ناونیشانی بابەت: ئاساییشی خۆراک
ئامەدەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
واتای ئاساییشی خۆراک؛ بریتییە لە دەستەبەربوونی خۆراک لەڕووی فیزیکی و ئابووری بۆ سەرجەم هاووڵاتییان لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بە بڕی پێویست و بەگوێرەی خواستیان. 3.2 میلیار لە دانیشتووانی جیهان بەهۆی کەم خۆراکی تووشی تەنگەژە هاتوون و 16%ی دانیشتووانی وڵاتان لە دۆخی پەرەسەندن لەگەڵ کێشەی کەم خۆراکی. ساکارترین پێناسەی “ئاساییشی خۆراک” لەڕووی ستراتیجییەوە ( درێژخایەنەوه ) ئەوەیە؛ گەلێ بتوانێ کەرەستە سەرەتاییەکانی خۆراک که بۆ ژیان گرنگن و پێویستن بەرهەم بهێنێ، هەروەها لەڕووی کوورت خایەنییەوە بتوانێ بەلای کەمی بۆ ماوەی سێ مانگ پاشەکەوتی خۆراکی هەبێ بۆ بەرەنگار بوونەوەی حاڵەتی کتوپڕی سرووشتی یان جەنگ و ئابڵوقە. بیری ئاساییشی خۆراک هەمیشە یەکێ لەڕەهەندە گرنگەکانی ژیان بووه و دەبێ مرۆڤ هەر لەسەرەتای ژیانیەوە ئەگەر بیری له ئاساییشی خۆراک نەکردبایەوە، چەندین ڕێگه و شوێنی بەکارنەهێنابایە بۆ بەرهەمهێنان و پاشەکەوت و هەڵگرتنی خۆراک، ئەوا نەئەتوانرا بەردەوامی بەژیانی مرۆڤایەتی بدرێ. بیری “ئاساییشی خۆراک”هەر لای مرۆڤ نییە، بەڵکوو هەتا ئاژەڵەکان بۆ پاراستنی ژیان و بوونییان لەمێروویەکەوە تا ئەگاتە ئاژەڵی گەوره، بیر لە ئاساییش واته؛ دابینکردنی خۆراک ئەکاتەوە بۆ ئەم کاتانەی کە خۆراک دەست ناکەوێ بەتایبەتی لە وەرزە ساردەکاندا. لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و ئابووری و تەکنەلۆجیای بەرهەمهێنان و پاراستنی خۆراک، ئاساییشی خۆراک بوو بەسیاسەتی نیشتمانی و نەتەوەیی وڵاتانی خاوەن خاوەندارییەتی، بەوەی کەوا هەموو توانای مرۆیی و نیشتمانی ئەخەنه خزمەتکردنی ئاساییشی خۆراک.
=KTML_Bold=ئاساییشی خۆراک گەلێ ڕەهەندی تر جگە لەماناکەی خۆی لەخۆئەگرێ کەگرنگترینیان ئەمانەن؛ =KTML_End=
1- ڕەهەندی ئابووری
بۆ ئەوەی لەهەر وڵات و شوێنێ بتوانرێ ئاساییشی خۆراک فەراهەم بکرێ، پێویستە ژێرخانێکی ئامادەی ئابووری هەبێ، کەهەم ژێرخانی مادی وەکوو جادەوڕێگاوبان و ساختمان و پرد و تونێل و قوتابخانە و فێرگە و زانکۆو نەخۆشخانە لەخۆ ئەگرێ، هەم ژێرخانی مەعریفی و زانستی لەخۆ ئەگرێت، کە بریتییە؛ لەبەرنامە و ستراتیجی بۆ پێگەیاندنی کادری زاناو بەتواناو ڕۆشنبیر و شارەزا بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی درووست و ڕاست کەڵک لەژێرخانە ماددەییەکان وەربگرن، هەروەها بتوانن سەربەخۆیانە بە ئیعتماد لەسەر توانای خۆیان کارەکانیان ئەنجام بدەن لەگەڵ پەروەردەکردنی دەستی کاری حەرفی لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا، بۆ نموونە گرنگیدان و کاراکردنی قوتابخانە پیشەییەکان.
