژووییەکانی دیجلە و فوراتن -شادەماری وڵاتەکەمان- ئاستی ئاوەکەیان کەمکردووەتەوە و بوونەتە هۆی کەمئاوی. بەپێی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێراق، ڕەنگە وڵاتەکەمان ساڵانە تاوەکوو2035 بە بڕی 10.8 ملیار مەتر سێجا، ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاو ببێتەوە.
ئەوەش بەپێی ڕێژەی دانیشتووان و هۆکارە ژینگەییەکان خراپتر دەبێت: پێشبینی دەکرێت دانیشتووانی ئێراق کە ئێستا 40 ملیۆنە تاوەکووساڵی 2050 دوو هێندە زیادبکات و ببێتە 80 ملیۆن کەس، هەروەها داهاتمان کە زۆربەی پشت بە نەوت دەبەستێت، لە ئەنجامی وازهێنانی جیهان لە بەکارهێنانی وزە ئەندامییەکان و ڕووکردنە وزەی پاک و نوێبووەوە، زۆر کەمدەبێتەوە.
کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئەگەر لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی تووندتر نەبن، وەکوو ئەو دەبن. کەمبوونەوەی داهات ڕەنگە ببێتەهۆی کۆچکردن بەرەو شارەکان کە ئێستاش خزمەتگوزارییەکانیان ناتوانن وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی دانیشتووانیان بن. ئەو کۆچکردنەش لەوانەیە ببێتە هۆی پەڕگیری و نائارامی، کاتێک گەنجەکان ناتوانن کارێک بدۆزنەوە کە بتوانن ژیانێکی ئاسایی بەڕێبکەن.
ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت لە پێشینەی کارە نەتەوەییەکانمان بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوە هەلێکە بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووریی ئێراق؛ پاڵپشتیکردنی بەکارهێنانی وزەی خاوێن و بەکارهاتووەوە، بەشداریکردن لە بازاڕەکانی کاربۆن؛ زیادکردنی ئاستی بەرگەگری لە ڕووی ژینگەیی و ئابوورییەوە لە ناوچە هەستیارەکان؛ و دابینکردنی بارودۆخێکی باشتر و سەقامگیرتر بۆ هاووڵاتییانمان.
لە مانگی کانوونی دووەم، بڕیاری پەڕڵەمانی ئێراقم بۆ بەشداریکردن لە ڕێککەوتننامەی پاریس لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا پەسندکرد و ئێمە بەڵگەنامەی بەشداریی نیشتمانیمان پێشکێشکردووە ئەوەش وەکوو ئامادەکارییەک بۆ 26ەمین کۆنفرانسی ساڵانەی کەشواهەوا. هەروەها ئێراق پاڵپشتی لە ڕێککەوتننامەی ZEF کردووە کە پابەندمان دەکات بە کۆتاییهێنان بە دەردانی گاز تاوەکووساڵی 2030.
لە ڕوانین بۆ داهاتوویەکی باشتر، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕابردووە سەوزەکەمان. پڕۆژەی نوێکردنەوەی میزۆپۆتامیا، لە کۆمەڵێک پڕۆژە پێکهاتووە کە جەختیان لەسەر ئەوەیە لەگەڵ کەرتی گشتی و تایبەت کار بکەن تاوەکووبە ئامانجەکەمان بگەین لە ڕووی گۆڕانی کەشوهەواوە. یەکێک لە ڕێگەکان هەوڵێکی نیشتمانییە بۆ درووستکردنەوەی دارستان لە باشوور و ڕۆژاوای وڵاتەکە بە چاندنی دارخورما کە سیمبولی کولتووریی میزۆپۆتامیایە- هەروەها گەڕاندنەوەی دارستانەکانە بۆ شاخ و ناوچەکانی کوردستان. بیرۆکەکانی دیکەش پێکدێن لە بە مۆدێرنکردنی شێوازی ئیدارەدانی ئاو و زیادکردنی بەکارهێنانی وزەی خۆر.
ئێراق پێویستی بە هاوکاریی هاوڕێکانی دەبێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕووی تەکنیکی، پلانی پاڵپشتی و گەیاندنی تەکنەلۆژیاوە. ئێمە دەمانەوێت کەڵک لە بودجەی سەوز، بازاڕی سەرمایەی تایبەت و بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان وەربگرین بۆ هاوکاریی لە وەبەرهێنان لە پڕۆژەکەدا. هیوادارین کە ئەم کارە هاوکاریی ئابووری ئێراق بکات لە ئابوورییەکی پشتپێبەستووەوە تاوەکووجارێکی دیکە ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ هەرێمەکە و شوێنێکی سەرەکیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
ئێراق کە دەکەوێتە نێوجەرگەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە ڕووی ژینگەییەوە هەمەجۆرییەکی دەوڵەمەندی هەیە، دەتوانێت وڵاتەکانی دیکە لەبارەی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کۆبکاتەوە. ئێمە ڕووبەڕووی کارێکی سەخت دەبینەوە و نابێت کات لە دەستبدەین، بەڵام کارکردن لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا هەلێک دەداتە ئێراق و ناوچەکە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک پێوەر دابنێن کە ئێراق و ناوچەکە بخەنە دۆخێکی بەهێزتر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە دەیەکانی داهاتوو ڕووبەڕوومان دەبنەوە.
* ئەم وتارەی سەرۆککۆماری ئێراق لە ڕۆژی #31-10-2021# لە ڕۆژنامەی فاینەنشەڵ تایمزی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە و ڕووداو کردوویەتی بە کوردی. [1]