ناونیشانی بابەت: پرسی خاک لە ململانێی نێوان دەوڵەتاندا
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
هەر وڵاتێک بیەوێت پەیوەندی دیبلۆماسی هەبێت لەگەڵ چیندا، دەبێت دان بەوەدا بنێت کە تایوان بەشێکی جیانەکراوەیە لە وڵاتی چین، دیبلۆماتکارێکی ئێراقی وادەڵێت. بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکیش دەڵێت؛ ئیسرائیل لەنێوان پاراستنی خاک و پارێزگاری لە سیستمی فەرمانڕەواییەکەی درەنگ بێت یان زوو، دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرێت، یاخود ڕێگە بە فەلەستینیەکان بدات دەوڵەتی خۆیان هەبێت. لە پاکستانیش سەرۆکی ئەو وڵاتە لەنێوان پێنج هەزار میلی چوارگۆشە خاکی وڵاتەکەی و ئازادکردنی (93) هەزار دیل، بژاردەی یەکەمی پەسەندکرد. پرسی خاک و سەربەخۆیی گەلان یەکێکە لە بابەتە گەرم و درێژخایەنەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی. دەوڵەتە زلهێزەکان، ڕێگە بە جیابوونەوەی گەلەکانی ژێردەستیان نادەن. ئەو خاکانەشی لە ئاکامی لە شەڕو ململانێدا دەبنە ناوچەی جێناکۆکی، دوای دەیان ساڵ و چەندان گەڕی گفتوگۆ و هەوڵی نێوەندگیری هەر بە چارەسەرنەکراوی دەمێننەوە. ئەم ڕاپۆرتە سەربوردەی بەشێکی کەم لە بابەتی پرسی خاک لە ململانێی نێوان دەوڵەتاندا دەگێڕێتەوە.
=KTML_Bold=“خاکی عەرەب و دەوڵەتی جوولەکە”=KTML_End=
لەدوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی (1948) ، کێشەی خاک لەنێوان جوولەکە و عەرەبدا تا ئەمڕۆ بەردەوامە. لەوکاتەوە تا ئێستا دەیان شەڕو ململانێی کوورت و درێژخایەن لەنێوان هەردوولایاندا ڕوویانداوە، هەندێکجار لەو شەڕانەدا وڵاتانی دیکەش تیایدا بەشداربوون. لە (5/حوزەیران/1967) شەڕی شەش ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی میسر و سووریا و ئوردن ڕوویدا، ئەم شەڕە بە سەرکەوتنی ئیسرائیل و دەست بەسەرا گرتنی کەرتی غەزە و کەناری خۆراواو سینا و بەرزاییەکانی جۆلان لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆتایهات. ئەوەش سێیەمین شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیل بوو لەدوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە. بەشێک لە جوولەکەکان داگیرکردنی خۆراوا بە کارێکی ئایینی دەزانن و پێیانوایە کەناری خۆراوا ئەو خاکەیە کە خودا بە جوولەکەی بەخشیوە. لەوکاتەشەوە فەلەستینیەکان خەون بەوەوە دەبینن ڕۆژێک بێت ئۆرشەلیم ببێتە پایتەختی دەوڵەتی داهاتوویان.
“هیلاری کلینتۆن” کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ (1993 – 2001) خانمی یەکەمی ئەمەریکا بووە، ماوەی چوار ساڵیش (2009 – 2013) وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بووە، لە بیرەوەرییەکانیدا بە ناونیشانی “بژاردە سەختەکان” دەڵێت: هەڵبەتە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ هێڵەکانی پێش (1967) . گەشەی ئۆردوگا جوولەکەنشینەکان بەدرێژایی سنوور، وایکردووە ئەو بیرۆکەیە مەحاڵ بێت. دەکرێت لەبەرانبەر ئەو خاکەی ئۆردوگا جوولەکەنشینەکانی لەسەر درووستکراوە، هەمان ڕووبەری خاک لە ناوچەی دیکە بدرێتە فەلەستینیەکان. بۆ پتەوکردنی ئەو بۆچونەشی ئاماژە بە وتارێکی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوتری ئەمەریکا دەڵێت؛ سەرۆک ئۆباما لە وتارێکدا لە وەزارەتی دەرەوە لە بەهاری (2011) ڕایگەیاند؛ پێمانوایە دەبێت سنووری ئیسرائیل و فەلەستین لەسەر بنەمای هێڵەکانی (1967) بێت، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی ئەو خاکەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بە و جۆرە سنوورێکی ئارام درووست دەبێت، کە هەردوو دەوڵەت دانی پێدا دەنێن.
