ناونیشانی بابەت: پێگەی کەرتی کشتوکاڵ لە ئابووری هەرێمی کوردستان
ئامادەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
زۆربەی وڵاتان توانیویانە لە ڕێگەی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ بگەن بە ئامانجی وەک کەمکردنەوەی هەژاری، مسۆگەرکردنی مۆدێلی پەرەپێدانی شارنشینی، دابەشکردنی داهات و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. هەروەها بیرۆکەی وەها لە ئارادایە بۆ گەشەپێدانی ئابووری نیشتمانی سەرەتا پێویستە بەرهەمی جووتیاران گەشە پێبدرێت و پاشتر خواست زیاد بکات و پشتگیری لە جوتیاران بکرێت. لە لایەکی تر گرنگی کشتوکاڵ لە پاراستنی ژینگەدا جێگەی تێرامانە، چونکە دەبێتە هۆی پاراستنی حەوزی هایدرۆلۆژی، کۆنترۆلکردنی لافاو، دابینکردنی ئاوی ژێرزەوی، پاراستنی خاک، باشترکردنی ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان و پاراستنی دیمەنی سرووشت. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەکارهێنانی قڕکەر و پەینی کیمیایی زیان دەگەینێتە سرووشت و کاردانەوەی نێگاتیڤی لە سەری هەیە.
=KTML_Bold=“کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان”=KTML_End=
کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە و دەکرێت لە ڕێگای بە مۆدێرنکردنی کشتوکاڵەوە ئابووری نیشتمانی پێش بخرێت و ئەم کەرتە ببێتە کۆڵەکەیەکی گرنگی ئابووری، بەتایبەتی لە هەرێمێکدا؛ خاوەنی زیاتر لە 1 ملیۆن و نیو هێکتار لەزەوی ئاودێری و دێمی هەیە، ژینگەیەکی لەباری چوار وەرزەی هەیە، بێگومان بوونی زیاتر لە 3500 گووند و چەندین شارەدێ و قەزا، کە پێشتر خاوەنی ژێرخانێکی لەباری کشتوکاڵییان هەبووە و بەسەدان دەستی کار لەکێڵگە کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەکان سەرقاڵی پیشەی بەرهەمداریی بوون، هەمووی کۆمەڵە فاکتەرێکی لەبارن بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی و پێشخستنی ئابووری و کردنەوەی دەرگایەکی گرنگی بەدەستهێنانی داهات. بەڵام وێرانکردنی 4500 گووند و تێکدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی سێ دەیە لەلایەن حکومەتەکانی بەغدا-وە دژ بەهەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی پیادەکراوە، دۆخێکی وای خوڵقاندووە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان بکشێتەوە بۆ دواوە و تەنیا لە9%ی هێزی کاری کوردستان، کار و پیشەی کشتوکاڵی بکەن، بگرە بەرێژەی 10%ی بەرهەمی ناوخۆی کوردستان دابین بکرێت. لەم دۆخەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە پلانێکی درێژخایەن هەیە بۆ ئەوەی چارەسەری کەم و کوورتییەکانی ژێرخانی کەرتەکە بکات، بەسەر شوێنەوارە وێرانکارییەکانی تێکداندا زاڵ بێت؛ تەنانەت بووژانەوەی ئەم کەرتە پێویستی بە بوودجەیەکی زیاتر و بەرنامە و پلانی درێژخایەن و تۆکمە هەیە، تاوەکوولەرێگای بوژانەوەی ئەم کەرتەوە هەنگاو بەرەو بەدیهێنانی ئاساییشی خۆراکی بنێین و هەلی کار بۆ سەدان کەس بدۆزرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی ڕێگرە لە بەردەم کۆچکردنی دانیشتووانی گووند و شارەدێ و قەزاکان، ئێستا زۆر لە گووندنشینەکان بەرەو سەنتەری شارەکان کۆچ دەکەن و زەوییە کشتوکاڵییەکانیشیان بە پارچەپارچەکراوی دەفرۆشن و پڕۆژەی غەیرە کشتوکاڵی لەسەر دادەمەزرێت .
