$شاندی ھەرێمی کوردستان و سەرانی ئەوروپا$
#13-06-2021#
#دلاوەر خالید ئاژگەیی#
ئەمڕۆ جۆ بایدن و سەرانی وڵاتانی هاوپەیمانیی ناتۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ دەگەنە برۆکسل.
بڕیارە 21ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بە بەشداری هەر 27 وەزیری دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا ئەنجام بدرێت کە بەشێکی تایبەت دەبێت بە ئێراق و وەزیری دەرەوەی ئێراق ڕاستەوخۆ بەشداری تێدا دەکات.
هەر لەم چوا چێوەیەدا بڕیارە 26ی ئەم مانگە کۆبوونەی هاوپەیمانیی دژ بە داعش لە ڕۆما ئەنجام بدرێت بە بەشداری وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا.
بایەخی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ برۆکسل
و ئەنجامدانی ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەی ناوبراو و شاندی یاوەری لەگەڵ بەرپرسانی بەلجیکا و یۆنان و ئەوروپا کە لە کاتێکی هەستیار ئەنجامی دان، بایەخی تایبەتی خۆیان هەیە و کاریگەریان دەبێ لەسەر لەم بوارانەی خوارەوە:
$سیاسی$
لە میانەی دیدار و چاوپێکەوتنەکاندا سەرۆکی حکومەت و شاندی هەرێمی کوردستان تێڕوانینی هەرێمی کوردستانیان پەیوەست بە پرسە گرینگەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ڕاشکاوانە خستەڕوو.
شاندی هەرێمی کوردستان توانی دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان لە بواری تیرۆر و پاراستنی بواری ئەمن و ئاساییش و تەناهی و سەقامگیری و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ سیاسەتمەدارانی ئەوروپا بخاتە بەرباس و گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەدا. زیاد لەمەش ڕاشکاوانە تاوتوێی ئەگەر و هەڕەشەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و ئەمنی بۆ لایەنە ئەوروپییەکان خستەڕوو.
$ئابووری$
لایەنە ئەوروپییەکان پشتگیری خۆیان بۆ باشترکردنی باری ئابووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی سەرچاوەی دیکەی داهات جگەلە نەوت و ڕەخساندنی دەرفەتی کار و چالاککردنی جوڵەی بازرگانی و وەبەرهەمێنان دووپاتکردەوە و بەڵێنیان دا لەو ڕووەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن.
بەرپرسانی ئەوروپا دووپاتیانکردەوە ئەوپەڕی هەوڵ و تەقەلای خۆیان بە ئاڕاستەی زیاتری پشتگیری هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و لادانی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان لە ئاستی ئەوروپادا بخەنەگەڕ و بە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ لایەن و سەنتەر و دامەزراوەکانی ئابووری، پەرە بە ئاستی هاوکارییەکان بدەن و بەردەوام بن لەسەر ئەم ڕێچکەیە.
$ئەمنی$
کاربەدەستانی برۆکسێل وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتگیری تەواویان لە هەرێمی کوردستان، ئامادەیی زیاتری خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و ڕێکخراوە تیرۆریستییە تێکدەرەکان بە شاندی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
هەروەها نەیانشاردەوە هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا قوربانی زۆری داوە و شایانی پشتگیری و یارمەتیدان و بەردەوامبوونی زیاترە لەو بوارانەی بۆ هەرێمی کوردستان جێگەی بایەخن و دڵنیاییان دا هەرێمی کوردستان بە تەنیا جێناهێڵن و لە ئاستی ئەوروپی و نێودەوڵەتی پشتگیری هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەردانیکردنی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپاو لە نزیکەوە بینین و ئاگادارکردنەوەی کاربەدەستانی لەو ئانووساتەی هەرێم و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێ و بە لەبەرچاوگرتنی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی لووتکەی هاوپەیمانیی ناتۆ و سەرانی یەکێتیی ئەوروپا لە ڕۆژانی داهاتوو، جێگەی بایەخ پێدان و هەڵوەستە لەسەرکردنن.
بەو پێیەی شاندی هەرێمی کوردستان ئەو دەرفەتە زێڕینەی بۆ هاتە کایەوە بەرچاوڕوونییەکی تەواو و ورد بداتە بەشێکی گرنگ لە بەرسانی ئەوروپا، تا بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان، هەر بڕیارێکیان لەمبارەیەوە گەڵاڵەکرد، دۆخ و قۆناخی هەنووکەی هەرێمی کوردستان لەبەرچاوبگرن و بڕیارەکانیان دوور نەبێ لە واقع و هاوتەریب بن لەگەڵ هەلومەرجە گشتییەکانی ناوچەکە بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتییەوە و بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی پێگەی و قەوارەی هەرێمی کوردستان بن. [1]