ناونیشامی بابەت: کۆچکردنی گەنجان لە هەرێمی کوردستان
ئامادەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
کۆچ، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، دەتوانێ لە ڕووبەرێکدا بە ئەندازەی مێژووی شارستانییەتی مرۆڤ کۆن بێت. مرۆڤ ھەر لە سەرەتای ژیانی بە کۆمەڵی خۆیەوە؛ کۆچ بووەتە بەشێک لە ژیان و بوون و شارستانییەتی. مرۆڤ لە مێژەوە، لە شوێنێکەوە بەرەو شوێنێکی دیکە هەنگاوی بە کۆمەڵی لەپێناوی ژیان و مانەوە و بە دەستھێنانی باری باشتری گوزەران و ژیان و کەوتنە ئاساییش و دەستەبەرکردنی ئاساییشی خۆی و داھات و دەسکەوتەکانی، ھەمیشە کۆچیکردووە و کۆچی وەک میکانیزمێ بەکار ھێناوە.
کۆچکردن واپێناسەدەکرێ؛ بریتییە لە جێهێشتن و ڕۆشتنی مرۆڤ لە ناوچەیەکی جوگرافی بۆ ناوچەیەکیتری جوگرافی جیاواز بە ئامانجی دەستکەوتنی ژیانێکی شایستەو گونجاو.
پێناسەی گەنج، کە بەسەرمایەی وڵات دەژمێردرێ واپێناسەکراوە؛ بریتییە لەوکەسەی نەخشە بۆ ئاییندە دادە ڕێژێت و بەشێوەیەکی سیتەماتیک کار و تێکۆشان دەکات بۆ بوونیادنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو. واتا، گەنچ گرنگترین چینی کۆمەڵگەیە و بەسامانی وڵات دادەنرێت.
=KTML_Bold=کۆچکردنی گەنجان لە کوردستان”=KTML_End=
کوردستان هەرێمێکە لە وڵاتی ئێراق لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حوکمرانی سەربەخۆی هەیە، خاوەن پەڕڵەمان و حکوومەتە. کۆچکردن کەئێستا بووەتە دیاردە و باس و خواس لەناو کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەتی لەسەرەتای دەستپێکی ساڵی 2014 بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئێراق و کوردستان، بەهاتنی داعش و درووستبوونی شەڕ و هاتنی قەیران لەسەر قەیران وەک گرانی و بێکاری و ڕاگرتنی دامەزراندن لەتەواوی وەزارەتەکان. کۆچی گەنجان دەستی پێکرد، بەزۆری لەرەگەزی نێر بوون. بەڵام جێگای داخە کە دوای کۆتای هاتنی شەڕی داعش و کەمبوونەوەی گرژی لە ئێراق، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بارودۆخەکە هێشتا وەک پێویست نییە. کە لەو ساڵانەی دوایی تاکوو ئێستا، هەزاران گەنچ کۆچی نایاسایان کردووە بۆ وڵاتە ئەوروپییەکان، دەیان کەس بووەتە قووربانی، بەهۆی کۆچە نایاساییەکان. ئەوانەی لە کوردستان ڕوو لەدەرەوە دەکەن95% زیاتر لەو گەنجانەن کە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 25 ساڵانە، گەنجان هەمیشە خاوەنی بەهرەی خۆیانن، هەمیشە لە خەیاڵیان داهێنانێکی نوێ لە بیرو هۆشیان بەدی دەکرێ کاتێک هیچ زەمینەسازییەک نابینن بۆ دەرخستنی بەهرەکان و پەرەپێدانی، ئەوا حەز و بەهرەکانی لە ناخیدا دەخنکێن و تووشی گرفتی گەورەی دەروونی دەبن، هەر بۆیە دەبێت زەمینەیەک ساز بکەین بۆ ئەوەی بەهرە و تواناکانیان لە ناخیانەوە بدۆزنەوە و گرنگییان پێ بدرێ.
