ناونیشانی بابەت: بیرەوەرییەکانی هونەرمەند ڕزگار خۆشناو بەشی سێیەم
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
$بە شەش مانگ فێری عوود بووم$
لە وەختەکی زۆر حەساس دەستم بە عوودی کرد و لەبەر تەمرین و لێدانی عوودی ئاگام لە خۆش بڕابوو! ئەو کچەی خۆشمەویست حەزیەکرد ببمە مەشهورترین کەس! شەو و ڕۆژ هەر مەشغوولی عوودی بووم، ئەوەندەم مەڕاق بوو، زۆر عەجەلە بووم، حەزمەکرد بە شەو و ڕۆژەکی فێر بم، لەناو هەموو ئەوانەی دەستیان بە فێربوونی ئالەتی مۆسیقای کرد، ئەمن تەمرینم لە هەمان زیاترەکرد.
پاش شەش مانگی، تانیم یەکەم جوملەی مۆسیقای لێ دەم کە پێنج دەنگی گۆرانیەکیی مامەستای گەورە ڕەحمەتی #باکووری# بوو یادی بەخێر! وای چەند کەیفخۆش بووم، لە من وابی هەموو دونیا ئی منە! زۆر موعجەب بووم بە تەنبووری ڕەحمەتی محەمەد عارف جەزراوی یادی بەخێر و بە لاوکی (لێ لێ لێوایێ) ، (غەزال غەزال) و بەستەی (لێ لێ حەنێ) . چونکە بابم زۆر حەزی لە لاوکەکانی ڕەحمەتی کاوێس ئاغا و مریەم خان بوو یادیان بەخێر، ئەمنیش حەزم لێ کردن.
گێم دەدا مامەستای ڕەحمەتی حەسەن زیرەک یادی بەخێر و مەزهەری خاڵقی و باکووری و فوئاد ئەحمەدی ڕحمەتی، یادیان بەخێر. وەختی ئەمە مندار بووین هەر یەک ئیزاعەی کوردی لە بەغدایێ هەبوو، هەرچییەکی لێیاندابا، ئەمە گێمان دەدایێ بە باش و خراپ!
دێتۆ بیرم کە هێشتا باش نەمدەزانی عوودی لێ دەم، لەبۆ حەفلەی نەورۆزی پارتی بە دزی ئەمەیان (فڕقەی سەفین) * بە جێبەکی بردە هیرانێ، ئەو وەختی ڕەحمەتی موقەدەم عەزیز عەقڕاوی ئامیری هێزی سەفین بوو، بەخۆشم نەمزانی ئەو جورئەتەم لە کێ هینا هەندەک لاووکی (لێ لێ لێوایێ) و (بەستەی هەی لێ لێ حەنێم) م گۆت، ئەوها گەرم ببووم شەرمم لە کەس نەدەکرد!
