ناونیشانی بابەت: نەوت لە هەرکوێ بوو، ئابووری لەوێیە
ئامادەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
=KTML_Bold=نەوت چییە؟=KTML_End=
نەوت؛ یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی وزە، یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوە سرووشتییە ئابوورییەکان بە تایبەتی لە جیهانی ئەمڕۆدا، لە ڕووی پێکهاتەوە “نەوت” دادەنرێت بە مادەیەکی هایدرۆکاربۆنی کە پێکهاتووە لە (هایدرۆجین و کاربۆن) تێکەڵ لەگەڵ چەندین مادەی تر وەک؛ ئۆکسجین، نایترۆجین، گۆگرد، قیر و کانزای دیکە، زاراوەی پەتڕۆل (Petroleum) وشەیەکی لاتینییە و لە ساڵی 1526وە بەکارهاتووە، لە دوو بڕگە پێکهاتووە (Petra) بەمانای بەرد (Olume) بەمانای ڕۆن یان چەوری دێت، (Petroleum) بەشێوەیەکی گشتی بەکاردێت بۆ هەموو کەرەستە هایدرۆکاربۆنیەکان کە بەشێوەیەکی سرووشتی پێکهاتوون، بەڵام بەمانا بازرگانییەکەی بە بەشی شلەمەنی دەوترێت (ڕۆن یان نەوتی خاو) و بە بەشە ڕەقەکەی دەوترێت Bitumen or Asphalt.
=KTML_Bold=مێژووی نەوت=KTML_End=
مرۆڤ لە درووستبوونی و هاتنە سەرزەوی هەمیشە پێویستی بە جۆرێک لە وزە بووە، هەر لە دێرزەمانەوە مرۆڤ بە جۆرێک لە جۆرەکان نەوتی ناسیوە و بەکاریهێناوە و شوێنەوارەکانیشی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا ماون، بەڵام لە هەنگاوێکی پێشکەوتووتردا پسپۆرێکی بایۆلۆژی-کەنەدی کە لە ئەمریکا دەژیا بەناوی Abraham P. Gesner توانی لە ساڵی 1855دا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا، نەوت ماددەی Kerosine لە بەردی خەڵوز دەربهێنێت و پاشان بۆ ڕووناکی (چرا) بەکارهێنرا، بەم شێوەیەش یەکەمین جار نەوت وەکوو وزە بەکارهێنرا.
لە ساڵی 1859شدا “کۆلۆنێل دریک”ی ئەندازیار توانی بە ئامێری هەڵکەندنی بیری دەستی یەکەم بیری نەوت لە پەنسلڤانیا بە قوڵی 20 مەتر هەڵبکەنێت و ئەمەش بووە سەرەتای پیشەسازی نەوت.”کار بنز”ی ئەڵمانی لە 1885دا ئۆتۆمۆبیلی داهێنا و لە 1903دا فڕۆکە داهێنرا لە “ئەمەریکا” و هەموشیان پشتیان بە بەرهەمەکانی نەوت دەبەست، خاڵی وەرچەرخانی گەورە لە مێژووی پیشەسازی نەوتدا ئەو کاتە ڕوویدا کە حکومەتی “بەریتانیا” بۆ بەرزکردنەوەی توانای سەربازی لەسەر پێشنیاری “وینستۆن چەرچل” بڕیاری دا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کەشتیگەلی سەربازی وڵاتەکەیان لەبری خەڵوز، پترۆل بەکاربهێنێت.
