ناونیشانی بابەت: هەڵئاوسان چییە؟ هۆکار و دەرئەنجامەکانی
ئامادەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
دیاردەی “هەڵئاوسان” یەکێکە لە کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییە گەورەکان، ئەم کێشەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئاستی بژێوی خەڵک و، هاتی بەرهەمهێنان و ڕادەی بەرەو پێشچوون و گەشەکردنی ئابووری. هەڵئاوسان؛ کە بریتییە لە زیادبوونێکی بەردەوام کە لەئاستی گشتی نرخەکان ڕوودەدات، هەندێک جار زیادبوونی پارەو هەندێک جار زۆری خواست دەبنە هۆی زیادبوونی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، بەڵام جاری واش هەیە کەمی خستنەڕووی کاڵا و خزمەتگوزاری و زیادبوونی تێچوونی بەرهەمهێنان دەبنە هۆی ئەو هەڵئاوسانە بەبێ ئەوەی (خواست و بڕی پارە) گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. لە هەمان کاتدا؛ نابێت ئەوە لە یاد بکەین کەمی وەڵامدانەوەی هەندێک بەرووبوم لە هەندێک قۆناغ و وەزردا بەرانبەر زیادبوونی خواست کە سەرەئەنجام دەبێتە هۆی هەڵئاوسان، لە هەندێک حاڵەتی کەمیشدا لەهەندێک وڵات ئەو هەڵئاوسانە بەهۆی قورخکارییەوە ڕوودەدات کە پیادە دەکرێت لەلایەن هەندێک کۆمپانیای باڵادەست و زلهێزەوە.
بێگومان ڕادەی پێشکەوتنی وڵاتان جیاوازە لەڕووی بەرهەمهێنان و چۆنیێتی دابەشکردن و میکانیزمی نرخ دانانەوە، بەڵام ئەوەی کە وڵاتانی جیهان کۆدەکاتەوە، ئەوەیە کە هیچ وڵاتێک نەبووە و نابێت لە مێژوودا کە توانیێتی بەشێویەکی ڕەها و بەردەوام خۆی بەدوور بگرێت لە کێشە ئابوورییەکان بەگشتی و کێشەی هەڵئاوسان بە تایبەت، چونکە هەندێک کات سەرهەڵدانی کێشەکان (بەتایبەت هەڵئاوسان) پەیوەندی بەهۆکاری دەرەکی یاخود نائاسییەوە وەکوو ئەوەی لەکاتی جەنگ و ڕووداوە سرووشتییەکان ڕوو دەدەن، کە دەبنە هۆی ڕەخساندنی بوارێکی گونجاو بۆ سەرهەڵدانی گرفتە ئابوورییەکان تەنانەت زۆرێک لە وڵاتانی زلهێز و خاوەن ئابووری تۆکمەکانیش ناتوانن ڕێگە لەروودانی بگرن.
=KTML_Bold=“هۆکارەکانی سەرهەڵدانی هەڵئاوسان”=KTML_End=
هیچ دیاردە و کێشەیەکی ئابووری لە خۆوە نایەتە کایەوە بەڵکوو کۆمەڵە هۆکارێکی جۆراوجۆر کاری تێدەکات، دیاردەی هەڵئاوسانیش بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵە هۆکارێک دەبنە هۆی درووستبوونی سەرەڕای جیاوازی هۆکاری لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، لەیەک وڵاتیش لەکاتێکەوە بۆ کاتێکی تر.
=KTML_Bold=لێرەدا ئاماژە بەچەند هۆکارێکی گرنگی سەرهەڵدانی هەڵئاوسان دەکەین؛ =KTML_End=
1- زیادبوونی بڕی پارە بەرێژەیەکی زیاتر لە بڕو قەبارەی کاڵاو خزمەتگوزارییەکان، کە بە “هەڵئاوسان”ی نەختینەی ناوە دەبرێت.
2- زیادبوونی تێچوون بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و زیادبوونی کرێی کرێکاران لە ڕێگەی سەندیکای کرێکاران، نەمانی سیستەمی چاودێری لەسەر نرخ و کرێ، کە دەبنە هۆی درووستبوونی هەڵئاوسان کە بە (هەڵئاوسانی تێچوون) دەناسرێت.
