ناونیشانی بابەت: برایم ئاغای دزەیی و پاراستنی سنووری کوردستان
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
پاراستنی سنووری کوردستان لەلایەن کەسایەتییەکانی کوردەوە هەڵوێستی برایم خانی دەلۆ و برایم ئاغای دزەیی بەنموونە.
براهیماغا (ئیبراهیم ئاغا) ی دزەیی لە سەردەمی خۆیدا هەموو عەرەبەکانی سنووری مەخمور دەردەپەڕێنێت. هاوار ئاغای کوڕی دەڵێت: ئێستاش هەموو سەرکردایەتی کورد هێندەی باوکمیان پێناکرێت کە بە (24) کاتژمێر هەموو عەرەبی ناوچەکەی دەرکرد. لە ناوچەی کفری، شۆڕشگێڕەکان تەرمەکەی ئیبراهیم خانی دەلۆ دەبەن و لە شوێنێکی پەنهانیی سەر زنجیرە چیای حەمرین وەکوو هێمایەک بۆ دوایین خاڵی سنووری کوردستان، بە بێدەنگی ئەسپەردەی دەکەن.
براهیماغا کەسایەتی شاری هەولێرو سەرۆک عەشیرەتی دزەییان، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم و لە دەوروبەری (1840) لەدایکبووە، لە (4/ئاب/1920) کۆچی دوایی کردووە. لە سەردەمی خۆیدا بەرەنگاری دەسەڵاتی عوسمانییەکان بووەتەوە. حاکمی سیاسی بریتانیا لە هەولێر (دابلیو ئاڕ هێی) لە پەڕتووکەکەیدا دوو ساڵ لە کوردستان دەڵێت “ئەو پیرە پیاوێکی لێزان و زیرەک و دیبلۆماسی و قسەکەرێکی نایاب بوو. لەناوخۆدا دورستکەری مێژوو بوو، چونکە بەدرێژایی (38) ساڵ و لە سەردەمی باوکیدا سەرکردایەتی دەستەیەک لە کوردەکانی دەکرد لەڕێگای چیای قەرەچوغەوە و مەخموری دامەزراند. لەوێ دوای چەندین ساڵ، شەڕی عەرەبە شەممەرەکان و دواتریش تورکەکان، لە درووستکردنی قەوارەیەک بۆ خۆی سەرکەوتوو بوو گۆڕینی دەشتی قەرەچوغ لە بیابانێکی وشکەوە بۆ دەشتێکی داچاندراوو ئاوەدان، بۆ دەستپێشخەری ئەو دەگەڕێتەوە، ئەو لەگەڵ براکانی نزیکەی (30) گوندیان هەیە و بێ ڕکابەر سەرۆکی دزەییانە”
=KTML_Bold=ئاوەدانکردنەوەی مەخمور=KTML_End=
لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیادا، بەم جۆرە باس لە ڕۆڵ و کاریگەریی برایماغا کراوە: مەخمور و کەندێناوە بۆ کشتوکاڵ بەکارنەدەهات و تەنیا وەک لەوەڕگایەکی بەپیت ناسرابوون و بەکاردەهاتن، بەڵام پاش 25 ساڵ بایز ئاغا بیری لەوە کردەوە هەوڵبدات ئەم کێڵگە نوێیە بۆ کشتوکاڵ بەکاربهێنێت. پاش ئەوەی شوێنی ژیانیان گواستەوە بۆ مەخمور، تەنیا ساڵێک ژیا، بەڵام ئەم ساڵە بەس بوو بۆ بایزو برایمی کوڕی کە دڵنیاببنەوە لەوەی زەوییەکیان دۆزیوەتەوە کە زۆر لەو زەوییە ماندوانەی قوشتەپە بەپیت ترە. ئەم بارودۆخە لەبارە بووە هۆی ئەوەی دەستبەجێ سەرنجی ئەوانی دیکەش ڕابکێشێت و لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا نزیکەی 100 گوند چونە مەخمور و پەنجا گوندیش چونە کەندێناوە، لەو 376 گوندەی لە هەولێرن 200گوندییان سەر بە دزەیین و (85 گوندییان سەر بە هۆزە کوردییەکانی دیکەن و ئەوەی دیکەش عەرەبن.
