ناوی شوێنەوار: گردی قەسرە لە عەنکاوە
گردی قەسرە یان تل قەسرە، یەکێکە لەو گردە شوێنەوارییە گەورەکان کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای قەڵای هەولێر، لە شارۆچکەی (عەنکاوە) ، کە نزیکەی 4 کم لە پارێزگای هەولێرەوە دوورە.
ئەم گردە شوێنەوارییەکە دەکەوێتە لای باکووری ڕۆژاوای عەنکاوە و لە ڕۆژهەڵاتی کڵێسای مارکۆرگیس، ڕووبەری ئێستای (واتا دوای دەستدرێژیکردنە سەری لەلایەن خەڵکی گەڕەک بە مەبەستی درووستکردنی خانوو و یەکەی نیشتەجێ بوون) ، نزیکەی 1250 مەتر چوارگۆشەیە بە شێوەیەکی بازنەیی، تیرەکەی نزیکەی 40 مەتر دەبێت، و لە ناوچەی تەنیشتەوە بەرز دەبێتەوە بە... نزیکەی 5 مەتر، لەگەڵ لێوارەکانی بە شێوەیەکی بەرز.
سەبارەت بە دەستدرێژی و زیادەرۆییەکانی سەر ئەم گردە دەبێ بڵێین: گردەکە وەک گۆڕستانێک بۆ ناشتنی مردووەکان تا ساڵی 1960 ز بەکارهاتووە، هەروەها بە مەبەستی درووستکردنی شەقام و کڵێسا و خانوو لە نزیک ئەم شوێنە مێژووییە، بەشێکی زۆری بەشی دامینەکانی گردەکە نەماوە جگە لە ناوچەیەکی بچووکی پەرژین کراو بە دیوارێکی کوورتی بەردین.
لە 9/18/1945 پشکنینی شوێنەواری لەسەر گردەکە ئەنجامدراوە و بە پێی زانیارییەکان گردەکە لە دوو گردی تەنیشت یەکتر پێکهاتبوو، هەروەها کڵێساکەی ئێستا لەسەر بەشێک لە گردەکە درووستکراوە، بەڵام ئێستا هیچ شوێنەواری گردەکەی تر دیار نییە و پێدەچی بە تەواوەتی تەخت کرا بێت.
$هەڵکۆڵینەکان لە تەل قەسرە$
لە ماوەی ساڵانی 2004-تا-2008، زانکۆی سەڵاحەدین- بەشی شوێنەوار کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری لەسەر ئەم گردە ئەنجامداوە. گرنگترین دۆزراوە شوێنەوارییەکانی ئەم گردە بریتین لە فڕنێک کە تیرەکەی 90 سم و بەرزی بەشەکەی کە دەمێنێتەوە 25 سم، هەروەها پاشماوەی دوو کۆگای گڵین بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵە، کە لە ئێسکەوە دوراون و سپۆلێکی عاج بە درێژییەکەی لە 13 سم، پاشماوەی سێ دامەزراوەی بیناسازی کە کەناڵێک (ڕێرەو) بۆ ئاوی قوورس لەژێر بناغە و نهۆمەکانیاندا دۆزرایەوە. بێجگە لەمانە گردی قەسرە شوێنێک بووە کە چەندین پارچە شوێنەواری گلێنە و بەردین تێیدا دۆزراوەتەوە، بەرزی دیوارەکان و هەبوونی حەوشە بۆ ماڵەکان و درووست کردنی کۆگا بۆ کۆکردنەوەی دانەوێلە و خوراکە وشکەکان بۆ زستان نیشانەی پیسکەوتن و بیرفراوانی خەڵکی ئەو سەردەم و ئەو گردەیە.[1]