3- درووستبوونی کەلێن و جیاوازی لەنێوان خواست و خستنەڕووی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، ئەویش لەم ڕێگانەوە پەیدادەبێت؛
أ- زیادبوونی خواست زیاتر لە زیادبوونی خستنەڕوو.
ب- کەمبوونەوەی خستنەڕوو بەبێ گۆڕانی خواست.
4- زیادبوونی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان کە هاوردە نین، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستێت بە هاوردەنی بۆ تێرکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان (بەکاربەرەکی وەبەرهێنەکی) ئەویش بەهۆی کەمی بەرهەمی ناوخۆ. ئەم زیاد بوونەی کە ڕوودەدات لە نرخ بە (هەڵئاوسانی هاوردەنی) دەناسرێت
5- هەندێک جار بەهۆی درووستبوونی لاسەنگی بازار و هەڵئاوسان درووست دەبێت، کە هەندێک کۆمپانیای قۆڕخکار دەست دەگرن بە سەر کەناڵەکانی (بەرهەم، هێنان و دەرهێنان و فرۆشتن) وە بە ئارەزووی خۆیان نرخ بەرز دەکەنەوە کە جۆرە هەڵئاوسانێک دێنێنە کایەوە، کە بە (هەڵئاوسانی هەیکلی) ناودەبرێت.
ئەوەی جێی ئاماژەیە زۆربەی کات ئەم کۆمپانیا قورخکارانە بەهۆی سەرمایەکانیانەوە دەست دەگرن بەسەر بازاڕەکاندا و بەزۆری ئەم قورخکارییە لە وڵاتانی سەرمایەداری ڕوودەدات کە کۆمپانیاکانیان دەیکەن، بەڵام لە هەندێک کاتیشدا وڵاتانی سەرمایەداری و کۆمپانیان ئەم قورخکارییە دەکەن بەرانبەر وڵاتە دواکەوتووەکان لەکڕینی مادە سەرەتاییەکانیان یان فرۆشتن بەروبوومەکانیان، ئەویش بەهۆی ڕێنەدانی کێبڕکێ لەلایەن کۆمپانیاکانی ترەوە.
6- جگە لەو هۆکارانەی سەرەوە زۆری خەرجییەکانی کەرتی گشتی و زیادکردنی مووچە بەبێ زیادکردنی قەبارەی پێویست لە شمەک لە ناوخۆدا دەبێتە هۆی هەڵئاوسان.
7- زۆری خواست لەسەر شمەکی بەکارهێنان و نەبوون و کەمبوونەوەی خواستی وەبەرهێناون بڵاوبوونەوەی دیاردەی کڕین و فرۆشتن لە جیاتی کرداری بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان.
8- پێدانی قەرزی خانووبەرەو هەوڵدان بۆ بەگەڕخستنی ژمارەیەکی زۆر لە دەستی کار لە دامودەزگا حکومییەکان و بڵابوونەوەی بێکاری شاراوە و گوێنەدان بە ڕەخساندنی هەلی کارکردن و هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەکان و بەزیادکردنی بڕی پارە کەنەک کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکوو کێشەکان فراوانتر دەکات.
9- نەبوون و لاوازی لایەنی کارگێڕی بەشێوەیەکی درووست کە هەڵسێت بە دانانی پلانێکی درووست کە پەیوەندییەکی ڕاستەقینە درووست بکات لەنێوان ماددە ئابووری و سرووشتی و مرۆییەکانی ناوخۆو زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی ساڵانەوە و، ئاستی استغلالکردنی ئەو مەوریدانە لە کەرتە ئابوورییە جۆر بەجۆرەکاندا.
کۆتا خاڵ؛ کە تەواوکاری خاڵەکانی پێشووە، نەبوونی چاودێری لەلایەن دەسەڵاتی بەرپرس سەبارەت بەنرخ و ئاستی بەرهەمهێنان و چۆنییەتی ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردن و دیاریکردنی هۆکاری هەڵئاوسانەکە و هەنگاو نان بۆ چارەسەرکردنی.