=KTML_Bold=هاندانی کورد و دەرکردنی عەرەب=KTML_End=
هاوار ئاغای دزەیی کوڕی برایم بایزئاغا دەڵێت “باوکم دەشتی مەخموری ئاوەدان کردۆتەوە، لە دەوروبەری ساڵی1850 دەچێتە مەخمور، تەمەنی هەژدە تا بیست ساڵ بووە. کرمانجەکانی ئەو دەوروبەرەشی ئاگادارکردۆتەوە کە بێن لەو شوێنە خانوو درووست بکەن” لەدوای درووستکردنی مەخمور باوکم 15 ساڵ لەگەڵیاندا ژیاوە، بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیە لەژێرەوە کوردەکانی تێگەیاندوە کە بێن لەناو مەخمورو گردەکانی دەوروبەر خانوو درووست بکەن، کوردەکان چەکداریش بوون، بۆیە ئەو کاتەی باوکم زانی کورد لە عەرەب زیاترە لەناو مەخمورو دەوروبەری، یەکسەر دوا مۆڵەتی دانێ کە دەبێ عەرەب لە ماوەی 24 کاتژمێر مەخمور جێبهێڵن، ئەگەرنا کوردەکان بەسەریاندا دەدەن، هەرچەندە عەرەب داوا لە باوکم دەکەن بەرگرییان لێبکات و نەهێڵێ کورد پەلاماریان بدەن، باوکم دەڵێ ئەوە لە دەسەڵاتی مندا نییە و ئەگەر نەڕۆن دەتانکوژن.
ناوبراو، لە درێژەی گێڕانەوەکانیدا دەڵێت: باوکم شەوێک هەموو گەورەکانی عەرەب کۆدەکاتەوەو پێیاندەڵێ “ئەم مەملەکەتە کوردستانە” لەو ڕۆژەوە هەرچی عەرەب هەبوونە، لە مەخمور دەریپەڕاندوونەتە ئەوبەری زێ ئێستاش هەموو سەرکردایەتی کورد هێندەی باوکمیان پێناکرێت کە هەموو کەس دەزانێ برایماغا بە (24) کاتژمێر هەموو عەرەبی ئەو ناوەی دەرکردووە بۆ ئەوبەری زێ، عەرەب کە چوبوونە ئەوبەری زێ هێشتا دەترسان کە باوکم لەوێش دەریانبکات، بۆیە کچی جوانیان دەدایە باوکم تاکوو لێگەڕێ لەوێ بژین. باوکم سێ ژنی عەرەبی هەبووە کە یەک لەوان دایکی منەو کچی سەرۆک عەشیرەتی (تەی) بووە.
=KTML_Bold=دەوڵەتی ئێراق و بەعەرەبکردنی مەخمور=KTML_End=
هونەرمەندو نووسەر هۆمەر دزەیی دەڵێت “کەسایەتی کوردپەروەری ناسراوی کورد عەونی یوسف بۆی گێڕامەوە کە یوسف ئەفەندی باوکی لە سەردەمی دەسەڵاتی برایماغا قازی هەولێر بووە. باوکی بۆی گێڕاوەتەوە جارێکیان برایماغا ئاگادار دەکرێت هەندێ عەشایری عەرەبی ئەو ناوە وا خەریکی گوند درووستکردن و جوتکردن و کشتوکاڵن، بەردەوام حوشترو پەزیان لە دەشتی قەراج دەلەوەڕێنن و هەوڵدەدەن بەخشکەیی خۆیان لە قەراج نیشتەجێ بکەن. برایماغا هەست بە خەتەری ئەم دیاردەیە دەکات و ڕۆژێکیان بەدوای سەرۆکی ئەو عەشیرەتانەدا دەنێرێ بێن بۆ قەڵاکەی. بۆ بەیانی سەر لە زوو یەکسەر بەبێ گیربوون ئەو سەرۆکانە دەگەنە دیوەخانەکەی برایماغا لە قەڵای مەخمور. ئەویش لە ماڵەوە نانی بەیانی دەخوات و وردەوردە بەرەو دیوەخان هەڵدەکشێ. کە دەگاتە لای میوانەکان هەموویان یەکسەر لەبەری هەڵدەسن. بەڵام لەجیاتی بەخێرهاتن کردیان لێیان دەپرسێ: (منو بیکم الکلب الکبیر؟) واتە کامەتان سەگە گەورەکەتانە. ئیتر کە ڕیش سپییەکەیان بەجواب دێت و دەڵێت (تۆمر مولانا، واتە ئەمر دەکەیت گەورەم) . برایماغا پێیان ڕادەگەیەنێ هەتا بەیانی یەک حوشترەوانی عەرەب، یەک جوتیاری عەرەب، یەک شوان و مەڕو ماڵاتی عەرەب لەو دەشتی قەراجە بەدی بکرێ، خاک و خۆڵیان دەخاتە ناو تورەکەوە. هەروای لێهات تا برایماغا مابوو یەک عەرەبی نیشتەجێ بۆ دەرمانیش لەو دەشتی قەراجە نەمابوو” لەپاش کۆچی دوایی ئەو میرە گەورەیە لە (4/ئاب/1920) و دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراق، هەر یەک ساڵ دواتر، وردەوردە گوندی عەرەبان لێرە و لەوێ لە دەشتەکەی قەراجی قوت دەبوونەوە.
