ناو: عەلی
نازناو: مامە عەلە ڕەش
ناوی باوک: عەبدولقادر عەبدولعەزیز نەورۆز
ساڵی لەدایکبوون: 1928
ڕۆژی کۆچی دوایی: #23-12-2009#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی کوێرەکی بناری خۆشک نزیک #دەربەندیخان#
شوێنی کۆچی دوایی: دەربەندیخان
$ژیاننامە$
مامە عەلە مرۆڤێکی خاکی و سەرکردەیەکی ئازاو دەست و داوێن پاک و حەقانی و جەربەزەو لێهاتو بوو، لە دایکبووی ساڵی 1928ی گوندی کوێرەکی بناری خۆشک نزیک دەربەندیخانە.
لە تەمەنی دە ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات، خۆی و دایکی سێ خوشکی پێکەوە دەژین، بە کاری جوتیاری و ئاژەڵدارییەوە خەریک دەبن.
لە ساڵی 1950 کە بە ساڵی زوخاڵەکە ناسراوە لە بناری خۆشک و بەمۆ خەڵکێکی زۆر ھەلی کاری زوخاڵکردنیان بۆ ڕەخسا، ئەویش وەک ئەو خەڵکە زوخاڵی دەکرد و بۆ #خانەقین#ی دەبرد، لە خانەقین تووشی کابرایەکی یەک باڵ دەبێ، کە ھاوکاری کاروباری حکومی دەکات و ئامۆژگاری زۆر شتی دیکەشی بووە، پاشان بۆی دەردەکەوێ کە ئەو کابرایە شیوعی بووە و ھەر لەو ڕێگەیەوە تێکەڵ بە سیاسەت و شوعییەت دەبێت.
لە دوای ساڵی زوخاڵەکە لەگەڵ (شەربەت سڵێمان) دا ھاوسەرگیری دەکات کە بەرهەمەکەی دوو کوڕ دەبێت و زۆر ناخایەنێت جیا دەبنەوە.
بەشداری کاریگەریی بزووتنەوەی جوتیارانی ساڵی (1953) ی کوێرەک و ھۆرێن و شێخانی کردووە و وەک سەرکردەیەک دەرکەوتووە، کە بەرھەمەکەی بە تاپۆ و تەسویەکردنی زەوی ناوچەکە بەسەر جوتیاراندا کۆتایی پێھات.
لەو ماوەیەدا بە چری تێکەڵ بە حزبی شوعی و کاری سیاسی دەبێت.
لە ساڵی 1958 بۆ جار دووەم لەگەڵ (خانم فەرەج محەمەد) ھاوسەرگیری دەکات، کە بەرھەمەکەی شەش کوڕ و سێ کچ دەبێت و تا کۆتایی ژیانیان پێکەوە دەبن.
لە سەرەتای پڕۆژەی بەنداوی دەربەندیخان دا وەک کرێکار دەست بە کار بووە و وەک نوێنەری کرێکاران ھەڵبژێردراوە، کە لەبەر جموجوڵی سیاسی و شوعی بوونییەوە لە 16-05-1961 لە کارەکەی دووری دەخەنەوە و دەری دەکەن.
دوای کودەتای بەعسییەکان لە ساڵی 1963 لەگەڵ جوتیارەکانی دەڤەرەکەدا بنکەی ماڕۆچن بۆ پارێزگاری ھاوڕێیان لە دڕندەیی حزبی بەعس ئاوەدان دەکەنەوە، کە بە داخەوە زۆر ناخایەنێت بنکەکە بە ھاوکاری ڕژێم ئەکەوێتە بەر ھێرشێکی گەورەی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، کە دوانزە ھاوڕێی شوعی بێتاوان کە لەدەست ڕژێمی کودەتا ھەڵھاتبوون و زۆربەیان بێچەک بوون، بوون بە قوربانی.