=KTML_Bold=“دەوری کەرتی کشتوکاڵ لە ئابووری نیشتمانی”=KTML_End=
1- هێزی کار: – ئابووریناسان ڕایان وایە؛ ئاستی پێشکەوتن و گەشەکردنی ئابووری هەر وڵاتێک پەیوەندی هەیە لەگەڵ ژمارەی ئەو کەسانەی لە سێ کەرتی سەرەکی) کشتوکاڵ، پیشەسازی و خزمەتگوزاری (دا چالاکی ئەنجام دەدەن. هەروەها دەوترێت، لەگەڵ خێراتربوونی گەشەسەندن ژمارەی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵ زیاتر بەرەو کەرتەکانی تر دەگوازرێنەوە. بۆیە دەکرێت بووترێت؛ زیادبوونی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵ وەک نیشانەیەکی دواکەوتوویی ئابووری لە قەلەم دەدرێت. هەڵبەت بیرۆکەکە وەهایە کە بە کەمبوونەوەی ژمارەی هێزی کار لە کەرتی کشتووکاڵ، نابێت ئاستی بەرهەمەکانی کشتوکاڵی دابەزێت. هێزی کاری زیادە لە کەرتەکانی تردا چالاک دەبن یان دەبنە هۆی بەدیهاتنی دیاردەی (بێکاری شاراوە) ئەگەر پلان و پرۆگرامی گونجاوی بۆ دانەنرێت.
2- ئاساییشی خۆراک: – واتای ئاساییشی خۆراک بریتییە لە دەستەبەربوونی خۆراک لەرووی) فیزیکی و ئابووری (بۆ سەرجەم هاووڵاتییان لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بە بڕی پێویست و لە گوێرەی خواستیان. 2.3 میلیار لە دانیشتووانی جیهان بەهۆی کەم خۆراکی تووشی تەنگەژە هاتوون و 16 %ی دانیشتووانی وڵاتانی لە دۆخی پەرەسەندن لەگەڵ کێشەی کەم خۆراکی دەست و پەنجە نەرم دەکەن. هەرچەند ئێستا کێشەیەکی زۆر زەق بەم شێوەیە لە هەرێمی کوردستاندا بەدی ناکرێت، بەڵام ئاشکرایە کە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ دەتوانێت دەوری گەلێک ستراتژیک بگێرێت لە دابینکردنی ئاساییشی خۆراک بۆ هاووڵاتییان.
3- گەشەپێدانی سەرچاوەکان: – کەرتی کشتوکاڵ دەتوانێت بە بەکارهێنانی سەرچاوەکان بە شێوەی گونجاو بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت. بەرنامەی وەک:-
•گۆڕانکاری لە شێوەی بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵ لە ڕووی زانست و تەکنیکی نوێ.
•ڕاهێنانی جووتیاران بە ئسلوبی زانستی سەردەمیانە.
•پەرەپێدانی سەرچاوەکانی ئاو و زیادکردنی ڕووبەری زەوی بەراو.
•ئاوەدانکردنەوەی گووندەکان و باشکردنی بواری ژیان و گوزەرانیان بۆ ئەوەی تووشی کۆچی ڕووبە شارەکان نەبن.
•پێشگرتن لە تێکدانی سرووشت.
•بەرەنگاری لە پیسبوونی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی.
•گرنگی دان بە پەرەپێدانی باغەوانی، بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر.
•پێشخستنی پیشەسازی خۆراک.
بە گشتی گەشەپێدانی کەرتی کشتووکاڵ دەبێتە هۆی دابینکردنی بەشێکی زۆر لە پێداویستی بازارەکانی ناوخۆ، بەرگرتن لە چوونە دەرەوەی سامانی پارە. تەنانەت دەکرێت بەرهەمە کشتووکاڵییەکان بنێردرێنە دەرەوە لە جیاتی فرۆشتنی کانەکان و سامانە سرووشتییەکانی تر، لەم ناوەدا دەکرێت میکانیزمێک دابنرێت تاکوو بتوانرێ بەرهەمی جوتیاران بە ڕێکوپێکی و بە شێوەیەک کە بە قازانجیان بێت، بخرێتە بازارەوە و چاودێری باشی بۆ بکرێت تا مافی بەرهەمهێنەر واتە جووتیار و هەروەها کڕیار دابین بکرێت کەرتی کشتووکاڵ لە پڕۆسەی گەشەکردندا دەورێکی سەرەکی هەیە، هەڵبەت ئاشکرایە کە لە پڕۆسەی گەشەکردنی ئابووری و پەرەسەندنی پیشەسازییشدا دەوری گەورەی دەبێت. لە وڵاتانی وەک (ئۆسترالیا و نیوزلاند) کەرتی کشتووکاڵ زۆر بەرچاوە و داهاتی جوتیاران زۆر لە ئاستێکی بەرز دایە، بۆیە زۆربەی هەناردەکانی ئەم دوو وڵاتە بریتین لە بەرهەمەکانی کشتوکاڵی.
=KTML_Bold=“روانین بەرەو ئاییندە”=KTML_End=
پلانێکی تۆکمە بۆ کەرتی کشتووکاڵ دەتوانێت باری ئێستا بە تەواوی بگۆرێت چونکە توانای گەورە بەدی دەکرێت لە هەرێم وەک:-
1- کەشوهەوا: – زۆر لە بارە بۆ بەرهەمەکانی باغ، ئاژەڵ، ماسی، دارستان، لەوەرگە و بەروبوومی کێڵگەیی. هەروەها چەندین وەرز لە یەک کاتی ساڵدا بەدی دەکرێت کە ئەمەشیان زۆر لەبارە بۆ دابینکردنی بەروبوومی جیاجیا بە درێژیی ساڵ.
