ناساندنی پەڕتووک
ئەم پەڕتووکە بە ناونیشانی (لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی سیاسی دەوڵەتی سەفەوی 1501 – 1736) لە نووسینی پ.ی.د. مستەفا محەمەد کەریم ، کە لە ساڵی 2018 لە چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین چاپکراوە، سەبارەت بە ناوەرۆکی پەڕتووکەکە دەکەوێتە نێوان دوو ڕووداوی دیار لە مێژووی نویی ئێران ، ساڵی 1501 بە دەستپێکی دامەزراندنی دەوڵەتی سەفەوی شیعەگەرایی دەست پێدەکات و لە ساڵی 1736 تەمەنی ئەو دەوڵەتە بەراگەیاندنی دەسەڵاتی ئەفشاری بەسەرکردایەتی نادر شا لە کۆنگرەی مۆغان کۆتایی دێت.
ئەم پەڕتووکە پێنج بەش لە خۆدەگرێت ، لەبەشی یەکەم هەولدراوە تیشک بخرێتە سەر سەهەلدانی تەریقەتی سەفەوی و پاشان هەنگاونانی شا ئیسماعیلی سەفەوی بەرەو بنیادنانی دەوڵەت و ململانێیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی ، هەرچی تایبەتە بە بەشی دووەم جەختکراوەتەوە لە بارودۆخی سیاسی ئێران لەسەردەمی فەرمانراوایەتی شا تەهماسبی یەکەم ، بەتایبەت بالادەستبوونی سەرانی قزلباش و مەترسیە دەرەکییەکان لەسەر دەوڵەتی سەفەوی لە کۆتایی بەشەکەشدا تیشک خراوەتە سەر بارودۆخی سیاسی ئێران لەدوای مردنی شا تەهماسبی یەکەم. بەشی سێیەم بە ناونیشانی (بارودۆخی سیاسی ئێران لە ماوەی فەرمانراوایەتی شا عەباسی یەکەم) کە تێیدا باس لە هەنگاوە سیاسییەکانی شا عەباسی یەکەم کراوە لە چەسپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی لە ماوەی فەمانراوایەتییەکەی 1587 تا مردنی لە ساڵی 1629 ، سەبارەت بەبەشی چوارەم تیشک خراوەتە سەر سەردەمی لاوازی دەوڵەتی سەفەوی داگیرکاری ئەفغانەکان ، کە لەسەرەتادا باس لە بارودۆخی سیاسی ئێران دەکات لەدوای مردنی شا عەباسی یەکەم تا وەرگرتنی دەسەلات لەلایەن شا حسێنی سەفەوی، پاشان جەختکراوەتەوە لە داگیرکردنی ئەسفەهان لەلایەن ئەفغانەکان لە کۆتایی بەشەکەشدا باس لە کۆتایی هێنان بەداگیرکاری ئەفغانەکان لە ئێران دەکرێت بەسەرکردایەتی نادرخان. لەبەشی پێنجەم و کۆتایی پەڕتووکەکە تیشکخراوەتە سەر ڕۆلی نادرخان لە کۆتایی هێنان بە فەرمانرەوایەتی بنەمالەی سەفەوی. [1]