ساڵی 1964 لەلایەن پاتییەوە دەستگیر دەکرێت و دەبرێت بۆ بەندینخانەی قۆپییەکانی قەرەداغ و بڕیاری کوشتنی دەدرێت، بەڵام ئێوارەی پێش جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئەتوانێت ڕابکات و خۆی بگەیەنێتە گوندی بەلەکجار و لەوێوە جلوبەرگ و پێڵاوی بۆ دابین دەکەن و ئەگاتە بانی خێڵان و ئەیپەڕێننەوە بۆ کوێرەک و بناری خۆشک کە ئیتر لە حکومەتی ئێراق و پارتیش یاخی دەبێت.
ئەم قۆناغە سەخترین قۆناغ دەبێت بۆ مامە عەلە ڕەش، چونکە ڕژێم و پارتی بە چڕی بە دوایدا دەگەڕان و شکیان لە ھەرکەس بکردایە کە ھاوکاری دەکات و نانی بۆ دەبات تووشی بەندینخانە و لێپێچینەوە و ئەشکەنجە دەبوویەوە.
$بەسەرهات$
بەم قورئان خواردن و تەڵاق خستنە زۆرە، یەک نموونە ئەگێڕمەوە:
لەدوای ئەو قورئان خواردن و تەڵاق خستنەوە پیاو گەڵ ناوێرن بچن شتی بۆ ببەن، لەو شاخانە زۆر برسی ئەبێ، شەوێک دائەبەزێتە خوارەوە بۆ ناو گوندی ناودێ و بەردێک ھەڵ دەداتە حەوشەکەی ماڵی قادری نادر، کە ئەکاتە خاڵی، نازانێ چەند ڕۆژ پێش پارتی خەڵکیان لەژێر دارکاریدا بێدەم و زمان خستووە، خاڵۆ قادر وتبووی شەوکەت بڕۆ نان و ھێلکەی بۆ بپێچەرەوە باکەس نەزانی و با نەیەتە ژوورەوە بیبینم، بەخوا تەڵاقم ئەکەوێ!
ئەم بەزمە بەردەوام بوو تا فاخر مێرگەسووری ھات بۆ کوێرەک، ئیتر نیمچە ڕێککەوتنێک کراو دۆخەکە ئارام بوویەوە.
ساڵی 1968 کە جیابوونەوە و ئینشقاق لەنێوان باڵی قیادەی مەرکەزی و لیژنەی مەرکەزیدا ڕووی دا مامە عەلە و زۆربەی جوتیارانی دەوروبەریان قیادەی مەرکەزیان ھەڵبژارد، کە قیادەی مەرکەزی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بنکە و بارەگاکانیان کردەوە، ئەم وەزعە تا 11ی ئازاری 1970 بەردەوام بوو، بەڵام کە عەزیز ئەلحاج ڕوخا ، ئیبراھیم عەلاوێش ڕای کرد بۆ لەندەن و قیادەی مەرکەزی فەشەلیان ھێنا، ھەندێک گەڕانەوە بۆ ناو لیژنەی مەرکەزی و ھەندێک لە پارتی نزیک بوونەوە و ھەندێکیش وازیان ھێنا، بەڵام ساڵی 1972 عومەری سەید عەلی نامەیەکی لەلایەن حەمەی میرزا سەعید و عەدۆ وە ھێنا بۆ مامە عەلە ڕەش و مامە حەمە فەرەج کە هەردووکیان دوو سەرکردەی دیاری بزووتنەوەی جوتیارانی کوێرەک و ھۆرێن و شێخان بوون و لە سەردەمی بەنداوەکەی دەربەندیخانیشدا ھاوڕێی خەباتی کرێکاری عەدۆ و حەمەی میرزا سەعید بوون کە ھەموویان شوعی بوون، لە نامەکەی عومەری سەید عەلی دا هاتووە: ھاوڕێیان عەدۆ و حەمەی میرزا سەعید داوایان لە عەلە ڕەش و حەمە فەرەجی فەتاح کرد بوو کە ڕێکخراوێکی مارکسی لینینی شۆڕشگێڕ درووست بووە و داواتان لێدەکەین کە پەیوەست ببن پێمانەوە، ئەمانیش دەستبەجێ قبووڵیان کرد، ئیتر بە نھێنی کاری ڕێکخراوەییان دەکرد.