2- ڕەهەندی سیاسی
لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی؛ ئاساییشی خۆاک بۆ هاووڵاتییانی هەسارەی زەوی ڕەهەندی سیاسی وەرگرتووە، نەک وەک مافێکی سرووشتی بۆ مرۆڤەکان که پێویست بێ بۆ مانەوە لەژیاندا. هەتا لەم وڵاته نانیشتمانی و نا دیموکرات و نابەرپرسانەشدا ئاساییشی خۆراک بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەی خۆیان ڕەهەندێکی سیاسی پێ ئەبەخشن، واتە مافی کار و نان بۆ ئەوانەیە کە بەشوێن پەتی دەسەڵاتدا دەڕۆن.
ئەم وتەیەی کە ئەڵێ (بەکۆنتڕۆڵکردنی نان ئەتوانرێ میللەتان کۆنتڕۆڵ بکرێ) ئاماژەیە بۆ ئاساییشی خۆراک، ئەشێ بەکاربێ وەک چەکێکی سیاسی لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لەلایەن ئەم وڵات و گەلانەوە کەخاوەن خۆراک و سیاسەتی خۆراکن لەسەر ئاستی جیهان. هەروەکوو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا؛ لەوڵاتانی خاوەن دەسەڵاتی نادیموکرات و نامەدەنیش خۆراک و نان بەکاردێ وەک چەکێ بۆ کۆنترۆڵ کردنی تاکەکانی کۆمەڵگە. مەهزەله و گاڵتەجاری دەسەڵاتدارانی جیهانی دواکەوتوو دیکتاتۆر لەمەدایە کە بەهەمان چەک سیاسەت و شێوە کە خۆیانی پێ سەرشۆڕ و ڕادەست و بێ ئیرادە کراوە بەکاردێنن دژی هاووڵاتییانی خۆیان، بۆ ئەوەی گەلەکەیان ڕادەستی دەسەڵاتی ساختەی خۆیان بکەن لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی هەموو سەرچاوەکانی ئابووری و دەسەڵات بۆخۆیان و نوخبەی فاسد و دژەگەل و وڵات.
ئەم ڕوونکردنەوەی سەرەوە بۆمان دەرئەخات ئەگەر وڵات و میللەتێ نەتوانێ قوتی ژیانی بەدەستی خۆی فەراهەم بکات، ئەبێ ڕادەستی ئیرادەی خەڵکی تر و وڵاتانی تر بێ، لەخزمەت بەرژەوەندی بێگانەدا بێ، ئیتر شتێ نامێنێ بەناوی شانازی و کەرامەت، هەڵبەتە ئەم حاڵە لەسەر ئاستی تاکیش هەر وایە بەتایبەت لەوڵاتانی جیهانی خوارو (جیهانی سێ هەم) .
3- ڕەهەندی ژینگە و تەندرووستی
مەرجی فەراهەمکردنی ئاساییشی خۆراک، بوونی کەرتی کشتوکاڵه بەهەموو جۆرەکانییەوە لەگەڵ پیشەسازیکردنی کشتوکاڵ. کشتوکاڵ واتە؛ بەروبوومی خۆراکی و سەوزایی، ئەگەر لەسەر بنەمای زانستی و نیشتمانی مومارەسە ( پراکتیزە) بکرێ، جگە لە دابینکردنی ئاساییشی خۆراک که گرنگییەکی سەرەکی و ژیانی هەیە، بۆ پاراستنی ژینگە و کەشوهەوا و تەندرووستیش مەرجی سەرەکییه. بەڵام دیسان لەم وڵاتانە کە “ئاساییشی خۆراک نیه” واتە؛ کەرتی کشتوکاڵ بوونی نییە، یان زۆر لاوازە کە توانای بەرهەمی نیه. بۆیە لەم وڵاتانەدا گرفتی ئەوه هەیە که ڕووبەڕووی قاتی و برسیەتی و وێرانبوونی ژینگە و تەندرووستی ئەبنەوه، تا وای لێدێت کۆمەڵ هەمووی تووشی ڕووخان و نەخۆشی ئەبێتەوە و تراجیدیای مرۆیی لێ ئەکەوێتەوە. بەداخەوە نیشانەکانی پەیدابوونی ئەم تراجیدیایە لەسەر نەخشەی جیهان بەرەو فراوان بوون ئەڕوات و تەنیاوتەنیا دەوڵەت و دەسەڵاتدارییەتی دڵسۆز، دیموکرات، مرۆڤ و نیشتمان دۆست و مەدەنی و خاوەن دامەزراوەیی و زانستی و دیموکرات و کارا ئەتوانێ ڕێگە لە هاتنی تراجیدیاکان بگرێ .
