ناونیشانی بابەت: شەڕی چاڵدێران
ئامادەکردن: ماڵپەری خاک
شەری چاڵدێران یەکەم تێکهەڵچوونی نێوان حکومەتی سەفەوی و عوسمانییەکان بوو کە لە نزیک شاری چاڵدێران کە ئێستا بەشێکە لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی دا. لەم شەڕەدا کە لە ڕێکەوتی 23ی 8ی 1514 دەستی پێکرد، عوسمانییەکان بە ڕێبەرایەتی سوڵتان سەلیمی یەکەم سەرکەوتن و سوپای سەفەوی هەرەسی هێنا. لەم شەرەدا ژمارەی قزڵباشەکان کە هێزی شەڕکەری حکومەتی سەفەوی بوون نزیکەی 30هەزار کەس بوون و لەبەرانبەردا سوپای عوسمانی 200هەزار سەربازی لەخۆی گرتبوو. ناهاوسەنگی لە ژمارەی سەرباز و نەبوونی چەکی گەرم بووە هۆی شکەستی سەفەوییەکان. لەم شەڕەدا سوپای سەفەوی بە نێزە و شمشێر هاتبووە گۆڕەپانی شەڕ و عوسمانییەکانیش تفەنگ و تۆپیان پێ بوو.
پاش ئەم شەڕە بەشێکی زۆر لە کوردستان، ئازەربایجان، ئەرمەنستان، جۆرجیا و بەشی ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆلی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سەفەوی جیابوونەوە و کەوتە بەردەستی تورکانی عوسمانی. ئەم شەڕە بۆ عوسمانییەکان سەرکەوتنێکی ئاسایی بوو بەڵام کارەساتی بۆ سەفەوییەکان خولقاند. پاش ئەم شەڕە شا ئیسماعیل تووشی خەمۆکی بوو و ئیتر ڕێبەرایەتی سوپای لەئەستۆ نەگرت و جێگە و پێگەی لەناو قزڵباشەکاندا نزم بۆوە. عوسمانییەکان لەم شەڕەدا تەنانەت تەورێزیشیان گرتەوە بەڵام بەهۆی کەمی پێداویستی و خواردن شارەکەیان جێیان هیشت.
جێی ئاماژەیە کە لەم شەڕەدا زۆرینەی سوپای قزڵباش کە لە کوردەکان پێکهاتبوو کوژران. [1]