ناونیشانی بابەت: ئابووری ئێراق لە بەردەم داڕووخانێکی حەتمیدا
ئامادەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
ئێستا وەک دەبینین؛ بانکی ناوەندی ئێراق بە هاوکار وەزارەتی دارایی بڕیارێکی دەرکردووە بۆ پرکردنەوەی ئەو کوورتهێنانەی کە لە (بودجە) دا هەیەتی ، (100) دۆلاری داناوە لەبەرانبەر (145-146-147) هەزار دیناری ئێراقی، کە نزمترینی (145) هەزاردینارە و بەرزترینی (147) هەزاردینارە، کەڵک و دەستکەوتێکی ڕاستەوخۆی هەیە بۆ حکومەت، ئەویش ئەوەیە ئێستا حکومەت دەتوانێت بە نزیکەی (800) دۆلار، هەمان بڕە مووچە بدات کە نزیکە لە (ملیۆنێک و دوو سەد هەزار دیناری ئێراقی) کە جاران داویەتی، چونکە وەک لای هەمووان ئاشکرایە حکومەتی ئێراق سەرچاوەی سەرەکی داهاتی (نەوت) ە. ئەو نەوتەش کە دەیفرۆشێت داهاتەکەی بە دۆلارە، واتە؛ حکومەت دۆلاری دەستدەکەوێت لەبەرانبەر فرۆشتنی هەر بەرمیل نەوتێکدا.
ئەو پارەیەی کە لە گیرفانی خەڵکی ئێراقدایە بە ڕێژەی (20%) بەهاکەی دابەزیووە، چونکە (1) دۆلار بەرانبەربووە بە (1200) دیناری ئێراقی لە (11) مانگی ساڵی (2020) دا بەڵام ئێستا (1) بەرانبەرە بە (1470) دیناری ئێراقی، ئەو پارەیەی خەڵک پێی بووە لەسەدا (یەک لەسەرپێنج) ی بەهاکەی لەدەست داوە، کە دەچێتە بازاڕ مانای ئەوە نییە نرخی شمەک گران ئەبێت (20%) بەڵکوو دوو هێندە گران دەبێت، زانستی ئابووری دەڵێت؛ ئەگەر دینار (30%) بەهاکەی بێتە خوارەوە ئەوە توانای کڕین ڕێژەکەی لە سەدا (60%) دادەبەزێت، چونکە یاریکردن بەنرخەکان و شڵەژانی بازار دێتەئاراوە، بۆ نموونە ئەگەر دووکانەکانی ئاڵوگۆڕی دراو وەربگرین دەبینین هەر دوکانێک (500) دینار یاخود (1000) دینار جیاوازی هەیە لە ئاڵوگۆڕکردنەکەدا. ئەگەر دووکانەکانی فرۆشتنی (کاڵا و شمەک) وەرگرین دەبینین دووکاندارەکان بیانووی ئەوەیان هەیە کە ئەو زەیتەی ئەوان کڕیویانە بە دۆلار بەرانبەر دیناری (140-145) هەزار دیناری کڕیویانە. بۆیە بەنرخێکی گرانتر کاڵاکان دەفرۆشن. کاتێک پارەکەی گیرفانت (دراوی وڵاتەکەت) بەهاکەی (20%) دابەزێت ئەوە توانای کڕینی تاکەکانی کۆمەڵگە ڕێژە (40%) بەهاکەی لەدەستدەدات، واتە؛ کاتێک مووچەی کەسێک لە پێشوتردا ملیۆنێک دینار بووبێت، ئەوا بە ڕەچاوکردنی دابەزینی ٪20ی بەهای دراوی ئێراقی ، چاوەڕوان دەکرێت بەبەهای 800 هەزار دیناری پێشوو بتوانێت کاڵای پێ بکڕێت، بەڵام لە ڕاستییدا ئەم چاوەڕوانییە هەڵەیە، چوونکە لە ڕاستیدا بەهۆی یاریکردنی نرخەکان و شێواوی بازاڕەوە تەنیا دەتوانێت بە هێندەی بەهای 600 هەزاری مانگەکانی پێشوو کاڵا بەو بڕە پارەیەی بکرێت کە وەریگرتووە.
