ناونیشانی بابەت: ئۆریانتالیزم زانست یان هەژموون
ئامادەکردن: #ژیان جەلال#
دەربارەی زاراوەی “ئۆریانتالیزم” و کەسی “ئۆرینتالیست” و مێژووی سەرهەڵدانی ئەم چەمکە بیروڕای جیاواز هەیە. لەسادەترین دەربڕیندا “ئۆریانتالیزم” بریتییە لەزانستی توێژینەوە لەخۆرهەڵات، بەڵام بەپێی قۆناغە مێژووییەکان گۆڕانکاری بەسەر ناوەرۆکی ئەم چەمکەدا هاتووە، ئۆریانتالیزم تەنیا زانستێک نییە بۆ توێژینەوە لە خۆرهەڵات، بیرمەند و خۆرهەڵاتناس (ئیدوارد سەعید) لە پەڕتووکە بەناوبانگەکەی بەناوی (ئۆریانتالیزم) کە لە ساڵی 1978بڵاویکردەوە پێی وایە ”ئۆریانتالیزم وتاری باڵادەستی و هەژموونی خۆراوایە بەسەر خۆرهەڵاتدا”
بوونی ئاڕاستەی جیاواز لەناساندنی ئەم چەمکە، دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی کە پێویستە بە میتۆدێکی زانستی خوێندنەوە بۆ ئەم چەمکە بکەین، دوور لەلایەنگیری، واتە ئۆرینتاڵیزم دەشێت هەر دووحاڵەتەکە بێت، لەلایەک زانستێک بێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدۆکیۆمێنتکردن، ڕەنگە خۆرهەڵاتییەکان خۆیان ئەوەندە خزمەتیان بە مێژوو و کولتووری خۆیان نەکردبێت، ۆلەهەمانکاتدا هۆکارێک بووە بۆ بەریەککەوتنی شارستانییەتی نێوان خۆراواو خۆرهەڵات، ئەم جیاوازی بیروڕایە بۆ کەسی خۆرهەڵاتناسیش (ئۆریانتالیست) هەمان شێوەیە، ئەگەر بەتەنیا بەو زانایانە بوترێت خۆرهەڵاتناس کە توێژینەوەی زانستییان لەم ناوچەیە کردووە، ئەوا مافی ئەو کەسانە پێشێل دەکەین، وەک بازرگان و گەڕیدە و گەشتیار و وێنەکێش و هەواڵگریی و خوێندکار، هاتوونەتە ئەم ناوچەیە و زانیارییان کۆکردووەتەوە، نموونەی (مارکۆپۆلو ، دێلاکروا…) ، هەروەها کەسانی ئایینیش چوونەتە خۆراوا لەناوەندە مەعریفییەکانی ئەوێ خوێندویانە، زانیاری باشیان گەیاندۆتە خۆراوا.
(محەمەد ئارکۆن) ئەو بیرمەندەی دیدێکی مەعریفی و ڕەخنەگرانەی هەیە بۆ پەیوەندی نێوان خۆراوا و خۆرهەڵات. لەبارەی مێژووی سەرهەڵدانی خۆرهەڵاتناسی دەکەوینە بەردەم چەندین بیروڕای جیاواز، چونکە بابەتێکی پنت فراوان و فرەشوێنە، هەندێک مێژووەکەی دەگەڕێیننەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی یازدە، هەندێکی تر دەیگەڕێننەوە بۆ بڕیارێکی مەجمەعی کڵێسەی ڤییەننا لە ساڵی 1312 ، هەندێکی تر دەیگەڕێننەوە بۆ سەدەی دوانزە، کە قورئان وەرگێڕدراوە بۆ لاتینی و یەکەم فەرهەنگی (لاتینی عەرەبی) یش دەرکەوتووە، هەندێکی تر دەیگەڕێننەوە بۆ قۆناغی ڕیفۆرمی ئایینی لەئەوروپا. مەکسیم ڕودنسون دەڵێت “وشەی خۆرهەڵاتناس لە ئینگلتەرا لە ساڵی 1779دەرکەوتوون، هەروەها وشەی (ئۆریانتالیزم) لە فەرەنسا لە1799 دەرکەوت. هەڵسەنگاندن بۆ “ئۆریانتالیزم”، دوو ئاڕاستە لەخۆدەگرێت، ئاڕاستەیەک دیدێکی نێگەتیڤی هەیە بۆ ئەم چەمکە، پێی وایە “ئۆریانتالیزم هۆکارە بۆ تووندکردنی گرژی و بەریەککەوتنی نێوان ئەم دوو جیهانە، ئاڕاستەی دووەم پێی وایە “خۆرهەڵاتناسی ڕۆڵی هەبووە لە پەیوەندی ئاشتییانەی خۆراوا و خۆرهەڵات. ئەو ئاڕاستەیەی دیدێکی نێگەتیڤی هەیە بۆ “ئۆریانتالیزم” پێی وایە پلاندانانی خۆراوایە دژی خۆرهەڵات و بەتایبەتیش جیهانی ئیسلامی، شەڕی بەریەککەوتنی کولتوری درووستکردووە، هەروەها بە تەوژمی کۆلۆنیالیزمی خۆراوا دەزانرێت.