=KTML_Bold=“گرنگترین هۆکارەکانی دابین نەکردنی ئاساییشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بریتین لە“=KTML_End=
1- بایەخنەدانی حکومەتی هەرێم بە برەودانی کەرتی کشتوکاڵ و تەماشا نەکردنی ئەم کەرتە وەکوو کۆڵەکە و بنچینەی ئابووری وڵات، بایەخدان و گرنگی پێدانی حکومەت تەنیا بۆ کەرتی نەوت و، دەرئەنجامی ئەو کارەش ئەو قەیرانە ئالۆز و فراوانانەیە کە لەئێستادا هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەرێت.
2- زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەرانبەر کەمبوونەوەی بەردەوامی زەوی کشتوکاڵی، بێگومان لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان خواست لەسەر خۆراک بە شێوەی جیاجیا زیاد دەکات، ئەمە لەلایەک و لە لایەکی ترەوە کەڵک وەرنەگرتنی تەواو لە زەویە کشتوکاڵییەکان بە بەرهەمی نوێ و پر بایەخ، بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە بواری باڵەخانەی بازرگانی و شوێنی نیشتەجێ بوون دیوێکی تری کەمبوونەوەی بڕی خستەڕووی خۆراک و دواتر فراوانبوونی گرفتی خۆراک و دابین نەکردنی ئاساییشی خۆراکە.
3- بایەخ نەدان بەفراوانکردنی کشتوکاڵ و بەتایبەت فراوانکردنی ستوونی بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمداری کشتوکاڵ و کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە دەرامەتە سرووشتییەکان.
4- دابین نەکردنی پارە و سەرمایەی پێویست لە بوودجەی کوردستان بۆ کەرتی کشتوکاڵ، بۆ ئەوەی بتوانرێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی پەرەسەندنی ئەم کەرتە فەراهەم بکات.
5- پشتگوێخستنی لادێکان و کۆچکردنی دانیشتووانەکانیان بۆ ناوشارەکان، بەهۆی بایەخ نەدانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی “ئێراق”و تەواوکردنی ئەو پشتگوێ خستنە لەلایەن حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان، کە لە ئێستادا زیاد لە (80%) ی دانیشتتوانی هەرێمی کوردستان لە شارەکان دەژین، هاوکات لە (90%) ی پێداویستی خۆراکی شارنشینەکان لەدەرەوەی وڵات هاوردە دەکرێن.
6- کەمی هۆشیاری زانستی لەلایەن ئەوانەی لە بواری بەرهەم هێنانی کشتوکاڵ کاردەکەن و، بەشێوەیەکی گشتی جووتیاران هۆشیاری تەواویان نییە کە چی بەرهەم بهێنن؟ بازاڕ چی پێویستە ؟ بەڵکوو زیاتر جوتیاران له و بوارەدا کاردەکەن کە ڕاهاتوون و چەندین ساڵە خوویان پێوە گرتووە سەرەڕای ئەوەی ئەگەر ئەو بوارە کەم داهات و کەم قازانجش بێت.
7- بەگشتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بایەخی تەواویان نەداوە بە پەرەپێدانی بەروبوومی خۆراکی ناوخۆیی و کارنەکردن لەسەر هاندانی هاووڵاتییان، لەسەر پیادەکردنی کولتووری بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەکڕین و بەکارهێنانی بەرهەمی ناوخۆ.
