ناونیشانی بابەت: جیابوونەوە وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی
ئامادەکردن: #لوقمان مستەفا ساڵح#
ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جیاوازە، بە گوێرەی ئامارەکان، ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان لە هەر چوار پڕۆسەی هاوسەرگیری، یەکێکیان بە جیابوونەوە کۆتایی پێهاتووە، ڕێژەی جیابوونەوەش زیاتر لە ناو شارەکاندا تۆمارکراون. لە ساڵی 2022 بەپێی ئامارەکانی دادگای باری کەسی سلێمانی، 16 هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارکراوە. نزیکەی 60%ی ئەو کوڕ و کچانەی هاوسەرگیریان کردووە، تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵ بووە. هەر بەپێی ئامارەکان لە پارێزگای سلێمانی، یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی هاوسەرگیریان کردووە، ژیانی هاوبەشیان بە جیابوونەوە کۆتایی پێهێناوە. بەپێی ئەو ئامارانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ژمارەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە زۆر بەرزبوونەتەوە و تاڕادەیەک نزیک بووەتەوە دوو بەرابەری ساڵانی ڕابردوو، ئەمەش، ڕێژەیەکی یەکجار زۆرە بۆ هەرێمی کوردستان و بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەکی زۆر بەرز بۆتەوە بەتایبەت لە بەراورد بە ڕێژەی گرێبەستی هاوسەرگیریی. بە گوێرەی ئەو داتایە بێت، ڕێژەی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی (30% تا 40%) بەرز بۆتەوە، هەر لەو بارەیەوە؛ یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلام بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2022دا، هەزار و 604 حاڵەتی تەڵاق لە هەرێمی کوردستاندا لەلایەن لیژنەی فەتواوە یەکلایی کراونەتەوە.
یەکێتییەکە ئاماژەیداوە؛ سەرجەم ئەو کێشە خێزانییانەی لە ساڵی ڕابردوو ڕوویانکردووەتە لقەکانی یەکێتی زانایان ئایینی سێ هەزار و 148 حاڵەت بوونە، لەنێویاندا ئەوانەی نەگەیشتوونەتە چارەسەر و بە تەڵاق کۆتاییدان هاتووە، بریتی بوونە لە هەزار و 604 حاڵەت. بۆ شارەزایی زیاتر و ئاگاداربوون لە چۆنێتی جۆری جیابوونەوەکان دەتوانین بۆ سێ حاڵەت پۆلێنی بکەین:- بەپێی مادەو دەقە یاساییەکان جیابوونەوەی نێوان ژن و مێرد سێ ڕێگە هەن بۆ جیابوونەوەیان، ئەویش ( الطلاق-التفریق -الخلع)
1- الطلاق:- جیابوونەوە، بریتییە لە ھەڵگرتنی کۆتی ھاوسەرگیری یاخود مافێکە لە مافەکانی پیاو لە گرێبەستی هاوسەرگیری کە هەر کاتیک ویستی دەتوانیت تەلاقی ھاوسەرەکەی بدات. دەکرێت بە ڕەزامەندی لە گریبەستی هاوسەرگیری ئەو مافە بە ژن بدرێت، واتە دەتوانێت تەڵاقەکە بەدەستی ژن خۆی بێت و بە خۆی طلاقەکەی بخات.
2- التفریق:- جیابوەنەوە لەرێی دادگاوە، جیابوونەوەی نێوان ژن و میرد لە ڕێگەی دادگاوە بەهۆی بوونی هۆکارێک لە هۆکارەکان کە بەردەوامبوونی ژیانی هاوسەرگیری ئەستەم بووە.
3- الخلع:- داماڵین، بە ڕێکەوتنی ھەردولا جیادەبنەوە، یان ژن تێیدا دەستبەرداری بڕێک یان هەموو مافە شەرعی و یاساییەکانی دەبێت بەرانبەر بە تەڵاقدانی.
ھەڵبەتە کۆمەڵناسان و یاساناسان بەشێوەیەکی وردتر لە بابەتی جیابوونەوە دەکۆڵنەوە و وەک بابەتێکی سەرەکیی بوارەکەیان تەماشای دەکەن، ئەگەر هاوسەرگیری پڕۆسەیەکی بەستنی پەیمانی کۆمەڵایەتی بێت یان گرێبەستێکی یاسایی ھاوسەرگیری بێت لەنێوان ژن و مێرد، بەگوێرەی ئەو شتانەی ئەو دوو لایەنە بڕوایان پێی هەیە، ئەوا جیابوونەوە بەمانای ڕزگاربوون و وازهێنانە لەو پەیمانەی کۆمەڵایەتییەی یا گرێبەستە ھاوسەرگیریەی کە لەنێوان ئەو دوو کەس هەبووە و لەم نێوانەدا خێزان ئەرکەکانی خۆی لە دەست دەدات و هەر یەک لە هاوسەرەکان بەگوێرەی ئەوەی خۆیان پێیان خۆشە ڕەفتار دەکەن و هیچ شتێک بە یەکەوەیان نابەستێتەوە.
