ناونیشانی بابەت: دیاردەی چەکداری و سزای یاسایی
ئامادەکردن: #لوقمان مستەفا ساڵح#
ئەگەرچی پەڕڵەمانی کوردستان لە یەکەم خولی خۆیدا لە ساڵی 1992 یاسای قەدەغەکردنی چەکی دەرکردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو یاسایە وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدا تەواوی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەردەوام داوای قەدەغەکردنی ئەو دیاردەیەیان کردووە.
ھەروەھا پێش سێ ساڵ واتە لە ساڵی 2019 وە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی داماڵینی چەک چەند بڕیارێکی دەکرد.
لە نووسراوێکدا کە خاڵی بریارەکانی تیادا بڵاوکراوەتەوە، ڕایدەگەیەنێت “بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6) ی ساڵی 2009 و بەپێی یاسای چەک ژمارە (16) ی ساڵی 1993، بە مەبەستی نەھێشتنی دیاردەی چەکداری بە تایبەت چەکی قوورس و مامناوەند و ھێشتنەوەی ئەو چەکانە تەنھا لە دەست ھێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیارماندا بە”
یەکەم: داماڵینی گشت چەک و تەقەمەنی جگە لە دەمانچە و کلاشینکۆف.
دووەم: دەست بەسەرداگرتنی ئەو چەکە بێ مۆڵەتانەی کە لەلایەن ھاووڵاتییان ھەڵدەگیرێت و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرانبەریان.
سێیەم: لە سەنتەری ھەر پارێزگا و شارۆچکە و شارەدێیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و ئاساییش بنکەی کۆکردنەوەی ئەو چەکانەی ڕادەست دەکرێن یان دەستی بەسەردا دەگیرێت کۆدەکرێنەوە و لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە جەرد دەکرێن و ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێن.
چوارەم: لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاگاداری گشت ھاووڵاتییان دەکرێت ئەوانەی دەمانچە و کلاشینکۆفی بێ مۆڵەتی ھەیە لەو بنکانە تۆماری بکەن و ئەو چەکانەی کە لە بڕگەی (1) ی سەرەوە ئاماژەی پێکراوە ڕادەستی بکەن.
پێنجەم: ئەم بەیانە لە ڕۆژی دەرچوونی کاری پێدەکرێت بۆ ماوەی 6 مانگ.
شەشەم: دوای کۆتایی هاتنی ماوەی کە لە بڕگەی پێنجی سەرەوە دیاریکراوە، هەرچەکێک دەستی بەسەردابگیرێت، خاوەنکەی بە پێی یاسای چەک ڕەوانەی دادگا دەکرێت.
حەوتەم: ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.
ھەڵبەتە دیاردەی چەک هەڵگرتن بەڕێپێدراو و بێ مۆڵەتەوە، بە هەموو شێوەکانیەوە، کارەساتێکی وای خوڵقاندوە، هیچ کەسێک لە هەرێمی کەردستان نەتوانێت بە ئاسوودەیی ژیان بگوزەرێنێت، چونکە زۆربەی ئەو تاوانانەی ئەنجامدە درێن، لە ڕێی چەکەوەیە و تا ئێستا نەتوانراوە پێشی لێ بگیرێت، دووبارە بوونەوەی تاوانەکان وای کردووە هاووڵاتییان متمانەیان بە دام و دەزگا تایبەتمندەکان نەمێنێت. هەندێک لە یاساناسان پێیانوایە دەبێت یاسای قەدەغەکردنی چەک دووبارە لەپەڕڵەمان هەموار بکرێتەوە، بەڵام بە پێجەوانەوە هەندێکیان ڕایان وایە حکومەتی هەرێم دووبارە پێویستی بەیاسای قەدەغەکردنی چەک نییە، چونکە ئەو یاسایە، کەموکووڕییەکی ئەوتۆی نییە. یاسای مۆڵەتدان و قەدەغکردنی چەک وەک هەموو یاساکانی تر حکومەت کاری لەسەر نەکردووە، ئەمەش بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگەڕێتەوە، چونکە وەک ئاماژەمان پێکرد یاساکە کەموکووڕییەکی وای نییە، ئەگەر کەسانێک لەپەڕڵەمان یاخود یاساناسان پێیان وابێت، کەموکووڕی لە یاساکەدا هەبێت. چەک هەڵگرتن یان هێشتنەوەی چەک لەماڵەکاندا دیاردەیەکی بەرچاوە و ئەو کەسانەش کە چەک هەڵدەگرن، ڕاستە زۆربەیان مۆڵەتی یاساییان نییە، بەڵام ئەوانەشی کە مۆڵەتی