8- لاوازی پەیوەندی و هاریکاری و لێک تێگەیشتن لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت، لێک تێگەیشتن لەنێوای حکومەت و کەرتی تایبەت زۆر گرنگە بۆ پیادەکردنی ستراتێژیکی تۆکمە، که زەمانی دابینکردنی “ئاساییشی خۆراک” بکات لەرێگەی دانانی باجی پێویست و لەکاتی پێویست لەسەر هاوردەنی خۆراک بە مەبەستی برەودان بە بەرهەمە ناوخۆیەکان و هاوکات بایەخدانی جووتیارەکان بە پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی (بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان بەتایبەت ئەزموونی هەردوو وڵاتی (یابان و چین)
=KTML_Bold=“دەرئەنجام”=KTML_End=
دوای قەیرانە ئابوورییەکەی ساڵی 2008 لە جیهاندا؛ سەرەڕای زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان بەبەردەوامی، نرخی بەروبوومی خۆراکیش بەتایبەت دانەوێڵە بەرەو هەڵکشان ڕۆیشت، ئەم گۆڕانانە ئەوەندەیتر باری ئابووری و بژێوی هەندێ وڵاتی قوورسترکرد، بە تایبەتی کە خواست لەسەر “بایۆ-ئیتانۆل” وەکوو سووتەمەنی بایۆلۆژی و بەخێوکردنی ئاژەڵ زیاتر بوون، کە پێویستی بەبڕێکی زیاتر لە بەرهەم هەبوو بۆ سووتەمەنی بایۆلۆژی و ئالیکی ئاژەڵ، ئەوەش ئاشکرایە، کە هەر کاتێ خواست زیاتر بێت بەرانبەر ئەوەش نرخی کاڵا و بەرهەمیش بەرزتر دەبێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە توێژەرەکانی بواری “ئاساییشی خۆراک” پێ یان وایه؛ پێویستە سەر لەنوێ ئابووری هەرێمی کوردستان دابرێژرێتەوە لە ئابوورییەکی کشتوکاڵی بۆ ئابوورییەکی پیشەسازی. ئەو توێژەرانە ئەوە دەکەن بە بیانوو کە “داهاتی ئابووری کشتوکاڵ بەشی تێچوونەکەی ناکات”، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی گەوره و کوشندەیه، چونکە نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت هەموو کات داهات و پارە گرنگ نییە، بەڵکوو دابینکردنی “ئاساییشی خۆراک” و پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی لەکاتی ئاشتی و جەنگ، لەکاتی بەهێزبوون و گەمارۆدان زۆر گرنگترە لە داهات و پارە.
هاوکات هاوردنی خۆراک (بەهۆی هەبوونی پارەی نەوت) جێی دڵخۆشی نییە، چونکە بەهۆی بارگۆڕانی نرخی نەوت و کەم بوونەوەی داهاتی نەوتی (وەکو ئێستا) بارودۆخێک دێتە پێش، کە نەتوانرێت خۆراکی پێویست هاوردە بکەین. لەکاتی گریمانی بەردەوامی هەبوونی پارەی نەوت، بەڵام هاوردنی خۆراک و بەتایبەت لە وڵاتانی دراوسێ جگە لەوەی زیان بە ئابووری وڵات دەگەیەنێت، هاوکات ڕەنگە (نزیکە لەراستییەوە) زیان بەتەندرووستی هاووڵاتییەکانمان دەگەیەنێت، چونکە ئەگەر وڵاتانی دراوسێی وەکوو (تورکیا و ئێران بۆ نموونە) ئارەزوو مەندنەبن و دژایەتی بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بن، ئایا چۆن؟ ئارەزوو دەکەن و هاوکار دەبن لەبوونیادنانی هاووڵاتی تەندرووست باش لەم هەرێمە کە لە داهاتوودا ڕەنگە ئەو هاووڵاتییانە سەرکردایەتی ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە بکەن کە ئەوان نەیارن لەگەڵیدا، بۆیە هەمەجۆرکردنی ئابووری گرنگە و تاکە ڕێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئاساییشی خۆراک و پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان. [1]