ناونیشانی بابەت: فیلمی سینەمایی کیسەڵەکانیش دەفڕن لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕی سینەمای جیهاندایە
فیلمی سینەمایی کوردیی (کیسەڵەکانیش دەفڕن) لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد #بەهمەن قوبادی# لە تەنیشت دەرهێنەرە ناودارەکانی سینەمای دنیا لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهاندایە.
فیلمی سینەمایی کوردیی (کیسەڵەکانیش دەفڕن) Turtles Can Fly لە دەرهێنانی سینەماکاری بەئەزموونی کورد بەهمەن قوبادی کە بە نوێنەرایەتی هەرێمی #کوردستان#، تا ئێستا زیاتر لە 100 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی دنیادا بەشداریی کردووە و زیاتر لە 50 خەڵاتی جیهانی بۆ کوردستان بەدەستهێناوە و یەکێکە لە پڕشانازیترین فیلمەکان لە مێژووی سینەمای کوردستان ، بەمدوایانە لەلایەن ماڵپەڕی سینەمایی ستار لۆکاڵ میدیا Star Local Media لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهاندایە کە تیایدا ناوی کۆمەڵێک شاکاری دەرهێنەرە ناودارەکانی سینەمای دنیا بەرچاو دەکەوێت، لەوانە: (ئستانلی کوبریک، میلیش فۆڕمەن، تڕێنس مالیک، چاڕلی چاپڵین، فڕانسیس فۆڕد کاپۆلا، ئۆلیوێر ئستۆن، پارک جان وک، ئێرۆڵ مۆریس، ژان ڕێنوار) .
لە وتارێکدا کە لەلایەن کاترینا سیرۆتا Katrina Sirotta نووسەر و ڕەخنەگری سینەمایی لە ماڵپەڕی ستار لۆکاڵ میدیا Star Local Media بە مانشێتی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕ 30great anti-war movies نووسراوە، هاتووە: سەبارەت بە مێژووی ئەو فیلمانەی کە ناوەرۆک، شێواز و چۆنییەتی دەنگ یا هەستی زۆر قوورسی دژی جەنگیان هەبێت تۆژینەوەی کرد و 30 فیلم لە باشترینەکانی جیهانی دەستنیشان کرد و گرینگی ئەوتۆی پێدان.
لە درێژەی ئەم وتارەدا نووسراوە: چ فیلم گەلێک یارمەتیی بینەری داوە کە ئاکامەکانی شەڕ وەبیربێننەوە و بۆچی ئاشتی ئێستاش ئامانجێکی گرینگە. چونکە شەڕ بابەتێکی ناخۆشە و بەردەوام لە مێژوودا جێی باسە، ئەم 30 فیلمەی کە هەڵبژێردراون لە شیکردنەوەی شەڕی جیهانی یەکەم تەنیا چەند مانگ دوای کۆتایی هاتنی جەنگ تا ڕەخنەی شەڕەکانی ئەم دوایانە و هەروەها بیرووبۆچوونە مۆدێڕنەکان سەبارەت بە ڕووداوە مێژوویەکان لە خۆ دەگرن.[1]