یاساییان هەیە لەکات ودەرفەتی گونجاودا هەمان تاوانی پێ ئەنجام دەدەن، دیاردەی چەک هەڵگرتن یان هەڵگرتنی چەک و هێشتنەوەی لەماڵەکاندا دەکرێت زیاتر بۆ شەڕی ناوخۆ بگەڕێنینەوە، چونگە ئەوکات شارەکان جێگای دڵنیایی خەڵک نەبوون، لەبەرئەوەی شەڕی نەگریسی ناوخۆ وای کردبوو، کە خەڵک متمانەیان بە حکومەت نەبێت، هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی سەقامگیربوونی ئاشتی لە هەرێم، دیاردەی چەک هەڵ گرتن کەمێک بەرەوکاڵ بوونەورۆیشت، بەڵام لەگەڵ شەڕفرۆشتنی داعش بە کوردستان، جارێکیتر ئەودیاردەیە سەری هەڵدایەوە. هەرچەندە قەدەغەکردنی چەک بەپێی یاسا بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەگەڕێتەوە، “بەپێی یاسای چەک بەماددی 29 بەهەموو شێوەیەک چەک قەدەغەیە. بەڵام زیاتر بەپێی مادەی (21) لەیاسای چەک، سزا بۆ ئەو کەسانە هەیە، کە مۆڵەتیان نییە و چەکی ئاگرینیان لەژێردەستدایە، سزاکەش بریتییە لە “بەندکردن کە لەیەک ساڵ کەمتر نەبێت، غەرامەی مادیشی لەگەڵ دەبێت” بەڵام تا ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، وەک پێویست کار بەو یاسایە نەکراوە، بەڵکوو زیاتر ڕووی لە سزای دارایی بووە، وەک لەوەی سزای بەندکردنی بەسەردا بسەپێنێت.
هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆ نکۆڵی لەوە ناکات، خەڵک بەبێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن، خۆیان گوتەنی لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمیان لەبەرچاوگرتووە، بەڵام کەم تا زۆر ڕوبەروی ئەودیاردەیە بوونەتەوە، بەڵام وەک پێویست نەیان توانیوە هەندێ ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر، هەندێ جاریش ڕوبەڕوی کێشەی زۆر بۆنەتەوە، لەبەرئەوەی زۆربەی ماڵەکان چەکیان هەیە، تەنانەت ماڵی وا هەیە چەکی قوورسی وەک بیکەیسیشی هەیە، ئیتر چۆن بتوانرێت ئەو بارودۆخە چارەسەر بکرێت؟ ئەو کەسانەشی چەک هەڵدەگرن، هەریەکەیان سەر بەحزبێکن، حزبەکانیش هەموو پاسەوانیان هەیە. لەماددەی 16ی یاسای چەک هاتووە، “بەهەموو شێوەیەک بازرگانیکردن بەچەک قەدەغەیە”بەڵام بازاڕی چەکفرۆشتن لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا هەیە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان دەڵێن لەلایەن ئێمەوە کۆنتڕۆڵ کراون و لەژێر چاودێریدان، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەشوێنی چەک فرۆشەکانی کوردستان هەن، چەک فرۆشتن لەلایەن دەزگای ئاساییشەوە سنووردار کراوە و بەردەوام لەژێر چاودێریدایە ، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ئاساییش بزانێت کێ چەک دەفرۆشێت و کەسی چەککڕیش ئەو چەکەی بۆچییە، بەڵام ئەو کەسانەی گەر نەیانەوێت ئاساییش پێیان بزانێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکەن، دەچن لەدەرەوەی بازاڕی چەکفرۆشەکان، مامەڵەی خۆیان ئەنجام دەدەن. وەزارەتی ناوخۆ نکۆڵی لەوە ناکات بازاڕی چەک فرۆشی نەبێت، بەڵام ئەوە ڕەت دەکاتەوە بەمۆڵەتی ئەوان ئەو بازاڕە کرابێتەوە، لەو جێگایانەی بەئاشکرا چەک دەفرۆشرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت، بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆیان نییە و هەموویان بەقاچاخچێتی دەیکەن. چەند جارێک هەوڵی ئەوە دراوە ئەو دیاردەیە نەمێنێت، بەڵام وەک خۆی لێ هاتۆتەوە، بەڵام ئەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەهەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بەچەک هەتا ئەو چەکانەش کە بۆ ڕاو بەکار دەهێنرێت، دەبێت مۆڵە تیان هەبێ.
