ناونیشانی بابەت: پانتورکیزم
ئامادەکردن: #ژیان جەلال#
پانتورکیزم، بەو ئایدۆلۆژیایە دەوترێت کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە تورکیا سەریهەڵدا و گەشەی کرد، بەتایبەتتر، لەناو تورکە نەژادەکانی ڕووسیا، کە ڕۆڵی هەبوو لە خوڵقاندنی جۆرە ناسیۆنالیزمێکی نوێ لە تورکیا. پان-تورکیزم، ئەو مەیلە فراوانخوازییەیە کە ئامانجی سەرەکیی هەوڵدانە بۆ درووستکردنی یەکێتییەکی کولتووری یان ماددی یان هەردووکیان، لەنێوان ئەو کەسانەی کە ڕەچەڵەکیان تورکە، لە ناوەوە یان دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا دەژین.
جیاوازیی نێوان پانتورکیزم و تورانیزم، هەندێکجار (پانتورانیزمی) پێ دەوترێت، ئەوەیە کە تورانیزم، نزیکخستنەوە و یەکگرتنی هەموو ئەو کەسانەیە کە گومان دەکرێت ڕەگ و ڕیشەیان بچێتەوە سەر توران، ناوچەیەکی خەیاڵی و بەهەشت ئاسایی دەشتەکانی ئاسیای ناوەڕاستە، بەپێی بەڵگەنامە تورکییەکانی ساڵی 1832 لە خانەکانی خوقەند، توران لەسەردەمە جیاوازەکان بە نۆبەت، بە تورکستان، تاتارستان، ئۆزبەکستان و مەگۆلستان دەگوترا. توران لە ڕۆژهەڵاتەوە چین، لە باشوورەوە؛ تبت، هیند، ئێران، لە ڕۆژاوا دەشتەکانی قەبچاق و دەریای قەزوین دەورەدراوە، تورانیزم لەپانتورکیزم فراوانتربووە کە خەڵکانی (هەنگاری و فنلەندیی و ئستۆنییەکانیش) دەگرێتەخۆی، ئەم بیرە توانی زۆرێک لە پانتورکیستەکان بۆلای خۆی ڕابکێشێت.
“ئارمینۆس ڤامبری” ئەو گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسە جووە بوو، کە بۆ یەکەمجار زاراوەی توران و پانتورکیزمی بەکارهێنا، ڤامبری، لە پەڕتووکی “گریمانەکانی ئاسیای ناوەڕاست کە لە ساڵی 1868دا بڵاو بووەوە بۆ تورانییەکانی تەرخانکرد، بەڵگەشی ئەوەبووە کە گشت گرووپە تورکییەکان سەربەیەک نەژادن، بەم جۆرە نەخشەڕێژیی بۆئیمپراتۆرییەکی پانتورکی کرد، کە دەسەڵاتی عوسمانی دەتوانێت لەکەناری ئەدریاتیکەوە تا چین دایبمەزرێنێت، ئەنادۆڵ و ئازربایجان و تورکمان، ئۆزبەک، قەرقیزو تاتارەکان، دەتوانرێت پێکەوە گرێبدرێت و ئیمپراتۆرییەکی گەورەی لێ دابمەزرێت. دواتر ڤامبری لە قسەکانی پاشگەزبووەوە، ئەم دیاردەیەی بە خەیاڵ وبێ بنەما لەقەڵەمدا.
دەسەڵاتخوازیی دوو جۆرە؛ میانڕەو، ئەم جۆرە بەرگری دەکات لە گرووپی هاوڕەگەز، بە مەبەستی پاراستنی لەمەترسی تواندنەوە، تووندڕەو، ئەم جۆرەیان لە هەوڵی دەستخستنی ئەو خاکەیە کە گرووپی هاوڕەگەزی خۆی تیا دەژین. سەرهەڵدانی هۆشیاریی نەتەوەیی لەناو گرووپە تورک نەژادەکانی ڕووسیا هۆکارێکی گرنگ بوو لە پەیدابوونی پانتورکیزم لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەی عوسمانیدا، پاشان هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتیش بووە هۆکاری یەکگرتنەوەی هەموو تورک نەژادەکان کە لە سنووری یەکێتی سۆڤیەتدا بوون.
