ناونیشانی بابەت: #لەیلا قاسم#، جان دارکی کورد
ئامادەکردن: #ژیان جەلال#
لە مێژووی گەلانی جیهاندا، کەمن ئەو کەسانەی بوونەتە ڕەمزی فیداکاریی وهێمای شۆڕشگێڕیی و سمبولی مقاوەمەت و بەرگری لە خاک، بوون بە پێناس و ئایکۆنێکی جیهانی و ناو و خەباتیان سنوورەکانی دونیای بڕیوە و بوونەتە سەرمایەیەکی مەعنەوی بۆ نەتەوەکەیان و تەواوی مرۆڤایەتی.
گیانی بەرخۆدان و تەحەدی بۆ خاک و نیشتمان، یەک لە پیرۆزترین بیروباوەڕەکان وپڕشکۆترین مەرتەبەی وێستگەی ژیانی مرۆڤە، ئەگەر گوزەرێک بە ئەرشیف و مێژووی شۆڕشگێڕەکانی جیهاندا بکەین، زۆرێک لەو خەباتگێڕو گیانفیدایانە ئافرەتن، وەڵامێکی بنبڕن بۆ ئەو عەقڵیەتانەی وێنای ژنیان لاواز بەدیار خستووەو لەدەرەوەی مەودای خەباتی شۆڕشگێڕی و ڕزگاریی نەتەوەیدا هەژماریان کردووە.
لەئەفسانەی یۆنانییە کۆنەکاندا خێڵێک هەبوون لەکچانی جەنگاوەر بەناوی “ئەمازۆن” شاژنی خێلەکە ناوی” پینسیسیلیا “بووە کە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە بەرگری لە خاکەکەیان، ئازایەتی کچانی ئەمەزۆن ناو و دەنگێکی زۆری هەبووە.
یەکێک لەپاڵەوانەکانی نیشتمانیی فەرەنسا “جان دارک “ە کە مێژوویەکی زێڕینی بۆ گەلەکەی تۆمارکردووە و ناوی بە شکۆوە ماوەتەوە، “جان دارک”کە کچە جوتیارێکی هەرزەکارە لە دایکبووی 1412 ی فەرەنسایە، پاش ئەوەی فەرەنسا ڕوو بەرووی داگیرکاریی بەریتانییەکان بووەوە کە بە جەنگی “سەد ساڵە” ناسراوە، ساڵی 1415 فرەنسا دووچاری شکستێکی گەورە دەبێت وبەشێکی زۆری خاکەکەی دەکەوێتە ژێر ئینتیدابی ئینگلیزەکان.
“جان دارک” کە تەمەنی تەنیا هەژدە ساڵە، گڕی فیدایی بۆ نیشتمانەکەی لەهەناویدا دەکوڵێت، داوای بینینی پاشا”تشارلز”ی حەوتەم دەکات، داوای لێدەکات کە ڕێگەی پێبدات سەرکردایەتی بەشێک لە سوپاکەی بکات بۆ ڕزگارکردنی خاکی فەرەنسا، پاش ئەوەی پاشا ڕازی دەبێت یەکەم سەرکەوتنی “جان دارک” ڕزگارکردنی شاری “ئۆرلیانز”بوو لەچنگ ئینگلیزەکان، ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی لەم تەمەنە بچووک و ماوە کەمەدا، دەبێتە جێی سەرسوڕمان، هەر بۆیە تۆمەتی ساحیربوون دەدەنە پاڵی.
دواجار لە یەکێک لەهێرشەکانی بۆسەرسوپای دوژمن بەدیل دەگیرێت و، لە دادگایەکی ئایینی دادگایی دەکرێت بەتاوانی فریودان وسیحرکردن، لە30ئایاری 1431حوکم دەدرێت بە سووتاندنی بەزیندووی.
پاش چەندین ساڵ لە1920 لەلایەن کڵێسەی کاسۆلیکی ڕۆما بەبێتاوان لەقەڵەم دەدرێت لەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی پلەی “قدیس” ی پێ دەبەخشرێت. قدیس “جان دارک” بووە ڕەمزی شۆڕشگێڕی فەرەنسا و سەرچاوەی ئیلهامی چەندین شیعرو نووسین وشانۆو سینەما، هەموو ساڵێک لە 30ئایار جەژنی تایبەت بۆ یادکردنەوەی بەڕێوەدەچێت.