کە ساڵی 1974 شۆڕشی پارتی ھەڵگیرسا باڵی قیادەی مەرکەزی کە زۆریان پەیوەندیشیان بە کۆمەڵەوە کردبوو، ڕۆشتنە ناو شۆڕشی کورد و مامە عەلەش بوو بە سەر پەڵ لای پارتی لە پەلی زمناکۆ، پاش ئاشبەتاڵیش ئاوارەی ئێران بوون و لە شاری قەزوێن گیرسانەوە.
کۆتایی ساڵی 1976 ساڵحی کوێخا عەزیز کە پورزای مامە عەلەیە بەبرینداری ئەچێت بۆ قەزوێن، لە سەرەتای بەھاری 1977 دا مامە عەلە و کاک ساڵح لە ڕێگای #کرماشان# و #جوانڕۆ# و سەلاسی باوەجانییەوەگەڕانەوە بۆ کوردستان بۆ پێشمەرگایەتی لە ڕیزەکانی کۆمەڵەی مارکسی لینینیدا.
لە ساڵی 1980 لە گوندی چرچەقەڵا سوپای ئێراق دەوریان دەگرن و مامە عەلە فیشەکێک بەر ئەژنۆی دەکوێت و بریندار دەبێت، بەڵام بەبرینداری دەردەچێت و دەست دوژمن ناکەوێت، ئەگەڕێتەوە بۆ ئێران بۆ چارەسەر، بەڵام ئاشکرا دەبێت و ڕژێمی ئاخوندی دەیگرن و ئەیبەن بۆ زیندانی ئەوین بۆ ماوەی دوو مانگ.
ئەوکاتە دکتۆر فوئاد مەعسوم بەرپرسی پەیوەندی یەکێتی ئەبێ لە تاران کاری بۆ دەکات و بەر دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
لە ئەنفالەکانیشدا لە شەڕێکدا فیشەکێک بەر سەری دەکەوێت و ھاوڕێکانی لە قەرەداغ بە جێی دەھێڵن کە پاش دوو بۆ سێ ڕۆژ بە ھۆش دێتەوە پونە ئەکوتێ و ئەیخاتە سەر برینەکەی و ئەتوانێ لەگەڵ قافڵەی ئەوانەی کە بەرەو ئێران پاشەکشە ئەکەن خۆی بگەیەنێتە ئێران و چارەسەری خۆی بکات.
لە ڕاپەڕیندا گەڕایەوە بۆ دەربەندیخان و خەڵکی زۆر بەتامەزرۆوە پێشوازیان لێکرد مامە عەلە خۆشەویستی هەموو لایەک بوو بەهیچ شێوەیەک نەگلا بە گەندەڵیەوە.
لە ساڵی 1993 دا مینێک پیایدا تەقییەوە و قاچێکی لەدەست دا.
مامە عەلە پیاوێکی ژینگە پارێز بووە، ئارەزوو و خولیایی باخ و چاندنی نەمام و سەوزکردنی ژینگەی ناوچەکەی بووە.
لە 23-12-2009 بە جەڵتەی مێشک کۆچی دوایی کرد، هەموو خەڵکی ناوچەکە و کوردستانیش ئەوەی بەمێژووی پڕ لەقوربانیدانی مامە عەلەی سەرکردە ئاشنا بووبێ بە حەسرەت و غەمێکی قوڵەوە بەرەو گۆڕستانی گوندەکەی بەڕییان کرد و بەخاکیان سپارد.[1]