هیلاری هۆشداری بە ئیسرائیلییەکان دەدات لەبارەی زۆربوونی ژمارەی فەلەستینییەکان و لەوبارەیەوە دەڵێت؛ بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون لەنێو فەلەستینیەکان و کەمبوونەوەی لەنێو ئیسرائیلییەکان، لەو ڕۆژە نزیکدەبینەوە کە فەلەستینییەکان دەبنە زۆرینەی دانیشتووانی ئیسرائیل و خاکی فەلەستین. زۆربەشیان دەبنە هاووڵاتی پلە دوو کە مافی دەنگدانیان نابێت. مادام ئیسرائیل سوورە لەسەر پاراستنی خاک، زۆر قوورسە، بگرە مەحاڵیشە لە کۆتاییدا پارێزگاری بکات لە سیستمی فەرمانڕەواییەکەی وەک دەوڵەتێکی جوولەکە و دیموکراسی لە یەک کاتدا، درەنگ بێت یان زوو دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرێت، یاخود ڕێگە بە فەلەستینییەکان بدات دەوڵەتی خۆیان هەبێت”.
بۆ چارەسەری بنەڕەتی پرسی فەلەستین، کلینتۆن بیرۆکەی دوو دەوڵەتی بە باشترین بژاردە دەزانێت، بۆیە دەڵێت؛ خەونە ڕەواکانی گەلی فەلەستین نایەنەدی، پێش ئەوەی پشت بە ڕێگەچارەی دوودەوڵەتی ببەستن کە زامنی شکۆمەندی و دادپەروەری و ئاساییشە بۆ فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان. سوورم لەسەر ئەو باوەڕەی کە یاسر عەرەفات ساڵانی (2000) و (2001) هەڵەیەکی گەورەی کرد و نەچووە پاڵ ئیهۆد باراک بۆ قبووڵکردنی “پێشنیارەکانی سەرۆک کلینتۆن” کە فەلەستینیەکانی دەکرد بە خاوەنی دەوڵەتێک لە کەرتی غەزە و کەناری خۆراوا، پایتەختەکەشی ئۆرشەلیمی خۆرهەڵات دەبوو”.
=KTML_Bold=“چین و تایوان، مافی ڤیتۆ”=KTML_End=
د. محەمەد سابیر کە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بووەتە یەکەم باڵێوزی وڵاتی ئێراق لە چین، لە ماوەی ساڵانی (2004 – 2010) باڵێوزی ئێراق بووە لە چین، باس لەوە دەکات؛ چین پێشکەشکردنی یارمەتییەکانی بە هەر وڵاتێک دەبەستێتەوە بەوەی کە دەبێت ئەو وڵاتەی یارمەتیی لە چین وەردەگرێت، دەبێت پابەند بێت بە سیاسەتی چینێکی یەکپارچە و تایوان بە بەشێکی جیانەکراوە لە چین بزانێت. ئەو دیبلۆماتکارە ڕوونیدەکاتەوە لە سیاسەتی دەرەوەی چیندا گەڕانەوەی دوورگەی تایوان بۆ سەروەری نیشتمانی بەردی بناغەی سیاسەتی دەرەوەیە. هەر بۆیە “چینیەکان پەیوەندی دیبلۆماسی و دەرەوەی وڵاتەکەیان لەسەر بناغەی هەڵوێستی ئەو وڵاتانە دادەنێن کە هەڵوێستیان چییە لەسەر تایوان. هەر وڵاتێکیش بیەوێت پەیوەندی دیبلۆماسی هەبێت لەگەڵ چیندا دەبێت دان بەوەدا بنێت کە تایوان بەشێکی جیانەکراوەیە لە وڵاتی چینی دایک و باوەڕی بەوە هەبێت کە چین هەر یەک چینە”. هۆکاری ئەو بۆچونە دەگێڕێتەوە بۆ هەستی نەتەوایەتی چینیەکان، چونکە “هەست بە و زوڵمە دەکەن لەکاتی کۆلۆنیاڵی ژاپۆنی و داگیرکردنی وڵاتەکەیان لەلایەن ڕۆژاواوە، بۆیە گەڕانەوەی تایوان بۆ سەر وڵاتەکەیان بە بەشێکی بنەڕەتی دەزانن بۆ گەڕانەوەی کەرامەتی وڵاتی چین. هەروەها هەڵکەوتەی جوگرافی تایوان و بوونی سەربازی ئەمەریکی لەو دوورگەیەدا بە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاساییشی نەتەوەییان دادەنێن”.
