ناونیشانی بابەت: هەشتی مارس ئەو ڕۆژەی بە قوربانیدانی ئافرەتان درووست بوو
ئامادەکردن: #ئەسرین عاسی شوانی#
بەر لە هەموو شتێک، ڕووداوی هەشتی مارس، دەنگهەڵبڕینی ئافرەتان بوو بە ڕووی زوڵم و زۆری و ناعەدالەتی و پیاوسالاری لە هەمبەر ژنان. لە ڕۆژی 8ی مارسی ساڵی 1857، لە یەکێک لە کارگەکانی ڕستن و چنین لە نیویۆرک، ئافرەتانی ئیشکەری ئەو کارگەیە، بۆ زیادکردنی کرێی کار و کەمکردنەوەی کاتی کارکردن بۆ کەمتر لە 10 کاتژمێر، ڕژانە شەقامەکان و ناڕەزاییان دەربڕی، بەڵام لەبەرانبەر ئەو خۆپیشاندانەی ئافرەتانی کرێکاری کارگەکە، لە کاردانەوەی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و خاوەن کارگەکان، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەری ئافرەت لەلایەن پۆلیس و بە بڕیاری دەسەڵاتداران دەستبەسەر کران و ژمارەیەکیش کوژران و بریندار کران، تەنیا هۆکارەکەش ئەوە بوو، کرێکارانی ئافرەت داوای مافی خۆیان دەکرد، بەڵام ئەم هەنگاوی ناڕەزاییە بووە ڕۆژێکی پرشنگداری بزووتنەوەی ئافرەتانی جیهان و ڕۆژ دوای ڕۆژ دەسکەوتی زیاتر دەستەبەر دەبوو، تەنانەت دەسکەوتی بەشداریی سیاسییشی بەدوادا هات.
لە ساڵی 1910 لە شاری کۆبن هاگن لە دانیمارک، لەسەر ئەم بابەتە کۆنفراسێکی گشتگیر بەسترا، بۆ ئەوەی ڕۆژێک تایبەت بە ئافرەتانی جیهان دیاری بکرێت، ئەوە بوو لە ساڵی 1921، ڕۆژی 8ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ئافرەتان ناسێنرا و لەو ڕۆژەدا ئافرەتانی جیهان یادی دەکەنەوە و چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان دەکەن.
ڕۆژی جیهانیی ژنان، کە لە بنەڕەتدا تایبەتە بە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانی ئیشکەر، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لە ساڵی 1957 وەک ڕۆژێکی فەرمی و تایبەت بە ئافرەتان جێگیر کرا و لە زۆر وڵاتانیش لە ڕێکەوتی جیاجیا یادی دەکرایەوە، بەڵام دوای ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی 8ی مارسی ناساند، ئیتر ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان ناسرا و ساڵانە لە جیهاندا یادی دەکرێتەوە، چونکە وەک گوتمان، تا ناساندنی 8ی مارس وەک ڕۆژی ئافرەتان لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە، ئافرەتان بە جیا و لە کاتی جیاواز یادیان دەکردەوە، بەڵام ڕاپەڕینی ئافرەتانی کارگەی ڕستن و چنینی شاری نیویۆرک، وەک دەبینین بووە سەرەتایەک لە خەباتی ژنان لە هەموو جیهان.
لە ساڵی 1913 ئافرەتانی ئەمەریکا لە 28ی2دا یادی ئەو ڕۆژە مێژووییەی خۆیان کردووەتەوە، ئافرەتانی ڕووسیا لە ساڵی 1913-1917 خۆپیشاندانیان کرد و داوای ئەوەیان کرد، ژنانیش وەک و پیاوان مافیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبێت، بەردەوامیش بوون تا بەدەستهێنانی مافی هەڵبژاردن و حکوومەتی ڕووسیایان ناچار کرد ئەو ڕۆژەیان بۆ بکاتە پشووی فەرمی. لە ساڵی 1908جارێکی دیکە هەزاران لە ژنانی کارگەی ڕستن و چنینی نیویۆرک شەقامەکانیان هەژاند، بەڵام ئەم جارە ئاماژەی دەستەکانیان نانی ڕەق و گوڵ بوو، کە بە خۆپیشاندانی (نان و گوڵ) ناسرا و سەرەتایەک بوو بۆ دامەزراندنی بزووتنەوەی ژنان لە نیویۆرک، ژنانی ئەڵمانیا و دانیمارک و سویسرا و نەمساش چالاکیی تایبەت بە ئافرەتانیان دەست پێکرد، بەڵام دوای ناساندنی 8ی مارس بە فەرمی، ئێستا هەموو ئافرەتانی جیهان بە ئافرەتانی کوردستانیشەوە، لەو ڕۆژەدا وەک ڕۆژی تایبەت بە خۆیان یادی دەکەنەوە. بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی ئافرەتانی وڵاتەکەم دەکەم. [1]