بەڵام لەهەمانکاتدا؛ ڕاستییەک هەیە لەناو خۆرهەڵات و جیهانی ئیسلامیدا، ئایدۆلۆژیایەک بوونی هەیە پڕۆژە و دەستکەوتەکانی خۆراوا ناشرین دەکات. گرفتێکی تری بەرەی ڕەخنەگران ئەوەیە؛ پێیان وایە “وتاری ئۆریانتالیزم وتاری سێنترالیزمی خۆراوایە، بیریارێکی وەک “ژاک دێریدا” ڕەخنەی تووند لە سێنترالیزمی خۆراوایی دەگرێت کە پێی دەوترێت (ئێرۆسێنترالیزم) واتە سێنترالیزمی ئەورووپا. لەناو ئەم دوو ئاڕاستە جیاوازە، ئاڕاستەیەکی تر هەیە کە “فرید هالیدای” پێی وایە پێدانی ڕۆڵی ڕەهای پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ بە ئۆریانتالیزم لەلایەن کەمینەیەکەوەیە، نەک هەمووان، لەبەرئەوەی ناکرێت سوودەکانی بۆ خۆرهەڵات و جیهانی ئیسلامی بەهەند وەرنەگیرێت، لەبارەی ساغکردنەوە و کۆکردنەوەی تێکست و دەقە ئیسلامییەکان، هەروەها تابلۆو کارە هونەرییەکانی هونەرمەند و گەڕیدەکان بایەخی گەورەی هەبووە لەناساندنی خۆرهەڵات. لەلایەکی تر؛ وەزیفەی “ئۆریانتالیزم” توێژینەوەیە لەسەر کولتوور و ناسینی کولتووری خۆرهەڵاتە لە هەموو پنتەکانی (ئایین، زمان، دابوونەریت، ئەتنۆگرافیا…) .
بۆ ناساندنی چەمکی کولتوور، تا ئێستا نەتوانراوە پێناسەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنی بۆ بکرێت، “ئیدوار تایلۆر”پێی وایە کولتوور”ئەو گشتە ئاڵۆزەیە، فرە ناوەندە، زانست و هونەر بیرۆکە و یاسا و دابوونەریت و سووننەتەکان دەگرێتەوە”.هەندێکی تر پێیان وایە؛ کۆمەڵێک ڕەفتار و ڕەوشی کۆمەڵایەتی ناوکۆمەڵگەیە، وەک زمان، جلوبەرگ، هونەر، زانست ڕێوڕەسم، ترادیسیۆن. ئایینیش وەک بەشێک لەکولتوورلەدیدی خۆرهەڵتناسانەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە، ئایینی ئیسلام و خوێندنەوە بۆ فکری ئیسلامی زۆرترین بەریەککەوتنی لێ بەرهەم هاتووە لەنێوان خورئاوا و خۆرهەڵاتدا، دەکرێت بڵێین؛ زۆرترین سەرنج و ڕەخنەکان لەئۆریانتالیزم بنەماکەی ڕەگەکەی ئایینی بووە. [1]