پرسی جیابوونەوە یان تەڵاق لە ڕووی مرۆییەوە کۆمەڵێ لایەن و ڕەهەندی هەیە، لەلایەک دیاردەیەکی یاساییە کە لە ڕووی مافەوە تاوتوێ دەکرێت و شی دەکرێتەوە، لە لایەکی دیکە دیاردەیەکی ئابوورییە، ئەمە بەو مانایەیە کە خێزان وەک یەکەیەکی ئابووری لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە درووست دەبێت و ڕێژە و ئاستی داهاتی خێزان دەبێتە شتێکی گرنگن و بایەخی زۆری هەیە، بەڵام لە لایەکی دیکە جیابوونەوە دیاردەیەکی دەروونییە، لەبەرئەوەی کاریگەریی زۆر لەسەر دەروون و لایەنی سایکۆلۆژیی منداڵ و خێزان دادەنێت، هەروەها جیابوونەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییشە، چونکە هۆکار و زەمینە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵگەش لە ڕێگەی خێزانەوە بینا دەکرێت و لە ڕێگەی جیابوونەوەش ئەو بیناکردنەوە لەرزۆک و شێواو دەبێت. یاساناسان و کۆمەڵناسەکان هۆکاری زۆربوونی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵێ هۆکار دەگەڕێننەوە.
پێیان وایە هۆکارەکان لە ئێستا پەیوەندیی بە قەیرانی ئابوورییەوە هەیە، چونکە تا قەیرانی ئابووریی زیاتر بێت کاریگەریی لەسەر داهاتی خێزان دەبێت و ئەگەرەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان زیاتر دەبێت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتیی و دەروونیی هاوسەرەکان و منداڵەکانیان دەبێت. هەروەها یەکێکە لە هۆکاری جیابوونەوە لە ئێستادا بەهۆی خیانەتی هاوسەرییە، بەتایبەت لە سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە دەرفەتی هەڵخەڵەتاندن و فێڵ لێ کردن و خیانەت پێکردن زیاتر دەکات، ئەو کەیسانەی لە ئێستادا لە سەروبەندی جیابوونەوەدان زۆربەیان بەهۆی دوو ھۆکاری سەرەکیەوە ڕوو دەدەن، ئەوانیش:-
یەکەم:- دەستێوەردانی کەسی سێیەم لە ھەردوولا.
دووەم:- خیانەتکردن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
جگە لەوانەش، تێکەڵاوبوونی کولتووری بێگانەش یەکێکە لە هۆکارە کارتێکەرەکان، چونکە ئەو کولتوورە تازانە تووشی بەرکەوتن دەبنەوە لەگەڵ کولتووری گشتیی کۆمەڵگەی ئێمە، هەر بۆیە زۆربەی کات کاریگەریی لە هێنانەکایەوەی کولتووری دیکە دادەنێت. کاریگەرییەکانی جیابوونەوەی هاوسەران هەمەلایەنەیە، لە لایەک کاریگەریی لەسەر کەسایەتیی تاکی کۆمەڵگە درووست دەکات و منداڵی ئەو کەسانەی لەیەک جیادەبنەوە دەکرێ لە ڕووی کەسایەتییەوە تووشی ناڕێکی و پەشێوی ببنەوە، هەروەها کاریگەریی لەسەر بینای کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەش هەیە، چونکە خێزان یەکێکە لە یەکە کۆمەڵایەتییە هەرە گرنگەکان، جگە لەوەش، بە زیادبوونی جیابوونەوە، ئاساییشی کۆمەڵایەتیش دەکەوێتە بەر مەترسییەوە، بۆیە یاساناسان و کۆمەڵناسان پێیانوایە پێویستە حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان، هەتا زووە لێکۆڵینەوەی زانستی و ھەڵسەنگاندنی بارودۆخەکەبکرێت و ڕێگەچارەی گونجاو و ئەقڵانی بگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی ڕیژەی جیابوونەوە. [1]