=KTML_Bold=“کاریگەریی و شوێنەوارەکانی هەڵئاوسان”=KTML_End=
هەڵئاوسان وەکوو دیاردەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی؛ کاریگەرییەکی فراوان بەجێ دەهێڵێت و هەندێک جار و لەهەندێک وڵاتدا جگە لە شوێنەواری ئابووری و کۆمەڵایەتی شوێنەواری سیاسیش بەجێ دەهێڵێت، هەندێک جار بەرووخانی سیستەمەکان کۆتای دێت، کاریگەرییەکانی دیاردەی هەڵئاوسان لەم چەند خاڵەی خوارەوە کوورت دەکەینەوە؛
1- کاریگەریی هەیە لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی داهاتی نەتەوەیی، بەڵام لە بەرژوەندی چینی هەژار و مووچە خۆر نییە، بەڵکوو لە بەرژەوەندی بازرگان و خاوەن دەسهاتە گۆڕاوەکان، دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی داهاتی نەتەوەیی لە دەرئەنجامدا.
2- کاریگەریی هەیە لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی سامانی نەتەوەیی، بەڵام لە بەرژوەندی ئەوانەیە کە سامانی ڕاستەقینەیان هەیە، وەکوو (خانوو سەیارە) و لەبەرژوەندی ئەو چینە نییە کە هەڵگری سامانی دارایی و نەختینەین وەکوو (پارە و پشک و قەواڵە) .
3- کاریگەریی هەیە لەسەر وەبەرهێنان، دەبێتە هۆی زیادکردنی ئاستی وەبەرهێنان بەهۆی زیادکردنی داهاتی وەبەرهێنەکان و زیادبوونی قازانجەکانیان کە پاڵنەری سەرەکی وەبەرهێنەکانە بۆ زیادکردنی داهاتی وەبەرهێنەکان و زیادبوونی قازانجەکانیان، کە پاڵنەری سەرەکی وەبەرهێنەکانە بۆ زیادکردنی وەبەرهێنەکانیان، بەڵام ڕادەی زیادکردنی ئاستی وەبەرهێنان لەلایەن وەبەرهێنەکان جگە لەهەبوونی قازانج بەندە بە نەرمی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و ئاستی بەکارخستنی نەتەوایەتی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان.
4- نرخی هەڵئاوسان کاریگەریی هەیە لەسەر هەردوو تەرازووی پارەدان و بازرگانی، چونکە بە ڕزبوونەوەی نرخی شتومەکی ناوخۆ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خواستی دەرەکی و کەمبوونەوەی ڕێژەی ناردەنی، ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی لاسەنگی لە تەرازووی بازرگانی و لە دوایشدا تەرازووی پاردانە.
5- هەڵئاوسان؛ سەرەڕای دەرئەنجامە ئابوورییەکانی، کۆمەڵە کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتیشی لێدەکەوێتەوە، لە وانەیە پەیدابوونی چینایەتی و بڵاوبوونەوەی بەرتیل و تەشەنکردنی هەندێک دیاردەی دزێوی کۆمەڵایەتی و نائارامی سیاسی، ئەم دەرئەنجامانەش زیاتر بەهۆی خراپی ئاستی گوزەرانی فەرمانبەرانەوە بەزۆری کە لەدام و دەزگا حکومییەکان کاردەکەن.
لەڕوانگەی ئەو کاریگەرییانە کە باس کراون هەندێک پیێیان وایە؛ کەدیاردەی هەڵئاوسان سوودی هەیە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و گەشەکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی بێکار، بەڵام هەندێکی تر لە ئابووریناسەکان وادەبینن کە هەڵئاوسان زیانی هەیە نەک کەڵک و ئەگەر سوودیشی هەبێت زۆر کەمترە لە زیانەکانی. پێشیان وایە؛ کە هەڵئاوسان نابێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و کەمکردنەوەی بێکاری، چونکە وەبەرهێنەکان لەکاتی “هەڵئاوسان” ترس و دوودڵی دایان دەگرێت و دەترسن لەوەی ئاستی وەبەرهێنانیان زیاد کەن، بۆیە ڕێژەی بێکاریش کەمنابێتەوە بەتایبەت بۆ کرێکارانی ناکارامە.