زاڵبوونی داب و نەریت، گەنج هەمیشە ڕۆحێکی یاخی هەیە لە کۆت و بەند و ئەقڵییەتە کۆن و دواکەوتووەکان کاتێک نەریت و سیستەمە کۆنە پەسەند کراوەکان و ئایینەکان کۆت و بەندی دەکەن، هەم دیسان یاخی دەبێت و دەبێتە وزە و تینی بیری نوێ کە زۆرجار کۆتوبەندەکان تێک دەشکێنن هەندێکجاریش دەبێتە قوربانی ئەو کۆتانە، هەر بۆیە دەبێت هەمیشە گوێ لە گەنج بگیرێت و هەستی ئازادی بیر و کەسێتییان پێ بدەین. دۆزینەوەی کار گەنج وەک هەر کەسێکی تر هەمیشە پیوستی بە هەلی کارە تا توانای خۆی بەدەر بخات و دەستکەوتێکی ئابووری دەستکەوێت، تا خۆی بوونی خۆی بسەلمێنێت کە ئەویش بوونی هەیە لە کۆمەڵگە و هیوایەکی هەیە بۆ داهاتوو کەچی کاتێک ئەم هەلە بۆ ناڕەخسێت باڵی نائومێدی و بێزاری و شکست نزیک دەبێتەوە لێی شوێنێک نادۆزێتەوە بۆ درووستکردنی بوونیخۆی.
=KTML_Bold=“هۆکاری کۆچکردنی گەنجان”=KTML_End=
1- ئەم کۆچە بێهیوابوونی خەڵکە لە کێشە ئابوورییە کەڵەکەبووەکان و کێشە سیاسییەکان و ململانێی نێوخۆیی لایەنەکان. بەوەی خەڵک لەوە هەڵدێت، کە داعش کۆتایی نایەت، دوێنی بەعس بوو، ئەمڕۆ داعشە، سبەی حەشدی شەعبییە، دوو سبەی شتێکی دیکەیە، خەڵک بێهیوادەبێت لەوەی کێشە سیاسییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بەرەو چارەسەربوون بچن.
2- یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچکردنی گەنجان لە هەرێمی کوردستان، نەبوونی پەروەردەیەکی باشە، سیستەمی پەروەردە لە وڵاتی ئێمەدا، حکومەتی ئێمە، دەوڵەتی ئێمە، ڕوانگەی کۆمەڵگەی ئێمە، ڕێکنەخراوە بۆ ئەوەی، کە مرۆڤێکی بەرهەمهێنەری زانای خۆگری تێدا درووستببێت. “کۆچ”تەنیا لە کوردستان نییە، هەر لە باکووری ئەفریقاوە تاوەکوودەگاتە سنوورەکانی یۆنان شەڕە، هەر لەوێوە کۆچ هەیە تاوەکوودەگاتە سنوورەکانی یۆنان، کەمترین شوێن کە کۆچی لێدەکرێت هەرێمی کوردستانە بەراورد بەوڵاتانی ناوچەکەوجیهان.
3- ئەم کۆچە کۆچێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی ئاساییشی نەتەوەیی کورد، تاکی کورد وەک مرۆڤی کورد لە قەیرانێکدایە کە بۆشاییەکی ڕۆحی و سیاسی ڕووبەڕووبووەتەوە، ئەوەی تاوەکوودوێنی باسی ڕیفۆرمی دەکرد، ڕیفۆرمەکانی بەدی نەهێنا، ئەوەی بەڵێنی بەخەڵک دەدا، کە دەتوانێت گۆڕانکاری لەژێرخان و سەرخانی وڵاتدا بکات لەڕوی بەڕێوبردنەوە وەک پێویست نەکراوە.
4- ئەوانەی کۆچ دەکەن تەنیا کەسی بێکار نین، تەنیا کەسێک نین کە هەژارن، بەشێکیان بێکارە، بە پێچەوانەوە بەشێکیان گوزەرانیان باشە، لە هەمووشی گرنگتر کە کۆچی تەنیا مرۆڤی کورد نییە کۆچی سەرمایەیە، دەوڵەمەندەکان، کە وردەوردە پارەکانیان کۆدەکەنەوە و دەیبەن بۆ ناوچەیەکی ئارام، بەهۆکاری بوونی داعش لەتەواوی ئێراقدا، ئێستاشی لەسەربێت مەترسی گرووپەچەکدارەکان بەردەوامە لەسەر ئێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی.