بە پێی ڕاپۆرتێکی “نیۆرک تایمز” ساڵی 1864 کاتێک چاڵە “نەوت” لە پەنسلڤانیا دۆزرایەوە، ڕووبەری شاری پیتهۆڵی ویلایەتی پەنسلڤانیا تەنیا 10 کیلۆمەتر چوار گۆشە و دانیشتووانەکەشی تەنیا 50 کەس بوون. بەڵام دوای تەنیا یەک ساڵ ژمارەی دانیشتووانەکەی بوونە 10 هەزار کەس، بە مەبەستی حەوانەوەی ئەو کەسانەی لە بواری نەوتدا کاریان دەکرد 50 ئوتێلی تێدا کرایەوە، فەرمانگەی پۆستەکەی بووە قەرەباڵغترین پۆست لەسەر ئاستی دونیا، دوو وێستگەی تەلەگرافی تێدا کرایەوە، ئەمە جگە لە کردنەوەی دەیان (تیاترۆ) بۆ ئەو کەسانەی لەوێ دەمانەوە.لەو گۆڕانکارییە خێرایەدا دەیان کەس دەستیان بە سامانی زەبەلاح گەیشت، چوونکە بازرگانی نەوت کارێکی پڕ لە فرت و فێڵەو شارەزایی باشی دەوێت، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر کەم شاری “پیتهۆڵ” دووبارە بوویەوە وێرانە، لەبەر ئەوەی توانا نەوتییەکەی نەماو ئەوانەشی کە هاتبوونە ئەو شارە بەدوای کارەوە بوون.لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە؛ ئیتر نەوت کرایە سەرچاوەی گەشانەوە و پێشکەوتنی پیشەسازی و بە جارێک باڵی بەسەر هەموو ژیانی ئابووری جیهاندا کێشا. ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەزار بەرمیلەوە لە 1859دا بەرزبوویەوە بۆ 3 ملیۆن بەرمیل لە ساڵی 1926دا، پاشان لە ناوەڕاستی دەیەی 1950شدا بە یەکجاری لە ئاستی جیهاندا گرنگترین سوتەمەنی لە خەڵوزەوە بوو بە “نەوت” و ئێستا بەرهەمی ڕۆژانەی نەوت لە جیهاندا 87 ملیۆن بەرمیلە. لە 1950دا ڕێژەی نەوت 37% بوو لە کۆی بەکارهێنانی وزەی جیهانی، بەڵام لە ساڵی 2000 ئەم ڕێژەیە بوو بە 65.4%، لە بەرانبەریشدا ڕێژەی بەکارهێنانی خەڵوز 61% کۆی بەکارهێنانی وزەی پێکدەهێنا لە ساڵی 1950دا، بەڵام لە 2000دا بوو بە 24.5%.، لە ساڵی 1973 دا بەشێک لە وڵاتانی عەرەب فرۆشتنی نەوت-یان بە هەندێک وڵاتی ڕۆژاوایی ڕاگرت، لە ماوەی شەش مانگدا نرخی نەوت ئەوەندە بەرزبوویەوە، بەرمیلێک نەوت نرخەکەی گەشتە (12) دۆلاری ئەمەریکی، لە ساڵەکانی؛ 1978، 1990، 2001 دا نرخی نەوت لەپڕ بەرزبووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئابووری ئەمەریکا، هەر بۆیە تا ئێستاش بۆچوونی ئابووریناسان لەبارەی نەوتەوە ئەوەیە؛ نەوت لە هەرکوێ بوو، ئابووریش لەوێیە.”نەوت” لە بوارێکی بچوکدا بەرهەم دێت، داهاتێکی زۆری هەیە، لە ئەنجامدا؛ دەبێتە فاکتەری داڕشتنی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتدار و خەڵک، بە جۆرێک کە دەسەڵاتدار هیچ پێویستی بە خەڵک نییە، لە ئاستی ئابووریدا. دیارە لێرەدا باج وەک چەمکێکی سەرەکی بوونیادی دەوڵەت ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت، خەڵک و باج و دەسەڵات، سێینەکی ئاڵۆزن کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دیموکراسی و شێوازی حکومڕانییەوە هەیە.
