ئەو منداڵانەی هێمن و لەسەرخۆن زیاتر زیرەکترن و توانای سەرنجدانیان هەیە بە بەراورد بەو منداڵانەی توڕەن و زوو هەڵدەچن، کۆنتڕۆڵکردنی توڕەیی بەهرەیە و کارێکی مەحاڵ نییە، بە چەند ڕێگەیەک دەتوانیت منداڵەکەت فێربکەیت هێمن بێت و توڕە نەبێت.
1- لە بەردەمی توڕە مەبە، ناکرێت وانەیەک فێری منداڵەکەت بکەیت کە خۆت جێبەجێی نەکەیت، زۆرکات منداڵان لاسایی گەورەکان دەکەنەوە کە توڕە دەبن و پێیان وایە ئاساییە ئەگەر کارانەوەیان توند بێت بۆ ڕووداو و بابەتەکان، تۆ ببە بە کەسێکی ئەرێنی و نموونەیەکی جوان دەبیت بۆ منداڵەکەت.
2- منداڵەکەت فێربکە ئەو شوێنە جێبهێڵێت کە هۆکاربوە بۆ ئەوەی لێی توڕە بێت یان دەنگەدەنگی لێیە، چونکە ئەمە یارمەتیی دەدات توڕەیی نەمێنێت و مێشکی ئارام بێت.
3- فێری ڕاهێنانی هەناسەدانی بکە، کاتێک منداڵەکەت هەستیکرد توڕەیە باشترە هەناسەی قوڵ هەڵبمژێت بە لوتی و پاش 2-3 چرکەیەک بە دەم بیداتەوە، بەم شێوەیە ئارام دەبێت.
4- منداڵەکەت ڕابهێنە لەسەر ئەوەی لە کاتی توڕەیی چی دێت بە مێشکیدا نەیڵێت، چونکە دواتر پەشیمان دەبێتەوە و ڕەنگە دۆخێکی شەرمەزارکەری بۆ درووستبکات، فێری بکە قسەکەی لە مێشکیدا هەڵبگرێت، ئەگەر دوای 12 کاتژمێر پەشیمان نەبوەوە لە قسەکەی، دەتوانێت بیڵێت.
5- منداڵەکەت لە باوەش بگرە، نیشاندانی میهرەبانی و خۆشەویستی بۆ منداڵەکەت، یارمەتیدەرییەتی بۆ هێمن بوونەوە، تەنانەت ئەو کاتەی توڕەیە، تۆ لەباوەشی بگرە، بەم شێوەیە بیرکردنەوەی دەگۆڕێت. [1]