2- سامانی بۆماوە: – هەرێمی کوردستان زیاترین ژمارەی جۆری ڕووەکی تێدا بەدی دەکرێت و گونجاویشە بۆ جۆری نوێ هەڵبەت پاش تاقیکردنەوە.
-3 سەرچاوەکانی ئاو:- قەبارەی ئاوی سەرزەوی کوردستان بەهۆی بوونی چەندین ڕووباری گەورەوە دەگاتە چەندین میلیار مەتری سێجا کە دەکرێت بە باشی لە کەرتی کشتووکاڵدا بەکار بێت.
4- سامانی خاک: – چەندین میلیۆن هێکتار خاکی گونجاو وەک (دەشتی هەولێر، دەشتی هەریر، دەشتی شارەزور، دەشتی کەکێرڤ، دەشتی دهۆک و … هتد) هەن کە دەکرێت باشترین و بەرفراونترین پڕۆژەکانی کشتوکاڵی تێدا جێبەجێ بکرێت.
5- دارستان و لەوەرگە: – کوردستان ڕووبەرێکی باشی لە دارستان و لەوەرگە هەیە کە دەکرێت بۆ پڕۆژەی پیشەسازی و بەخێوکردنی ئاژەڵ سوودی لێوەر بگیرێت.
6- هێزی کار: – ئەگەر پلانێکی باش هەبێت هەر ئێستا هێزی کاری شارەزا و ناشارەزا بۆ کەرتی کشتووکاڵ زۆرە هەڵبەت بە پێدانی گرەنتی داهات دەکرێت لەم کەرتەدا دەست بەکار بکرێن.
=KTML_Bold=“دەرئەنجام”=KTML_End=
یارمەتیدانی جووتیاران بۆ گۆڕینی شێوازی کۆنی کشتوکاڵی دەبێتە هۆی پێشکەوتنی بواری کشتووکاڵی و هاندانی هاتنە پێشەوەی وەبەرهێنەر، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان هەمووی سەرەتای ڕێگایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و پاراستنی ئاساییشی خۆراک و پەرەپێدانی ئابووری و دۆزینەوەی سەرچاوەی تری داهات. یەکلاییکردنەوەی خاوەندارییەتی زەویە کشتووکاڵییەکانلە سەرتاسەری کوردستان، بە مەرجێک لە بەرژوەندی جوتیاران بێت. ڕاگرتنی کارکردن بەیاسای ژمارە 4ی ساڵی2006 ی تایبەت بە وەبەرهێنان. ڕاگرتنی دابەشکردنی زەوی بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆ کشتوکاڵ شیاون، هاندانی فراوان بوونی شارەکان بەشێوەی ستوونی لەبری ئاسۆیی. تەرخانکردنی بەشێک لە بودجەی هەرێم ساڵانە بۆ کشتوکاڵ کە 10% کەمتر نەبێت. پشت بەستن بەرێگا پێشکەوتووەکانی کشتووکاڵ کردن بەتایبەت کەڵک وەرگرتن لە سیستمی ئاودێری پێشکەوتوو. هاندانی جووتیاران بە فراوانکردنی زەویە کشتوکاڵیەکان بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ دانراو، بەتایبەتی کە بەشێک لە زەویە کشتوکاڵیەکان لەگووندەکان دەتواندرێت سیفەتی کشتوکاڵیان بۆ بگەڕێندرێتەوە بە کەمکردنەوەی بەردەڵان و لەوەرگای سرووشتی.
ڕێگری لەهێنانی بەرهەمی بیانی لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی بەنموونە:- لەوەرزی بەرهەمێکی دیارکراودا بەنموونە (شووتی-هەنار) کەساڵانە بەرهەمێکی زۆرمان هەیە لەکاتی پێگەشتنی ئەم بەرهەمەمانەدا کەچی دەبینرێت وەک پێویست ساغ نابێتەوە، ئەم بەرووبومانە بەهۆکاری ڕێگری نەکردن لە هاوردەکردنی ئەم بەرهەمانە لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی هەرێم، بۆیە دەبێت بگەینە ئەو ڕاستییە؛ گرنگیدان بەکەرتی کشتووکاڵ هۆکاری سەرکەوتنی ژێرخانێکی ئابووری بەهێزە لەپاڵ کەرتەکانی تردا، تاکوو (ئێراق و هەرێمی کوردستان) لە ئەگەری دابەزینی نرخی “نەوت” گرفتی دارایی و کێشەی بوودجەیان بۆدرووست نەبێت. [1]