$سازش لەسەر دۆسییەی تیرۆرەکەی کازمی دەکرێت؟$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#10-11-2021#
$بەرایی$
چارەنووسی دۆسییەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی کازمی چی دەبێت؟ ئایا وەک خۆی و هەندێک لە ڕاوێژکارەکانی گوتوویانە، حکومەت ناوەستێ هەتا تۆمەتباران ڕادەستی دادگا دەکات یان وەک چەندین کەیسی گرنگی پێشوو هەوڵەکانی حکومەت سەرناگرێ و دواتر خۆی لێ کەڕ دەکات؟ ئاماژەی گوتەکانی کازمی کە دەیگوت ئەوانە دەناسم کە هێرشەکەیان کرد لەگەڵ بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی وەزاری ئاساییشی نیشتمانی، بۆ ئەوە بوون کە گرووپی چەکداریی ڕێکخراو لە پشتی هەوڵی تیرۆرەکەوە بوون، بەڵام ئایا حکومەت گرووپێکی دیاریکراو تۆمەتبار دەکات یان تەنیا کەس یان چەند کەسێک وەک بکەری تاک دەدرێنە دادگا؟
$کێ کردی؟$
ئەو بەیاننامەیەی کە ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاساییشی نیشتمانی لە دوای هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی بڵاویکردەوە ڕستەیەکی سەرنجڕاکێشی تێدابوو، ئەویش ئەوەبوو کە گرووپە چەکدارە تاوانکارەکان دانبەخۆداگرتنی حکومەت و هێزە چەکدارەکان بە نیشانەی لاوازی هەژمار دەکەن. ئەم قسەیە یەکەم واتای ئەوەبوو کە حکومەت هەر لە ساتەکانی یەکەمەوە گومانێکی هەبووە کە چ لایەک هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی داوە، چونکە لە ڕێی باسی دانبەخۆداگرتنەوە، ئاماژەی بە ئەزموونی ڕابردووی لەگەڵ ئەو لایەنانە کردووە. ڕۆژی دواتر خودی مستەفا کازمی وتی ئەوانە دەناسێت کە هێرشەکەیان کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، هێشتا حکومەت بەفەرمی هیچ لایەکی بە هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی تۆمەتبار نەکردووە!
بەشداریکردنی کازمی لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە سەرانی کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەقیشی تێدابووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا زۆرجار چاویان لەکازمی سوور کردبووەوە و لە هەندێک سەرچاوەی میدیاییشدا وەک بکەرانی ڕووداوەکە ناویان هاتبوو، لەگەڵ بێدەنگیی حکومەت لە ئاشکراکردنی بکەرانی ڕووداوەکە ئەویش لەکاتێکدا کە سەرۆکوەزیران خۆی گوتبووی دەزانم کێن، بۆنی سازشێکی لێدێت.
ئەمەش دوای هاتنی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس بۆ ئێراق واتایەکی زیاتر پەیدا دەکات.
$بەیاننامەی کۆبوونەوە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی$
بەیاننامەی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ( ماڵی شیعی بەبێ سەدر) لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی ئێراق لەوانەش مستەفا کازمی، سەرەداوی دیکەش لەسەر چارەنووسیی ئەو کەیسە دەردەخەن:
$یەکەم:$ ماددەی یەکەمی بەیاننامەکە بۆ کەیسی تەقەکردن لە ناڕازییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن تەرخانکراوە کە وا مەزەندە دەکرێت زیاتر لەلایەنگرانی #حەشدی شەعبی# بن و کەیسی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانیش خراوەتە پلەی دووەم و لە خاڵی دوای ئەوەدا باس کراوە. واتا بابەتی هەرە لە پێش نییە و خودی کازمیش بەمە ڕازی بووە!