بوونی گرووپە تورک نەژادەکان لە ڕووسیا زیاتر لە 13 میلیۆن بوو، لەکۆی 125 ملیۆن لە دانیشتووان. گرووپە تورک نەژادەکانیش لەم گرووپانە پێکدەهاتن، تاتارەکانی ڤۆڵگا، تاتارەکانی قەرم، قۆزاقەکان، تورکمانەکان، ئۆزبەک، قەرقیز و ئازەرەکان بوون کە هەموویان مسوڵمان بوون. تاتارەکان یەکەمین ڕێبەرانی بیری پان تورکیزم بوون، بەو پێیەی ماوەیەکی درێژبوو کەوتبوونە بەر گوشاری کریستیانی بوون لەڕووسیا.
بوونیادنانی زمانێکی هاوبەش، یەکەمین هەنگاو بوو کە ناسیۆنالیستانی تاتار پەنایان بۆبرد، بەتایبەت (ئیسماعیل گاسپەرینسکی) ، لە بواری چاکسازیی لە زمان و چالاکی ڕۆژنامەگەریی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، ڕۆڵێکی باڵای هەبوو، هەروەها (یوسف ئاقچۆرا) ی تاتاریش دادەنرێت بە نفووزترین بیریارانی پانتورکیزم. پانتورکیزم؛ لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتیدا بەدیارکەوت، بەوپێیەی کە ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی عوسمانی پان ئیسلامیزم بوو، بەڵام ڕەوتی ڕووناکبیران و ناسییۆنالیستیی دەستیان بەپرسیارکردن کرد لەبارەی شووناسەوە، واتە دوو ئاڕاستەی جیاواز هەبوون (ناسیۆنالیزمی عوسمانیگەرا، ناسیۆنالیزمی تورکگەرا) ، پاش ڕووخانی ئێمپراتۆرییەتەکە و دامەزراندنی کۆماریی تورکیای نوێ لە1923، ئەتاتورک واتایەکی نوێی بۆ ناسیۆنالیزمی کۆمارەکەی دۆزییەوە. لەدوای جەنگی جیهانی دووەم، پانتورکیزم ڕووبەڕووی ڕەخنەیی زۆر بووەوە، کە پانتورکیزمییان وەک خەیاڵێکی ڕۆمانتیک لەقەڵەم دەدا، فراوانخوازی دەرەکییان وەک گرفت دەبینی، بە پانتورکیستەکانیان بە توانجەوە، دەگوت تورانیی!.
پانتورکیستەکان سوودیان لەم هەلە وەرگرت و بوونە هاوکاریی نازییەکان لە ئەڵمانیا، گرووپی تاتارەکان لەگەڵ ڕێکخراوی گاردی ئاسنین کە سەر بە نازییەکان بوو بوونە هاوکار، بە جۆرێک چوار ڕۆژ پێش هێرشی هیتلەر بۆ سەر یەکێتیی سۆڤییەت لە 18ی حوزەیرانی 1941، (پەیماننامەی دۆستایەتی) دە ساڵەی تورک وئەڵمان لە ئەنقەرە مۆرکرا.
(تورکان ئاتسیز) یەکێکە لەو پانتورکیستە چالاکانەی لە پەڕتووکێکیدا، پانتورکیزم بە (ناسیۆنالیزمی تورکی) لە قەڵەمدەدا، کە ئامانجی ( یەکێتییەکی نەتەوەییە) ، بە کۆکردنەوەی 65 ملیۆن تورکی هاوخوێن، هاوزمان، هاودین، هاومێژوو، کولتوور. هەروەها (ئەلهان ئەگمەن) کە خاوەنی مانگنامەی” گورگە بۆر” بوو، دروشمەکەی” نەژادی تورک لە هەموو نەژادەکان باڵاترە”. دواتر لە ساڵی 1962، پانتورکیستەکان (ئەنجوومەنی پانتورکیستەکان) یان لە ئیستەنبوڵ دامەزراند، بەئامانجی بەهێزکردن و پەروەردەکردنی هەستی پانتوورکی، لە ساڵانی 1980 بە دواوە، پانتورکیزم وەک دیاردەیەکی فراوانخواز شکستی هێناو بەرەو ئامانجێکی تری میانڕەو هەنگاوی نا، کە هاوکاریی و پاڵپشتییە، لەنێوان هەموو تورک نەژادەکان. [1]