=KTML_Bold=“ڕێگە چارەکانی هەڵئاوسان”=KTML_End=
کۆمەڵە ڕێگە و شێوازێک هەیە کە دەگیرێتە بەر بۆ کەمکردنەوە، یاخود چارەسەرکردنی هەڵئاوسان، سەرەڕای جیاوازی هۆکاری سەرهەڵدان و درووست بوونی هەڵئاوسانەکە، گرنگترین ڕێگاکانی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵئاوسانە کۆدەبێتە و لە دوو تەوەری سەرەکی؛
بەشی یەکەم؛ چارسەرەی کوورت خایەن.
ئەم ستراتیجە بانگەشەی کەمکردنەوەی بڕی پارە دەکات کە بەڕادەیەک بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی وڵات، بەڵام پیادەکردنی ئەم ستراتیجیە هەڵگری کۆمەڵە گرفتێکی ترە، لەوانە؛ کەمبوونەوەی بەرهەمی نەتەوەیی بەهۆی کەمکردنەوەی خواستی گشتی و تایبەت، کە دەرئەنجامی کەمکردنەوەی پارەدێتە کایەوە.
بەشی دووەم؛ چارەسەری درێژخایەن.
ئەم ستراتیجیە زۆر جار بە چارەسەری پلە پلە ناو دەبرێت. ئەم ستراتیجییە؛ واقیعی ترە لە ستراتیجی یەکەم، چونکە بەوەی ڕازییە کە “هەڵئاوسان” دەبێت، بەڵام تاڕادەیەک ئەویش لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ڕێژەی “پارە” بەڵام بەڕێژەیەکی کەم کەم و پلە پلە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ، چونکە ئەگەر کەمکردنەوەی بڕی پارەکە بەڕێژەیەکی کەم بێت ئەوا نابێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری، وەکوو چۆن لە ستراتیجییەتی کوورتخایەن ڕوویدا. جگە لەوانەش پیادەکردنی ئەم ستراتیجییە دەبێتە هۆی زیادکردنی قەبارەی پاشەکەوت و بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان و چارەسەکردنی هەڵئاوسانەکە بە کەمترین تێچوون.
لە هەمان کاتدا ئەوەی کێشەکەی فراوانتر کردووە؛ هەبوونی ڕێژەیەکی زۆر لەپارە لە بازاڕەکاندا هەیە بەهۆی مووچە یاخوود خەرجییە بێ بەروبوومەکانی حکومەت، ئەو زۆری پارەیە و زیادکردنی خستنەڕووی پارە، کاڵا و خزمەتگوزارییەکان نرخیان بەرز دەکاتەوە.
=KTML_Bold=“دەرئەنجام”=KTML_End=
لە کۆتاییدا؛ دەتوانین ئاماژەیەکی کوورت بکەین بەدیاردەی “هەڵئاوسان” لە کوردستان، کە کێشەیەکە زیاتر پەیوەندی بەخستنەڕوو هەیە وەک لەخواست و لەناو خستنەڕووشدا. کیشەکە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە خستنەڕووی کاڵا و خزمەتگوزاریمان زۆرە، بەڵام گرفتەکە لەوەوەیە، شمەک و خزمەتگوزارییەکانی بەرهەمی ناوخۆ نین، بەڵکوو بەرهەمی بیانین بۆیە بازاڕەکانی جیهان نرخیان دیاری دەکەن. لە هەمان کاتدا ئەوەی کێشەکەی فراوانتر کردووە هەبوونی ڕێژە یەکی زۆر پارە لە بازاڕەکاندا هەیە، بەهۆی مووچە یاخوود خەرجییە بێ بەربوومەکانی حکومەت، ئەو خزمەتگوزارییەکان نرخیان بەرز دەکاتەوە.
چارەسەری کێشەی “هەڵئاوسان” لە کوردستاندا بە یەکانگیری دەبێت لە ڕامیارییەکانی دەوڵەت بەتایبەت سیاسەتی نەختینەیی و دارایی و کارکردنیان بەیەک ئاڕاستە نەوەکو وەکوو ئێستا کە سیاسەتی نەختینەی کاردەکات لەسەر فراوانکردن و زۆر کردنی بڕی پارە لەبازاڕدا، بەڵام سیاسەتی دارایی کاردەکات لەسەر کەمکردنەوەی پارە لە بازاردا لە ڕێگەی کەمبوونەوە و کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران کەڕێژەیەکی زۆر خەرجییە گشتییەکان پێکدێنێت. [1]