$دووەم:$ بەستنەوەی کەیسی تەقەکردن لە ناڕازییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن و هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی کازمیی، واتای ئەوە دەدات کە دەبێ «دان» و «ستاندنێک» هەبێت، واتا بێ بەرانبەر نییە. بەڵێنی لایەنەکان بۆ هاوکاریکردن و ڕادەستکردنی بەرپرسانی ئەو ڕووداوە بە حکومەت، بۆخۆی ئەو پرسیارە درووستدەکات کە ئایا لانی کەم هەندێک لەو لایەنانەی کە لەو کەیسەدا تۆمەتیان لەسەرە، لەکۆبوونەوەکەدا بەشداربوون؟ دانیشتنی کازمیش لەگەڵیان، نیشانەی ئەوەیە کە وەک کەیسەکانی پێشتر، دەسەڵاتێکی زۆری نییە و زیاتر مەیلی بۆ ئەوەیە لەگەڵیان سازش بکات.
$سێیەم:$ خاڵی چوارەمی بەیاننامەکە بەشێوەی ئاشکرا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەخاتە ژێر پرسیار کە بە شتێکی ناپیشەیی ناوی بردووە، ئەویش لە کاتێکدا کە حکومەت بە پڕۆسەیەکی پاک و بێگەرد ناوی دەبات! ڕاستییەکەی، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن یەکێک لەو هۆکارانەیە کە بەشێک لە گرووپەکانی حەشد لەبەر ئەوە لە کازمی لالووتن!
خاڵی جەوهەری ئەوەیە کە لەو کۆبوونەوەیەدا کە کازمی تێیدا بەشداربووە بەیاننامەیەک دەرچوو کە تێیدا نەک هەر ئەنجامەکان دەباتە ژێر پرسیار، بەڵکوو باس لە گەڕان بۆ چارەسەرێکی یاسایی و بانگهێشتکردنی کۆبوونەوەیەکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی «قەیرانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن » دەکات. ئەمە بەر لە هەر شتێ، درزێک دەخاتە بەینی کازمی لەگەڵ سەدر کە لە ماوەی ڕابردوودا پشتیوانیی سەرەکیی مانەوەی حکومەتەکەی بوو!
سەدر بە ئەنجامەکان ڕازییە و بانگەشەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەکات کە ڕەنگە بە ئاسانیش بۆی نەلوێ.
$چوارەم:$ لە خاڵی پێنجەمی بەیاننامەکەدا باس لە چارەسەرکردنی «هەموو کێشەکان» دەکرێت، ئەویش لەکاتێکدا لەخاڵەکانی پێشتردا باسی کەیسی تەقەکردن لە ناڕازییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن، دۆسییەی تیرۆرەکەی کازمی و بابەتی هەڵبژاردن کراوە.
بێشک، بێجگە لەو سێ پرسە، گەلێک کێشەی دیکە لەنێوان کازمی و گرووپە چەکدارەکان دا هەیە. هەر لە کەیسی گیراوەکانی حیزبوڵڵا، نمایشی سەربازی ڕەبعەڵڵا و هەڵکوتانە سەرناوچەی سەوز و سەرپێچی کردن بە فەرمانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و... تاد دەرکەوتووە کە گرفتەکانیش قووڵن. لەسەرەتاکانی ئەم مانگەدا چوار مووشەک گیرابوونە گەڕەکی مەنسوور لە بەغدا کە یەکێکیان لە نزیک بنکەیەکی دەزگای هەواڵگری کەوتووەتە خوارەوە و هەندێک سەرچاوەی میدیاییش گوتوویانە ئەوە ڕێک لەو ڕۆژەبوو کە مستەفا کازمی سەردانی دەزگای هەواڵگری کردووە. هەرچەندە حکومەت ئەمەی ڕەتنەکردۆتەوە بەڵام هیچ بڵاوکراوەیەکیشی لەسەری نەبووە. با ئەمە لەجێی خۆی بووەستێ، ئەبوئالا وەلائی سەرکردەی کەتائیبی سەیدوشوهەدا لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوتبووی ناهێڵین کازمی بگەڕێتەوە سەر کارەکەی جارانی خۆی کە دیارە مەبەست سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگرییە! مستەفا کازمیش لە درێژەی کاردانەوەکانیدا لە دژی هێرشە درۆنییەکە گوتبووی «دەستی دادپەروەری دەگاتە بکوژی شەهید عەقید نبراس فەرمان، ئەفسەری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئێراق»، عەقید نبراس یەکێک لەو ئەفسەرانەی دەزگای هەواڵگرییە کە ساڵی 2020 تیرۆر کرابوو. ئەم باسە زیاتر لەگەڵ ئەو هێرشە میدیاییەکانەی ڕۆژانی ڕابردوو زیاتر واتاداردەبێت کە تێیدا ناڕاستەوخۆ کازمی بەوە تۆمەتبار دەکرا کە وەختێک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بووە، دەسی لە ڕووداوی کوژرانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودس و ئەبومەهدی موهەندیس دا هەبووە!
