ناونیشانی بابەت: پلان دانانی ئابووری
ئامادەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
پلان دانانی ئابووری ڕێگە و شێوازێکی زانستییە، بە مەبەستی ئامانجی بەڕێوەبردنی کایە جیاجیاکانی وڵات لە ئێستا و داهاتوودا، پلان دانانی ئابووری لەلایەن کەسانی شارەزا و کەسانی پسپۆرەوە دادەنرێت، تیایدا ڕەچاوی دۆخ و فەلسەفەی ئابووری وڵات دەکرێت، بەپشت بەستن بە ئامار و زانیارییەکان دادەنرێت. تیایدا لەو میانەیەدا سەر لەبەری ڕەنگڕێژی بۆ سەرتاپای بوارەکانی وڵات بە مەبەستی هێنانەدی ئامانجی ئابووری کۆمەڵایەتی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە، پلاندانانی ئابووری لەهەریەک لەکەرتەکانی ئابووریدا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە ، پەیوەندی بە ئێستا و ئاییندە و چارەنووس و سەرکەوتن و شکستی ئەو لایەنەوە هەیە، کە پلانەکەی لە هەمبەر دادەنرێت. چونکە پلاندانان نەخشەکێشان خوێندنەوەی پێشوەختە، بۆ واقیعی ئابووری و پێشبینیکردن و بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت، هاوکات بەرنامە ڕێژی بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەرواننەکراو لەئاییندەدا کە خۆی لە کارەساتە (سروشی و مرۆییەکاندا) دەبینێتەوە.
چەمکی پلان؛ تێروانینێکی سەرەتایی هزرییە کە مرۆڤ ئامادەی دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێک دواتر جێبەجێی دەکات، یان بریتییە لە پێشنیارکردنی کۆمەڵێک کردار و هەنگاو بۆ ئەوەی ئامانجێک مسۆگەر بکرێت.
پێناسەی پلاندانانی ئابووری؛ پلاندانانی ئابووری لەڕاستیدا واتە پێشبینی بەوەی لە داهاتوودا چی ڕوودەدات لەگەڵ خۆ ئامادەکردن بۆ ئەو پێشبینییه.
=KTML_Bold=“مێژووی پلاندانان ئابووری”=KTML_End=
ڕەنگە هەموو پەڕتووکخانەکانی جیهان بگەرێین مێژوویەک بۆ وڵاتانی دواکەوتوو-تازەپێگەیشتوو نەدۆزینەوە، باس لەئەزموونێکی سەرکەوتووی پەرەپێدانی خۆیمان بۆ بکات، تاوەکوولە “هەرێمی کوردستان” پیادەی بکەین، وڵاتانی تازەپێگەیشتوو مێژووی شەڕیان هەیە، هاوکات بارودۆخەکە و واقیعەکانیش جیاوازە، ئەوەتا ئەزموونی (مەنگۆلیا و بیلارووسیا) وەکوو ئەزموونی (چیک و سلۆڤاکیا) نییە، لە (پیرۆ) ش ئەزموونی پەرەپێدانی ئابووری کەموکوورتی تێکەوت و هاووڵاتییانی (پیرۆ) پۆلیس بە دوژمن دەزانن نەک بەپارێزگاریکردنی یاسا
لە دەوڵەتە دیموکراسییەکاندا؛ پۆلیس داری بەدەستەوەیە بۆ چەسپاندنی یاسا لە دەوڵەتانی تازە پێگەیشتووەکانیش چەکی پێیە، لەوڵاتانی دیموکراتییەت میللەت یاسا جێبەجی دەکات و پۆلیس دە یپارێزێت، بۆیە ئاساییە لەم قۆناغە ڕاگوزەری ئابووری “هەرێمی کوردستان” کەمو کوورتی هەبێت.
هەتا سەرەتای سەدەی نۆزدەی ڕابردوو بەشێکی گەورەی ئابووریناسان و بیردۆزە ئابوورییەکان پێیانوابوو وڵاتە دواکەوتووەکان پێویستە بەهەمان هەنگاوەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو تێپەڕ بن ئەگەر بیانەوێت پێشکەون، واتا ئەگەر وڵاتێکی وەک “بەریتانیا” دوو سەد ساڵی پێویست بووبێت بۆ پێشکەوتن ئەوا هەر وڵاتێکی تر لە وڵاتە دواکەوتووەکان بیەوێت بگاتە ئاستی وڵاتی “بەریتانیا” پێویستە بە دوو سەد ساڵ هەمان هەنگاوەکان ببڕێتەوە.