بە منی گۆت: ئەوە لە کێ فێر بووی؟ ئەمنیش گۆتم: هەر لەخۆوە و کەس فێری نەکردیمە گۆتی: ئافەرین ئەو قسەم زۆر پێ خۆش بوو چونکە مەجلیسەکە زۆر قەرەبارغ بوو، لە پێش هەمان ئەمنی تەشجیع کرد! دوایێ هەموو فڕقەی دەعوەت کرد، هەتا ئەمن عوودم لەناو جانتای نا، هەندەک تاخیر بووم و وەختی ویست بچمە ژۆرێ، پێشمەرگەک لە دەرکێ ڕاوەستابوو لێنەگەڕا بچمە ژۆرێ، هەتا ئێکەک لە دوور نەیگۆت: جەماعەتی (پیپ) یە مەقسەدی (تیپ) بوو! ڕەنجبەری برام هێشتا باش فێری کەمان نەبووبوو، بەران کۆرس بوو لەگەر ڕەمزی مەهدی، حەفلەکە بە مناسەبەتی نەورۆزێ بوو، زۆربەی بەرنامەی حەفلەکەش سروود بوون (ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە، پێشمەرگەین، دایە گیان، دایە گیان ئەو چەکەم بەرێ، پێشڕەوی کورد پارتییە، ئەی کوردینە، خوایە وەتەن ئاوا کەی، جەژنە جەژنی کوردستانە، ...هتد)
دوای حەفلە خەراتیان کردین و هەر یەکی پێنج دیناریان داینێ، ئەودەمی پارەکی زۆر بوو! ئەمن چوومە بازاڕی و ویستم هەدیەکی لۆ داکم بکڕم، قوماشی جەرسەی ئێرانی تازە پەیا ببوو، چەند مەترەکم لەو قوماشەی کڕی و وەختی گەڕاینەوە شەقراوێ کردیە باران و بایەکی بە قووەت و ئەمنیش قوماشەکەم لە سەرێ خۆ بەست، هەتا پرچم تەڕ نەبی. ئەو ڕێیەی ئێستا بیست دەققەیە، جاران قوڕ بوو کە بارانیش دەباری بە جێبیش سعاتەکی زیاتر دەویست و هەتا گەیشتینە شەقراوێ، لە لایەکی ترس و لە لایەکی دیکە قۆرت و قوڕی ڕێیێ هەموو هەناوی دەرهیناین.
ئەو وەختی کە داخلی شەقراوێ بووین لە سەرمەیدانێ و لەسەر ڕێی هیرانێ سەیتەڕەی حکوومەتی هەبوو، لۆیێ هەر پێش سەیتەڕەی بە ڕێیەکیدیە چوو، لە مارێ مەلا گچکەی* ڕەحمەتی ناوی بەخێر، هاتینە خوارێ و بە پێیان هەر کەسە خۆی ئەگەیاندۆ مارێ، وەختی هاتینەوە مارێ داک و بابم دەستیان بە پێکەنینێ کرد! ئەمنیش گۆتم: ئەوە لۆ پێدەکنن ئەوانیش گۆتیان: ئەتوو خۆت دیتییە؟ گۆتم: چ بووە؟ گۆتیان: بڕۆ بەر نەینۆکێ و تمەشای دەموچاوی خۆت کە!
ئەمنیش بە غاردان چووم و نەینۆکەکم هینا و تماشێ خۆم کرد، ئەبینم دەموچاوم شینومۆر بووە! ئەتوو مەرێ قوماشەکە - عەلا ئەساس ئەسلیشە - ڕەنگی دابووەوە و دەموچاوی هەر عەدم کردبووم! قوماشەکەم دا داکێ و ئەو پارەی مابووش دامە بابی و ئەویش زۆر کەیفی پێ هات و ئەوەش یەکەم حەفلەم بوو، ئەوەل جاریش بوو کە پارەمان پدەنێ!
*ئەوانەی لەگەر فڕقەی سەفین بوون: ڕەحمەتی مەلا گچکە: عەریف حەفل/ مومەسیل/ شاعیر، مامەستا حەسەن مستەفا: سروودبێژو عەریف حەفل، مامەستا عەبدوڵڵا حەسەن: کەمان، ڕەحمەتی حەمید قەساب: کەمان، فاڕووق ساڵح کۆیی: کەمان، ڕزگار خۆشناو: عوود، محەمەد: دمبک، ڕەنجبەر خۆشناو: گۆرانیژ و کۆڕس، ڕەمزی مەهدی: گۆرانیبێژ و کۆڕس.
* ماری مەلا گچکەی ڕەحمەتی ناوی بەخێر، لەسەر ڕێی هیرانێ نێزیک بوو، لە چوون و گەڕانەوەی ئەوێ مقەڕمان بوو، خۆی موزەمید بوو، بەران ئینسانەکی موسەقەف و زیرەک و ئازا بوو، کوردەکی گەلەک دڵسۆز و هەتا برێی قسەخۆش و پیاوی مەجلیسان بوو، شاعیر و مومەسیل بوو.[1]