ناو: شێخ موحسین
نازناو: شێخ موحسین موفتی نەقشبەندی (ئەحسەن)
ناوی باوک: شێخ خالید
ڕۆژی لەدایکبوون: #20-12-1960#
شوێنی لەدایکبوون: #هەڵەبجە#
$ژیاننامە$
ناوی: شێخ محەسەن کوڕی شێخ خالید شێخ مستەفاى موفتى کوڕی شێخ مەحمودی قازی کوڕی حەزرەتی شێخ عەبدوڵڵای خەرپانییە، لەسەری باوکییەوە کە سەر بە ساداتی تەکیەیی ئیمام هەمزەی کوڕی ئیمام موسای کازمن دەگاتەوە بەنەسەبی پیرۆزی حەزرەتی حسێنی کوڕی ئیمام عەلی (ڕەحمەتی خوایان لێ بێت) ، و لە سەری دایکیشیەوە کە سەیدەکانی نێرگسەجاڕە دەگاتەوە بە حەزرەتی حەسەنی موجتەبادا (ڕەزای خوای لێبێت) .
لە20ی12ی 1960دا لە هەڵەبجە لە گەڕەکی پیرمحەمەد لەدایک بووە.
لە پێنج ساڵیدا نردراوەتە بەر خوێندن لە قوتابخانەی ئیسلامی لە گەڕەکی کانی عاشقان قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە، و بەردەوام لە مەدرەسەی خۆیاندا لە مزگەوتی جامیعە (گەورەی هەڵەبجە) لە خزمەت باوکیدا مامۆستا شێخ خالیدی موفتی خوێندوویەتی، ئامادەیی دیراساتی ئیسلامی لە هەڵەبجە تەواوکردووە، بەهۆی شۆڕشی کوردستانەوە ساڵی 1974ی فەوتاوە و ئەو ماوە تەنیا دەرسی حوجرەی خوێندووە لە خەرپانی و#بیارە# دا، لە خزمەت باوکی و مامیدا.
پاش نسکۆی شۆڕشی کورد ساڵی شەشەمی (پەیمانگای ئیسلامی) لە سلێمانی تەواوکردووە و پاشان لە کۆلیجی شەریعەی زانکۆی بەغداش خوێندنی تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە ، و لە خزمەت باوکی بەڕێزیدا و لە خزمەت عەللامەی ئێراق مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی بیارە (دەرەجاتیان عالی بێ) لەبەغدا ئیجازەنامەی عیلمی وەرگرتووە.
چەندین جار بە فەرمانی میری لە وتارخوێندنەوە دوورخراوەتەوە لەبەر هەڵوێستە دینداری و نیشتمان پەروەریەکانی بە تایبەتی دوای کیمیابارانی شاری هەڵەبجە
لەلایەن مورشیدیەوە هەندێک ئیجازەی وانە وتنەوە و خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و (دلائل الخیرات) و هەندێک لە ئەزکار و دووعا تایبەتییەکان و ئیجازەی خەتمە و تەڵقین و تەمەسوکدادانی مورید و دیاری کردنی سەرحەلقەی خەتمە و زیادکردنی خەتمەکانى پێ دراوە. و ناوی ئەحسەنی لێ نراوە و کردوویەتی بە نازناوی خۆی .
جگە لەوەی کە ماوەی چەندین ساڵ کاتبی حەزرەتی شێخ عوسمان بووە، ئەو ماوەی کە لە ئەستەمبوڵ بووە نوێنەری ڕەسمی حەزرەتی شێخ بووە بۆ هەموو کاروبارێک کە پەیوەندی بە ڕاپەڕاندنی فەرمانەکانی شێخەوە بووبێت یان نوێنەرایەتی کردنی بۆ سەردانی لایەنەکان و کەسایەتی و موریدەکان، یان پەیوەندی بە کاروباری تەریقەتی نەقشبەندییەوە هەبێت ئەوکارانەی ئەنجامداوە.
لە سەرەتای ڕاپەرینەوە هەوڵیداوە بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی زانایان لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و هەندێک جێگای تر، لەو بوارەدا هەموو مامۆستایانی ئەهلی تەسەوفی کۆکردەوە لە کوردستاندا.