لەبەرچاوگرتنی لایەنە جیاوازەکان مەفهوم و جۆرو گرنگی و دەرئەنجامەکانی پلاندانانی ئابووری فرەن، وڵات و هەرێمەکان بەپێی واقیعی ئابووری خویان، پلانی ئابووری بۆ وڵاتەیان دادەنێن، کەپێویستە لایەنی بابەتی و مرونەت و کات و توانا مادی و مرۆییەکانی دەوڵەت ڕەچاو بکرێت، کە شوێنەوار و ڕەنگدانەوەی لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکە دەبێت، دیارە دانانی پلانی ئابووری لە هەر کەرتێکی ئابووریدا بەچەند قۆناغێکدا گوزەر دەکات، پاش دانانی بوار و شێوە و چوارچێوە و ڕێوشوێن و گرنگی و دەرئەنجامەکانی پلانی ئابووری، هەڵسەنگاندن و لێوردبوونەوە و سەرنجدان، لەلایەن کەسانی بە ئەزموون و پسپۆڕ گەڵاڵە دەکرێت.
=KTML_Bold=“جۆرەکانی پلان دانان”=KTML_End=
1- پلانی درێژخایەن؛ کاتەکەی لەنێوان سێ بۆ پێنج ساڵە، هەندێ جار بیست و پینج ساڵ دەبێت کەتیایدا ڕێکخراو یان حکومەت هەڵدەستێ بەدیاریکردنی هیڵە فراوان و جۆراوجۆرەکان بۆئاڕاستەکردنی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ڕوونکردنەوەی کارەکان گشتگیر و گونجا و کوورت دەبێت و دەبێتە هۆی بەردەوام بوونی لەسەرپلاندانان.
2- پلانی مامناوەند؛ ماوەکەی دەکەوێتە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ، ئەم جۆره پلانە بەوە دەناسرێتەوە که ڕوونکردنەوەکەی زیاتر دەبێت بە گوێرەی ئامانجە دیاری کراوەکان، کەمتر گشتگیرترە بە بەراورد بە پلانی درێژخایەن.
3- پلانی کوورت خایەن؛ ماوەکەی کەمترە لەساڵێک، بەوە دەناسرێت لایەنی بەگەڕخستنە، ئەم جۆرە زیاتر ڕوونکردنەوەی بۆ کراوە لە ڕێگای دیاریکردن و ڕوونکردنەوەی ئامانج، ئەم جۆرەش بواری گشتگیریشی کەمترە به بەراورد بە پلانی مامناوەند.
پێویستە لەکاتی پلانداناندا کۆمەڵێک هۆکار ڕەچاو بکرێت. تاوەکووبەشێوازێکی ئاسان پلانەکە بێتە دی. بێگومان ڕەهەندەکانی کات و شوێن و پێداویستی پلان دانان لە ئەولەویاتی کارەکانی پلاندانەرانن. بۆ نموونە پلانی (ماوە کوورت-مامناوەند-درێژ) مان هەیە بەپێی بوار و شوێن و پێداویستی وڵاتەکە لەبوارێکی دیاریکراودا، کاتێک باس لەپلانی ستراتیژی کشتوکاڵ دەکرێت، چەندان لایەنی بابەتی و پێداویستی و گرنگی و دەرئەنجام ڕەچاو دەکرێت، پێشوەخت مەبەست و ئامانجەکانی ڕادەگەیەنرێن.
بەدڵنیاییەوە تەواوی کەرت و دامودەزگا و یەکە ئیدارییەکان پێویستە پلانی تایبەت بەخۆیان هەبێت، بەرژەوەندی ئابووری وڵات، هاوکاتیش لەکاتی جێبەجێکردندا ڕەچاوی ئەو لایەنانە بکەن، دوابەدوای ئەوە لە ڕێگەی یاساو ڕێسا و بریارە کارگێڕییەکان هەوڵی هێنانەدییان بدرێت، پاشان بە پێی سیستەمێکی ڕێکوپێک چاودێری و بەدواداچووونی ورد بۆ ئەدای جێبەجێکردنی پلانەکە بکرێت، شانبەشانی جێبەجێکردنی پلان تێبینی بکرێت، ئایا بەپێی ئەوپلانە پێشوەختەی دانراوە، ئەدای پلاندانان کراوە، ئەگەر نا؛ لەکاتی هەر کەموکوورتی و نا-تەواوییەک لەجێبە جێکردندا، یاخود ئەگەرە لەناکاوەکانی وەکوو شکست و کارەساتی سرووشتی تێکچوونی پلانەکە بە گوێرەی واقیعی حاڵ ڕێوشوێنی پێویست لەلایەن سەرپەرشتیار و لایەنی پەیوەندیدار گیراوەتەبەر، بۆ ئەوەی دووبارە نەخشەو ئاڕاستەی پلانەکە بخرێتەوە سەر ڕێڕەوی پێشووی بەمەبەست و ئامانجی بەردەوامی و سەرخستنی پلانەکە، دیارە ئەگەر سیستم (یاساو ڕێسا) لەوڵاتدا هەبێت، هەرلەگەورەترین یەکەی ئیداری وڵات، یاخود بۆ نموونە لەوەزارەتەکانەوە بگرە تاوەکووبەڕێوەبەرایەتی و بچوکترین فەرمانگەی دەوڵەت ئەوا بەڕێگەو شێوازێکی ئاسانتر دەتوانرێت ئەدای پلاندانانی ئابووری بکرێت، ئامانجە دەستینشانکراوەکانی پلانەکە بهێنرێنە دی، کەلەو ڕێگەیەوە بارودۆخی وڵات بەگوێرەی ئەو پلانە بەرەو بوژانەوە و پێشکەووتن و پەرەپێدان هەنگاو دەنێت، کە لەبەرژەوەندی ئابووری وڵات و تێکرای تاکەکانی کۆمەڵگەدا دەشکێتەوە.