5- بێکاری و نەبوونی هەلیکار لەکەرتی تایبەتی و حوکمیدا هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی گەنجانە بۆدەرەوەی وڵات، دانەمەزراندنی ڕێژەیەکی زۆری دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
6- ئەو پێداویستییە بنەڕەتیانەی کە هەموو گەنجێک ئاواتی بۆ دەخوازێت؛ وەک، بوونی شوێنی نیشتەجێبوون، پێکهێنانی ژیانی هاوسەری، پاشان فەرامۆشکردنی گەنجان و گوێ نەگرتن لێیان.
=KTML_Bold=“چارەسەری دیاردەی کۆچکردن”=KTML_End=
1- باشکردنی باری ئابووری وڵات، ئەویش بەبەرنامەی واقیعییانە و زانستییانە.
2- بوژاندنەوەی وڵات و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکانی چاکسازی و خزمەتگوزاری تەواو.
3- هاوکاری گەنجان بۆچوونەناو پڕۆسەی هاوسەرگیری و یارمەتیی دانیان بۆ پێکهێنانی ژیانی نوێ.
4- سەروەر بوونی یاسا و نەکردنی جیاوازی لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگە.
5- کۆنترۆڵکردنی لایەنی بازرگانی و دیاریکردنی نرخی گونجاو، ڕێگەگرتن لە درووستبوونی گرانی.
=KTML_Bold=“دەرئەنجام”=KTML_End=
ئەگەر بێت و ئەم دیاردەیە چارەسەر نەکرێت، لەلایەن حکوومەت، دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەکەمان، چوونکە بەنەمانی “گەنج” جێهێشتنی نیشتمانەکەیان ئاییندە و داهاتووی کۆمەڵگە بەرەو لەناوچوون دەچێت. لەبەر ئەوەی هەر گەنجە بوونیادنەری داهاتووی کۆمەڵگەو پارێزەری خاک ونیشتمان و مانەوەی نەتەوەیە. کۆچی هاووڵاتییان بۆ دەرەوە و بەجێ هێشتنی کوردستان لە ئێستادا یەکەمجار نییە. ئەوانەی کوردستان بەجێ دێڵن لە شوێنێکی تر تاقیان بۆ لێ نەدراوە، کۆچبەران بۆ هیچ شوێنێک ناچن، ئەوان لە وڵاتەکەی خۆیان بەردەبنەوەو لە شوێنێک دەگیرسێنەوە یان تیا دەچن، ئەم بەربوونەوەیەش؛ سەرچاوە لە هەڵوەشانی کۆمەڵگەوە دەگرێت کە ئیتر هاووڵاتیی هیچ بەستنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی نامێنێت. نموونەی ئەو شتانەش کە مرۆڤ دەبەستنەوە بە کۆمەڵگەوە ئەمانەن، ) ئیش و ئابووریی، زمان و کولتور، ڕۆڵ لە کۆمەڵدا، ئاساییش ( بڕوابوون بە پێشکەوتن و دڵنیایی.
ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان، هەوڵی جدی بدات بۆ نەهێشتنی هۆکارەکانی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی جێگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی و ڕەخساندنی هەلیکار و نەهێشتنی برسێتی و هەژاری و بێکاری و چەوساندنەوە و بێڕێزیکردن و نەهێشتنی نایەکسانی و گەندەڵی و… هتد. بۆیە گەر ئەم هەنگاوانە هەڵنەنرێن ئەوا ئاییندەی کۆمەڵگەی کوردەواریمان لەم هەرێمەدا دەکەوێتە بەر هەڕەشەیەکی جدیەوە لەلایەک بەهۆی کۆچی گەنجانی کورد بۆ هەندەران و لەلایەکی تریشەوە کۆچی هاووڵاتییانی عەرەبی باشوور و ناوەڕاستی ئێراق بۆ هەرێم و نیشتەجێبوون و بوون بەخاوەنی موڵک و ماڵ و مانەوەی هەمیشەییان، کە ئەمەش بۆخۆی ئەنفال و بەعەرەبکردنی هێواش و لەسەرخۆ و دەستکردی حکومەتی هەرێم خۆیەتی کە سەد ساڵە خەباتی کوردایەتی لە دژی ئەم سیاسەتە دوژمنکارانەی داگیرکارانی کورد و کوردستان دەکرێت. دەریایەک خوێن و فرمێسکی لەپێناودا ڕژاوە. [1]