ساڵی 1990 کۆبوونەوەیەک لە شەقڵاوە کرا بۆ ئەوەی لە بارەگای پارتێکی سیاسیدا یەکێتی زانایان درووست بکرێتەوە و پەیوەندیشی بە یەکێتی زانایانی سەرەکییەوە نەبێت کە کۆنگرەی یەکەمی لە#گەڵاڵە# بەسترا ، لەگەڵ مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای کاتب و مامۆستا شێخ عوسمانی مەردۆخی و مامۆستا مەلا ڕەشیدی ڕاوگانی گەیشتنە شەقڵاوە و ئەو پیلانەی نەزۆک کردەوە. ئەم بابەتەم لە پەرتووکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان مێژوویەک لە خزمەت و شانازی زنجیرەی 761 چاپی 2020لە لاپەڕە 207وە تا 217 بە درێژی باس کراوە، لە دوای ئەوەی کۆنگرەی ڕاستەقینەیان لە هەولێر بەست و بەهۆی ئامادەباشی پێشترەوە، توانییان سەرکەوتن بەدەست بهێنین و یەکەم دەنگی هێنا لەسەر ئاستی کوردستان و بوو بە سەرۆکی یەکێتی زانایان و زیاد لە بیست ساڵ لە سەرۆکایەتی زانایاندا مایەوە و بوو بە ئەندامی خولی یەکەمی پەڕڵەمان و سەرۆکی لیژنەی ئەوقافی ناو پەڕڵەمان، ماوەی سیانزەساڵ لە پەڕڵەمان و لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو بۆ پشتگیری لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ڕەدکردنەوەی دەیان پڕۆژە و پێشنیاری نەگونجا و لەگەڵ ئیسلامدا و هەوڵدان بۆ خزمەتی زانایان و مزگەوتەکان و پشتگیری لە حوجرە و دیراساتی ئیسلامی و هەمووارکردنی شەهادەی ئیجازەنامەی عیلمی بە شەهادەی ئامادەیی بۆ دامەزراندن و خوێندنی باڵا و ئەو بڕیارەیان کرد بە یاسا، هەروەها هەوڵی تایبەتیدا بۆ دامەزراندنی کۆلیجی شەریعە لە هەولێر و سلێمانی کە سەرەتاکەی کۆلێجی زمانەوانی #سلێمانی# بۆ تەرخانکرا و پاشان بوو بە کۆلیژێکی سەربەخۆ. و هەوڵیاندا کە زانایان بمێننمەوە لە خزمەتدا تا تەمەنیان دەگات بە حەفتاو سێ ساڵ بۆ ئەوەی مزگەوتەکان بە چۆڵی نەمێننەوە،
و خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری گۆڤارەکانی دەنگی زانا و پەیڕەوانی تەریقەت و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری پەیڕەو بووە و دەیان ژمارەیان لێدەرچووە. لە زۆربەی ڕۆژنامە و میدیاکانی دەنگ و ڕەنگی کوردستاندا وتار و بەرنامە و چاوپێکەوتن و نووسینی هەبووە.
زیاد لە بیست و دوو پەڕتووکی نووسراوو و وەرگێڕراوی هەیە بە زمانی کوردی و عەرەبی.
$بەرهەمە چاپکراو و نووسراوەکانی$
1- ژیانەوەی زانستەکانی ئایین یازدە بەرگە هەمووی چاپکراون وەرگێڕراوی إحیاء علوم الدین ی پێشەوا غەزالی نزیکەی هەشت هەزار لاپەڕەیە.
2- أنوار الحقیقة في سیر أقطاب الطریقة النقشبندیة. دوو مووچەلەد لەسەر ژیانی حەزرەتی مەولانا خالید و سیراجەدین تا شێخ عومەری زیائەددین لە (1600) لاپەڕەدا.
3- گەوهەری حەقیقەت لەسەر ژیان و کەسایەتی قوتبی تەریقەت حەزرەتی شێخ محەمەد عوسمان سیراجەدین لە دە بەرگی گەورەدا لە پێنج هەزار لاپەڕەدا چاپ کراوە و هێشتا چەند بەرگێکی ماوە پشت بە خودا بەدەستییەوەیە.
4- خۆشەویستی خودا چاپکراوە
5- خۆشەویستی سەرەوەر چاپکراوە.
6-دادگەری کۆمەڵایەتی لەنێوانی بەدروشم کردن و پیادەکردندا. چاپکراوە
7- لە ڕوانگەی ڕێبازی ئەهلی سوننەت و جەماعەتدا ( 13) ئەڵقە بڵاوکراوەتەوە.
8- هەنگاوێک بەرەو پاراستنی یەکڕیزی مەسوڵمانان.
9- بەرگی یەکەمی دیوانی ئەحسەن.
10- قەصری عاریفین (ئەزهەری کوردستان) . [1]