=KTML_Bold=هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئێستادا=KTML_End=
بەهۆی ڕێککەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، “نەوت” ڕۆژانە بەرزبوونەوەی پێوانەیی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تۆمار دەکات، ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 63 دۆلار کە بە درێژایی ساڵی 2020 نرخێکی وەها تۆمارنەکرابوو.یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ کردنەوە و دەست بەکارکردنی کارگەکان و زیادبوونی خواست لەسەر نەوت، بەڕێوەبەری یەکێک لە “هێج فەندەکان” پێشبینی دەکات؛ نرخی “نەوت” لە کۆتایی ساڵ بگاتە 70 دۆلار، هەروەها گەشبینییەکان بە پەسندکردنی پاکێجە 1.9 تریلیۆنییەی “ئەمریکا” کە بە پاکێجی هاندانی ئابووری ناودەبرێت، هۆکارە بۆ بووژاندنەوەی ئابووری لە “ئەمریکا” کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت. بە گوێرەی شرۆڤە تەکنیکییەکانی ئەو پسپۆڕەی بازاڕە داراییەکان لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا، ڕەنگە نرخی نەوت بگاتە 70 دۆلار. ئەو پاکێجە نەک تەنیا کاریکردووەتە سەر نرخی نەوت، بەڵکوو نرخی زێڕیشی بەرزکردووەتەوە، هەروەها پشکی پێنوێنەکانی ئەمریکاشی هەڵکشاندووە، ئەوەتا بازاڕەکانی بۆرسەی “ئەمریکا” درێژەیان دا بە بەرزبوونەوەکانی هەفتەی ڕابردووی خۆیان و توانییان ژماریەکی پێوانەیی نوێ تۆماربکەن. لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، “تاماس ڤارگا” شرۆڤەکاری نەوت لە ناوەندی “پی ڤی ئێم” ڕایگەیاند “بەرزی ڕێژەی پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەس پاڵپشتی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کردووە”. ئەو شرۆڤەکارە ڕاشیگەیاند “کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەلایەن “سعودیە” کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە بە لایەنی کەمەوە تاوەکووکۆتایی ئەم چارەکە بۆ هاوسەنگکردنی بازاڕی نەوت گرنگە”.
وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی “ئۆپێک” و هاوپەیمانەکانی کە بە “ئۆپێک پڵەس” ناسراون، کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت-یان درێژکردەوە، کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتبوون. بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک، کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی پێشووی ئۆپێک ئاشکرابووە، ئەندامانی ئۆپێک پێشبینی دەکەن؛ بە درێژایی ساڵی 2021 نا-هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕووی نەوت هەبێت، ئەوەش بەرهەمهێنەرانی “نەوت” ناچاردەکات درێژە بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بدەن. هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، پەیوەندیی بە بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە خستنەڕوو و بەکاربردنی “نەوت” لە “ئەمریکا” هەیە. پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ لە هەفتەی کۆتایی مانگی ڕابردوو خستنەڕووی نەوت لەو هەفتەیەدا 4.3 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، هاوکات کۆگا نەوتییەکان بە بڕی 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوت دابەزیون، کۆگای “کوشینگ”یش بە بڕی 1.9 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە. هەروەها داواکاریی چین لەسەر نەوت بە هاوکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دادەنرێت.
لە لایەکی دیکەوە “جۆ بایدن” سەرۆکی “ئەمریکا” لە هەوڵدایە پاکێجێکی ئابووریی 1.9 تریلیۆن دۆلاری ڕابگەیێنێت و هاوکاریی هاووڵاتییان و بازرگانییەکانی پێبکرێت. ئەگەرچی کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر ئەوە کۆکن، پاکێجێکی هاندانی ئابووری ڕابگەیێندرێت، بەڵام 10 سیناتۆری کۆماری داوادەکەن لەجیاتی 1.9 تریلیۆن دۆلار، پاکێجەکە تەنیا 600 ملیار دۆلار بێت، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ئەنجوومەنی پیران گفتوگۆیدان لەبارەی بودجەی 2021ی ئەمریکا کرد و تاوەکووئێستاش زۆرینەی سیناتۆرەکان پشتگیری لە داواکەی “بایدن” دەکەن.