=KTML_Bold=کاریگەریی دابەزینی بەهای دینار لەسەرهەڵئاوسان و توانای کڕین=KTML_End=
کاریگەریی نەرێنی هەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کڕین، سەبارەت بەو بەرهەمانەی کە لەدەرەوە هاوردە دەکرێت، لەم کاتەدا کە بەهای دینار دابەزیوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هاوردەکردن و زیادکردنی هەناردەکردن، وەک چۆن دەبینین؛ کە لە چین هەیە. ئەمە لە ناوخۆدا سوودی ڕاستەوخۆی هەیە بەو پێیەی کە ئێراق وڵاتێکی بەکاربەرە، وا دەکات کێبەڕکێ هەبێت لە ناوخۆدا بۆ وەبەرهێنان، وەک لای هەموان ئاشکرایە “ئێراق” هیچ پڕۆژەیەکی پیشەسازی بەرهەمداری نییە بۆ ناوخۆی وڵات تاکوو وڵات ببوژێتەوە، ڕێژەی هەڵئاوسان وەک وەزارەتی پلاندانان بڵاوی کردۆتەوە (0,6%) ، کاتێک بەهای دیناری “ئێراق”ی دابەزێت ڕێژەی هەڵئاوسان بەرزدەبێتەوە، واتە پەیوەندییەکی پێچەوانەیان هەیە. ئەو دابەزینەی بەهای دیناری ئێراقی ئێستا هەیە دابەزینێکی پلان بۆ دانراوە لەنێوان وەزارەتی دارایی و بانکی مەرکەزی. وەبەرهێنانی بیانی و دراوی بیانی لە ئێراقدا جۆرێک لە هاوسەنگی تێدا کراوە لەلایەن بانکی ناوەندیەوە، چونکە پڕۆسەی بەرزبوونەوەی دۆلار بەم شێوازەی ئێستا هەیە ڕوونادات لە مانگەکانی داهاتودا. بەڵام گرفت و کێشە بۆ چینی مامناوەند و خواروو درووستدەکات وەک لە ئێراقدا ڕێژەی هەژاری دیاری کراوە بە (33%) . لە ئێراقدا وەک لای هەموومان ئاشکرایە (سەبەتەی خۆراک) هەیە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانراوە کە سەبەتەی خۆراک پێکهاتووە لە (برنج – ئارد- زەیت-شەکر) …هتد. کە لەنێوان هاووڵاتییاندا بە بەشەخۆراک ناسراوە، زۆر گرنگە بۆ هاووڵاتییانی “ئێراق” ئەم سەبەتەی خۆراکە بەتایبەتتر چینی هەژار و کەمدەرامەت تاکوو بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین کەن، بەشە خۆراکەکان لە ئێراقدا بە زۆری لەدەرەوە هاوردە دەکرێت.
لە ئێستادا؛ بەپێی ڕاپۆرتەکانی (بانکی نێودەوڵەتی) لە ماوەی کوورتخایەندا کاریگەریی زۆری نەبووە لەسەر سەبەتەی خۆراک کە نرخەکانیان زۆر بەرزبێتەوە، بەڵام ئەگەر کاربکاتە سەر ئەم سەبەتە خۆراکە، لە داهاتودا ئەوە ڕاستەوخۆ کاردەکات لەوەی کە ڕێژەی هەژاری زۆر زیاتر بێت لەو ڕێژەیەیی کە لە ئێراقدا دیاریکراوە لەلایەن وەزارەتی پلان دانانەوە. دابەزینی بەهای دیناری “ئێراق” و پشت بەستنی تاکەکانی “ئێراق” بە (دینار) ، چونکە داهاتەکانیان بە دینارە، وادەکات توانای کڕین (20%) دادەبەزێ. لەگەڵ ئەوەشدا نرخی بەرهەمەکان زیاد دەبێت چونکە شمەکەکان هاوردە دەکرێت، چونکە ئەو شمەکانە هاوردە دەکرێت بە دۆلار دەکڕرێن، بۆیە (40%) بەهاکەی ئەوەی دەیکڕێت بەرزدەبێتەوە، داهاتی هاووڵاتی و فەرمانبەری ئێراقی دابەزین بە خۆیەوە دەبینیت، چونکە پشت بە کەلوپەل و کاڵای دەرەکی دەبەستێت. ئەگەر بازرگانێک کاڵایەکی کڕیبێت بە (ملیۆنێک دینار) ئەوە ئێستا ناتوانێت بە هەمان بڕە پارە ئەو کاڵایە بفرۆشێت، چونکە نرخەکەی بە دۆلارە و گرانبووە. ئەوەی گرنگە کە پارێزگاری لە خۆراکە سەرەکییەکان بکرێت تاکوو چینی هەژار زەرەرمەندی زیاتر نەبن لە کۆمەڵگەدا.