=KTML_Bold=برایمخانی دەلۆو سنووری کوردستان=KTML_End=
دوای کۆتایهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی و داگیرکردنی ئێراق لەلایەن ئینگلیزەوە، لە ساڵی (1920) شۆڕش و بزاڤی چەکداری لە دژی ئینگلیز دەستیپێکرد. شۆڕشی بیست لە ئێراق بە زنجیرە قۆناغێکدا تێپەڕی، لە کوردستان شێخ مەحمودی حەفید بەگژ داگیرکەراندا چووەوە، لە سنووری کەرکووک و گەرمیانیش برایم خانی دەلۆ لەسەر داوای خەڵک و وەک کەسایەتییەکی کاریگەریی ناوچەکە لە دەسەڵاتی ئینگلیز ڕاپەڕی، کفری و زۆر ناوچەی دیکەی ئازادکرد و ئینگلیزەکانی تەنگەتاو کرد. ئەگەرچی بەهۆی بەهێزی ئینگلیزو کەمیی توانای لۆجستیی شۆڕشگێڕانەوە سەرکەوتنەکە زۆری نەخایاند، بەڵام بووبەلاپەڕەیەکی پرشنگدار لە مێژوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستاندا.
ڕووداوێکی سەیر لە کۆتایی شۆڕشەکەدا ڕوویدا کە بۆ مێژوی کورد و دیاریکردنی سنووری کەرکووک و کوردستان بایەخی زۆری هەیە، ئەویش ئەمەیە: برایم خانی دەلۆ بەهۆی زۆریی تەمەن، ماندوێتی، نەخۆشی و نەبوونی چارەسەری پزیشکییەوە کۆچی دوایی دەکات، بۆ ئەوەی تەرمەکەی نەکەوێتە دەست ئینگلیز، شۆڕشگێڕەکان تەرمەکەی دەبەن و لە شوێنێکی پەنهانیی سەر زنجیرە چیای حەمرین بە بێدەنگی ئەسپەردەی دەکەن.
ئینگلیزەکان بە مردنی زۆر دڵخۆش دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا کەفوکوڵی دڵیان دانامرکێتەوە و بڕیاردەدەن تەرمەکەی لە گۆڕ دەربهێنن و بەمردوویی دادگایی بکەن، خۆشبەختانە لەو هەوڵەیاندا سەرکەوتوو نابن. کاتێک شۆڕشگێڕەکان بەو نیازەی دوژمن دەزانن، دەمو دەست خۆیان کۆدەکەنەوە و دەچن تەرمی پیرۆزی سەرکردەکەیان لە گۆڕەکەی دەردەهێنن و هێندەی تر ئینگلیز لە بەدیهاتنی ئامانجەکەیان بێهیوا دەکەن.
ئەسپەردەکردنی تەرمی برایم خانی دەلۆ لەسەر چیای حەمرین، لەدوا هێڵەکانی سنووری کوردستان هێما بووە بۆ ئەوەی ئەوێ سنووری کوردستانە. بۆیە تەرمەکەیان گۆڕ غەریب نەکردووەو ویستویانە بڵێن بە گیان، ڕۆح و خوێنی سەرکردەکەیان سنووری کەرکووک و کوردستان دیاریدەکەن.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
1- گۆڤاری دیوان، ژمارە دە، ئاداری (2022) ، دۆسێیەکی تایبەت بە برایم ئاغای دزەیی. ئەم گۆڤارە لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی هەولێری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
2 – نەرمین عوسمان: گەڕانەوە بۆ کەرکووک (وتاری گۆڕەکەی برایم خانی دەلۆو سنووری کەرکووک) ، لە بڵاوکراوەکانی ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوەو بڵاوکردنەوە، چاپی یەکەم، 2022، سلێمانی. لاپەڕەکانی (68، 69)
[1]