=KTML_Bold=دەرئەنجام=KTML_End=
لەگەڵ ئەوەشدا؛ سەرجەم زانایان و پسپۆڕانی جیۆلۆجی و بواری “نەوت” پێیان وایە نەوت سنوورێکی دیاری کراوە و قەبارەکەی سنووردارە، هەر بۆیە دەبێت لەوەش دڵنیابین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کۆتایی دێت و سەرزەوییەک دەمێنێتەوە بە بێ “نەوت” و بەرهەمەکانی، یەکێک لەو ڕێگایانەی کە زووتر نەوت دەگەیەنێتە کۆتایی، دەرهێنانی نەوتە بەشێوە کلاسیکی و کۆنەکەی، هەر بۆیە شارەزایان باس لەوە دەکەن شێوەی نوێی بەرهەمهێنانی نەوت دابهێنرێت تا تەمەنی درێژتر بکەنەوە، ئەگەر لە سەرەتای دۆزینەوەی نەوت لە “ئەمەریکا” بووە مایەی ئاوەدان بووەنەوەی شاری (پیتهۆڵی پەنسلڤانیای ئەمەریکا) لە هەمان کاتدا پاشەڕۆکەی شەیتان و جیاکردنەوەی پێکهاتەکانی لەپاڵاوگە نا-زانستییەکاندا بۆ هەندێک لە شارەکانی ئێستا بووەتە مایەی نەهامەتی و پیس بوونی ژینگە، لەم بوارەدا بە دڵنییایەوە “کورد” لەسەدەی پێشودا قوربانی یەکەمی نەوت و گازی زلهێزەکان بوو، بەڵام ئەمڕۆ خەڵکانێک بەهیوای ئەوەن؛ کە نەوت و گاز ببێتە داینەمۆیەکی گەورە بۆ ئەوەی “کورد” بە خەونی دێرینی خۆی بگات و دەوڵەتی خۆی هەبێت. لە هەمان کاتیشدا ئەم نەوتە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێکیش بە ترسەوە بۆ سامانی زۆری “نەوت” دەڕوانن، دەترسن هەروەک چۆن لە ئێراقدا سامانی زۆری نەوت، حکومەتێکی دیکتاتۆری و نا-دیموکراتی درووستکرد، کە پاشتر بوویە مایەی نەگبەتی بۆ هەموو گەلانی ئێراق، ئەم ئەزموونە جارێکی تر دووبارە بێتەوە، هەروەها درووستبوونی قەیرانی دارایی ئەم چەند ساڵەی دوایش بەتەواوەتی بۆچوونێکی تەواو نێگەتیفی، خراپ لەناو شەقامی کوردیدا بەرانبەر بە سیاسەتی نەوتی حکومەتی هەرێم درووستکردووە، ئەمڕۆ زۆرکەس دەڵێن؛ بریا حکومەت هەر نەوتی دەرنەهێنایە، چونکە بە زەرەر بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان شکایەوە، بەتایبەتی چینی مووچەخۆران لەلایەکی تریشەوە سامانی نەوت زۆر بەکەمی گەلەکەمان قازانجی لێکرد، ڕوونە؛ ئەگەر “حکومەتی هەرێمی کوردستان” خاوەنی سیاسەتێکی حەکیمانە و ژیرانە بێت و ڕێگەیەکی تەواو زانستیانە بگرێتە بەر لە بواری نەوت و گازدا، هەروەها بەوپەڕی شەفافیەتەوە داهاتەکەی بخاتە ڕوو، ئەوا دەتوانێت نەوت و گاز بکاتە باشترین داینەمۆی بوژاندنەوەی هەرێمی کوردستان، گەر واش نەکات و هەروەکوو ئێستا بەردەوام بێت، پیاداچوونەوە نەکات بە گرێبەستەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان، ئەوە زەرەرێکی مادی گەورە دەکات بۆ ساڵەکانی داهاتوو، هاوکات ئابووری هەرێم زیاتر و باشتر گەشە دەسەنێت، ئەگەر بێت و پشت بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری ببەستێت بۆ ئاییندە، بۆ ئەوەی چیتر ئابوورییەکی لێڵ و نا-ڕوونی نەبێت وەک ئەو قەیرانە داراییەی کە چەند ساڵێکە هەرێمی تێکەوتووە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت-ەوە، تاکوو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان-یش ئاییندەیەکی باشترو چاکتر چاوەڕوانیان بکات لەژێرسێبەری ژێرخانێکی ئابووری بەهێزدا. [1]