=KTML_Bold=لێکەوتە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دابەزینی بەهای دیناری ئێراقی=KTML_End=
ئەم بڕیارەی کە دراوە؛ ئامانجەکەی بۆ کەمکردنەوەی خەرجی بەکاربردنی دەوڵەتی ئێراقە، بەڵام ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتی ئێراقیدایە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە، بەتایبەتیش ڕۆڵەکانی چینی هەژار بەڵام چینەکانی دیکە دەتوانن خۆیان لەگەڵ ئەم بڕیارە بگونجێن، بۆیە هیچ چارەسەرێکی خێرا و بنەڕەتی نییە لە مەودای کوورتدا. لە مەودای درێژدا چارەسەر ئەوەیە؛ گرنگیدان بە کەرتی (پیشەسازی و کشتوکاڵ) ی ئەویش کاتی زۆری دەوێت، چونکە پێویستی بە لەدایکبوونە لە ئێراقدا وەک لای هەموومان ئاشکرایە ئەو دووکەرتە چەند لاوازن. بۆیە زیاتر گرنگیدان بە درووستکراوی ئێراقی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هاوردەکردن و کاریگەریی لەسەر بەهای دیناری ئێراقی و هێزی کڕین دەبێت، بەڵام هەڵئاوسان بەرز دەبێتەوە لە چەند مانگی داهاتوودا لە “ئێراق”، حکومەت ناتوانێت چارەسەری ئەو دۆخە بکات جگە لەوەی دەتوانێت پشتیوانی چینی (هەژار و کەم دەستهات) بکات لەڕێگای پسوڵەی خۆراک، یاخود سەبەتەی خۆراک، یاخود ڕێگەی دیکە لەلایەن (بانکی ناوەندی) بۆ کەمکردنەوەی ئەو بار قوورسەی کە لەسەر چینی کەمدەرامەت هەیە، هەموو وڵاتێک (بانکی ناوەندی) هەیە و پارەی ئەو وڵاتە چاپ دەکات، توانای داوە بەو پارچە وەرەقەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگە بەکاری دەهێنن. چوارساڵ پێش ئێستا وڵاتی “یۆنان” هەمان دۆخی ئێراقی هەبوو (خەرجی زۆر بوو و داهاتی کەمبوو) داهاتەکەی بەشی خەرجیەکەی نەدەکرد بانکی ئەوروپی (300) ملیار یۆرۆیان پێ دا تاکوو چارەسەری ئەو دۆخەی پێ بکات کە وڵات تووشی بووە، کە لە لێواری داڕمان نزیکتربوو، خۆش بەختانە ڕزگاری بوو. “ئێراق” گرفتەکەی زۆر گەورەیە بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە، لە یەک ساڵدا واتە ساڵی 2021ەدا (15-25) ملیار دۆلار قەرزی کردووە، تەنیا بۆ مووچەی چوار مانگ، جگە لەمەش بانکی ناوەندییەکەی (90) ملیاردۆلاری تیابوو، (60) ملیاری سەرفکردووە تەنیا (30) ملیاردۆلار تیایدا ماوەتەوە وەک یەدەگ (احتیاگ) ، بەس ئەو پارەیەی لەناو وڵاتدایە واتە چاپیکردووە (40) ملیارە. زەنگی مەترسیدار ئەوەیە؛ هەموو وڵاتێک چەند پارەی خۆی هەبوو، دەبێت لەبەرانبەر ئەو پارەیەدا ئەوەندە دراوی وڵاتێکی بەهێزی تری هەبێت، کە لەزۆربەری وڵاتاندا (دۆلار) ە، لە ئێراقدا دۆلار ڕوو لە کەمبوونە، بۆیە گەر بێت و دۆلاری نەمێنێت ئەوە بەهای پارەکەت کە (دینارە) یەکسان ئەبێت بەسفر.
