ناونیشانی بانەت: قۆناغێکی دیکەی بەعەرەبکردن لە کەرکووک
ئامادەکردن: #ئەسرین عاسی شوانی#
سەرەتای بەعەرەبکردن دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپریاتۆرییەتی عوسمانی و لەسەر دەستی مەدحەت پاشا ئەنجام درا، کە ژمارەیەک عەرەبی کۆچەر و حوشتر و مەڕلەوەڕێنی لە حەویجە جێنشین کرد، کە لە ناوچەکانی باشووری کەرکووک بەدوای لەوەڕگە و پاواندا دەگەڕان بۆ مەڕووماڵاتیان.
مەدحەت پاشا لە چوارچێوەی (پەرەپێدانی کشتوکاڵ و بڕەوپێدانی کشتوکاڵی!) ئەو عەرەبە کۆچەرییانەی هێنا و لە ناوچەکە نیشتەجێی کردن، بەڵام وەک مێژوونووسان دەیڵێن ئەو هەنگاوە هیچ مەبەستێکی سیاسیی لە پشتەوە نەبوو، جگە لە هەنگاوی بە کشتوکاڵکردنی ناوچەکە و جێنشینکردنی ئەو عەرەبە کۆچەرییانە، ناوچەی حەویجە و دەوروبەریشی زەوییەکی بەپیتی کشتوکاڵیی هەبوو، تا ئەو کاتە هیچ سوودێکی لێ نەبینرابوو. بەڵام هەر لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقی عەرەبییەوە، لەسەر دەستی ڕژێمەکانییەوە ناوچە هەستیار و دەوڵەمەندە بە نەوتەکانی کوردستان وەک کەرکووک و دەوروبەری، لە سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە کەوتنە بەر شاڵاوی بەعەرەبکردن و هەنگاوبەهەنگاو زیاتر پەیڕەویان دەکرد، بەتایبەت دوای ئەوەی بەعسییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، پڕۆسەی بەعەرەبکردنیان بە شێوەیەکی زۆر ڕێکخراو خستە بەرنامەی کاری خۆیانەوە، ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەکانیان لە کورد چۆڵ کرد و عەرەبیان لە شوێنیان نیشتەجێ کرد.
لەو پڕۆسەیەشدا گەورەترین توانای خۆیان خستە گەڕ بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان و کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی کەرکووک، کە زۆربەیان کورد بوون دەرکران و عەرەبی هاوردەیان لە شوێنیان دامەزراند، زەویی کشتوکاڵیی جووتیارانیان لەسەر عەرەبە هاوردەکان تاپۆ کرد و خاوەنە ڕەسەنەکانیان، کە کورد بوون و تاپۆی ڕەشی سەردەمی عوسمانییان هەبوو، بێ زەوی و ماڵ و موڵکیان کردن و وەدەریان نان. واتا بەعس بە شێوەیەکی زۆر ڕێکخراو دەستی بە پڕۆسەی بەعەرەبکردنی ناوچەکە کرد و زۆرترین توانای سەربازی و لوجستیشی خستە خزمەتی مەرامەکانیەوە، بۆ بەئەنجامگەیاندنی خەونە گڵاوەکانی، جگە لەوەش، پشتێنەیەکی ئەمنیی سەربازیی لە ناوچەکە درووست کرد، بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکان و سەدان کیلۆمەتری لە ناوچە کوردییەکان چۆڵ کرد و کردییە سەربازگە و قەدەغەی هاتوچۆی کوردی لێ ڕاگەیاند، ئەم پڕۆسەیەش لەلایەن سەرانی بەغدا بەردەوام چاودێریی دەکرا و نوێ دەکرایەوە، تا ڕووخانی بەعس و پێچانەوەی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی.
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە، لە ئێراقی نوێ و فیدڕاڵیدا، کە کورد بەپێی دەستوورەکەی هاوبەشە لە حوکمڕانیکردنی، بەعەرەبکردن هەر بەردەوامە و بە شێوەیەکی چڕتر ئەوەی بەعس پێی تەواو نەکرا، سەرکردە عەرەبە چاوڕەشەکانی دوێنێی دۆستی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ، خەریکی پلانگێڕانن و لە جێبەجێکردنی بەرنامەی بەعسدان. [1]