ناونیشانی بابەت: عومەر درێژ: پەنجا ساڵە خزمەتی هونەر و مەقام دەکەم
عومەر محەمەد، ناسراو بە #عومەر درێژ#، مەقامزانی هەرە دیاری کورد کە لە شاری #کەرکووک# دەژی، لە دیدارێکی (باسکورد) ڕایدەگەیەنێت، مێژووی مەقامی کوردی زۆر کۆنە و کەرکووک و دەشتی گەرمیانیش کۆمەڵێک مەقامی تایبەت بە خۆیان هەیە و باس لەوە دەکات، ئێستاش فێرخوازان فێری مەقامزانی و خوێندنی مەقام دەکات، تەنانەت بانگبێژ و قورئانخوێنەکانیش.
دەربارەی مێژووی مەقامی کوردی لە کەرکووک و دەشتی گەرمیان، عومەر درێژ، وتی: خۆم زیاتر لە پەنجا ساڵە مەقام دەخوێنم و شارەزاییم لێی هەیە، دیارە مەقامی کوردی لە کەرکووک و دەشتی گەرمیان بە مێژوو، واتا بڵێی فڵان ساڵ دیاری ناکرێت، بەڵام ئەوەندە دەزانین مێژوویەکی کۆنی هەیە، ئەوەی کە بیستوومە لە باوکم و لە باپیرەم کە مەقامخوێن بوون، تەنانەت باوکم لە بەرنامەیەکی هونەری لە ساڵی 1988 بەشداریی کردووە و باسی مەقامخوێنەکان دەکات کە هەر هەبوون و کەسانی دیار مەقامخوێن بوون، یەکێک لەوانە باپیری سەڵاح داودە و باوکم کە وەک گوتم خۆیشی مەقامخوێن بوو و 30 ساڵ پێش ئێستا وەفاتی کردووە کە تەمەنی 67 ساڵ بوو و دەیگوت مەقام و مەقام خوێن هەر هەبووە لە کەرکووک.
دەربارەی مەقامەکانی کەرکووک و دەشتی گەرمیانەوە، ئەو مەقامزانە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەوەی جێی شانازیمانە وەک گەرمیان و کەرکووک، ئەڵڵاوەیسیمان هەیە کە بریتییە لە سێ مەقام؛ نەهاوەند، عەجەم و نەوا، هەروەها قەتار و خاوەکەر هەیە و قەتارەکە بەیاتە و خاوەکەرەکە دەچێتەوە حیجاز و حیجازەکە لە کاتی مەقامخوێنیندا دەبیت ڕادەستی بکەیتەوە بە بەیاتەکە، هەیە ڕادەستی ناکەتەوە و زۆر جار باوکم دەیگوت ئەوەی ئەو دوو مەقامە ڕادەست نەکاتەوە و تێکەڵکێشی نەکات وەکوو خواردنی ترۆزییە بەبێ خوێ و هەروەها مەقامی ئایئایمان هەیە و ئەوەی ڕەسەنایەتی بێت شارۆچکە و مەسنەوییە لە کەرکووک هەمانە کە جێی شانازیمانە.
هاوکات، سەبارەت بەوەی کە لە کەرکووک ناوە ناوە خولی مەقام و مەقامخوێنی بۆ گەنجان دەکاتەوە، عومەر درێژ، وتی: ڕاستە ناوە ناوە ئەو خولانە دەکەمەوە، توانیم کە ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابییان پەروەردە بکەم لە بواری مەقامزانیدا و بەم تەمەنەشەوە هەمیشە هەر حەز دەکەم خزمەت بکەم و دووکانێکی بچووکم هەیە و لە دووکانەکەشم زۆر جار ڕووم تێ دەکەن و پرسیار دەکەن لەبارەی مەقامەوە و ئەوەی لە توانامدا بێت و بیزانم خەڵک فێر دەکەم، هەروەها تەنانەت ئەوانەی بانگ دەدەن و قورئانیش دەخوێنن دێن بۆ لام بۆ ئەوەی شارەزاییان لە مەقامەکان هەبێت.
لە کۆتاییدا دەربارەی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام لە کەرکووک، کە ئەو ناوەندە خزمەتێکی زۆری کردووە، عومەر درێژ، ڕایگەیاند: لە ساڵی 2007 پێنج کەس ئەو ناوەندەمان دامەزراند، ئێستا کاک نوورەدین سەرپەرشتیاریی ناوەندەکەیە و زۆر هەوڵ دەدات بۆ ناوەندەکە و ئێستا هەر من و ئەو ماوین و ناوەندەکە ناوەندێکی گرنگی بواری مەقامە لە کەرکووک.[1]