بۆ ئەوەی ئێراق-یش دراوەکەی وەک لیرەی (تورکی و، سووری و، تمەنی ئێرانی) لێ نەیەت، وەک ئاشکرایە کە دە هێندەی خۆی بەهاکەی دابەزیووە، ئەم بڕیارەی دراوە؛ گەر “ئێراق” وانەکات ئەوە دراوی ئێراق-یش کە دینارە تووشی هەمان گرفت ئەبێت، ئەوەی باجی ئەم دۆخە ئەدات لە ساڵی 2021دا (کڕیار، فەرمانبەر و کاسبکار) ە هاووڵاتییەک-یش مووچەخۆری حکومەتیش نەبێت باج ئەدات، ئەم بڕیارەی کە دراوە لە ماوەی درێژخایەندا سوودی هەیە، بەڵام لە ماوەی کوورت خایاندا گرفتە بۆ چینی هەژار، ئەگەر ئەمەی نەکردایە دەبوایە (50-60) ترلیۆن دینار قەرزی بکردایە بۆ پرکردنەوەی کوورتهێنان. بەڵام بەمە بڕی (35) ترلیۆن دیناری پڕکردۆتەوە.
$دەرئەنجام$
لە ساڵی 2005 تاکوو ئێستا؛ ئێراق بەهای دراوەکەی بەهێزە بە بەردەوامی، بەڵام بەرزی بەهای پارەکەی هیچ سوودێکی نەگەیاندووە بە تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێراقی، بەڵکوو زەرەرمەندیش بوون، وەک دەبینن چەندین کارگە و شوێنی درووستکردنی بەرهەمی ناوخۆیی داخراون، ئەویش بە هۆکاری هاوردەکردنی کاڵای بیانی بۆ ناوخۆی ئێراق، چونکە ئەو وڵاتانەی کە کاڵاکەی لێ هاوردە دەکرا بەهای پارەکەیان نزم بوو، بە نموونە؛ درووستکردنی “خشت” لە ناوچەکانی خوارو و ناوەڕاستدا کاتێک بەرهەمدەهێنرا 1دانە بە (1000) دیناری ئێراقی دەفرۆشرا، بەڵام هەمان کاڵای وڵاتی “ئێران” بەنرخی (500) دینار هاوردە دەکرا ئەمەش دەبووە هۆکاری ئەوەی کارگە و (کارخانەکانی) ئێراق لە کاربکەون و مایەپووچ بن. “ئێراق” دەتوانێت وەک وڵاتی ئوردون بکات، دەبینین؛ زۆربەی خانووەکانیان بەیەک جۆر (بەرد) درووستدەکرێت سەرجەمیان، کە ڕەنگی سپییە چونکە حکومەتی ئوردون ڕێگانادات بە وەبەرهێنەرەکانیان تاکوو هاوردەی هیچ جۆرە بەردێکی تر بکرێت تاکوو بەرهەمی ناوخۆی ساغ بێتەوە و کارخانەکان مایەپووچ نەبن، بەهێزی بەهای دینار لە ئێراقدا سوودی تەنیا بە کۆمەڵێ دەستە و گرووپ لە حکومەت و بانک گەیاندووە، کە نووسینگەی حەواڵەی پارەیان هەبووە، سوودمەند بوون لەو مەزادەی کە هەبووە لە بانکی ناوەندیدا لە ئێراق. یەکێک لەچارەسەرەکان کە (بانکی نێودەوڵەتی) دایناوە بۆ “ئێراق” بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی نەڕووخێت (تدمیر) نەبێت، وڵاتەکانی (تورکیا-ئێران) بەهای پارەکەیان لاوازە. ئەمە وایکردووە کە تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێراقی کارنەکەن و بیر لە درووستکردنی کارگە و پێشخستنی کەرتی ( پیشەسازی و کشتوکاڵ) ی نەکەنەوە، هەمووی چاوەڕێی دامەزراندن و کارکردنن لە کەرتە خزمەتگوزارییەکاندا هەر کاڵایەکیان ویست لەدەرەوەی وڵات هاوردەی دەکەن.