چین یەکێکە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی و خاوەنی مافی ڤیتۆیە، د. محەمەد سابیر دەڵێت ” بۆ سەرنەخستنی ئەو بڕیارانەی کە لە ئەنجوومەنی ئاساییشدا سەبارەت بە کێشە نێودەوڵەتییەکان دەدرێن، چین تا ئێستا بەدەگمەن مافی ڤیتۆی خۆی بەکارهێناوە، جگەلە هەر بڕیارێک کە پەیوەندیدار بێت بە دوورگەی تایوانەوە لە ئەنجوومەنی ئاساییش، ئەگەر بڕیارەکە لە بەرژەوەندی یەکپارچەیی چین نەبێت ئەوا مافی ڤیتۆ بەکاردەهێنێت”.
=KTML_Bold=رووسەکان بە چاوچنۆک بۆ زەویوزار بەناوبانگن”=KTML_End=
لەنێوان ژاپۆن و یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو (وروسیا) چەند دورگەیەک هەن کە ناوچەی جێناکۆکن، ژاپۆن لە ڕێگەی هاوکاری نێودەوڵەتی و نێوەندگیری سەرۆکی وڵاتانەوە هەوڵی وەرگرتنەوەیانی داوە، بەڵام لایەنی بەرانبەر قایل نەبووە. سەرۆک وەزیرانی سەنگاپوور “لی کوان یو” لە بیرەوەرییەکانیدا بە ناونیشانی (لە جیهانی سێیەمەوە بۆ یەکەم؛ چیرۆکی سینگاپۆر 1965 – 2000) دەڵێت؛ نابورو ناکیشیتا لەو ماوەیەی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بوو خەیاڵی سەندنەوەی دورگەکانی (کوریل) لە یەکێتی سۆڤییەت لە مێشکیدا دەهات و دەچوو. گۆرباچۆڤ پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتی دارایی بوو، ژاپۆنییەکانیش ئامادەبوون دەستبڵاوانە بیدەنێ، بە و مەرجەی مۆسکۆ چوار دوورگەکەیان پێبداتەوە، یان لانی کەم بەڵێننامەیەکی پتەویان بدەنێ دووپات لەوە بکرێتەوە کە دەیاندەنەوە.