شۆڕشی جەزائیریش “جمیلە بوحیرد” ی شۆڕشگێری بەخۆیەوە دیوە.”جەمیلە ” لە دایکبووی ساڵی 1935 ی جەزائیرە، لە تەمەنی 19 ساڵی پەیوەندی کردووە بە “بەرەی ڕزگاریی نیشتمانی جەزائیر “دژی داگیرکەری فەرەنسی.
پاش ئەنجامدانی چەندین ئەرک لە دژی فەرەنسییەکان، بەتاوانباری ژمارە 1 داواکراوە لەلایەن فەرەنسییەکان، سەرئەنجام لە کردەیەکدا لە 1957 بەبرینداری دەکەوێتە دەست فەرەنسییەکان وڕووبەڕووی توندترین ئەشکەنجەو ئازاردان دەبێتەوە. بریاری لەسێدارەدانی بۆ دردەچێت بەڵام لەژێرفشاری نەتەوە یەکگرتووەکان و ناڕەزایەتی گشتی سزاکەی گۆڕاوە بۆ زیندانی.
پاش 5ساڵ لە زیندان سەرئەنجام لە 1962 لەپڕۆسەی ڕزگاری جەزائیر ئازاد دەبێت. تا ئێستاش بە ڕەمزی مقاوەمەت وشۆڕشگێڕی جەزائیر دادەنرێت.
بوکی کوردستان نازناوی “لەیلاقاسم “ی کچە شۆڕشگێڕی کوردستانیش لەڕیزی ئەو ئازایخوازانەیە کە هەرزوو لە تەمەنێکی لاوێتیدا عەشقی نیشتمان گیان و هەناوی لەیلا دەتەنێت وبڵێسەی ئاگری بەگژداچوونەوەی جەوروستەم ونادادیی داگیرکەر کڵپە دەدات وخۆیی ئاوێزانی ئەوعەشقە قوڵە دەکات.
لەیلا لەدایکبووی 1952 ی خانەقینە، لە ساڵی 1970لە تەمەنی 20ساڵیدا پەیوەندی دەکات بە ڕێکخستنەکانی شۆڕشی ئەیلول لە ڕێگەی “ی، ق، ک”، لەیلاو شانەکەی لەگەڵ چوار هاوەڵی بەوپەڕی گیانی لەخۆبردووی ونەفەسی کوردانە متمانەی سەرکردایەتی شۆڕش بەدەستدەهێنن و ئامادەی هەموو قوربانیدانێک دەبن.
مخابن لەیلاو شانەکەی دەستگیردەکرێن و ڕاپێچی زیندان دەکرێن، ئەشکەنجەو ئازاردان وتوندوتیژی بەعس سازش وپەشیمانی بەلەیلا ناکەن، سەرەنجام بریار دەدرێت بە لەسێدارەدانیان لە12-05-1974، لەیلا بەدڵێکی پڕ لەئەوین بۆ خاک، بە چاوێکی ڕوو لەئاسۆی هەڵاتنی خۆری ئازادی وڕزگاریی کورد، بەهزرێکی لێوڕێژ لە باوەڕیی کوردایەتی، بەسەرێکی بڵندوپڕلەفەخر، بەئیرادەیەکی پۆڵاین، بەبەرگی کوردی و بەدەم خوێندنەوەی سروودی ئەی ڕەقیبەوە پەتی سێدارە لەگەردن دەکات.
ئەوپەتە لای ئەو گەردانەو ملبەندە، مادەم سەری فیدای کوردستان بێت، بۆئەبەد ڕۆحی ئاوێزانی نیشتمان دەکات، لەپاش خۆی شانازییەک بەجێدێڵێت کە وشە گوزارشتی لێناکات وپێنووس دەستەوەسانە لەنووسینەوەی، ئەو ترۆپکی هەستی نیشتمانپەروەریمان نیشان دەدات وئیلهامی خۆبەختکردن وئەوینداری بۆخاک وگەل لە هزری لاوەکانمان دەچێنێت، دەیان وسەدان لەیلای تر لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات وڕۆژاوا درێژەپێدەری خەباتەکەین و لەیلاکان نامرن ولەدڵی میللەتدا دەژین.
لەیلای ڕۆحفیداو جەنگاوەر، سیمبولی بەرخۆدان، داستانی عەشقی خۆیی و کوردستانی بەم جۆرە نووسییەوە، بوێریی وقارەمانی کچە کوردی بەم جۆرە بەجیهان ناساند وەک ئەوپەندە کوردییەی دەڵێت:”شێرهەرشێرە ، چ مێیە چ نێرە”. [1]