ناونیشانی بابەت: هەوکردنی پرۆستات و جۆرەکان و هۆکارەکان و چارەسەریان
ئامادەکردن: د. #عەلی ئیسماعیل#
ئەویش جۆرەکانی ئەمانەن:
أ- هەوکردنی کتوپری بەکتریایی پرۆستات:
هۆکارەکانی تووشبوون بریتین لە هەوکردنی کۆئەندامی میزەرۆ، هەوکردنی گوون، دوای دانانی سۆندەی میز یان دوای نەشتەرگەری لەرێگای بۆری میز،
نیشانەکانی بریتین لە تاو لەرز، هێلنج و ڕشانەوە، ژان لە دەوروبەری کۆم یان خوارەوەی سک ، زورانەوەو باریک بوون و زۆر میزکردن وهەندێک جار گیرانی میز.
دەستنیشان کردنی نەخۆشییەکە بە نیشانەکانی نەخۆشییەکە لەگەڵ هەندێک پشکنینی میز و خوێن دەبێت.
چارەسەری ئەم نەخۆشییە لەرێگای دەرمانی دژە بەکتریایی (Antibiotic) و هەندێک دەرمانیتری دژە ژان و دژە تا لە ڕیگای دمەوە ئەگەر نەخۆشەکە باری جێگیربێت، بەڵام ئەگەر باری جێگیر نەبێت دەبێت لەرێی دانانی کانیولاوە دەرمانەکان و شلەی پێویست (مغذی) پێبدرێت و لە نەخۆشخانە بخەوێندرێت.
ب- هەوکردنی درێژخایەنی بەکتریایی پرۆستات:
ئەو جۆرە هەوکردنە لەشێوەی هەوکردنی میزەرۆ دەردەکەوێت چەندجارێک لە سالێکدا، کە هەوکردنی میزلدانیشی لەگەڵ دەبێت.لە خاسلەتەکانی ئەو هەوکردنە ئەوەیە کە لەنێوان جارەکانی تووشبوون بەتەواوی نیشانەکان نامێنێت و پشکنینە تاقیگەییەکانی خاوێن دەبێتەوە بەڵام چۆن دەزاندرێت کە ئەو جۆرەی هەوکردنە درێژخایەنەیە لەبەر ئەوەی کە هەمان جۆری بەکتریا بەدیدەکرێت لە پشکنینەکان لەکاتی دووبارە تووشبوونەوە ئەوەش ئەوە دەگەینێت کە لەناو ڕژێنی پرۆستات بەکتریایەکە و هەوکردنەکە بە هیچ جۆرێک بنبر نەبووە.
چارەسەرییەکانی ئەو جۆرە ئاسان نییە لەبەرئەوە زۆر جار پێویست دەکات بۆ ماوەی درێژخایەن (4-8 هەفتە) دەرمانی دژە بەکتریایی بەکاربهینێت، وە هەندێک دەرمانیتر بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان.
ج- هەوکردنی درێژخایەنی نا بەکتریایی پرۆستات:
ئەو جۆرە هەوکردنە بەبێ بەکتریا دەبێت وەک لە ناوەکەی دیارە ، تاوەکووئێستاش هۆکارەکەی نا دیارە، کە بریتییە لە ژانێکی بەهێز لە بەشی خوارەوەی میزەرۆ یان پرۆستات دەبێت، ژانەکە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت لەوانەیە بگاتە سالێکیش.
نیشانەکانی تر بریتییە لە زورانەوی و باریک بوونی میز و زۆر میزکردن، هەروەها لاوازی جنسی و ژانێکی بە شێوازێک زۆر کە کاریگەریی لەسەر ژیانی ڕۆژانە دەبێت .
چارەسەریشی بریتییە لە باشتر کردنی لایەنی سایکۆلۆجی نەخۆش و ڕاهێنانی ماسلکەکانی حەوز و دوورکەوتنەوە لە هەندێک خواردنەوە کهولیەکان و قاوە کە دەبنە سەرچاوەی ژان لە ناو میزلدان ، هەروەها نەخۆش هەندێک جار کەڵک دەبینێت لە دەرمانەکانی چارەسەری گەورەبوونی پرۆستات، یان دەرمانە ژان شکێنەکان،
د- هەوکردنی پرۆستات بێ هەبوونی هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی:
ئەم جۆرە لە هەوکردنە هیچ نیشانەیەکی نییە لەبەر زۆربەی جار بە ڕێکەوت دەستنیشان دەکرێت کاتێک نەخۆش پشکنینی خۆی ئەنجام دەدات بۆ نەخۆشییەکانی تری جگە لە پرۆستات وە پێویستی بە هیچ چارەسەرێک نییە لەبەر ئەوەی هیچ کێشەیەک درووست ناکات. [1]