لی کوان دەڵێت؛ لە شووباتی (1989) و لە تۆکیۆ لە کاتی پرسەی ئیمپراتۆر هیرۆهیتۆدا، تاکیشیتا پێی گووتم؛ یەکێتی سۆڤییەت هێشتا دەست لە داگیرکردنی دورگەکانمان هەڵناگرێت. دواتر نامەیەکی بۆ ناردم داوای لێکردبووم، کاتێک لە سەرەتای (1990) سەردانی مۆسکۆ دەکەم، بەڵکوو لە بەردەم ڕیچکۆفی سەرۆک وەزیرانی سۆڤییەتدا، پشتیوانی خۆم بۆ گێڕانەوەی ئەو دوورگانە بۆ ژاپۆن دەرببڕم. جارێکیان لە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، تاکیۆمیکی-م پرسی، دەبێت هۆی چی بێت، وێڕای ئەو پانتاییە فراوانەی زەوی لە ئاسیا و لە ئەورووپا، کەچی سۆڤییەت دەستبەرداری ئەو چوار دوورگەیەی نزیک نیمچە دورگەی (کامشاتکا) نابێت، میکی دەموچاوی دا بەیەکداو بە توڕەییەکی زۆر و بەجۆشوخرۆشەوە وتی؛ ڕووسەکان بەوە بەناوبانگن کە بۆ زەویوزار چاوچنۆکن. باشە دانیشتووانە ژاپۆنییەکەی ئەو دورگانەی کۆریل چییان لێهات و بۆ کوێ چوون؟ بە شەرمەزارییەوە وتی؛ هەموو ژاپۆنییەکان لە زەوییەکانیان هەڵکەنران و بەرەو ژاپۆن دەرکران”. تاکیشیتا بە هەمان جۆش و خرۆشەوە دەیویست ژاپۆن ئەو دوورگانە بەدەست بهێنێتەوە. کە ڕیچکۆف سەردانی سینگاپوری کرد، لەگەڵیدا باسی ئەو دورگانەم کرد، وەڵامەکەی لە هەموو چاوەڕوانیەکەوە دوور بوو، وتی؛ هیچ ناکۆکییەک لەسەر هیچ دورگەیەک نییە، چوونکە ئەو دورگانە سۆڤیەتین”.
=KTML_Bold=خاک یان هەزاران دیل؟”=KTML_End=
لە سەرەتای مانگی دیسەمبەری (1971) دا هێزەکانی هیندستان پەلاماری پاکستان دەدەن، لەو شەڕەدا کە ماوەی سیازدە ڕۆژی خایاند، چارەکێکی هێزی ئاسمانی پاکستان لەناوچوو، جگەلەوەی (93) هەزار سەربازی پاکستانی بە دیل گیران. لەسەرو هەموو ئەوانەشەوە سووپای هیند پێنج هەزار میلی چوارگۆشە لە خاکی پاکستانی ڕۆژاوا (بەنگلادیشی ئێستا) ی داگیرکرد. سەرۆکی ئەودەمەی پاکستان یەحیاخان، بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسییەی ئەو شەڕە زولفەقار عەلی بۆتۆ (1928 – 1979) ڕەوانەی ئەمریکا دەکات، تاوەکوولە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت. بێ نەزیر بۆتۆی کچی زولفەقار لەوکاتەدا خوێندکاری زانکۆی هارڤار دەبێت. بۆیە باوکی داوای لێدەکات لەگەڵیدا بەشداری کۆبوونەوەکان بکات. زولفەقار لە (1971 – 1973) سەرۆکی وڵات بوو، لە (1973 – 1977) سەرۆک وەزیرانی پاکستان بوو. بێ نەزیر بۆتۆ (1953 – 2007) ، کە لە ماوەی ساڵانی (1988 – 1990) و (1993 – 1996) سەرۆک وەزیرانی پاکستان بووە، لە بیرەوەرییەکانیدا بە ناونیشانی (کچی ڕۆژهەڵات) دەڵێت؛ لە (9ی دیسەمبەری 1971) باوکم گەیشتە نیویۆرک. لە کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (104) وڵات دەنگیاندا بە مەحکوومییەتی هیند. بەڵام لە ئەنجوومەنی ئاساییش دوای حەوت کۆبوونەوە و (12) ڕەشنووسی بڕیارنامە، بەهۆی ڤیتۆی سۆڤیەتەوە، پێنج ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاساییش لەسەر ئاگربەست ڕێکنەکەوتن. بۆیە باوکم بە ناچاری گەڕایەوە پاکستان.