بەپێی یاسا ئەرکی قەدەغەکردنی چەک لەئەستۆی وەزارەتی ناوخۆیە و وەزارەتی ناوخۆ بێتوانایی خۆی نیشان دەدات، بۆ قەدەغەکردنی چەک، چونکە پێویستیان بەپشکنین هەیە، بەڵام ناتوانن پشکنینێکی گشتی لەشارەکانی کوردستان بکەن ، چونکە کەم ماڵ هەیە چەکی نەبێت، لەبەر ئەوە ناتوانرێت ئەو پشکنینە ئەنجام بدرێت، بەهۆی بوونی چەک هەڵگرێکی زۆرە و هەرکەسە و سەر بەحیزبێکە و حیزبەکەی پشتگیری لێ دەکات، هەر بۆیە بنبڕکردنی دیاردەی چەک هەڵگرتن بە قسەکردن زۆر ئاسانە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی گرانە، هەندێک بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی ودوژمنداریەوە، هەندێکیش بەهۆی پاڵپشتی کردنی هەندێ لە لێپرسراوان لە کەسانێک کە بۆ کاری تایبەتی خۆیان دەگەرێتەوە. بوونی دیاردەی چەک شکۆی یاسا دەشکێنێت و هەیبەتی ناهێڵێت، بازرگانی ڕەش بەچەکەوە درووست دەبێت و لە دەرەنجامدا ژیانی مەدەنی لە کۆمەڵگەدا دەسڕدرێتەوە.لەو بارودۆخەشدا خەڵکی وا هەست دەکەن نە دامودەزگە یاساییەکان هەیبەتیان هەیە و نە دامودەزگە مەدەنییەکان چالاکییان پێ دەکرێت، نە متمانەشیان بە پۆلیس و ئاساییش دەبێت تا ژیانیان بپارێزێت، واتا ڕوانینێکی نایاسایی و نامەدەنی و سەربازیی لا درووست دەبێت کە پێی وایە تەنیا بە چەکەکەی خۆی، خۆی پێ دەپارێزرێت”بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا وشیاریی خەڵکەکە زۆر گرنگە کە بزانێت ئەو چەکەی بۆچییە، ئایا بۆ بەرگری کردنە لەخاکی نیشتمان، یان بۆ بەرگریکردنە لەخۆپاراستن لە هەردەست درێژیەک کە بۆ بەرگریکردنی ڕەوایی لەخۆی و سەروماڵی، چونکە ئەگەر سەیری ڕابردو بکەین، ئەو کاتانەی گەلی کورد دەچەوسایەوەو ستەمی لێ دەکرا، ئەوکات بە ئاواتەوەبوین هەموو ماڵێک لەگوندەکان چەکی هەبێت، بۆ ئەوەی لەکاتێک کە حکومەت هێرشی بۆبهێنابایە، ئەوان بەرگریان لەشەرەف و کەرامەتی خۆیان بکەن، بەڵام بۆ ئەم زروفە نابێت، بۆیە لەئێستادا ئەرکی هەموو لایەکە بەڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان و هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیەوە ئەو دیاردەیە نەمێنێت، چونکە دیاردەیەکی نا شارستانیەو لەگەڵ ژیانی سەردەمدا نایاتەوە. [1]