$کورد و ویلایەتی ڕانەگەیێندراوی شیعی!$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#04-12-2019#
پاڵنانی عەبدولمەهدی بۆ وازهێنان لە دەسەڵات، سێیەمین نموونەی گرنگی ڕۆڵی حاشاهەڵنەگری مەرجەعییەتی باڵای شیعییە لە سیاسەتی ئێراقی تازەدا. ئەویش دوای ئەوەی کە لە کاتی دانانی دەستوور و شەڕی #داعش# ڕۆڵی گرنگی گێڕا.
ئەمە وایکردووە لەم ڕۆژانەدا گەلێ کەس بترسن لەوەی کە نەکا ئێراقیش بە دەردی ئێران بەرەو دووەمین مۆدێلی ویلایەتی فەقیە بڕوات!
هەڵبەت لایەنگرانی مەرجەعییەت جەخت لەوە دەکەنەوە کە قسەکانی ئەو تەنیا ئامۆژگارین و ئایەتوڵڵا سیستانی بەتەمای ئەوە نییە دەست لە کاروباری سیاسی وەربدات. ئەمان دیدگای فیقهی سیستانی وەک ئایەتوڵڵا خوئی لە زومرەی لایەنگرانی ویلایەتی جوزئی دادەنێن نەک ویلایەتی موتڵەقی فەقیە. پێچەوانەی ئەوەی لە ئێران باوە.
بەڵام دەشێ ئایەتوڵڵا سیستانی لە شوێنێکدا لەبەینی دیدگای ویلایەتی جوزئی و ویلایەتی موتڵەقی فەقیهدا بێت. چونکە نە هاوشێوەی ئایەتوڵڵا خوئی دەکات کە دەستوەردانی لە سیاسەت ڕەتدەکردەوە و نە وەک مەرجەعەکانی ئێرانیش دەکات کە بڕوایان وایە دەبێ مەرجەع ویلایەتی موتڵەقی هەبێت و دەست لە هەموو کاروبارێکی سیاسی و ناسیاسی وەربدات.
لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانەکانی شەپۆلی دووەمی بەهاری عەرەبی لوبنان، ئێراق و ئێرانیشی گرتەوە، فەتوای ئایەتوڵڵا سیستانی بۆ حەرامکردنی کوشتنی خۆپیشاندەران و پاڵپشتیکردن لە داواکانیان، ئەویش لەکاتێکدا کە لە لوبنان و ئێران دیدگایەکی جیاواز هەبوو، هێڵێکی جیاکەرەوەی دیکەی لەبەینی حەوزەی نەجەف لەگەڵ زۆرێک لە حەوزە و مەرجەعەکانی دیکەی دنیای شیعیدا بە زەقی کێشا.
پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندەران و هاندانی عەبدولمەهدی بۆ وازهێنان لە دەسەڵات تەنیا بابەتێکی سیاسەتی ناوخۆیی ئێراق نییە و تەنیا لەبەر پاراستنی ئێراقیش نییە. بەڵکوو ڕەهەندێکی ڕکابەریی سەرکردایەتیی دنیای شیعی لە سێکوچکەی سەرەکیی ئێراق - ئێران- لوبنانیشی تێدایە. ڕکابەریی دوو دیدگای جیاواز کە بەزەقی لەچۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ئێراق گەیشتە لووتکە. ئەمەش زۆر پڕبایەخ دەردەکەوێت لەکاتێکدا کە بزانین سیستانی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر شیعەکانی جیهان و بە دیاریکراوی لەسەر لانی کەم بەشێکی گرنگی شیعەکانی ئێران و ڕیفۆرمیستەکانی ئەو وڵاتەش هەیە. هەرچەند تا ئێستا خۆی لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێران دوور گرتووە!
لایەنە گرنگەکەی ئەم باسە بۆ کورد ئەوەیە ئایەتوڵڵا سیستانی لە دۆخە هەستناکە سیاسییەکاندا «ئامۆژگاری» یەک دەکات کە حوکمێکی یەکلاکەرەوەی هەیە و ئا لەم خاڵەشدا لەو مەرجەعانە دەچێت کە ڕێی خۆی لەوان جیاکردووەتەوە!
مەرجەعییەت، لانی کەم ئەوەی ئاشکرابێت، لە سێ مەرحەلەی گرنگی سیاسیی ئێراقی تازەدا، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە.
هەڵبەت ڕەنگە نیگەرانیی کەم بێت لەوەی کە سیستانی، لانی کەم بە ئاشکرا ئێراق بەرەو ویلایەتێکی موتڵەقی فەقیە بەرێت، بەڵام دیدگای مەرجەعییەتی باڵای ئێراق لە ویلایەتی جوزئی سەردەمی خوئی-یەوە بۆ ویلایەتێکی ڕانەگەیەنراو لە سەردەمی سیستانی گۆڕاوە و هیچ گەرەنتییەکیش نییە کە کەسی دوای ئەو، وەک ئەم بیربکاتەوە. شێوازی بیرکردنەوەی هەریەک لە کاندیدە گریمانەییە گرنگەکانی مەرجەعییەت لە دوای ئەو، چ محەمەد ڕەزای کوڕی بێت، یان محەمەد سەعید حەکیم یان ئیسحاقی فەیاز و.... جیاوازە.
بە کوورتی، دەبێ کورد زیاتر ئاگای لە سیاسەتی شیعی بێت، چونکە شیعەکان لایەنێکی سەرەکیی پرسی کوردن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە ئێراقی دوای سەدام بەبێ ئەوان بەرد لەسەر بەرد دانانرێت. بۆیە جۆری پەیوەندییەکانی کورد و شیعە فاکتەرێکی کاریگەرە لەسەر ئاییندەی هەرێمی کوردستان. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، سیستەمێکی سیاسیی شیعی تەرەفی سەرەکیی پرسی کوردە. جگە لەوانە، لانی کەم 3- 4 ملیۆن کوردی شیعەش هەن و بەمەش، شوناسی شیعی، فاکتەرێکی کاریگەرە لەسەر هەوڵەکانی بنیاتنانی نەتەوە لە کوردستان.
گەلێک شوناس و ئایدیالی جیاجیا خۆیان ترنجاندووەتە ئەم ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چیرۆکەکانی تێپەڕکردنی ئەوانەش هێشتا خەیاڵین! خەیاڵین چونکە هێشتا شوناسەکان باشترین ئامرازن بۆ بەرهەمهێنانەوەی هێز و دەسەڵاتی سیاسی. بۆیە بۆ کورد کە بەشێکی سەرەکی پرسەکەی ڕەهەندی شوناسی هەیە، زۆر گرنگە ئاگاداری دەوروبەری خۆی بێت. [1]