لە (20/12/1971) بەهۆی ناڕەزایی جەماوەرەوە، یەحیاخان واز لە دەسەڵات دەهێنێت و زولفەقار بۆتۆ وەکوو ڕێبەری هەڵبژێردراوی گەورەترین گرووپی پارلەمانی دەبێتە سەرۆک کۆماری نوێی پاکستان. لە مانگی جونی (1972) سەرۆک کۆماری پاکستان بڕیاردەدات بچێتە هیندستان و لەگەڵ ئەندێرا گاندی سەرۆک وەزیری هیند کۆتایی بە کێشەکانی نێوانیان بهێنێت. دوای پێنج ڕۆژ لە کۆبوونەوەی بەردەوامی وەفدی هەردوولا، سەرەنجام بە ڕێککەوتنی (سمیلا) کۆتایی بە گفتوگۆکانی نێوانیان دەهێنن.
بەگوێرەی ڕێکەوتنەکە؛ هند لەسەر گێڕانەوەی (5000) میلی چوارگۆشە لە خاکی پاکستان ڕازی دەبێت. بێ نەزیر لەم گەشتەدا هاوسەفەری باوکی بووە. دەڵێت؛ دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە باوکم هات بۆ لام و وتی؛ خاتوو گاندی ڕازی بوو یا زەویمان بۆ بگێڕێتەوە یان بەدیلگیراوانی شەڕ. پێتوایە بۆچی زەوینم هەڵبژارد؟ من بە تەواوەتی شۆک بووم وتم بەڕاستی نازانم باوکە. ئەگەر دیلەکان ئازاد ببوایەن، خەڵکی پاکستان خۆشحاڵتر دەبوون. ئەو دڵنیایتکردمەوە “ئەوان ئازاد دەبن، بەدیل گیراوان کێشەیەکی ئینسانین، ئەوان (93) هەزارن، دابینکردنی خۆراک و جێگە بۆ ئەوان کێشەیەکی ترە. بەڵام خاکی وڵاتێک کێشەیەکی ئینسانی نییە. زەمین دەتوانێت ببێتە خاکی هەر وڵاتێک، بەڵام بەدیل گیراوان نا. داگیرکردنی سەرزەوی وەکوو کێشەی دیلەکان نییە کە پێویستی بە سەرنجی نێو نەتەوەیی ببێت”.
بێ نەزیر باس لەوەدەکات گەڕانەوە بەبێ هیچ ڕێککەوتنێک سەبارەت بەئازادی دیلەکان بڕیارێکی سەخت بووە بۆ باوکی، هەر بە و جۆرەی کە پێشبینی دەکرا گازندەی زۆری لەلایەن سیاسەتوانانی پاکستانی و بەرهەڵستکاران و بنەماڵەی بەندکراوانی بەدواوەبووە. بەڵام “دوای بە فەرمی ناسینی بەنگلادیش لەلایەن پاکستانەوە لە ساڵی (1974) ، تەواوی (93) هەزار دیلەکە ئازادکران”.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
1. هیلاری ڕۆدهام کلینتۆن: بژاردە سەختەکان، و: فاروق جەمیل کەریم، (بیرەوەری) ، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە، چاپی یەکەم، سلێمانی، 2018.
2. د. محەمەد سابیر ئیسماعیل: چین لە ڕوانگەی دیبلۆماتێکی کوردەوە، لە بڵاوکراوەکانی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، چاپی یەکەم، سلێمانی، 2019.
3. لی کوان یو: لە جیهانی سێیەمەوە بۆ یەکەم: چیرۆکی سینگاپۆر (1965 – 2000) ، (بیرەوەری) ، و: نەریمان تالیب، لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵگەی فەرهەنگی ئەحمەدی خانی، چاپی یەکەم، سۆران، 2021.
4. بێ نەزیر بۆتۆ: کچی ڕۆژهەڵات، (بیرەوەری) ، و: محەمەد ناسری، لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا، چاپی یەکەم، سلێمانی، 2013.
[1]