ئەندامێکی لیژنەی دارایی، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ئاماژە بەوە دەکات، ئامادەکردن و پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ئێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو، پلانی حکومەتی ئێراقە بۆ ڕێگریکردن لە دواکەوتنی بوودجە لە ساڵانی داهاتوو، هاوکات بڕیارەکەی حکومەت پشتبەستووە بە یاسا و هیچ گرفتێکی نییە.
د. #جەمال کۆچەر#، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ڕایگەیاند: ئەگەر نیسابی یاسایی تەواو ببێت بڕیارە ئەمشەو #06-04-2023# خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ئێراق بکرێت، کە پشکی کورد بە زیاد لە 16 تریلیۆن دینار دیاریکراوە، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق بۆ پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵی 2023 و 2024 و 2025 بڕیارێکی تەواو یاساییە ئەوەش پشت بەستن بە مادەی چوار بڕگەی دوو، لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و قەرزی گشتی ژمارە شەشی ساڵی 2019.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەسەندکردنی بودجەی گشتی سێ ساڵ لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە ڕێگەپێدراوە، کە ڕێگەی بە یەکگرتنی داوە بەشێوەیەک ئاستی مامناوەندە بۆ سێ ساڵی داهاتوو دیاری بکرێت و ساڵی یەکەم دەبێت وەک خۆی جێبەجێبکرێت، بەپێی مادەی 78ی دەستووری ئێراق ڕێگە دراوە کە دوو بودجەی دواتر بەپێی ئەو بارودۆخەی کە لە داهاتوودا سەرهەڵدەدەن ئامادەبکرێن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، پلانی حکومەت بۆ پەسەندکردنی بوودجەی سێ ساڵ بابەتێکە لەگەڵ یاسادانانی بودجەدا دەگونجێت، کە ڕێگری دەکات لە دواکەوتنی یاسادانان بۆ بودجەی ساڵەکانی داهاتوو، وەک ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو ڕوویدا و بودجە پەسەند نەکرا. [1]