=KTML_Bold=“دەرئەنجام”=KTML_End=
بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت پلاندانان بەوە دابنێین؛ جۆرێکە لە دەستوەردانی دەوڵەت بۆ گونجاندنێکی هۆشیارانەی نێوان بەرهەمی نەتەوەیی پەیکەر بەندییەکەی لەلایەک و، پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی لەلایەکی تر، لە شێوەی دیزاین کردن و جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی سەربەخۆ لەپێناو فەراهەم کردنی ئاڕاستە و بەهای گۆڕاوە ئابوورییە گشتییەکان.
بەڵام کاتێک بمانەوی پلانێکی ئابووری لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجی بکەین؛
بەنموونە سەپاندنی باج بەسەر سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگەدا، دەبینین کۆمەڵێک بەربەست (تەنگ و چەلەمە) دیتە بەردەم پڕۆسەکە ئەویش لە نەدانی باجە لەلایەن پلە باڵاکانەوە لەوڵاتدا.
وڵاتێکی وەک “بەریتانیا” زۆربەی کایەکانی وڵات بەڕێوەدەبرێت لەلایەن کەرتی تایبەتەوە، دەبینین باج سەپێنراوێکی گشتییە بۆ سەرجەم کەسانی (ناوخۆی وڵات) هەرتاکێک دەبێت مانگانە بڕی 20% باج بدات بەحکومەت لەبەرانبەر خزمەتگوزارییە سەرەتایەکاندا ئەوانیش خۆی لە پاراستن (ئاساییش) و ئاگرکوژێنەوە و دڵنیایی (تأمین) و شارەوانیدەبینیتەوە. بەنموونە ( ئەگەر تاکێک مانگانە 400 پاوەنی هەبێت، دەبێت بری (80) پاوەن باج بدات لە کۆی ئەو داهاتەی هەیەتی، بۆیە دەبێت کاتێک پلانێک جێبەجێ دەکرێت لە ئێراق بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی سەرجەم کەسانی دەسەڵاتدارانیش بگرێتەوە، لەپێناو بەدەخستنی داهاتی هاوسەنگ و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە سەرجەم کۆمەڵگەدا.
لە ئێستادا ئەم دۆخەی کە بەسەر ئێراق و کوردستان تێدەپەڕێت ئاساییە لەڕووی ئابوورییەوە کەم وکوورتی ڕوبدات، گرنگ ئەوەیە زۆر لە ڕێگای هەڵسەنگاندنەوە خەلەلەکان دەستنیشان بکرێن و چارەسەریان بۆبدۆزرێتەوە، ئەوەتا ئابووری “هەرێمی کوردستان” ئاڕاستەی ئابووری بازار دەکرێت، جێبەجێکردنی ئەم سیستەمەش کارێکی وائاسان نییە و بی ئاستەنگ و بەربەست نییە، پێویستە ئەوئاستەنگانە هەڵگرێت تاوەکووبەهاوشێوەی ئەزموونە سەرکەوتووەکانی وڵاتانی جیهان ئابوورییەکەمان بگاتە دۆخی پەرەپێدانی ئابووری.
“هەرێمی کوردستان” لە کاتی ئێستادا سەرقاڵی جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازییە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو قەیرانانە و درووستکردنی ئابوورییەکی گەشەسەند و لە داهاتوودا. ڕێکارەکانی بەپەلەی دەست پێوەگرتن (تەقەشوف) و هەناردەکردنی ڕاستەوخۆی نەوت بۆ دەرەوە بووە هۆی کە حکومەت بتوانێت باڵانسی پارەی نەختینەی باشتربێت، هاوکات چاکسازی کارگێڕی دەسپێکێک بوو بۆ چارەسەرکردنی گرفتە درێژخایەنەکان ئەویش لە ڕێگای گۆڕانکاری لە کەرتی گشتی و هەوڵدان بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری. [1]