لێرەدا چ شتێک هێرشە درۆنییەکە، تیرۆرکردنی ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگری و ڕۆڵی مستەفا کازمی لە دەزگای هەواڵگری بە یەکەوە گرێدەدات؟ بۆچی لەم وەختانەدا ئەوەندە باسی ئەو دەزگایە دەکرێ؟
ڕەنگە وردەکارییەکان هەر لە تاریکیدا بمێننەوە، بەڵام لەوانەی کە دەرکەتوونەتە ناو میدیاکان، دەکرێ کێشەی دەزگای هەواڵگریش لەسەر گرفتەکانی دیکەی نێوان کازمی و گرووپە چەکدارەکان کەڵەکە بکرێت.
$کۆتایی$
ئەگەر ڕەفتارەکانی ڕابردووی لەبەرچاو بگرین، دواجار هەر ڕێگای سازشی کازمی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دیار دەبێت. ئەو ناچاربوو تۆمەتبارانی هێرشە مووشەکییەکان بەربدات کە دواتر هاتن و وێنەکەشیان سووتاند. نەک هەر ئەوە، نمایشی سەربازییان کردو، هەڕەشەیان لە سەرۆکوەزیرانیش کرد و ...تاد. دواجار لە هەموو ئەوانەدا حکومەت بە گوتەی خۆی «دانی بەخۆیدا گرت»، یان دەکرێ بێژین سازشی کرد. لە بابەتی هێرشە موشەکییەکانیشدا هەر ڕێگای ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیەنراوی گرتەبەر. بەوەش لە مانگی 7 وە تا کۆتایی هەڵبژاردن هێرشێکی جیدی نەکرا و جۆرێک ئاگربەست کرا.
ڕەنگە بۆ دۆسییەی هێرشە درۆنییەکەش هەروا بێت. بەشێکی ئەمە لەبەر ئەوەیە کە سەرۆکوەزیران کوتلەیەکی سیاسیی نییە تا پشتی بگرێت. بەڵام ئەوە هەموو شت نییه.
ڕەنگە کەسانێک وەک بەرپرسانی ڕووداوەکە ناوببرێن، بەڵام لە شتێکی ئەستەم دەچێ، لانی کەم جارێ کازمی بێت لایەنێکی سیاسیی- چەکدار تۆمەتبار بکات و بیداتە دادگە.
چونکە ئەگەر وابێت ئەوا ئاسۆی شەڕێکی ناوخۆیی ڕوونتر دەبێ و جارێ حکومەتیش لاوازترە لەوەی کە بتوانێت بەرگەی یاخیبوونێکی ئاشکرای هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بگرێت.
بەدەر لەوە، لەوانەیە شاراوە هێشتنەوەی لایەنی سەرەکیی پشت هەوڵی تیرۆرەکە، کارتەکانی دەستی کازمی بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە هەندێک لەو لایەنانەش زیاتر بکات کە نایانەوێت ئەو بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، دیارە ئەگەر بەتەمای مانەوە بێت! [1]