فراکسیۆنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە پەڕڵەمانی ئێراق دەیەوێت کۆدەنگییەک لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق درووستبکات، تا لەم خولەدا یاسای نەوت و گاز پەسەند بکرێت.
مەحما خەلیل پەڕڵەمانتاری پارتی لەو بارەوە دەڵێت: تەوافوقێکی سیاسی لەناو هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە ماوەی ئەم خولەی پەڕڵەمان هەبووە، بۆیە دەبێت ئێستا کۆدەنگییەک لەناو پەڕڵەمانیش لەو بارەوە درووست بکەین.
مەحما خەلیل دەشڵێت: ئەگەر کۆدەنگی لەناو پەڕڵەمان بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت گاز درووستبکرێت و یاساکە پەسەندبکرێت، ئەوە بە دڵنیایی کۆتایی بە کێشەکانی نێوان #هەولێر# و #بەغدا# لەسەر بودجە و دۆسییەی نەوتیش دێت.
باسی لەوەش کرد، ئەو کۆبوونەوانەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و هاتنی شاندە تەکنیکییەکانیش بۆ بەغدا، بووەتە هۆی درووستبوونی ئیرادەیەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا دەرفەت لەبارە بۆ تێپەڕاندنی یاساکە و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی چەندین ساڵە لەنێوان هەردوولادا هەیە. [1]