ناو: ئەحمەد
نازناو: حەمە ڕەشاش- ئەحە ڕەشاش
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #چیاچەمەری# شارەدێی #شوان#
$ژیاننامە$
حەمە ڕەشاش
لەناو هاوڕێ شیوعیەکانی بە شەهیدی زیندوو ناسراوە،
حەمە ڕەشاش لە 1979 لە گوندی چیاچەرمی ڕوودەکاتە شاخ و پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەی لقی شوانی حزبی شیوعیەوە دەکات،
حەمە هەر زوو دەبێتە هاوڕێیەکی خۆشەویست لەنێو دڵی هاوڕێکانیدا، ڕەوانشاد مام جوامێری فەرماندەی لقی شوان دەڵێت: لە گوندی #مەرگە# بووین سوپاو جاش پەلاماری گوندەکەیاندا، ئێمەش چووینە پێشەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەیان. بەڵام حەمە ڕەشاش بە ڕەشاشە قوورسەکەی سەر شانیەوە لە پێشەوەی هەموومان بەڕاکردن بەرەو پێشەوەی دوژمن هەنگاوی دەنا، دوای شەڕەکەو کشانەوەی دوژمن خەڵکی گوندەکە دەیانووت. دایک بەقوربان ئەحە ڕەشاش بێت بەو ڕەشاشە قوورسەوە لەپێشەوەی هەموو پێشمەرگەکانەوە هەنگاوی دەنا بۆ پێشگرتن لە سوپای دوژمن، ئیدی لە گوندی مەرگەوە ناونرا ئەحە ڕەشاش بەڵام دواتر هاوڕێیان گۆڕییان بە حەمە ڕەشاش.
لە 20-40-1982 لە شەڕی #داستانی گوندی بۆڵقامیشی کۆیە# حەمە ڕەشاش پەنا بەرد و تاوێرە شاخەکانی بەرزاییەکانی گوندی بۆڵقامیشی کردبووە سەنگەری ڕوبەڕوبوونەوەی کۆپتەرەکانی دوژمن و ئاسمانی بۆڵقامیشی لێکردبوون بەئاگر، تا توانی بە عەفارۆفەکەی ڕوبەڕوی کۆپتەرەکانی دوژمن بۆوە و نەیدەهێشت ئامانجەکانیان بپێکن، حەمە لەوێ بریندار دەبێت بەڵام بەردەوام دەبێت لە شەڕ و بەرگری تا پاشنیوەڕۆیەکی درەنگ و وەستانی عەفارۆفەکەی، بەوەستانی عەفارۆفەکەی حەمە ڕەشاش کۆپتەرەکان ئامانجەکانیان بەئاسانی دەپێکن.
حەمە ڕەشاش بەهۆی ئەوەی خوێنی زۆر لێ دەڕوات لەهۆش خۆی دەچێت. دواتر بەبرینداری دەکەویتە دەستی دوژمن و بەدیلی دەستگیر دەکرێت،
دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەو چارەسەرکردنی، حەمە دەکەوێتە بەر دڕندەترین شێوازی ئەشکەنجەی جەلادەکانی بەعس، بۆ ئاشکراکردنی شانە و ڕێکخراوە نهێنییەکانی حزب،
بەڵام حەمە ڕەشاش دەبێت بە کێوێکی بەرز لەبەرانبەر جەلادەکان و تۆزقاڵێکی دڵیان خۆش ناکات و نهێنییەکانی حزب ئاشکراناکات، دوای دادگاییکردن حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام دواتر بەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت.
دوای ئازادکردنی هەمیشە بیری لای هاوڕێکانی و درێژەدان بەخەبات دەبێت، بۆیە جارێکی دیکە چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتەوە شان لە لقەکەی خۆی لقی #شوان# ،
دوای ئەنفال حەمە ڕەشاش وەک هەڵۆ لە لوتکە بەرزەکان دەگیرسێتەوە، ئا لەو ساتانەدا هەواڵ دەگەیەنرێتە حەمە کە یەکێک لەمنداڵەکانی لەلایەن هاووڵاتییەکی عەرەبەوە بە ڕووداوێکی ئوتۆمبێل گیانی لەدەست داوە و هاووڵاتییەکە دەستگیرکراوە و لە زیندانە، بەڵام حەمەی مرۆڤ دۆست دەستبەجێ لەهاووڵاتییەکە خۆش دەبێت و داوا لەکەسوکاری خۆی دەکات ئازادی بکەن.
لە ڕاپەڕین حەمە ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا لەڕزگارکردنی بەشێک لەشارەکانی کوردستان بەتایبەتی لەڕزگارکرنی شاری #کەرکووک# ، هاوڕێ حەمە لەڕزگارکردنی کەرکووک فەرماندەیی ئەو هێزەی حزبی دەکرد کە یەکەم شەو لە گەڕەکی #ڕەحیماوا# وە هاتنە کەرکووکەوە و ناویان لێنرابوو هێزی فیداکاری، لە 1995 کاتێک دەنگۆی ئەگەری ئەنجامدانی کودەتا لە بەغدا هاتە ئاراوە و هێزی پێشمەرگەی لایەنەکان ئامادەکاریان کرد بۆ ڕزگارکردنی شاری کەرکووک، حەمە ڕەشاش وەک فەرماندەیەکی شارەزا لە شەڕی دژ بە بەعس و وەک هاوڕێیەکی چاوانەترس چەکەکەی کردەوە شان، هەرکاتێک حزب کەوتبێتە تەنگانەوە حەمە ڕەشاش بەر لە هەموو هاوڕێیان بەدەنگی حزبەکەیەوە چووە.
حەمە ڕەشاشی شەهیدی زیندو خۆشەویستی نێو هاوڕێکانێتی و لەنێو خەڵکیشدا حەمە ڕەشاش جێگاو مەکانەتی تایبەتی خۆی هەیە، هەمیشە پیاوێکی قسەخۆش و دەست و دڵ پاک و مرۆڤ دۆستە. [1]