زیادکردنی باج لەسەر هاوردەکردنی کاڵا و شمەکی هاوردەکراو، زیادکردنی یارمەتیی و دەستگیرۆیی بۆ وە بەرهێنەرە (ناوخۆییەکان-جوتیارەکان) ، تاکوو بتوانن بەئاسانی وەبەرهێنان بکەن لە ناوخۆدا، بە بۆنەی ئەم بڕیارەی کە بانکی ناوەندی داویەتی، سوودی ئەم بڕیارە، وە کاریگەریی بەسەر هەردوو کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی دەردەکەوێت لە ماوەی درێژخایەندا لە ساڵەکانی (2023) بەدواوە، لە ئێستادا کاریگەریی ئەوتۆی نابێت بۆ وەبەرهێنان لەناوخۆدا هەر بە سستی دەمێنێتەوە، لەدوای کەوتنی ڕژێمی “سەدام حسێن” حکومەتی “ئێراق” چ بە مادی و، چ بە مەعنەوی، لە پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی گەورە بەهرەمەند بوون، بەڵام ئاکامی هەموو ئەو پشتیوانییە سیستمێکی حوکمڕانی خراپ و دۆخێکی ئابووری شکستخواردووی لێ بەرهەمهات کە پێویستی بە چاکسازی ڕیشەیی هەیە، ئەوەی دیارە چاکسازیی لە ئێراقدا ساڵانە وەک دروشمێک دەوترێتەوە دوایەمین لێدوانی وتەبێژی حکومەتی “ئێراق” ئەوەیە کەساڵی (2021) ساڵی چاکسازیە، ئەمە لە کاتێکدا هەر ئەو حکومەتە و، حکومەتەکانی پێشوتریش هەمان دروشمیان بۆ ساڵەکانی پێشوتریش هەبووە، بەڵام گرفتی چاکسازی ئەوەیە؛ بەدروشم ئاسانە و بەکردار تاڵ و قوورسە، ئەویش؛ لەبەرئەوەی چاکسازی بە کردار لێدانە لە بەرژەوەندی دەستڕۆیشتوەکانی ئێراق.
سەڕەڕای هەموو بێ هیواییەکانی خەڵکی “ئێراق” لە نوخبەی دەسەڵاتداری سیاسی، بەڵام هێشتا گەلانی “ئێراق” چاوەڕێن چاکسازی لە دروشمێکەوە ببێت بەکردار و، نەهامەتییەکانی (2020) کە کۆرۆنا پەردەی لەسەریان هەڵماڵی وانەیەک بن لەمساڵدا، واتە؛ (2021) چاکسازی بکەنە کردارێکی ڕاستەقینە، دەنا کەشتییەکە بە هەمووانەوە، ژێر ئاو دەکەوێت، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان-یش کە بەشێکە لە کۆی سیستمی ئابووری ئێراق، گرنگە بتوانێت جیاواز لەو سیاسەتە شکستخواردووەی کە لەئاستی ئێراقدا لە ئارادایە، بتوانێت پلان و کارنامەیەکی نوێ کە پشتبەست بێت بە چاکسازی ڕاستەقینە و بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ دابڕێژێت و، خۆی ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر ئەگەرێک کە لە ئەنجامی سیاسەتی شکستخواردووی ئیدارەدانی ئابووری ئێراق بێتە ئاراوە.[1]